Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
مه‌تا 13
نموونه‌ی جوتیارێك
هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژدا عیسا له‌ماڵ چووه ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا دانیشت. خه‌ڵكێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه چووه ناو به‌له‌مێك دانیشت، خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌مووی له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاكه به‌پێوه ڕاوه‌ستا بوون. به‌نموونه له‌زۆر بابه‌ت دواو قسه‌ی بۆ كردن‌و ووتی: (جوتیارێك چووه ده‌ره‌وه تۆ‌و بچێنێ. له‌وكاته‌دا تۆوی ده‌چاند، به‌شێ له‌تۆوه‌كه كه‌وته سه‌ر ڕێگا، باڵنده هاتنو خواردیانن، به‌شێكی دیكه‌شی كه‌وته سه‌ر زه‌ویه‌كی به‌ردین كه خۆڵه‌كه‌ی ته‌نك بوو، خێرا سه‌ریان ده‌ركـرد، چـونكه زه‌ویه‌كـه قـوڵ نه‌بوو، به‌ڵام كه ڕۆژ هه‌ڵهات، ووشك بوون‌و پڕوكان چونكه ڕه‌گی ته‌واویان نه‌بوو. به‌شێكی دیكه‌شی، كه‌وتنه نێوان دڕكه‌وه، كاتێ دڕكه‌كان سه‌ریان ده‌ركرد خنكاندیانن. هه‌ندێكیش له‌تۆوه‌كه كه‌وته سه‌ر زه‌وی باش، به‌رووبوومیدا. به‌شێكی یه‌ك به‌سه‌د به‌شێكی دیكه‌شی یه‌ك بهشهستو یه‌ك به‌سی. كێ گوێی هه‌یه، با گوێ بگرێ!)
بۆچی عیسا به‌نموونه ده‌دوێ؟
قوتابیه‌كان هاتنه پێشه‌وه‌و پێیان ووت: (بۆچی به‌نموونه قسه‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: (له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ئێوه دراوه نهێنی پادشاهێتی ئاسمان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه. چونكه ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، زیاتری پێ ده‌درێ تالێی ده‌ڕژێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی كه هه‌یشێتی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه. به‌نموونه قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه سه‌یرده‌كه‌ن به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن به‌ڵام نابیستنو تێ‌ناگه‌ن. به‌مه‌ش پێشبینی ئه‌شعیا ده‌رباره‌ی ئه‌وان دێته‌دی، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێ‌ناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یرده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه دڵی ئه‌م گه‌له به‌ته‌واوی ڕه‌ق بووه، گوێیان قورس بووه بۆ گوێگرتن، چاویان نووقاندوه نه‌وه‌ك به‌چاویان ببینن، به‌گوێیان ببیستن، نه‌وه‌ك به‌دڵیان تێ بگه‌ن‌و بگه‌ڕێنه‌وه لای من، ئه‌وسا منیش چاكیان بكه‌مه‌وه.} به‌ڵام ئێوه، خۆزگه ده‌خوازرێ به‌چاوتان چونكه ده‌بینن، خۆزگه ده‌خوازرێ به‌گوێتان چونكه ده‌بیستن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: زۆر لهپێغهمبهرانو پیاوچاكان به‌ئاواته‌وه بوون، ببینن ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یبینن، ببیستن ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یبیستن به‌ڵام نهیانبیستو نه‌یانبینی.
ڕوونكردنه‌وه‌ی نموونه‌كه
(كه‌واته گوێ‌بگرن له‌واتای نموونه‌ی جوتیاره‌كه. هه‌ركه‌سێ په‌یامی پادشاهێتی ببیستێ‌و تێی نه‌گات، شه‌یتان دێت‌و ئه‌وه‌ی له‌دڵی چاندراوه ده‌یڕفێنێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌كه‌وته سه‌ر ڕێگاكه به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه به‌ردینه‌كه ڕوا، ئه‌وه ئه‌وه‌یه كه ووشه‌كه ده‌بیستێ‌و ده‌ست به‌جێ به‌خۆشیه‌وه وه‌ری ده‌گرێ، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكیدا بێ ڕه‌گه‌و بێ بنچینه‌یه، ده‌مێنێته‌وه تا ماوه‌یه‌ك، كه ته‌نگانه‌و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هات، له‌پێناوی ووشه‌ی خودا، ئه‌وكاته ده‌گۆڕێت. ئه‌وه‌ش كه له‌نێوان دڕكه‌كاندا ڕوا، ئه‌وه‌یه كه گوێ له‌ووشه‌كه ده‌گرێ، به‌ڵام كاروباری ڕۆژانه‌و بیری ده‌وڵه‌مه‌ندی، ووشه‌كه ده‌خنكێنن. ئیتر به‌ر نادات. ئه‌وه‌شیان كه له‌سه‌ر زه‌ویه باشه‌كه ڕوا، ئه‌وه‌یه كه ووشه‌كه ده‌بیستێ‌و تێ‌ده‌گات. ئه‌وه‌یان به‌رووبووم ده‌دات، یه‌ك به‌سه‌د، یه‌ك بهشهستو یه‌ك به‌سی.)
نموونه‌ی گهنمو زیزانه
ئینجا نموونه‌یه‌كی دیكـه‌ی بۆ هێنانه‌وه، ووتی: (پادشاهێتی ئاسمـان* وه‌ك ئه‌مه وایه، مرۆڤێك تۆوێكی چاك له كێڵگه‌كه‌یدا بچێنێ. كاتی خه‌وتن، دوژمنه‌كه‌ی دێت‌و زیزانه له‌نێوان گه‌نمه‌كه‌یدا دهڕوێنێو ده‌ڕوا. كاتێ گه‌نمه‌كه به‌رز بووه‌وه‌و گوڵی گرت، زیزانه‌كه له‌گه‌ڵی ده‌ركه‌وت. كۆیله‌كانی خاوه‌ن ماڵ هاتنو پێیان ووت: (گه‌وره‌م، ئایا له‌كێڵگه‌كه‌ت تۆوی چاكت نه‌ڕواند؟ ئیتر ئه‌م زیزانه‌یه له‌كوێوه هات؟) وه‌ڵامی دانه‌وه: (دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه) لێیان پرسی: (گه‌وره‌م، ده‌ته‌وێ بچین زیزانه‌كان كۆكه‌ینه‌وه؟) وه‌ڵامی دانه‌وه: (نه‌خێر، نه‌وه‌ك له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی زیزانه‌كه‌دا، گه‌نمه‌كه‌شی پێوه هه‌ڵكێشن. وازیان لـێ بهێنن با هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه پێ‌بگه‌ن، تا كاتی دروێنه، به‌دروێنه‌كه‌ره‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌م جار زیزانه‌كه كۆكه‌نه‌وه، بیبه‌ستن به‌كۆمه‌ڵ بۆئه‌وه‌ی بسوتێنرێ به‌ڵام گه‌نمه‌كه به‌رن بۆ عهمبارهكهمو له‌وێ كۆی بكه‌نه‌وه.)
نموونه‌ی ده‌نكه خه‌رته‌له
هه‌روه‌ها نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌و ووتی: (پادشاهێتی ئاسمان وه‌ك ده‌نكه خه‌رته‌له‌یه‌ك* وایه، كه یه‌كێ بیهێنێ‌و له‌باخه‌كه‌یدا بیچێنێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بچوكترین تۆوه، كاتێ به‌رز ده‌بێته‌وه ده‌بێته ڕووه‌كێكی گه‌وره، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ش ده‌توانن له‌سه‌ر لق‌و لاسكه‌كانی هێلانه بكه‌ن.)
نموونه‌ی هه‌ویرترش
دیسان نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌و ووتی: (پادشاهێتی ئاسمان له‌هه‌ویرترشێك ده‌كات، ئافره‌تێك بیهێنێ‌و تێكه‌ڵاوی سێ ڕبه ئاردی بكات، تا هه‌ویره‌كه هه‌مووی هه‌ڵ بێت.) عیسا به‌رده‌وام ئه‌م نموونانه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌هێنایه‌وه كاتێ قسه‌ی بۆ ده‌كردن، هه‌وڵی ده‌دا ووته‌كانی به‌نموونه‌وه بن. به‌مه‌ش ئه‌وه‌ی یه‌كێ له‌پێغه‌مبه‌ران ووتویه‌تی هاته‌دی: {به نموونه ده‌دوێم تا ئه‌وه‌ی له‌دروستكردنی جیهانه‌وه شاراوه‌یه ده‌ریخه‌م.}
ڕوونكردنه‌وه‌ی نموونه‌ی زیزان
ئینجا عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێكردو گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵ. قوتابیه‌كانی هاتنه لای، ووتیان: (واتای نموونه‌ی زیزانه‌ی ناو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕوون بكه‌ره‌وه.) وه‌ڵامی دانه‌وه: (چێنه‌ری تۆوه چاكه‌كه، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه. تۆوه چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پادشاهێتین. زیزانه‌كانیش ڕۆڵه‌كانی شه‌یتانن. دوژمنه‌كه‌ش كه زیزانه‌كه‌ی چاند شه‌یتانه. دروێنه‌كه‌ش كۆتایی جیهانه. دروێنه‌كـه‌ره‌كـانیش فریشته‌كانن. هــه‌روه‌ك چـــۆن زیزانه‌كــه كۆكـرایه‌وه‌و ســوتێنرا، لـه‌كۆتایی جیهـان هه‌مـان شـت ڕووده‌دات. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، تا هــه‌مـوو به‌دكــارو ئه‌وانه‌ی خراپه‌كارن له‌پادشاهێتیه‌كه‌ی ده‌ربكه‌ن. ئینجـا ده‌یانخه‌نه ناو ته‌نووری گڕدار، جا له‌وێ ده‌بێ بهگریانو چڕكه چڕكی ددان. ئه‌وسا ڕاستودروستان له‌ناو پادشاهێتی باوكیان وه‌ك ڕۆژ ده‌دره‌وشێنه‌وه. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با گوێ بگرێ!
نموونه‌ی گه‌نجینه‌و مرواری
( پادشاهێتی ئاسمان له‌گه‌نجینه‌یه‌ك ده‌كات له‌ناو كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه یه‌كێ ده‌یدۆزێته‌وه‌و دیسان ده‌یشارێته‌وه له‌وێ، ئینجا له‌خۆشیان ده‌ڕوات چی هه‌یه هه‌مووی ده‌فرۆشێ‌و ئه‌وكێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێ. هه‌روه‌ها پادشاهێتی ئاسمان له‌بازرگانێك ده‌كات ده‌گه‌ڕێ به‌شوێن مرواری چاك‌و جوان. كاتێ مروارییه‌كی زۆر به‌نرخ ده‌بینێ، ئه‌ڕوا هه‌رچیه‌كی هه‌یه ده‌یفرۆشێ‌و مروارییه‌كه‌ی پێ ده‌كڕێ.
نموونه‌ی تۆڕ
( هه‌روه‌ها پادشاهێتی ئاسمان له‌تۆڕێك ده‌كات فڕێ‌درابێته ده‌ریاوه، له‌هه‌موو جۆرێ كۆده‌كاته‌وه. كاتێ پڕده‌بێ‌و ڕاده‌كێشرێته كه‌ناری ده‌ریا، ئه‌وه‌ی باشه كۆی ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌به‌ته‌داو خراپه‌كانیش فڕێ ده‌ده‌ن. هه‌مان شت ڕووده‌دا، كاتێ كۆتایی ئه‌م جیهانه دێت فریشته‌كان دێن، به‌دكاران ده‌رده‌هێنن له‌ناو ڕاستودروستانداو فڕێیان ده‌ده‌نه ناو ته‌نووری گـڕداره‌وه. جا له‌وێ ده‌بێ بهگریانو چڕكه‌چڕكی ددان.) عیسا لێی پرسین ئایا ئه‌مانه هه‌مووی تێ‌گه‌یشتن؟ وه‌ڵامیان دایه‌وه: (به‌ڵێ.) جا پێی ووتن: (له‌به‌رئه‌مه، هه‌ر یه‌كێ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت* ببێ به‌قوتابی له‌پادشاهێتی ئاسمان، له‌خاوه‌ن ماڵێك ده‌چێ له‌گه‌نجینه‌كه‌ی تازه‌و كۆن به‌یه‌كه‌وه ده‌ربهێنێت.) كاتێ عیسا ئه‌م نموونانه‌ی ته‌واوكرد له‌وێ ڕۆیشت.
ڕه‌تكردنه‌وه‌ی عیسا
كــه گــه‌ڕایـه‌وه بـۆ شـاره‌كـه‌ی خۆی چووه كهنیشتو ده‌ستیكرد به‌فێركردنیان، سه‌رسام بوون‌و پرسییان: (ئه‌م هه‌موو دانایی‌و كاره سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئایا ئه‌مه كوڕی دارتاشه‌كه نییه؟ دایكی مریه‌می ناو نییه؟ یاقوبو یوسف‌و شهمعونو یه‌هوزا برای نین؟ ئه‌وه نییه خوشكه‌كانی هه‌مووی لێره لامانن؟ ئه‌مانه‌ی هه‌موو له‌كوێ بوو؟ خه‌ڵكه‌كه لێی به‌گومان بوون، به‌ڵام عیسا پێی ووتن: (هیچ پێغه‌مبه‌رێك كه‌م نرخ نییه، ته‌نها له‌شــارو مــاڵی خۆی نه‌بێ.) لـه‌وێ كــاری ســه‌رسـوڕهێنه‌ری زۆری نه‌كــرد، لــه‌به‌ر بێ بــاوه‌ڕیان پێی.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.