Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 26

پلانێك بۆ كوشتنی عیسا

كاتێ‌ عیسا ئه‌م ووتانه‌ی هه‌موو ته‌واوكرد، به‌قوتابیه‌كـانی ووت: (ئێوه‌ ده‌زانن كه‌دوو ڕۆژیكه‌ جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون دێت. ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، ده‌درێ‌ به‌ده‌سته‌وه‌ تاكو له‌خاچ بدرێ.) ئینجا سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و پیرانی گه‌ل له‌ماڵی یه‌كێ‌ له‌سه‌رۆك كاهینه‌كان* كه‌ناوی قه‌یافا بوو كۆبوونه‌وه‌، ته‌گبیریان له‌عیسا ده‌كرد به‌فێڵێ‌ بیگرن‎و بیكوژن. به‌ڵام ووتیان: (ئه‌مه‌ له‌جه‌ژندا ناكه‌ین، نه‌وه‌ك گه‌ل بشڵه‌ژێت.)

ئاماده‌كردنی عیسا بۆ ناشتنی

له‌وكاته‌ی عیسا له‌به‌یت‏عه‌نیا له‌ماڵی شه‌معونه‌ گول بوو، ژنێك هات بۆ لای به‌شوشه‌یه‌ك بۆنی گرانبه‌هاوه‌، بۆنه‌كه‌ی ڕژاند به‌سه‌ریدا كاتێ‌ له‌سه‌رخوان بوو. قوتابیه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، زویر بوون‎و ووتیان: (ئه‌م ده‌ست بڵاویه‌ی بۆچییه‌؟ ده‌توانرا ئه‌و بۆنه‌ گرانبه‌هایه‌ بفرۆشرایه‌و پاره‌كه‌ی به‌هه‌ژاران بدرایه‌؟) عیسا به‌مه‌ی زانی، پێی ووتن: (بۆچی ئه‌م ژنه‌ زویر ده‌كه‌ن؟ ئه‌و شتێكی چاكی بۆ من كرد. هه‌ژاران گشت كاتێ‌ لای ئێوه‌ن، به‌ڵام من گشت كاتێ‌ ئاوا لاتان نابم. ئه‌و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌رمدا ڕژاند، ئه‌مه‌ی كرد بۆ ئاماده‌كردنم بۆ ناشتن. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: كاتێ‌ بانگه‌وازی ئه‌م مزگێنییه‌* له‌هه‌موو جیهاندا ده‌كرێ، یادی ئه‌وه‌ش ده‌كرێ، كه‌ ئه‌م ژنه‌ بۆ منی كردووه‌.)

ناپاكی یه‌هوزا

ئینجا یه‌كێك له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی كه‌ ناوی یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی بوو ڕۆیشت بۆ لای سه‌رۆكی كاهینه‌كان، ووتی: (چه‌ندم پێ‌ده‌ده‌ن تا بیده‌مه‌ ده‌ستتان؟) ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ دانا. ئیتر له‌وكاته‌وه‌ یه‌هوزا ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێك كه‌وا عیسا بدا به‌ده‌سته‌وه‌.

نانی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون

له‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا*، قوتابیه‌كان هاتنه‌ لای عیساو پرسییان: (له‌كوێ‌ ده‌ته‌وێت نانی جه‌ژنی تێ‌په‌ڕبوونت بۆ ئاماده‌بكه‌ین؟) وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (بڕۆنه‌ ناو شار، بۆ لای فڵان كه‌س، پێی بڵێن: مامۆستا ده‌ڵێ‌ كاتم نزیك بووته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانم لای تۆ جه‌ژنی تێ‌په‌ڕبوون ده‌كه‌م.) قوتابیه‌كان فه‌رمانی عیسایان جێ‌به‌جێ‌ كرد، له‌وێ‌ نانی جه‌ژنی تێ‌په‌ڕبوونیان ئاماده‌كرد.

عیسا ئێواره‌ له‌گه‌ڵ دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی له‌سه‌ر خوان دانیشت. له‌كاتێكدا كه‌ نانیان ده‌خوارد، عیسا ووتی: (ڕاستیتان پێ‌بڵێم: یه‌كێ‌ له‌ئێوه‌ ده‌مدات به‌ده‌سته‌وه‌.) قوتابیه‌كان به‌مه‌ خه‌مێكی قورس دایگرتن، هه‌ریه‌ك له‌وان پرسیاریان لـێكرد: (گه‌وره‌م، ئه‌وه‌ منم؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست درێژ ده‌كات بۆ قاپه‌كه‌، ئه‌و ده‌مدات به‌ده‌سته‌وه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات، وه‌ك له‌كتێبی پیرۆز له‌سه‌ری نووسراوه‌. به‌ڵام خاك‏به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات. باشتر بوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.) ئینجا یه‌هوزا ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه‌، پرسیاری لـێ‌كرد: (مامۆستا، ئایا ئه‌و كه‌سه‌ منم؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆت ووتت.)

دوا نان خواردن

له‌كاتی نان خواردن عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، دوای سوپاس كردن، پارچه‌ پارچه‌یكردو دای به‌قوتابیه‌كان‎و ووتی: (بگرن، بخۆن، ئا ئه‌مه‌ له‌شی منه‌.) ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد، دای پێیان‎و ووتی: (هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ بۆ په‌یمانی نوێ* ئه‌و خوێنه‌ی له‌پێناوی زۆر كه‌س ده‌ڕژێ، بۆ گوناه‌ به‌خشین. پێتان ده‌ڵێم: من له‌مڕۆ به‌دواوه‌ له‌به‌رووبوومی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ دێت كه‌ سه‌ر له‌نوێ‌ له‌پادشاهێتی باوكم له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌.) دوای ئه‌وه‌ی گۆرانی ڕۆحییان ووته‌وه‌، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ كێوی زه‌یتون.

نكۆڵیكردنی په‌ترۆس

ئینجا عیسا پێی ووتن: (ئه‌مشه‌و هه‌مووتان له‌من ده‌كه‌ونه‌ گومانه‌وه‌، چونكه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: {له‌شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مه‌ڕی مێگه‌له‌كه‌ په‌رش‏و بڵاوده‌بنه‌وه‌.} به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانن كه‌ دوای زیندووبوونه‌وه‌م پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.) په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌ر هه‌موو لێت ‎بكه‌ونه‌ گومانه‌وه‌، من گومانت لـێ‌ناكه‌م.) عیسا پێی ووت: (ڕاستیت پێ‌ده‌ڵێم: هه‌ر ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بخوێنێ‌ تۆ سێ‌ جار نكۆڵیم لێده‌كه‌یت.) په‌ترۆس ووتی: (گه‌ر له‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێناكه‌م.) هه‌روه‌ها قوتابیه‌كانیش هه‌موو وایان ووت.

نوێژی عیسا له‌ باخی جه‌سیمانی

دوای ئه‌وه‌ عیساو قوتابیه‌كان چوون بۆ باخێك پێیده‌ووترێ‌ باخی جه‌سیمانی، پێیووتن: (لێره‌ دانیشن، ده‌چم نوێژ ده‌كه‌م.) له‌گه‌ڵ خۆی په‌ترۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌و دڵته‌نگی دایگرتبوو. پێیووتن: (ئه‌وه‌نده‌ دڵم ته‌نگه‌ تا مردن، لێره‌ بمێننه‌وه‌و له‌گه‌ڵم شه‌واره‌ بگرن.) كه‌مێك لێیان دووركه‌وته‌وه‌، به‌سه‌ر ڕوودا كه‌وت‎و ده‌ستی كرد به‌نوێژكردن‏، ووتی: (ئه‌ی باوك، گه‌ر ده‌بێت ئه‌م جامه‌م لـێ‌دووربخه‌ره‌وه‌. به‌ڵام نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێ.) ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای قوتابیه‌كان، كه‌ بینی نووستوون، به‌په‌ترۆسی ووت: (ئا ئاوها نه‌تانتوانیكاژێرێك له‌گه‌ڵم ئێشك بگرن؟ ئێشك بگرن‎و نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ك بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌وه‌. ڕۆح چالاكه‌، به‌ڵام له‌ش لاوازه‌.) بۆ جاری دووه‌م ڕۆیشته‌وه‌ نوێژ بكات، ووتی: (ئه‌ی باوكی خۆم، گه‌ر خواردنه‌وه‌ی ئه‌م جامه‌م لـێ‌دوورناخه‌یته‌وه‌و هه‌رده‌بێت ببێت. با وابێت‎و به‌خواستی تۆبێ.) ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای قوتابیه‌كان‎و بینی دیسان نووستون، چونكه‌ خه‌و چاوی قورس كردبوون. ئیتر وازی لـێ‌هێنان، بۆ جاری سێهه‌م گه‌ڕایه‌وه‌ تا نوێژ بكات، هه‌مان ووته‌ی دووباره‌كرده‌وه‌. دوایی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای قوتابیه‌كان‎و ووتی: (ئه‌وه‌ هێشتا نووستوون‎و پشوو ده‌ده‌ن؟ ئه‌وه‌تا كاتی ئه‌وه‌ نزیك بووته‌وه‌ كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بدرێته‌ ده‌ست گوناهباران. هه‌سـتن بابڕۆین! ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌مدات به‌ده‌سته‌وه‌ نزیـك بووه‌وه‌.)

گرتنی عیسا

له‌وكاته‌ی ده‌دوا، یه‌هوزا كه‌ یه‌كێ‌ بوو له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی زۆر به‌شمشێرو كوته‌كه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌وێ، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كاهین‎و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێررابوون. ئه‌وه‌ی عیسا ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی دابوونێ‌و پێیانی ووتبوو: (ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن.) له‌عیسا نزیك بووه‌وه‌و ووتی: (سڵاو ئه‌ی مامۆستا.) ئینجا ماچیكرد. ئه‌وسا عیسا ووتی: (ئه‌ی دۆستی من، ئه‌وه‌ی بۆی هاتووی بیكه‌.) ئینجا ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی هاتبوون له‌عیسا هاتنه‌ پێشه‌وه‌و گرتیان. یه‌كێ‌ له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ عیسادا بوو ده‌ستی بۆ شمشێره‌كـه‌ی درێژكرد، ده‌ری هێناو له‌یه‌كێ‌ له‌كۆیلـه‌كانی سه‌رۆك كاهینه‌كانیداو گوێی بڕی. عیسا پێی ووت: (شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كێلانه‌كه‌ی خۆی، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناو ده‌چن. ئایا وا ده‌زانیت ناتوانم داوا له‌باوكم بكه‌م زیاتر له‌دوانزه‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ به‌ڵام ئیتر چۆن ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ بێته‌دی، كه‌ ده‌ڵی ده‌بێ‌ به‌وشێوه‌یه‌ ڕوو بدات؟) ئینجا عیسا ووته‌كانی ئاراسته‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ كردو ووتی: (هه‌روه‌ك چۆن به‌ شمشێرو كوته‌كه‌وه‌ ده‌چن بۆ دزێك، ئاوها ده‌تانه‌وێ‌ بمگرن؟ هه‌موو ڕۆژ له‌نێوانتان بووم له‌په‌رستگا خه‌ریكی فێركردن بووم، كه‌چی نه‌تان گرتم. به‌ڵام، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا، هه‌تا په‌رتووكی پێغه‌مبه‌ران بێته‌دی)، له‌و كاته‌دا قوتابیه‌كانی هه‌موو به‌جێیان هێشت‎و ڕایان‎كرد.

دادگایی‏كردنی عیسا

ئه‌وانه‌ی عیسایان گرت، بردیان بۆ لای قه‌یافا كه‌ سه‌رۆك كاهین بوو. له‌وكاته‌دا مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و پیران لای كۆبووبوونه‌وه‌. په‌ترۆس دوور به‌دوور دوایان‎كه‌وت بۆ ماڵی سه‌رۆكی كاهینه‌كان، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌و له‌ناو پاسه‌وانه‌كان دانیشت تاكۆتایی مه‌سه‌له‌كه‌ ببینێت. سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و ئه‌نجومه‌نی باڵای جووله‌كه‌و پیران هه‌موویان ده‌گه‌ڕان به‌دوای شایه‌تییه‌كی درۆدا دژی عیسا، تاوه‌كو بیكوژن، به‌ڵام هیچی وایان نه‌دۆزیه‌وه‌، زۆر له‌وانه‌ی كه‌ به‌درۆ تاوانیان ده‌خسته‌ پاڵ عیسا ئاماده‌بوون له‌وێ. له‌دواییدا دووان هاتنه‌ پێشه‌وه‌، ووتیان: (ئا ئه‌مه‌ ووتی: من ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم‎و له‌ماوه‌ی سێ‌ ڕۆژ دروستی بكه‌مه‌وه‌.) له‌وێ‌ سه‌رۆكی كاهینه‌كان هه‌ستاو لێیپرسی: (ئایا وه‌ڵامت چییه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م دووانه‌ پێت ده‌ڵێن؟) به‌ڵام عیسا به‌بێ‌ده‌نگی مایه‌وه‌، دیسان سه‌رۆك كاهین پرسیاری لـێ‌كردو ووتی: (سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان‎بڵێ، ئایا تۆ مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودای؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆت ووتت. هه‌روه‌ها پێشتان ده‌ڵێم، له‌ئێسته‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی خودای به‌تواناوه‌ داده‌نیشێت، ئینجا له‌دواییدا له‌سه‌ر هه‌وری ئاسمانه‌وه‌ ده‌بینرێ‌ دێته‌وه‌.) سه‌رۆكی كاهینه‌كان كراسی خۆی دادڕی‎و هاواریكرد: (ئه‌وه‌تا كفر ده‌كات! ئیتر پێویستمان به‌شایه‌ت نییه‌. ئا ئه‌وه‌تا ئێوه‌ گوێتان له‌كفره‌كه‌ی بوو. ڕاتان‎چیه‌؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (شایانی مردنه‌!) ئینجا تفیان له‌ڕوویكردو لێیاندا. هه‌ندێكیشیان به‌زلله‌ لێیان ده‌داو ده‌یان ووت: (ها ئه‌ی مه‌سیح پێمان ‎بڵێ، كێ‌ بوو لێیدایت؟)

په‌ترۆس نكۆڵی له‌عیسا ده‌كات

له‌و كاته‌دا په‌ترۆس له‌حه‌وشه‌ی خانووه‌كه‌دا دانیشتبوو. یه‌كێ‌ له‌كاره‌كه‌ره‌كانی ئه‌وێ‌ هاته‌ لایو پێیووت: (تۆش له‌گه‌ڵ عیسای جه‌لیلی بوویت.) په‌ترۆس ڕه‌تـیكــرده‌وه‌و ووتــی: (مـن نازانم تۆ چی ده‌ڵێیت!) ئینجا په‌ترۆس چووه‌ لای ده‌روازه‌ی خانووه‌كه‌، كاره‌كه‌رێكی كه‌ش ناسیه‌وه‌و به‌وانه‌ی له‌وێ‌ بوون ووتی: (ئا ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ عیسای ناسری بوو!) بۆ جاری دووه‌م په‌ترۆس نكۆڵی لێ‌كردو سوێندی خوارد: (من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!) دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ ڕاوه‌ستابوون له‌په‌ترۆس هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پێیان ووت: (له‌ڕاستیدا تۆ یه‌كێكیت له‌وان، شێوه‌ی قسه‌كردنت ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات.) په‌ترۆس ده‌ستیكرد به‌ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‎و سوێند خواردن‎و ووتی: (من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!) دوای ئه‌مه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ كه‌ڵه‌شێری به‌یانی خوێندی. ئه‌وسا په‌ترۆس قسه‌كانی عیسای بیركه‌وته‌وه‌ كاتێ‌ ووتی: (پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بخوێنێ‌ سێ‌جار نكۆڵیم لێده‌كه‌یت.) ئینجا چووه‌ ده‌ره‌وه‌و گریانێكی به‌كوڵ گریا.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.