Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 27

عیسا ده‌درێته‌ ده‌ست پیلاتۆس

كاتێ‌ ڕۆژ بووه‌وه‌، سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و پیرانی گه‌ل، ته‌گبیریان له‌عیسا كرد تابیكــوژن. جا به‌ده‌ســت به‌ستراوی بۆ لای پیلاتۆسی* فه‌رمانڕه‌وایان برد.

یه‌هوزا خۆی ده‌كوژێ‌

كــاتێ‌ یه‌هــوزا، ئــه‌وه‌ی كــه‌ دابووی به‌ده‌سـته‌وه‌، بینی حـوكـم بـه‌سـه‌ر عیسـادا درا، په‌شـیمان بـووه‌وه‌، سـی پارچـه‌ زیوه‌كـــه‌ی بۆ سـه‌رۆك كــاهین‎و پـیران گــه‌ڕانده‌وه‌و ووتــی: (هـه‌ڵـه‌م كـرد كاتێ‌ بێ‌تاوانێكم دابه‌ده‌سـتتانه‌وه‌.) وه‌ڵامـیان دایه‌وه‌: (ووتیان، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌خۆته‌وه‌یه‌.) ئینجا یه‌هوزا پارچه‌ زیوه‌كانی لـه‌په‌رستگادا فـڕێ‌داو ڕۆیی، دوای ئه‌وه‌ چـوو خــۆی هه‌ڵـواسـیو خۆی خنكاند. سه‌رۆك كاهینه‌كان پارچه‌ زیوه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌و ووتیان: (ئه‌مه‌ نرخی خوێنه‌، ناشێ‌ بۆمان بیخه‌ینه‌ گه‌نجینه‌ی په‌رستگاوه‌.) دوای ته‌گبیركردن، به‌و پاره‌یه‌ زه‌وی كابرایه‌كی گۆزه‌ دروستكه‌ریان كڕی، تاكو بیكه‌ن به‌گۆڕستان بۆ بێگانه‌كان. له‌به‌ر ئه‌مه‌ هه‌تا ئێستاش پێیده‌ووترێ‌ زه‌وی خوێن. ئه‌وسا هاته‌دی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی ئیرمیای پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ووتراوه‌: {سی پارچه‌ دراوه‌ زیوه‌كه‌یان وه‌رگرت، كه‌نرخی ئه‌وه‌، ئه‌و نرخه‌ی له‌لایه‌ن ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل دانرا. ئینجا دایان به‌و زه‌وییه‌ی هی گۆزه‌ دروستكه‌ر بوو، هه‌روه‌ك خوداوه‌ند فه‌رمانی پێ‌دابووم.}

پیلاتۆس پرسیار له‌عیسا ده‌كات

عیسا به‌رامبه‌ر پیلاتۆسی فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی: (ئایا تۆ پادشای جووله‌كه‌ی؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆت ووتت.) به‌ڵام كاتێ‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و پیران تاوانیان ئاراسته‌یكرد هیچ وه‌ڵامی نه‌دانه‌وه‌. پیلاتۆس ووتی: (ئایا گوێت لێ‌نییه‌ شایه‌تی له‌دژت ده‌ده‌ن؟) به‌ڵام عیسا ته‌نانه‌ت به‌ووشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌وا له‌مه‌ زۆر سه‌رسام بوو.

بڕیاری له‌خاچ دانی عیسا

فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ پیشه‌، هه‌موو جه‌ژنێ‌ گیراوێك ئازاد بكات له‌وانه‌ی كه‌ گه‌ل خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێ‌. له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگ لایان بوو، ناوی باراباس بوو. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كۆبووبوونه‌وه‌، پیلاتۆس لێیپرسین: (كێتان ده‌وێ‌ بۆتان ئازادكه‌م، باراباس، یان عیسا ئه‌وه‌ی كه‌ پێیده‌ووترێ‌ مه‌سیح؟) چونكه‌ ده‌یزانی له‌چاوپیسی عیسایان داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌. كاتێ‌ فه‌مانڕه‌وا له‌سه‌ر ته‌ختی حوكمڕانی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ ناردو ووتی: (هیچ شتی خراپ به‌رامبه‌ر ئه‌و كابرایه‌ مه‌كه‌، ئه‌و بێ‌تاوانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ دوێنێ‌ شه‌و خه‌وێكی زۆر خراپم بینی.) به‌ڵام سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و پیران هانی خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی داوای ئازادكردن بۆ باراباس بكه‌ن‎و كوشتنیش بۆ عیسا. دیسان پیلاتۆس پرسیه‌وه‌: (ده‌تانه‌وێ‌ له‌م دووانه‌ كامیان ئازاد بكه‌م؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (باراباس.) ئینجا پرسی: (ئه‌ی چی له‌عیسا بكه‌م كه‌ به‌ مه‌سیح ناوده‌برێ؟) هه‌موو وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (با له‌ خاچ ‎بدرێ!) فه‌رمانڕه‌وا پرسیاریكرد: (باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟) زیاتر هاواریان كرد: (با له‌خاچ بدرێ!) كاتێ‌ پیلاتۆس بینی سوودی نییه‌و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ دروست ده‌بێت، ئاوی هێناو له‌به‌رده‌میان ده‌ستی شوشت‎و ووتی: (من بێ‌تاوانم له‌خوێنی ئه‌م مرۆڤه‌، خۆتان ئه‌م كاره‌ جێ‌به‌جێ‌ بكه‌ن!) گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (باخوێنی به‌ملی ئێمه‌و منداڵمان بێ!) ئینجا ئه‌ویش باراباسی بۆ ئازادكردن، به‌ڵام عیسا قامچی لـێ‌دراو درایه‌ ده‌ست سه‌ربازه‌كان بۆ له‌خاچدان.

سه‌ربازه‌كان گاڵته‌ به‌عیسا ده‌كه‌ن

سه‌ربازه‌كان عیسایان بۆ خانووی فه‌رمان‎داری برد، له‌شكریان هه‌موو لـێ‌كۆكرده‌وه‌. جله‌كانیان له‌به‌رداكه‌ندو جلێكی سووریان له‌به‌ركرد. هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان چنیو له‌سه‌ر سه‌ریان دانا، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان داداو گاڵته‌یان پێ‌ده‌كردو ده‌یان ووت: (سڵاو له‌تۆ ئه‌ی پادشـای جووله‌كه‌!) ئینجا تفیان لـێ‌كـرد، قامیشه‌كه‌یان لـێ‌وه‌رگرت‎و به‌سه‌ریان كێشا. دوای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی گاڵته‌یان پێ‌كرد، كراسه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ندو كراسه‌كه‌ی خۆیان لـه‌به‌ركرده‌وه‌و بردیان بۆ له‌خاچدان.

له‌خاچدان‏و مردنی عیسا

له‌وكاته‌دا سه‌ربازه‌كان عیسایان بۆ له‌خاچدان ده‌برد، پیاوێكی قه‌یره‌وانییان بینی ناوی شه‌معون بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی* عیسا هه‌ڵگرێ. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێیده‌ووترێ‌ گولگۆسه‌ واته‌ شوێنیكاسه‌سه‌ر، شه‌رابی تێكه‌ڵاو به‌ تاڵاویان دا به‌ عیسا تا بیخواته‌وه‌، كه‌ تامیكرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌. ئینجا كاتێ‌ له‌خاچیان ده‌دا، كراسه‌كه‌یان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش‎كرد، دوای شێروخه‌ت‏كردن له‌سه‌ری. دوایی هه‌ر له‌وێ‌ له‌به‌ر خاچه‌كه‌ دانیشتن‎و ئێشكیان گرت. ئینجا له‌ژوورسه‌ریه‌وه‌، ئه‌و تاوانه‌ی پێیان تاوانبار كردبوو هه‌ڵیان‎واسی كه‌ نووسرابوو: (ئه‌مه‌ عیسایه‌ پادشای جووله‌كه‌.) له‌گه‌ڵیدا دوو دزیش له‌خاچدران یه‌كێ‌ له‌ده‌ستی ڕاستیه‌وه‌و یه‌كێكێش له‌ده‌ستی چه‌پیه‌وه‌. هاتوچۆكه‌ران جنێویان پێ‌ده‌دوا سه‌ریان ڕاده‌وه‌شاندو ده‌یان ووت: (ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگاو دروستكه‌ره‌وه‌ی له‌سێ‌ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ تۆ ڕۆڵه‌ی خودای له‌خاچه‌كه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌!) هه‌روه‌ها سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و پیرانی گه‌ل گاڵته‌یان پێ‌ده‌كردو ده‌یان‎ووت: (خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگاركرد، به‌ڵام ناتوانێ‌ خۆی ڕزگار بكات! ئایا ئه‌مه‌یه‌ پادشای ئیسرائیل؟ ده‌با ئێستا بێته‌خواره‌وه‌ له‌خاچه‌كه‌! هه‌موو باوه‌ڕی پێ‌ده‌هێنین. پشتی به‌خودا* به‌ست، گه‌ر به‌ڕاستی خودا ئه‌می بوێت ڕزگاری ده‌كات، چونكه‌ ده‌یووت: من ڕۆڵه‌ی خودام.) دوو دزه‌كه‌ش هه‌مان شت گاڵته‌یان پێ‌كرد.

مردنی عیسا

له‌كاژێری دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆوه‌ تا كاژێری سێی پاش‎ نیوه‌ڕۆ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا هات. له‌ده‌وری كاژێری سێ‌دا عیسا به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواریكرد: (ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟) مانای: (خودایمن، خودایمن، بۆ وازت لـێ‌هێنام؟) كاتێ‌ هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی كه‌ ڕاوه‌ستابوون گوێیان له‌مه‌بوو، ووتیان: (ئه‌وه‌ ئه‌لیاس بانگ‎ ده‌كات!) یه‌كێ‌ له‌وان ڕایكرد ئه‌سفه‌نجێكی هه‌ڵگرت‎، خستیه‌ ناو سركه‌وه‌و كردی به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌و پێیدا تا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ ووتیان: (وازی لـێ‌بهێنه‌، با بزانین ئه‌لیاس دێت ڕزگاری بكات.) ئینجا عیسا جارێكی دیكه‌ به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواریكردو ڕۆحی سپارد. ئه‌وسا ده‌ستبه‌جێ‌ په‌رده‌ی په‌رستگا* له‌سه‌ره‌وه‌ تاخواره‌وه‌ دڕاو بوو به‌ دوو به‌شه‌وه‌، هه‌موو زه‌وی له‌رزیو به‌ردیش درزیان برد، گۆڕ كرایه‌وه‌، زۆر له‌خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان كه‌ مردبوون هه‌ستانه‌وه‌، له‌گۆڕ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ چوونه‌ شاری پیرۆز دوای زیندووبونه‌وه‌ی عیسا، زۆر كه‌سیش ئه‌وانی بینی. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌و ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئێشكگری عیسابوون، ترسێكی زۆریان لـێ‌نیشت، كاتێ‌ زه‌وی له‌رزیو ئه‌مانه‌یان دی، ووتیان: (به‌ڕاستی ڕۆڵه‌ی خودا بوو!) له‌دووره‌وه‌ چه‌ند ژنێك سه‌یریان ده‌كرد چی ڕووده‌دات، ئه‌مانیش ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌جه‌لیله‌وه‌ دوای عیسا كه‌وتبوون هه‌تا خزمه‌تی بكه‌ن، له‌نێوانیاندا مریه‌می مه‌جده‌لیو مریه‌می دایكی یاقوب‎و یوسف، هه‌روه‌ها دایكی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی تیابوو.

ناشتنی عیسا

كاتێ‌ ئێواره‌ داهات پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ناوی یوسف بوو، دانیشتووی شاری ڕامه‌ بوو، یه‌كێك بوو له‌قوتابیه‌كانی عیسا. چووه‌ لای پیلاتۆس داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای لـێ‌كرد، ئیتر پیلاتۆس فرمانیدا بیدرێتێ‌. یوسف ته‌رمه‌كه‌ی هێناو به‌كه‌تانی پاك پێچایو له‌گۆڕێكی تازه‌دا كه‌ له‌به‌رد هه‌ڵكه‌نرا بوو ناشتی، ئینجا به‌ردێكی گه‌وره‌ی گلۆر كرده‌وه‌ بۆ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌و ئه‌وێی به‌جێ‌ هێشت. هه‌ر له‌وناوه‌ مریه‌می مه‌جده‌لـیو مریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌یشی لـێ‌بوو، به‌رامبه‌ر گۆڕه‌كه‌ دانیشتبوون.

ئێشكگرتنی گۆڕی عیسا

بۆ به‌یانی، دوای ڕۆژی خۆئاماده‌كردنی شه‌موان، سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و فه‌ریسیه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ لای پیلاتۆس، ووتیان: (گه‌وره‌م، بیرمان كه‌وته‌وه‌ ئه‌و گێره‌ شێوێنه‌ لـه‌كاتێكدا زیندوو بوو ووتی: من دوای سێ‌ ڕۆژ زیندوو ده‌بمه‌وه‌. جا فه‌رمان ده‌ربكه‌ بۆ پاس‏كردنی گۆڕه‌كه‌ی به‌چاكی نه‌وه‌ك ڕۆژی سێهه‌م قوتابیه‌كانی بێن‎و بیدزن، ئه‌وسا به‌گه‌ل بڵێن ئه‌و له‌نێوان مردووان زیندووبووته‌وه‌. چونكـه‌ گێره‌ شێوێنی دوایی له‌یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت.) پیلاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پاسه‌وانتان هه‌یه‌و بڕۆن چۆن به‌چاكی ده‌زانن وا پاسی بكه‌ن.) ئه‌وانیش ڕۆیشتن‎و ده‌رگای گۆڕه‌كه‌یان باش داخست، مۆریان لێ‌داو پاسه‌وانییان كرد.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.