Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 21

عیسا بۆ قودس ده‌ڕوات

كاتێ‌ له‌قودس نزیك بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ دێی به‌یت‏فاجی لای شاخی زه‌یتون، عیسا دووان له‌قوتابیه‌كانی ناردو پێی ووتن: (ده‌چنه‌ ئه‌و دێیه‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێك ده‌بینن، له‌گه‌ڵ جاشكه‌كه‌ی به‌ستراونه‌ته‌وه‌، ده‌یان كه‌نه‌وه‌و ده‌یانهێنن بۆم. گه‌ر یه‌كێ‌ شتێكی پێ‌ووتن، بڵێن: گه‌وره‌مان پێویستی پێیانه‌، ده‌ست به‌جێ‌ ده‌یان نێرێت.) ئه‌مه‌ش تاكو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌رێك ووتراوه‌ بێته‌دی: {بڵێن به‌كچه‌كه‌ی شاری داود، ئه‌وا پادشاكه‌ت به‌ساكاریو به‌سواری ماكه‌رو جاشكێك دێته‌ لات.} دوو قوتابیه‌كه‌ ڕۆیشتن، ئه‌وه‌ی عیسا پێی ڕاسپاردبوون، كردیان. ماكه‌رو جاشكه‌كه‌یان هێنا، كراسه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر پشتی ڕاخست، جا عیسا سواری بوو. خه‌ڵكێكی زۆر، ده‌ستیانكرد به‌ڕاخستنی ڕێگاكه‌ به‌جله‌كانیان. ئه‌وانی دیكه‌ش لقه‌ داریان ده‌بڕیو ڕێگاكه‌یان پێ‌ ڕاده‌خست. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێش عیسا كه‌وتبوون، هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن هاواریان ده‌كرد ده‌یان ووت: (هۆسانا* بۆ ڕۆڵه‌ی داود*، پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت، هۆسانا له‌به‌رزایی!) كاتێ‌ عیسا چووه‌ ناو قودس، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا، دانیشتوانی پرسییان: (ئه‌مه‌ كێیه‌؟) خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ئه‌مه‌ عیسای پێغه‌مبه‌ره‌، خه‌ڵكی شاری ناسیره‌ی ناوچه‌ی جه‌لیله‌.)

پا‏كردنه‌وه‌ی په‌رستگا

ئینجا عیسا چووه‌ گۆڕه‌پانی په‌رستگاو هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی كڕین‏و فرۆشتن بوون، ده‌ریكردن، ده‌زگاو جێگای دانیشتنی پاره‌گۆڕه‌وه‌كان‏و كۆترفرۆشانی سه‌روژێركرد. پێی ووتن: (خودا له‌كتێبی پیرۆز فه‌رموویه‌تی: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌برێ}، به‌ڵام ئێوه‌ كردوتانه‌ {به‌ئه‌شكه‌وتی دزان!}) كاتێ‌ له‌په‌رستگا بوو، كوێرو شه‌ل لێیهاتنه‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. كاتێ‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ئه‌م‎ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌یان بینی ڕقیان هه‌ستا، گوێیان له‌منداڵانی ناو په‌رستگا بوو هاواریان ده‌كرد: (هۆسانا بۆ ڕۆڵه‌ی داود!) جا لێیان پرسی: (گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟) عیسا وه‌ڵامیدانه‌وه‌: (به‌ڵێ، نه‌تان خوێندۆته‌وه‌: {له‌سه‌ر زاری منداڵان‏و شیره‌خۆران ستایشت ڕێكخستووه‌؟}) ئه‌وسا به‌جێی هێشتن‎و چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ره‌و دێی به‌یت‎عه‌نیا، به‌نیازی ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌.

به‌یانی ڕۆژی داهاتوو، كاتێ‌ ده‌گـه‌ڕایه‌وه‌ به‌ره‌و شـار برسـی بوو. دار هه‌نجیرێـكـی لــه‌ته‌نیشت ڕێگــاكـه‌ بینی‏و چـوو بۆی، به‌ڵام له‌گه‌ڵا زیاتر هیچی تری پێوه‌ نه‌دی، ئینجا به‌داره‌كه‌ی ووت: (با تاهه‌تایه‌ به‌رنه‌گریت!) داره‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ووشك‎بوو. كاتێ‌ قوتابیه‌كان ئه‌مه‌یان دی، سه‌ریان سوڕماو ووتیان: (چ زوو داره‌كه‌ ووشك بوو!) وه‌ڵامیدانه‌وه‌: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت‎و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ك هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌م داره‌م كرد ده‌توانن بیكـه‌ن، به‌ڵكـو ئه‌گـه‌ر به‌و شاخه‌ بڵێن هه‌ڵكه‌نرێ‌و بكه‌وه‌ ناو ده‌ریاوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت. جا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌نوێژدا به‌باوه‌ڕه‌وه‌ داوای ده‌كه‌ن، وه‌ریده‌گرن.)

ده‌سه‌ڵاتی عیسا

كاتێ‌ گه‌یشته‌ په‌رستگاو ده‌ستی به‌فێركردن كرد، سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و پیرانیگه‌ل لێی هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پرسییان: (به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌ پێت؟) عیسا وه‌ڵامیدانه‌وه‌و ووتی: (منیش پرسیارێكتان لـێ‌ده‌كه‌م، گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، ئه‌وسا پێتان ده‌ڵیم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م. پێم بڵێن: له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌خه‌ڵكی؟) ئه‌وانیش له‌نێوان خۆیان كه‌وتنه‌ ڕاوێژكردن‏و ووتیان: (ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ئاسمانه‌وه‌ بوو، پێمان ده‌ڵێ، باشه‌ بۆ باوه‌ڕتان پێ‌نه‌كرد؟ وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین له‌خه‌ڵكه‌وه‌ بوو، ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌سه‌رماندا، چونكه‌ هه‌موویان یه‌حیا به‌پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن.) ئینجا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ووتیان: (نازانین.) ئه‌ویش ووتی: (كه‌واته‌ منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مه‌ ده‌كه‌م.)

نموونه‌ی دوو كوڕه‌كه‌

( ڕاتان چییه‌؟ پیاوێك دوو كوڕی هه‌بوو. چووه‌ لای یه‌كه‌میان‏و پێیووت: كوڕم ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌. له‌وه‌ڵامدا ووتی: نامه‌وێ‌ بچم. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ په‌شیمان بووه‌وه‌و ڕۆیشت. ئینجا پیاوه‌كه‌ چووه‌ لای كوڕی دووهه‌میو هه‌مان داواكاری لـێ‌كرد. كوڕه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: به‌ڵێ‌ گه‌وره‌م! به‌ڵام له‌دواییدا نه‌ڕۆیشت. ئایا كامیان له‌و دووانه‌ به‌خواستی باوكیان كرد؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (یه‌كه‌میان.) ئینجا عیسا پێی ووتن: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: باجگران‎و داوێن پیسان پێشتان ده‌كه‌ون له‌چوونه‌ ناو پادشاهێتی خوداوه‌. یه‌حیا ڕێگای ڕاست‏ودروستی گرت‏و بۆ لاتان هات، كه‌چی باوه‌ڕتان پێ‌نه‌كرد، به‌ڵام باجگران‎و داوێن‏پیسان باوه‌ڕیان پێ‌هێنا. ته‌نانه‌ت دوای بینینی ئه‌مه‌ باوه‌ڕتان پێ‌نه‌كردو تۆبه‌تان نه‌كرد.)

نموونه‌ی باخه‌وانه‌كانی ڕه‌ز

گوێ‌ بگرن بۆ نموونه‌یه‌كی دیكه‌: (گه‌وره‌ پیاوێك ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین‎كرد، بابه‌تی ترێ‌ گوشینی تیادانا، شوێنی ئێشكگرتنی تیا دروستكرد ئینجا دایه‌ ده‌ست باخه‌وانان‎و بۆ گه‌شت ڕۆیشت. كاتێ‌ ڕه‌زه‌كه‌ به‌ریگرت، كۆیله‌كانی نارد بۆ لای باخه‌وانه‌كان تاكو به‌رووبوومی ڕه‌زه‌كه‌ی بۆ بهێنن. باخه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌یه‌كێكیان داو ئه‌ویدیكه‌یان كوشت‏و سێیه‌میشیان به‌رد باران‎كرد. ئینجا گه‌وره‌ پیاوه‌كه‌ له‌جاری پێشوو كۆیله‌ی زیاتری نارد، باخه‌وانه‌كان چیان ‎له‌وانه‌ی یه‌كه‌مجاركرد واشیان له‌مان كرده‌وه‌. له‌دواییدا كوڕه‌كه‌ی نارد بۆ لایان، ووتی: ڕێز له‌كوڕه‌كه‌م ده‌گرن! باخه‌وانه‌كان كه‌كوڕه‌كه‌یان بینی به‌ یه‌كتریان ووت: ئه‌مه‌یه‌ میراتگر! وه‌رن بابیكوژین تاده‌ست بگرین به‌سه‌ر میراته‌كه‌یدا. ئینجا كوڕه‌كه‌یان گرت‎و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌و كوشتیان! باشه‌ كاتێ‌ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بێ‌ چی له‌باخه‌وانه‌كان بكات؟ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ئه‌و به‌دكارانه‌ له‌ناوده‌با. دوایی ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ست باخه‌وانانی دیكه‌ تا له‌كاتی خۆیدا به‌رووبوومی بده‌نێ.) عیسا پێی ووتن: (ئایا له‌كتێبی* پیرۆزدا نه‌تان خوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و بـه‌رده‌ی وه‌سـتاكـان په‌سه‌ندیان نـه‌كـرد، هـه‌ر ئه‌و به‌رده‌بوو بووه‌ به‌ردی بناغه‌؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ بوو، چه‌ند سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ له‌به‌رچاومان!} له‌به‌رئه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم: پادشاهێتی خوداتان لـێ‌ده‌سه‌ندرێته‌وه‌و ده‌درێته‌ ده‌ست گه‌لێك كه‌ به‌رووبوومی ده‌دات. ئه‌وه‌ی بكه‌وێ‌ به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا تێك‎ده‌شكێ، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌رده‌كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت پان‎وپلیشی ده‌كاته‌وه‌.) كاتێ‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و فه‌ریسیه‌كان ئه‌و دوو نموونه‌یان بیست زانیان مه‌به‌ستی ئه‌وانه‌. بۆیه‌ هه‌وڵی گرتنیان ده‌دا، به‌ڵام له‌خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسان چونكه‌ عیسایان به‌پێغه‌مبه‌ر داده‌نا.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.