Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 23

هه‌مووتان برای یه‌كترین

ئینجا عیسا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌و قوتابیه‌كانی دواو ووتی: (ئه‌وه‌تا مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیه‌كان له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ی موسا دانیشتوون. ئه‌وه‌ی پێتانی ده‌ڵێن كاری پێ‌بكه‌ن! به‌ڵام به‌كرداری ئه‌وان مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان باسی شتێك ده‌كه‌ن، خۆیان كاری پێ‌ناكه‌ن. باری قورس‏و ئه‌وه‌ی له‌توانادا نییه‌ ده‌یپێچنه‌وه‌و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكی، به‌ڵام خۆیان نایانه‌وێ‌ په‌نجه‌یان به‌ری بكه‌وێت.

هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ خۆیان ڕاكێشن. به‌به‌ستنی ئایه‌ته‌كانیان به‌ناوچه‌وان‎و قۆڵیانه‌وه‌و به‌جلی پان‎و پۆڕیانه‌وه‌، حه‌ز له‌جێی سه‌روو له‌میوانداریو ڕیزی پێشه‌وه‌ له‌كه‌نیشته‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها حه‌ز ده‌كه‌ن، له‌گۆڕه‌پانی شاردا سڵاویان لـێ‌بكرێ‌و خه‌ڵكی به‌گه‌وره‌م، گه‌وره‌م، بانگیان بكه‌ن.

به‌ڵام ئێوه‌ ڕازی مه‌بن به‌مامۆستا بانگتان‎ بكه‌ن! چونكه‌ مامۆستاتان هه‌ر یه‌كێكه‌و هه‌مووشتان برای یه‌كن. هه‌روه‌ها كه‌س به‌باوك بانگ مه‌كه‌ن له‌سه‌ر زه‌وی! چونكه‌ باوكتان هه‌ر یه‌كێكه‌، ئه‌ویش ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ له‌ئاسمانه‌. ڕازیش مه‌بن به‌گه‌وره‌ بانگتان‎ بكه‌ن! چونكه‌ گه‌وره‌تان هه‌ر یه‌كێكه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌. باگه‌وره‌تان، نۆكه‌رتان بێت. ئه‌وه‌ی خۆی به‌رزكاته‌وه‌، نزم ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌، به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.

دووڕوویی فه‌ریسیه‌كان

( به‌ڵام خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو! چونكه‌ ده‌رگای پادشاهێتی ئاسمان به‌ڕووی خه‌ڵكی داده‌خه‌ن، نه‌خۆتان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ نه‌ ده‌هێڵن خه‌ڵكیدیكه‌ بچێت. خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو، ئێوه‌ ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن‏و به‌خۆڕایی درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌نوێژه‌كانتان‏و ده‌پاڕێنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ سزای زیاتر وه‌رده‌گرن. خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و فه‌ریسیانی دووڕوو، ئێوه‌ له‌ده‌ریاو بیاباندا ده‌گه‌ڕێن تا یه‌كێ‌ بكه‌ن به‌جووله‌كه‌، كاتێ‌ كردتان به‌ جووله‌كه‌، ئه‌وسا دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆتان به‌لای دۆزه‌خدا ده‌یبه‌ن.

خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی سوێند به‌په‌رستگا بخوا، ئه‌وا هیچی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌زێڕی په‌رستگا سوێند بخوا ئه‌وا ده‌بێ‌ سوێنده‌كه‌ی بباته‌سه‌ر. ئه‌ی نه‌فامینه‌، ئه‌ی كوێرینه‌، كامیان له‌م دووانه‌ مه‌زنترن، زێڕه‌كه‌ یا ئه‌و په‌رستگایه‌ی زێڕه‌كه‌ پیرۆز ده‌كات؟ هه‌روه‌ها ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا بخوا، ئه‌وا هیچی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌قوربانی سه‌ر قوربانگه‌ بخوا، ئه‌وا ده‌بێ‌ سوێنده‌كه‌ی بباته‌سه‌ر. ئه‌ی كوێرینه‌ كامیان له‌م دووانه‌ مه‌زنترن، قوربانی یان ئه‌و قوربانگه‌یه‌ی قوربانیه‌كه‌ پیرۆز ده‌كات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی سوێند به‌قوربانگه‌ ده‌خوا، ئه‌وا سوێند ده‌خوا به‌قوربانگه‌و ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ریه‌تی. ئه‌وه‌ی به‌په‌رستگا سوێند ده‌خوا، ئه‌وا سوێند ده‌خوا به‌په‌رستگاو به‌وه‌ش كه‌ تیایدا نیشته‌جێیه‌. ئه‌وه‌ی به‌ئاسمان سوێند ده‌خوا، ئه‌وا سوێند ده‌خوا به‌ته‌ختی خودا‎و به‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ری دانیشتووه‌!

خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو! چونكه‌ ئێوه‌ ده‌یه‌كی نه‌عناع‏و شویت‎و زیره‌ ده‌ده‌ن‏و گرنگترین بابه‌تی شه‌ریعه‌ت وه‌ك ڕاستی‎و به‌زه‌ییو باوه‌ڕ پشت‎گوێ‌ ده‌خه‌ن، پێویست بوو له‌سه‌رتان ئه‌مه‌ بكه‌ن‎و ئه‌ویش له‌یاد نه‌كه‌ن. ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ شت پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌مێشووله‌، به‌ڵام وشتر قوت ده‌ده‌ن!

خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو! ئێوه‌ ده‌ره‌وه‌ی پیاڵه‌و قاپه‌كانتان پاك ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی پڕه‌ له‌وه‌ی به‌دزیو به‌ڕه‌ڵڵایی ده‌ستتان كه‌وتووه‌! ئه‌ی فه‌ریسی كوێر، یه‌كه‌مجار ناو پیاڵه‌كه‌ت پاك كه‌ره‌وه‌، تاده‌ره‌وه‌شی پاك بێته‌وه‌.

خاك به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو! چونكه‌ ئێوه‌ وه‌ك گۆڕێكی به‌گه‌چ سواخ دراو وان، كه‌ ده‌ره‌وه‌ی جوان دیاره‌، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ئێسقانی مردووان‏و هه‌موو پیسییه‌ك! ئێوه‌ش هه‌روه‌ها، لای خه‌ڵك خۆتان چاك ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام ناوه‌وه‌تان پڕه‌ له‌دووڕووییو خراپه‌.

خاك‏به‌سه‌رتان ئه‌ی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیانی دووڕوو! ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن‎و ئارامگای پیاوچاكان ده‌ڕازێننه‌وه‌، ئینجا ده‌ڵێن: گه‌ر له‌سه‌رده‌می باپیرانماندا بژیاینایه‌، به‌شداری خوێن ڕشتنی پێغه‌مبه‌رانمان له‌گه‌ڵیاندا نه‌ده‌كرد. ئا به‌مه‌ شایه‌تی له‌سه‌ر خۆتان ده‌ده‌ن، كه‌ باپیرانتان خوێن ‎ڕێژی پێغه‌مبه‌ران بوون! جا ئه‌وه‌ی باپیرانتان ده‌ستیان پێ‌كرد ئێوه‌ ته‌واویكه‌ن، باجام پڕبێت.

ئه‌ی ماره‌كان، نه‌وه‌ی ئه‌ژدیها، چۆن له‌سزای دۆزه‌خ هه‌ڵدێن؟ ئا له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ من پێغه‌مبه‌رو پیاوی داناو مامۆستاتان بۆ ده‌نێرم. هه‌ندێكیان ده‌كوژن‎و له‌خاچیان ده‌ده‌ن، هه‌ندێكی تریشیان له‌كه‌نیشته‌كانتان به‌ر قامچی ده‌ده‌ن‎و له‌شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌كه‌ن. به‌م جۆره‌ چی خوێنی پیاوچاكان له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا ڕژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ملتان له‌خوێنی هابیلی بێ‌تاوانه‌وه‌ تا خوێنی زه‌كه‌ریا* كوڕی به‌رخیا كه‌ ئێوه‌ له‌نێوان په‌رستگاو قوربانگه‌دا كوشتتان. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئۆباڵی ئه‌مانه‌ هه‌موو ده‌كه‌وێته‌ ملی ئه‌م نه‌وه‌یه‌.)

غه‌مباری عیسا سه‌باره‌ت به‌ قودس

(ئه‌ی قودس، ئه‌ی قودس، بكوژی پێغه‌مبه‌ران‎و به‌ردبارانكه‌ری ئه‌وانه‌ی نێرران بۆ لات! چه‌ند جار ویستم منداڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن مریشك جوجه‌ڵه‌كانی له‌ژێر باڵی كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست. ئا ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ كه‌لاوه‌یی بۆتان به‌جێ‌ده‌هێڵرێ! چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، ئیتر ئێوه‌ من نابیننه‌وه‌، هه‌تا نه‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت.})

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.