Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 24

پێش‏بینی وێرانبوونی په‌رستگا

دوای ئه‌وه‌ی عیسا له‌په‌رستگا هاته‌ده‌ره‌وه‌، قوتابیه‌كانی لێی نزیك بوونه‌وه‌ هه‌تا سه‌رنجی بۆ خانووه‌كانی په‌رستگا ڕاكێشن. جا عیسا پێی ووتن: (ئا ئه‌م هه‌موو خانووه‌ ده‌بینن؟ ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: به‌ردی به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ نامێنێ، به‌ڵكو هه‌مووی ده‌ڕوخێنرێ.)

نیشانه‌كانی كۆتایی زه‌مانه‌

كاتێ‌ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتون دانیشتبوو، قوتابیه‌كانی به‌ته‌نها لێی نزیك بوونه‌وه‌و پێیان ووت: (پێمان بڵێ‌ كه‌ی ئه‌مه‌ ڕووده‌دات؟ هه‌روه‌ها نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ت‏و كۆتایی زه‌مانه‌ چییه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئاگاداربن، كه‌س هه‌ڵتان نه‌خه‌ڵه‌تێنێ‌. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ناوی منه‌وه‌ دێن‏و ده‌ڵێن، من مه‌سیحم‏و زۆر كه‌س هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. هه‌روه‌ها جه‌نگ‏و ده‌نگوباسی جه‌نگ ده‌بیستن، ئاگاداربن، نه‌ترسـن، پێویسته‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا كۆتایی نییه‌. چونكه‌ میلله‌تان ده‌چن به‌گژ یه‌كتریداو پادشاهێتی به‌گژ پادشاهێتی دیكه‌دا، برسێتیو بومه‌له‌رزه‌ له‌زۆر شوێن ڕووده‌دات. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ژانی یه‌كه‌مه‌. ئینجا خه‌ڵكی ده‌تان ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ ئازاردان‎و ده‌تانكوژن، هه‌موو گه‌لان له‌پێناو ناوی من ڕقیان ‎لێتان ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها زۆر كه‌س له‌باوه‌ڕیان وه‌رده‌گه‌ڕێن‏و یه‌كتری ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌و ڕقیان له‌یه‌كتری ده‌بێت. زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆر كه‌س هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. ئینجا كه‌گوناه‌ بڵاوبووه‌وه‌، خۆشه‌ویستی له‌دڵی زۆر كه‌س نامێنێ‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا كۆتایی خۆی ڕاده‌گرێ، ڕزگاری ده‌بێت. مزگێنی ئه‌م پادشاهێتییه‌ له‌ هه‌موو جیهان ڕاده‌گه‌ێندرێ‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك* بۆ من لای هه‌موو میلله‌تان، ئینجا كۆتایی دێ.

گه‌وره‌ترین ته‌نگانه‌

( كاتێ‌ پیسی كاول‎بوون له‌شوێنی پیرۆزدا ده‌بینن، (ئه‌وسا باخوێنه‌ر تێ‌بگات،) ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ر دانیال ووتراوه‌، ئینجا ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌ی یه‌هودیان با ڕابكه‌ن بۆ چیا، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ربانه‌، با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی شتێك له‌ماڵه‌كه‌ی ببات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌كێڵگه‌یه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌تا جله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ببات. خاك به‌سه‌ر سك‎پڕو شیرده‌ر له‌وڕۆژانه‌دا! نوێژ بكه‌ن با ڕاكردنتان له‌زستاندا یان له‌شه‌ممه‌دا نه‌بێت. چونكه‌ ته‌نگانه‌یه‌كی واگه‌وره‌ ڕووده‌دات، كه‌ له‌دروست‏كردنی جیهانه‌وه‌ تائێستا شتی وا نه‌بووبێت‏و هه‌رگیز ناشبێت. گه‌ر بێت‎و ئه‌و ڕۆژانه‌ كه‌م نه‌كرێته‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نابێت. به‌ڵام له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێرراون، ئه‌و ڕۆژانه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌. جا ئه‌و كاته‌ گه‌ر یه‌كێك پێیووتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌ یان له‌وێیه‌، باوه‌ڕ مه‌كه‌ن، چونكه‌ چه‌ند مه‌سیحێكی فێڵبازو پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی گه‌وره‌و شتی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك گه‌ر بتوانن ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌هه‌ڵبژێراوه‌كانیش هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. ئه‌وه‌تا من پێشتر ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌، گه‌ر خه‌ڵكی پێیان ووتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح له‌ده‌شته‌! مه‌ڕۆن بۆ ده‌شت، یان ئه‌وه‌تا له‌ژووره‌وه‌یه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ چۆن هه‌وره‌ تریشقه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بریسكه‌ ده‌دات، له‌ڕۆژئاواوه‌ ڕووناكی ده‌رده‌كه‌وێ‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوها ده‌بێت. جا هه‌رشوێنێك كه‌لاكی لـێ‌بێت، داڵ لێـیكۆده‌بێته‌وه‌.

هاتنه‌وه‌ی عیسا

( دوای ڕۆژانی ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌، ڕۆژ تاریك ده‌بێت، تیشكی مانگ ده‌گیرێ، ئه‌ستێره‌كان له‌شوێنی خۆیان ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌‎و هێزی ئاسمان تێك ‎ده‌چێت. ئینجا نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌موو خێڵه‌كانی سه‌ر زه‌مین ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گریان، جا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن، له‌سه‌ر هه‌وری ئاسمان به‌هێزو شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت. فریشته‌كانی به‌كه‌ڕه‌نایه‌كی گه‌وره‌وه‌ ده‌نێرێ، تاكو هه‌ڵبژێرراوانی خودا له‌هه‌ر چوار گۆشه‌ی جیهان‏و له‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ری ئاسمانه‌وه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌.

له‌ دار هه‌نجیر فێربن

( ئه‌م نموونه‌یه‌ له‌دار هه‌نجیر فێربن، كاتێ‌ لقه‌كانی نه‌رم بوون‎و گه‌ڵایان ده‌ركرد، ئه‌وا ده‌زانرێ‌ هاوین نزیك بووته‌وه‌. هه‌روه‌ها كه‌ ئه‌م هه‌موو شتانه‌تان بینی ڕووده‌دات، بزانن ئه‌و نزیكه‌ به‌ڵكو له‌به‌ر ده‌رگایه‌. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێ، هه‌تا ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی ڕوونه‌دات. ئاسمان‎و زه‌وی به‌سه‌ر ده‌چن، به‌ڵام ووته‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌ر ناچن.

ئه‌و كاته‌ی كه‌س نایزانێ‌

( ئه‌و ڕۆژو ئه‌و كاته‌، كه‌س نایزانێ، نه‌فریشته‌كانی ئاسمان، نه‌ڕۆڵه‌، ته‌نها باوك نه‌بێ. سه‌رده‌می نوح چۆن بوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش هه‌روا ده‌بێـت. خه‌ڵكی پێش ڕۆژانی لافاوه‌كه‌ ده‌یانخواردو ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێناو شوویان ده‌كرد، تا ئه‌و ڕۆژه‌ هات كه‌ نوح چووه‌ ناو كه‌شتیه‌كه‌وه‌، به‌ خۆیان نه‌زانی هه‌تا لافاوه‌كه‌ هات‎و هه‌موویانی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش هه‌روا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا دوو پیاو له‌كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كێكیان ده‌برێ‎و ئه‌ویكه‌ به‌جێ‌ده‌هێڵرێ. دوو ژن ده‌ستار ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان ده‌برێ‌و ئه‌ویكه‌ به‌جێ‌ ده‌هێڵرێ. له‌به‌رئه‌وه‌ ئێشك بگرن، چونكه‌ نازانن له‌چ كاتێكدا خوداوه‌ندتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بزانن، گه‌ر گه‌وره‌ی ماڵ بزانێ‌ شه‌و له‌چ كاتێك دز دێته‌ سه‌ری، ئێشك ده‌گرێ‌و نایه‌ڵێ‌ ماڵه‌كه‌ی ببرێت. كه‌واته‌ ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌كاتێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نایزانن.

نموونه‌ی كۆیله‌ی سه‌رڕاست

( كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ سه‌ر ڕاست‎و دانایه‌ی گه‌وره‌ی ماڵ دایده‌نێ‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی لـه‌مـاڵه‌كـه‌یدان تاكـو له‌كاتی خۆیدا خواردنیان بۆ ئاماده‌ بكات؟ خۆزگه‌ ده‌خوازرێ‌ به‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ‌ گه‌وره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت وا به‌كاری خۆی هه‌ڵده‌ستێت. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئینجا گـه‌وره‌ی ماڵ هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌ست ئه‌و كـۆیله‌یه‌. به‌ڵام گه‌ر بێت‎و كۆیله‌كه‌ له‌دڵی خۆی بڵێت: گـه‌وره‌م لـه‌هــاتنه‌وه‌دا دواده‌كـه‌وێ، ئینجا ده‌ست بكات به‌لێدانی كۆیله‌كانی دیكه‌، بخواو بخواته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رخـۆشان. ڕۆژێ‌ ده‌بیـَت گه‌وره‌ی ماڵ تیایدا بگـه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نایزانێت، كـاتێك ئه‌و دركی پێ‌ناكات، ئه‌وسا كۆیله‌كـه‌ی سزا ده‌دات، به‌شی له‌گه‌ڵ دووڕوواندا ده‌بێت، جا له‌وێ‌ ده‌بێت به‌گریان‎و چڕكه‌ چڕكی ددان.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.