Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 14

كوشتنی حه‌زره‌تی یه‌حیا

كاتێ‌ هێرۆدسی پادشا، ناوبانگی عیسای بیست، به‌پیاوه‌كانی ووت: (ئه‌وه‌ یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشه‌ له‌ناو مردوواندا زیندووبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ كاری وا سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كرێ‌ له‌سه‌ر ده‌ستی.) كاتی خۆی، هێرۆدس یه‌حیای گرت، زنجیر به‌ستی كردو فڕێی دایه‌ ناو به‌ندیخانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هێرۆدیای ژنی فیلۆپسی برای. چـونكه‌ یه‌حیا پێی ده‌ووت: (دروست نییه‌ تۆ براژنه‌كه‌ت بخوازی.) ئه‌وه‌بوو هێرۆدس ده‌یویست یه‌حیا بكوژێ، به‌ڵام ده‌ترسا له‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وێ. چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ك پێغه‌مبه‌رێك سه‌یری یه‌حیایان ده‌كرد. به‌ڵام له‌كاتی ئاهه‌نگ گێڕان، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌دایك بوونی هێرۆدسه‌وه‌، كچی هێرۆدیا له‌ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ستی كرد به‌سه‌ماكردن، هێرۆدس ئه‌مه‌ی زۆر پێ‌ خۆش بوو، ئه‌وه‌بوو سوێندی بۆ خواردو به‌ڵێنی دایه‌، ئه‌وه‌ی داوای بكات بۆی جێ‌به‌جێ‌ بكات‎و بیداتێ. كچه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕاوێژی به‌دایكی كرد، ووتی: (لێره‌ له‌سه‌ر سینییه‌ك سه‌ری یه‌حیام بده‌رێ.) هێرۆدس ئه‌مه‌ی پێ‌ ناخۆش بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فرمانیدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیده‌نێ‌، چونكه‌ له‌به‌رده‌می ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێدا بوون سوێندی خواردبوو. به‌فه‌رمانی ئه‌و چوونه‌ به‌ندیخانه‌، سه‌ری یه‌حیایان بڕیو له‌سه‌ر سینییه‌ك پێشكه‌شی كچه‌كه‌یان كرد، ئه‌ویش وه‌ری گرت‎و بۆ لای دایكی برد. له‌دواییدا قوتابیه‌كانی یه‌حیا هاتن لاشه‌كه‌یان هه‌ڵگرت‎و ناشتیان. ئینجا بۆ لای عیسا چوون‏و هه‌واڵیان دایه‌.

تێربوونی پێنچ هه‌زار كه‌س

كه‌ عیسا ئه‌مه‌ی بیست به‌ ته‌نها سواری به‌له‌مێك بوو، چوو بۆ جێگایه‌كی چۆڵه‌وانی. به‌ڵام كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، هه‌موو له‌شاره‌كانه‌وه‌ به‌پێ‌ بۆ لای چوون. كاتێ‌ عیسا گه‌یشته‌ كه‌ناری ده‌ریا، خه‌ڵكێكی زۆری بینی. به‌زه‌یی پیاهاتنه‌وه‌و نه‌خۆشه‌كانی چاك‏كردنه‌وه‌. كاتێ‌ ئێواره‌ داهات، قوتابیه‌كانی هاتن‎و ووتیان: (ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌وانیه‌و كاتیش دره‌نگه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ‌كه‌ با بڕۆن بۆ لادێ‌كان‎و خواردن بۆ خۆیان بكڕن.) به‌ڵام عیسا پێی ووتن: (پێویست ناكات بڕۆن، ئێوه‌ نانیان بده‌نێ‌ بابیخۆن.) ئه‌وانیش ووتیان: (له‌پێنچ نان‎و دوو ماسی زیاترمان نییه‌.) عیسا ووتی: (بیهێنن بۆم بۆ ئێره‌.) دوایی عیسا فه‌رمانی به‌خه‌ڵكه‌كه‌دا هه‌موو له‌سه‌رگیا دانیشن. ئیـنجا پێنچ نانه‌كه‌و دوو ماسیه‌كه‌ی هه‌ڵگرت‎و سه‌ری هه‌ڵبڕی بۆ ئاسمان‎و سوپاسی كردو له‌تیكرد، ئه‌وسا دای به‌قوتابیه‌كان، ئه‌وانیش دابه‌شیان كرد به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا. هه‌موو نانیان خواردو تێر بوون، هه‌ر له‌و پارچه‌ نانانه‌ی لێیان مـایه‌وه‌، دوانزه‌ سه‌به‌ته‌یان پڕكرد. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌نانیان خوارد، پێنچ هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ژن‎و منداڵ.

عیسا به‌سه‌ر ئاودا ده‌ڕوات

دوای ئه‌مه‌ فه‌رمانیدا به‌قوتابیه‌كانی سواری به‌له‌مه‌كه‌ بن‏و بڕۆن بۆ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، تا ئه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ‌ بكات. دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‌ كرد، سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر شاخێك بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها نوێژ بكات، كاتێ‌ ئێواره‌ داهات، له‌وێ‌ به‌ته‌نهابوو، به‌له‌می قوتابیه‌كانیش گه‌یشتبووه‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌كه‌، شه‌پۆڵی ئاوه‌كه‌ پیایدا ده‌كێشا، چونكه‌ ڕه‌شه‌با به‌پێچه‌وانه‌ی به‌له‌مه‌كه‌ بوو. له‌به‌ره‌به‌یاندا عیسا بۆ لایان هات، به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا به‌پێ‌ ده‌ڕۆیشت. كاتێ‌ قوتابیه‌كان ئه‌مه‌یان دی، ترسان‏و ووتیان: (ئه‌مه‌ خێوه‌.) ئینجا له‌ترسا ده‌ستیان كرد به‌هاواركردن. ده‌ست‏به‌جێ‌ عیسا پێی ووتن: (ووره‌تان به‌رز بێ، ئه‌وه‌ منم، مه‌ترسن.) په‌ترۆس ووتی: (گه‌وره‌م، گه‌ر تۆی، فه‌رمانم پێ‌ بده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا به‌پێ‌ بێم بۆ لات.) عیسا پێی ووت: (وه‌ره‌)، په‌ترۆس له‌ به‌له‌مه‌كـه‌ دابه‌زیو به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌ به‌پێ‌ به‌ره‌و لای عیسا ڕۆیشت. به‌ڵام كاتێ‌ توندی بایه‌كـه‌ی بینی، ترساو ڕۆچوو، هاواری كرد: (گه‌وره‌م ڕزگارم كه‌.) عیسا ده‌ست به‌جێ‌ ده‌ستی درێژكردو گرتیو پێی ووت: (ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕ، بۆچی گومانت كرد؟) كه‌سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر به‌له‌مه‌كه‌، ڕه‌شه‌باكه‌ هێمن بوو. ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ بوون، هاتنه‌ پێشه‌وه‌ كڕنوشیان بۆ عیسا بردو ووتیان: (به‌ڕاستی تۆ ڕۆڵه‌ی خودای.)

كاتێ‌ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر، له‌شاری جه‌نیساره‌ت هاتنه‌ خواره‌وه‌. خه‌ڵكی ئه‌و ده‌وروپشته‌ ناسیانه‌وه‌، هه‌واڵیان نارد بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌، چی نه‌خۆشیان هه‌بوو هێنایان بۆ لای. داوایان لـێ‌كرد ڕێیان بدات، هیچ نه‌بێ‌ ده‌ست له‌چمكی جله‌كانی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێ‌دا، چاك‎ بوونه‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.