Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 12

ژن‏و ئه‌ژدیها

دوا به‌دوای ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌یر له‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، ئافره‌تێكی خۆر پۆش، مانگ له‌ژێر پێیداو تاجێكیش له‌سه‌ر سه‌ری بوو له‌دوانزه‌ ئه‌ستێره‌ پێكهاتبوو، ئافره‌ته‌كه‌ سك ‎پڕبوو و به‌ده‌ست ژانی منداڵ بوونه‌وه‌ ده‌یناڵاند. نیشانه‌یه‌كی تری سه‌یر له‌ئاسماندا ده‌ركه‌وت، ئه‌ژدیهایه‌كی گه‌وره‌ی سووربوو، حه‌وت سه‌رو ده‌ شاخی هه‌بوو، هه‌روه‌ها حه‌وت تاجی له‌سه‌ر سه‌ر بوو. كلكیشی سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشاو ئه‌ستێره‌كانی به‌زه‌ویدا دا، ئه‌ژدیهاكه‌ له‌به‌رده‌م ئافره‌ته‌كه‌ وه‌ستا، تا كاتێ‌ مندالێ‌ ده‌بێت منداڵه‌كه‌ بخوات. ئافره‌ته‌كه‌ منداڵێكی نێرینه‌ی به‌هێزیبوو، ئه‌وه‌ی به‌گۆپاڵێكی ئاسنین فه‌رمــانــڕه‌وایی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی ده‌كات. به‌ڵام منداڵه‌كه‌ بۆ لای خوداو ته‌خته‌كه‌ی ڕفێندرا. ئافره‌ته‌كه‌ش به‌ره‌و ده‌شت‏وده‌ر ڕایكرد بۆ ئه‌و شوێنه‌ی له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆی ئاماده‌كراوه‌، تا بۆ هه‌زارو دووسه‌دو شه‌ست ڕۆژ به‌خێو بكرێت.

پاشان له‌ئاسماندا شه‌ڕێك به‌رپابوو میكائیل‎و فریشته‌كانی دژی ئه‌ژدیهاكه‌ جه‌نگان، ئه‌ژدیهاكه‌و فریشته‌ به‌دكاره‌كانیشی دژی ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌ژدیهاكه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نه‌بوو، شوێنیان له‌ئاسمان نه‌ماو ئه‌ژدیها گه‌وره‌كه‌ فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌، كه‌ هه‌مان ماره‌ دێرینه‌كه‌یه‌، به‌ئیبلیس‎*و شه‌یتان ناوده‌برێت‏و هه‌موو جیهان گومڕا ده‌كات، له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی فڕێدرایه‌ زه‌وی. ئینجا گوێم له‌ده‌نگێكی به‌رزبوو له‌ئاسمانه‌وه‌ ووتی: (ئێستا ڕزگاریو هێزو پادشاهێتی خودامان‏و ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحه‌كه‌ی هاته‌كایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شكاتكه‌ره‌ی شه‌و و ڕۆژ له‌به‌رده‌م خودامان شكاتی له‌خوشك‏و براكانمان ده‌كرد، درا به‌زه‌ویدا. ئه‌وان به‌خوێنی به‌رخه‌كه‌و به‌ووشه‌ی شایه‌تییان به‌سه‌ریدا زاڵ‎بوون‏و تا مردنیش ژیانی خۆیان خۆش نه‌ده‌ویست. له‌به‌رئه‌مه‌ ئه‌ی ئاسمان‎و ئه‌وانه‌ی تێیدا نیشته‌جێن، دڵخۆش‏و شادومان بن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر دانیشتووانی زه‌ویو ده‌ریا، چونكه‌ شه‌یتان هاتۆته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئێوه‌و تووڕه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی پێیه‌، چونكه‌ كاتێكی كورتی به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌. كاتێك ئه‌ژدیهاكه‌ خۆی بینی دراوه‌ به‌زه‌ویدا، ئه‌و ئافره‌ته‌ی ڕاونا كه‌ منداڵه‌ نێرینه‌كه‌ی لێ‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ ئافره‌ته‌كه‌ دوو باڵی داڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی پێدرا تا بۆ شۆینه‌ دیاری كراوه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌شت‎وده‌ر بفڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵ‏و نیویتر دوور له‌ماره‌كه‌ به‌خێوبكرێت. ماره‌كه‌ له‌پشت ئافره‌ته‌كه‌ له‌ده‌میه‌وه‌ ئاوێكی وه‌ك ڕووباری هه‌ڵدا، تا ئافره‌ته‌كه‌ به‌لافاو ڕاماڵ بكات. زه‌وی یارمه‌تی ئافره‌ته‌كه‌یدا، ده‌می كرده‌وه‌و ئه‌و ڕووباره‌ی قووتدا كه‌ ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ده‌میه‌وه‌ فڕێی دایه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ئافره‌ته‌كه‌ توڕه‌بوو، ده‌ستیكرد به‌ دژایه‌تیكردنی پاشماوه‌ی وه‌چه‌كه‌ی، ئه‌وانه‌ی كار به‌ڕاسپارده‌كانی خودا ده‌كه‌ن‏و ده‌ستیان به‌شایه‌تی عیسا گرتووه‌. جا ئه‌ژدیهاكه‌ له‌سه‌ر لمی ده‌ریا وه‌ستا،

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.