Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 13

ده‌ركه‌وتنی دڕنده‌یه‌ك له‌ده‌ریا

ئینجا دڕنده‌یه‌كم بینی له‌ده‌ریاكه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، حه‌وت سه‌رو ده‌ شاخی هه‌بوو، ده‌ تاجیش له‌سه‌ر شاخه‌كانی بوو، له‌سه‌ر هه‌ر سه‌رێك ناوی كفركردن نووسرابوو. ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیم له‌پڵنگ ده‌چوو له‌پی پێیه‌كانی له‌له‌پی پێی وورچ ده‌چوو ده‌میشی وه‌ك ده‌می شێر وابوو. ئه‌ژدیهاكه‌ش تواناو ته‌خت‎و ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ی خۆی دا به‌دڕنده‌كه‌. سه‌رێك له‌سه‌ره‌كانی دڕنده‌كه‌م بینی، له‌وه‌ ده‌چوو برینێكی كوشنده‌ی پێوه‌بووبێت، به‌ڵام برینه‌ كوشنده‌كه‌ چاك بووبۆوه‌. هه‌موو زه‌ویش به‌سه‌ر سووڕمانه‌وه‌ دوای دڕنده‌كه‌ كه‌وتن. خه‌ڵكی كڕنوشیان بۆ ئه‌ژدیهاكه‌ ده‌برد، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌دڕنده‌كه‌ به‌خشیبوو، هه‌روه‌ها كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه‌ش بردو ووتیان: (كێ‌ وه‌كو دڕنده‌كه‌ وایه‌؟ كێ‌ ده‌توانێت دژی بجه‌نگێت؟)

دڕنده‌كه‌ ده‌مێكی پێ‌درابوو، به‌له‌خۆبایی‎و كفر ده‌دوا، بۆ ماوه‌ی چل‎و دوو مانگ ده‌سه‌ڵاتی پێدرابوو ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام بدات. دڕنده‌كه‌ ده‌می كرده‌وه‌و كه‌وته‌ كفركردن به‌خوداو جنێوی به‌ناوی خوداو ماڵه‌كه‌یو دانیشتووانی ئاسمان‏ده‌دا. هه‌روه‌ها ڕێگای پێدرابوو دژی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كانی زه‌وی جه‌نگ به‌رپا بكات‎و سه‌ربكه‌وێ‌ به‌سه‌ریان، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌و هۆز‎و زمان‎و میلله‌تێكدا پێدرابوو. له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌واوی دانیشتووانی زه‌وی كڕنۆشیان بۆ ده‌برد، ئه‌وانه‌ی ناویان له‌وه‌تای دروستبوونی جیهانه‌وه‌ له‌په‌رتووكی ژیانی به‌رخه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ نه‌نووسراوه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌ باگوێ‌ بگرێت: گه‌ر یه‌كێك خه‌ڵك به‌دیلی ڕاپێچ بكات، ئه‌وا خۆشی ڕاپێچ ده‌كرێ‌. هه‌روه‌ها گه‌ر كه‌سێك كه‌سێكی تر به‌شمشێر بكوژێت پێویسته‌ به‌شمشێر بكوژرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ بانگه‌وازه‌ بۆ دان‎به‌خۆگرتن‏و باوه‌ڕی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان.

ده‌ركه‌وتنی دڕنده‌یه‌ك له‌زه‌وی

پاشان دڕنده‌یه‌كی ترم بینی له‌زه‌وییه‌وه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌، دوو شاخی وه‌ك شاخی به‌رخی هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك ئه‌ژدیها ده‌دوا. هێنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، وای له‌دانیشتوانی زه‌وی ده‌كرد كرنۆش بۆ دڕنده‌ی یه‌كه‌م ببه‌ن كه‌ برینه‌ كوشنده‌كه‌ی چاك ببۆوه‌. نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری گه‌وره‌شی ده‌كرد به‌و ڕاده‌یه‌ی ئاگری له‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌هێنایه‌خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی. هه‌روه‌ها به‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی كه‌ ڕێگای پێ‌درابوو له‌به‌رده‌م دڕنده‌ی یه‌كه‌مدا بیكات خه‌ڵكی دانیشتووی زه‌وی گومڕا ده‌كردو به‌خه‌ڵكی زه‌وی ده‌ووت وێنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و دڕنده‌یه‌ دروست بكه‌ن كه‌ به‌شمشێر برینداركراو هه‌ر به‌زیندووش مایه‌وه‌. هه‌روه‌ها توانای پێ‌درابوو هه‌ناسه‌یه‌ك بداته‌ وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ قسه‌ بكات‎و وابكات ئه‌وانه‌ی كرنۆش بۆ وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ نابه‌ن بكوژرێن. واشی له‌هه‌مووان ده‌كرد به‌گه‌وره‌و بچووك‎و ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژارو ئازادو كوێله‌وه‌ نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی ڕاستیان یاخود له‌سه‌ر ناوچه‌وانیان دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت بكڕێت‎و بفرۆشێت ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ نیشانه‌كه‌یان پێوه‌یه‌، نیشانه‌كه‌ش ناوی دڕنده‌كه‌یه‌ یان ژماره‌ی ناوه‌كه‌یه‌تی. دانایی لێره‌یه‌: ئه‌وه‌ی توانای تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ باژماره‌ی دڕنده‌كان بژمێرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ژماره‌ی مرۆڤه‌ كه‌ ژماره‌كه‌ی شه‌س‎سه‌دو شه‌ست‎و شه‌شه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.