Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
ئاشکراکردن 2
نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌فه‌سۆس
بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه باوه‌ڕداره‌كه‌ی ئه‌فه‌سۆس بنووسه: ئه‌وه‌ی حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌ده‌ستی ڕاستی گرتووه‌و به‌ناو حه‌وت چرادانه زێڕینه‌كه هاتووچۆ ده‌كات، ده‌ڵێت: (من ئاگام له‌كردارو ماندووێتیو ئارامگرتنته، هه‌روه‌ها چۆن له‌تواناتدایه خراپه‌كاران ڕهتبكهیتهوه، تــۆ ئه‌وانه‌ت تاقیكرده‌وه كه ده‌یانووت: (ئێمه نێرراوین)، نێرراویش نه‌بوون، پاشان به‌درۆزن ده‌رچوون، تۆ ئارامتگرتو دانتبهخۆت گرت، مانــدوونــه‌نــاســانــه له‌پێناوی ناوی من تێده‌كۆشای. به‌ڵام گله‌یی ئه‌وه‌ت لێده‌كه‌م، تۆ وازت له‌خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی جاران هێناوه. به‌بیرت بێته‌وه له‌چ پایه‌كی به‌رز كه‌وتیت! تۆبه بكه‌و كاره‌كانی یه‌كه‌مجارت ئه‌نجام بده‌وه. گه‌ر بێت‌و تۆبه نه‌كه‌ی، به‌م زووانه دێمه لات‌و چرادانه‌كه‌ت له‌شوێنی خۆی لاده‌ده‌م. بـه‌ڵام تۆ شتێكت هه‌یه، وه‌ك من ڕقت له‌كرده‌وه‌كانی نیقۆلاوییه‌كان ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، باگوێ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان: ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وێت من ڕێگای پێ‌ده‌ده‌م له‌به‌ری دره‌ختی ژیان بخوات ئه‌و دره‌خته‌ی له‌ناو به‌هه‌شتی خودا دایه.)
نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی سمیرنا
بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه باوه‌ڕداره‌كه‌ی سمیرنا بنووسه: ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاو كۆتاییه، ئه‌وه‌ی مردوو بوو و زیندووبووه‌وه، ده‌ڵێت: (من ئاگام له‌ته‌نگانه‌و هه‌ژاریته، به‌ڵام تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی، هه‌روه‌ها ئاگام له‌بوختانی ئه‌وانه‌یه كه ده‌ڵێن جوولهكهینو جووله‌كه‌نین، ئه‌وانه كه‌نیشتی شه‌یتانن. هه‌رگیز مه‌ترسه له‌و ئازارانه‌ی بۆت دێت. شه‌یتان خه‌ریكه هه‌ندێكتان بخاته زیندانه‌وه تا تاقیبكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی ده ڕۆژ دووچاری ئه‌شكه‌بخه ده‌بنه‌وه. تا مردن دڵسۆزبه، منیش تاجی ژیانت پێ‌ده‌به‌خشم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، باگوێ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان: ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت، مردنی دووه‌م ئازاری نادات.)
نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی پرگامۆس
بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه باوه‌ڕداره‌كه‌ی پرگامۆس بنووسه: ئه‌وه‌ی شمشێره دووده‌مه‌كه‌ی هه‌یه ده‌ڵێت: (من ئاگادارم تۆ له‌و ناوچه‌یه ده‌ژی كه ته‌ختی شه‌یتانی تیادایه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دان به‌ناوی من دهنێتو باوه‌ڕی منت ڕه‌تنه‌كردۆته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆژانه‌ش كه ئه‌نتیپاسی شایه‌تی دڵسۆزم لاتان شه‌هیدكرا، له‌و شوێنه‌ی شه‌یتان تیایدا نیشته‌جێیه. به‌ڵام گله‌ییه‌كی بچووكم لێت هه‌یه: ئه‌ویش هه‌ندێ كه‌س له‌ناوچه‌كه‌ت هه‌ن پابه‌ندن به‌ڕێنمایی به‌لعامه‌وه، ئه‌وه‌ی بالاقی فێرده‌كرد به‌ردی كۆسپ له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌كانی ئسیرائیل دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قوربانیانه بخۆن كه بۆ بته‌كان سه‌ر بڕابوونو داوێن پیسی بكه‌ن. به‌هه‌مان شێوه لای تۆش هه‌ندێك هه‌ن پابه‌نده‌ن به فێركردنه‌كانی نیقۆلاوییه‌كان. بۆیه تۆبه بكه، ئه‌گینا به‌م زووانه دێمه‌وه‌و به‌شمشێره‌كه‌ی ده‌مم له‌گه‌ڵیاندا ده‌جه‌نگم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، باگوێ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان: ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ڕێگای پێ‌ده‌ده‌م له‌مه‌نی شاراوه بخوات، هه‌روه‌ها به‌ردێكی سپی پێ‌ده‌ده‌م كه ناوێكی نوێی له‌سه‌ر نووسراوه جگه له‌و كه‌سه‌ی پێی ده‌به‌خشرێ كه‌س نازانێ چییه.)
نامه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌لـَه‌ی سیاتیرا
بۆ فریشته‌ی كۆمه‌ڵه باوه‌ڕداره‌كه‌ی سیاتیرا بنووسه: ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی دوو چاوی هه‌یه وه‌ك گڕی ئاگره‌و پێیه‌كانی وه‌ك مسی بریقه‌داره، ده‌ڵێت: (من ئاگاداری كار‌و خۆشه‌ویستیو خزمهتو باوه‌ڕو دانبهخۆگرتنتم. كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ت له‌وانه‌ی یه‌كه‌مجارت زیاترن. به‌ڵام ئه‌م گله‌ییه‌م لێت هه‌یه: تۆ ڕێت به‌و ژنه داوه كه ناوی ئیزابیله‌و بانگێشته‌ی پێغه‌مبه‌رێتی ده‌كات، تا به‌نده‌كانی من فێر بكات‌و چه‌واشه‌یان بكات بۆ ئه‌وه‌ی داوێن پیسی بكهنو له‌و خواردنانه بخۆن كه كراون به قوربانی بۆ بته‌كان. من ماوه‌م پێدابوو تا تۆبه له‌خراپه‌كاری بكات، به‌ڵام نه‌یویست. ئه‌وه‌تا تووشی نه‌خۆشی ده‌كه‌م‌و فڕێی ده‌ده‌مه ناو پێخه‌فه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی داوێن پیسییان له‌گه‌ڵ كردووه له‌ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌دان، گه‌ر تۆبه نه‌كه‌ن له‌كرداریان. هه‌روه‌ها منداڵه‌كانی به‌مردن له‌ناوده‌به‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران بزانن من پشكێنه‌ری مێشك‌و دڵهكانمو هه‌ر كه‌س به‌پێی كاره‌كانی خۆی پاداشتی ده‌ده‌مه‌وه. به‌ڵام به‌ئێوه‌و به‌وانی دیكه‌ی سیاتیرا ده‌ڵێم، ئه‌وانه‌ی ئه‌م ڕێنماییه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌و به‌قوڵایی نهێنیه‌كانی شه‌یتانیان نه‌زانیوه، وه‌ك وا ده‌ڵێن. من قورساییه‌كی تر ناخه‌مه سه‌رشانتان. ته‌نها ئه‌وه‌ی هه‌تانه ده‌ستی پێوه بگرن، تا ده‌گه‌مه لاتان. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت‌و كاره‌كانی من تاكۆتایی جێ‌به‌جێ بكات ده‌سه‌ڵاتی پێ‌ده‌ده‌م به‌سه‌ر میلله‌تان. [[هه‌روه‌ها به‌گۆپاڵێكی ئاسنین سه‌رپه‌رشتی میلله‌تان ده‌كات، وه‌ك گۆزه‌یه‌ك ده‌یانشكێنێت،]] ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه من له‌لایه‌ن باوكمه‌وه پێم به‌خشراوه. منیش ئه‌ستێره‌ی به‌ره‌به‌یانی ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، باگوێ له‌ووته‌ی ڕۆح بگرێت بۆ كۆمه‌ڵه‌كان.)
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.