Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 3

نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌لـَه‌ی ساردس

هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ی ساردس بنووسه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ حه‌وت ڕۆحی خوداو حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: (من ئاگاداری كاره‌كانتم، تۆ به‌ناو زیندووی، به‌ڵام تۆ مردووی. ئێشك‏بگره‌و ئه‌وه‌ی ماوه‌ به‌هێزی بكه‌، ئه‌وه‌ی له‌مردن نزیك‏بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كاره‌كانتم به‌ناته‌واوی بینی له‌به‌رده‌م خودا. بیربكه‌وه‌، ئه‌وه‌ی وه‌رت‎گرت‎و گوێت ‎لێ‏بوو كاری پێ‌بكه‌و تۆبه‌ بكه‌، چونكه‌ گه‌ر بێتو ئێشك‏نه‌گری ئه‌وا وه‌ك دزێك دێمه‌ سه‌رت‎و كاتی هاتنیشم نازانیت. خه‌ڵكێكی كه‌م له‌ساردسدا هه‌ن جل‏و به‌رگه‌كانیان گڵاو نه‌كردووه‌، ئه‌وانه‌ شایانی ئه‌وه‌ن به‌به‌رگی سپییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ من ملی ڕێ‌بگرن. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت به‌رگی سپی ده‌پۆشێت‎و ناوی له‌په‌رتووكی ژیان ناسڕمه‌وه‌و دان به‌ناوه‌كه‌یدا ده‌نێم له‌به‌رده‌م باوكم‏و فریشته‌كانی. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، باگوێ‌ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان.)

نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌لـَه‌ی فیلاده‌لفیا

هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ی فیلاده‌لفیا بنووسه‌: ئه‌وه‌ی پیرۆزو ڕاسته‌، كلیله‌كه‌ی داودی له‌ده‌سته‌، ئه‌وه‌ی ده‌یكاته‌وه‌و كه‌س نابێ‌ دایبخات، دایده‌خات‎و كه‌س نابێ‌ بیكاته‌وه‌، ده‌ڵێت: (من ئاگاداری كاره‌كانتم، ئه‌وه‌تا ده‌رگایه‌كی كراوه‌م له‌به‌رده‌مت كردووه‌ته‌وه‌و كه‌س ناتوانێ‌ دایبخات. ده‌زانـم تۆ هێزێكی كه‌مت هه‌یه‌، له‌گـه‌ڵ ئـه‌مــه‌ش تـۆ بــه‌ووشه‌ی مــن كار ده‌كه‌یت‏و ناوی منت ڕه‌ت‏نه‌كردۆته‌وه‌. من ئاوها له‌وانه‌ی كه‌نیشتی شه‌یتان ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن جووله‌كه‌ین‎و ئاواش نین، چونكه‌ ئه‌وانه‌ درۆ ده‌كه‌ن، وایان لێ‏ده‌كه‌م بێن له‌به‌رده‌م پێیه‌كانت كرنۆش ببه‌ن‏و بزانن تۆم خۆش‎ویستووه‌، چونكه‌ تۆ به‌ووشه‌ی دانبه‌خۆگرتنی من كارده‌كه‌ی، منیش له‌كاتی هاتنی تاقیكردنه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جیهان ده‌تپارێزم، تا دانیشتووانی زه‌وی تیایدا تاقیبكرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌تا من به‌خێرایی دێم، ده‌ست‏بگره‌ به‌وه‌ی هه‌ته‌، تا كه‌س تاجه‌كه‌ت لێ‌نه‌ستێنێ‌. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یكه‌مه‌ كۆڵه‌كه‌ی په‌رستگای خودای خۆم‏و لێی ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوی خودای خۆم‏و ناوی شاری خودای خۆم، واته‌ قودسی نوێ‌، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خودای خۆم له‌ئاسمان دێته‌خواره‌وه‌ له‌سه‌ری ده‌نووسم، هه‌روه‌ها ناوی نوێی خۆمیشی له‌سه‌ر ده‌نووسم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، باگوێ‌ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان.)

نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌لـَه‌ی لاودیكییه‌

بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ی لاودیكییه‌ بنووسه‌: ئامین‏و شایه‌تی دڵسۆزو سه‌رڕاست كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو دروستكراوه‌كانی خودایه‌ ده‌ڵێت: (من ئاگام له‌كرده‌وه‌كانته‌، تۆ نه‌ساردو نه‌گه‌رمی. خۆزگه‌ سارد یان گه‌رم بووایه‌ی. چونكه‌ تۆ شله‌تێنی، نه‌ساردیو نه‌گه‌رمی، من نیازم وایه‌ له‌ده‌ممه‌وه‌ بتتفێنمه‌وه‌. چونكه‌ تۆ ده‌ڵێی: من ده‌وڵه‌مه‌ندم‎و پێویستیم به‌كه‌س نییه‌و پێویستیم به‌هیچ شتێك نییه‌، به‌ڵام بێ‌ئاگای له‌وه‌ی تۆ چه‌قاوه‌سوو و نه‌گبه‌ت‏و هه‌ژارو كوێرو ڕووتی. بۆیه‌ ئامۆژگاریت ده‌كه‌م زێڕی پوخته‌كراو به‌ئاگر له‌من بكڕیت تا ده‌وڵه‌مه‌ند بیت، جلی سپی له‌من بكڕه‌و له‌به‌ری بكه‌، تا شه‌رمه‌زاری ڕووتیت داپۆشی، هه‌روه‌ها مه‌رحه‌م بكڕه‌ بۆ چاوه‌كانت تا ببینی. ئه‌وانه‌ی خۆشم بوێن سه‌رزه‌نشتیان ده‌كه‌م‏و ته‌مێیان ده‌كه‌م، بۆیه‌ تۆش دڵگه‌رم‎به‌و تۆبه‌ بكه‌. ئه‌وه‌تا من له‌به‌ر ده‌رگا وه‌ستاوم‎و له‌ده‌رگا ده‌ده‌م، گه‌ر یه‌كێك گوێی له‌ده‌نگم بوو و ده‌رگاكه‌ی لێ‏كردمه‌وه‌، دێمه‌ ژووره‌وه‌و نانی له‌گه‌ڵ ده‌خۆم، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ من. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ڕێگای پێ‌ده‌ده‌م له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌م له‌گه‌ڵ ‎من دانیشێ‌، هه‌روه‌ك من سه‌ركه‌وتم‎و له‌گه‌ڵ باوكم له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، باگوێ‌ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.