Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 22

نموونه‌ی داوه‌تی پادشا

دیسان عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر نموونه‌كانیو ووتی: (پادشاهێتی ئاسمان له‌پادشایه‌ك ده‌كات، شایی بۆ كوڕه‌كه‌ی بگێڕێ. كۆیله‌كانی ده‌نێرێ‌ تاكو بانگكراوان بۆ شاییه‌كه‌ بانگ‎ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان نایه‌ن. پادشاكه‌ جارێكی دیكه‌ كۆیله‌كانی ده‌نێرێت‎و پێیان ده‌ڵێ: به‌بانگكراوان بڵێن، ئه‌وه‌تا من خوانم ئاماده‌كردووه‌، گاو دابه‌سته‌كانم سه‌ر بڕیوه‌و هه‌موو شتێ‌ ئاماده‌یه‌، كه‌واته‌ وه‌رن بۆ شاییه‌كه‌! به‌ڵام بانگكراوان گوێیان نه‌دایه‌، یه‌كێ‌ ده‌ڕوا بۆ كێڵگه‌كه‌ی، ئه‌وی دیكه‌ بۆ بازرگانیه‌كه‌ی. ئه‌وانه‌یكه‌ له‌وێیا ده‌مێننه‌وه‌، كۆیله‌كانی پاشا ده‌گرن، قسه‌یان پێ‌ده‌ڵێن، ئینجا ده‌یانكوژن. جا پادشا به‌مه‌ زۆر تووڕه‌ ده‌بێ‎و له‌شكر ده‌نێرێ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تاوانبارن له‌ناویان ده‌بات‏و شاره‌كه‌یان ده‌سوتێنێ. دوای ئه‌مه‌ به‌كۆیله‌كانی ده‌ڵێ: وا نانی شایی ئاماده‌یه‌، ئه‌و بانگكراوانه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوون، كه‌واته‌ بڕۆنه‌ سه‌ری ڕێگاكان‏و هه‌ركه‌سێ‌ ده‌بینن بانگیكه‌ن بۆ شاییه‌كه‌. ئینجا كۆیله‌كانی چوون بۆ سه‌ر ڕێگاكان، ئه‌وه‌ی بینیان له‌خه‌ڵكی خراپ‎و باش كۆیان كرده‌وه‌، هه‌تا هۆڵی شاییه‌كه‌ به‌ته‌واوی پڕ بوو له‌میوان. ئینجا پادشا خۆی ده‌كات به‌هۆڵه‌كه‌دا تامیوانه‌كان ببینێت، یه‌كێ‌ ده‌بینێت كه‌جلی شایی له‌به‌رنه‌كردووه‌. پێی ده‌ڵێت: ئه‌ی دۆست، چۆن هاتیته‌ ژووره‌وه‌و جلی شاییت له‌به‌رنه‌كردووه‌؟ كابرا هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. ئینجا پادشا فه‌رمان ده‌دا به‌كۆیله‌كانی‎و ده‌ڵێ: ده‌ست‎و قاچی ببه‌ستنه‌وه‌و فڕێیده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا له‌وێ‌ ده‌بێت به‌گریان‎و چڕكه‌ چڕكی ددان! چونكه‌ بانگكراوان زۆرن، به‌ڵام هه‌ڵبژێرراوان كه‌من.)

باج دان به‌ قه‌یسه‌ر

ئینجا فه‌ریسیه‌كان ڕۆیشتن‎و ته‌گبیریان‎ كرد، چۆن عیسا به‌قسه‌ی خۆی تووش بكه‌ن. چه‌ند قوتابیه‌كی خۆیان له‌گه‌ڵ پیاوانی هێرودس نارده‌ لای، پێیان ووت: (مامۆستا، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت‎و به‌ڕاستی خه‌ڵكی فێری ڕێگه‌ی خودا ده‌كه‌یت، له‌كه‌س سڵ‎ ناكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ پله‌و پایه‌ نرخی نییه‌ لات. كه‌واته‌ پێمان بڵێ: دروسته‌ سه‌رانه‌ بدرێ‌ به‌قه‌یسه‌ر یان نا؟) عیسا به‌فێڵه‌كه‌یانی زانیو ووتی: (ئه‌ی دووڕووه‌كان، بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ ئا پاره‌یه‌كی ئه‌و سه‌رانه‌یه‌م بده‌نێ.) ئه‌وانیش دینارێكیان* دایه‌. لێی پرسین: (ئه‌م وێنه‌و نووسراوه‌ هی كێیه‌؟) ووتیان: (هی قه‌یسه‌ره‌.) ئینجا پێی ووتن: (كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره‌، بیده‌ن به‌ قه‌یسه‌ر، ئه‌وه‌ش كه‌هی خودایه‌ بیده‌ن به‌ خودا.) كه‌ گوێیان له‌م وه‌ڵامه‌ بوو سه‌رسام بوون‏و به‌جێیان هێشت‎و ڕۆیشتن.

زیندووبوونه‌وه‌ی مردووان

له‌هه‌مان ڕۆژدا، چه‌ند سه‌دوقیه‌ك* كه‌باوه‌ڕیان به‌زیندووبوونه‌وه‌ نییه‌، هاتنه‌ لای عیسا پرسیاریان لـێكرد، ووتیان: (ئه‌ی مامۆستا، موسا ده‌ڵێ، گه‌ر پیاوێكی وه‌جاخ كوێر مرد، پێویسته‌ له‌سه‌ر براكه‌ی، براژنه‌كه‌ی بخوازێت‏و بۆ براكه‌ی نه‌وه‌ دروست بكات. جا لای ئێمه‌ حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێناو بێ‌وه‌چه‌ مرد، ژنه‌كه‌ی بۆ براكه‌ی به‌جێ‌هێشت، دووه‌میش هه‌روه‌ها ئینجا سێهه‌م تاگه‌یشته‌ حه‌وته‌م. له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌كاتی زیندووبوونه‌وه‌دا ئه‌و ژنه‌ ده‌درێ‌ به‌كامیان، چونكه‌ ژنی هه‌موویان بووه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (ئێوه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چوونه‌، چونكه‌ نه‌كتێب تێ‌ده‌گه‌ن، نه‌هێزی خودا. له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌كاتی زیندووبوونه‌وه‌دا نه‌ژن ده‌هێنن نه‌شوو ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ئاسمان وه‌ك فریشته‌ ده‌بن. ئایا نه‌تان خوێندۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی زیندووبوونه‌وه‌ پێتان ووتراوه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌؟ {منم خودای ئیبراهیم‎و خودای ئیسحاق‎و خودای یاقوب. خـودا، خــودای مـردووان نییه‌، به‌ڵكو خودای زیندووانه‌.} كه‌خه‌ڵكه‌كه‌ گوێیان له‌مه‌بوو، سه‌رسام بوون له‌شێوه‌ی فێركردنی.)

گه‌وره‌ترین ڕاسپارده‌

كاتێ‌ فه‌ریسیه‌كان بیستیان عیسا سه‌دوقیه‌كانی بێ‌ده‌نگ كردووه‌، یه‌كیان‎گرت بۆ ئه‌وه‌ی پرسیاری دیكه‌ی لـێ‌بكه‌ن، یه‌كێ‌ له‌وانه‌ی زانابوو له‌شه‌ریعه‌ت ویستی تاقیبكاته‌وه‌و پێی ووت: (مامۆستا، چ ڕاسپارده‌یه‌ك مه‌زنترین ڕاسپارده‌یه‌ له‌شه‌ریعه‌ت؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خوداوه‌ند خودات خۆش بوێ‌ به‌هه‌موو دڵ‎و هه‌موو گیان‎و هه‌موو بیرته‌وه‌. ئه‌مه‌ مه‌زنترین‎و یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌. دووه‌میشیان وه‌ك ئه‌و وایه‌: ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت خۆشت بوێ‌. جا شه‌ریعه‌ت‎و پێغه‌مبه‌ران هه‌موو به‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌ به‌ندن.)

مه‌سیح و داود

كاتێ‌ فه‌ریسیه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، عیسا لێیپرسین: (ڕاتان چییه‌ ده‌رباره‌ی مه‌سیح* ئه‌و ڕۆڵه‌ی كێیه‌؟) ووتیان (ڕۆڵه‌ی داوده‌.) لێیپرسین: (كه‌واته‌، چۆن داود به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ به‌خوداوه‌ند بانگی ده‌كاو ده‌ڵێ: {خوداوه‌ند به‌خوداوه‌ندمی فه‌رموو: له‌لای ده‌ستی ڕاستمه‌وه‌ دانیشه‌ تادوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێته‌وه‌.} ئه‌گه‌ر داود پێیبڵێ‌ خوداوه‌ند، ئیتر چۆن ده‌بێ‌ به‌ڕۆڵه‌ی؟) جا كه‌سیان نه‌یانتوانی ته‌نانه‌ت به‌ووشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌س نه‌ی‏ده‌توانی هیچ پرسیارێكی لـێ‌بكات.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.