Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 12

گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌

له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا، كاتێ‌ عیسا به‌نێوان ده‌غڵه‌كاندا تێ‌ده‌په‌ڕی، قوتابیه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیان كرد به‌گوڵه‌گه‌نم پرواندن‎و خواردنی. كه‌فه‌ریسیه‌كان ئه‌مه‌یان بینی پێیان ووت: (ئه‌وه‌تا قوتابیه‌كانت كارێك ده‌كه‌ن له‌شه‌ممه‌دا* دروست نییه‌.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (ئه‌ی نه‌تان خوێندۆته‌وه‌ كه‌ داودو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون چیان كرد، كاتێ‌ برسییان بوو؟ چۆن چوونه‌ ماڵی خودا‎و نانی قوربانیان* خوارد، ئه‌و نانه‌ی دروست نه‌بوو بخورێ، نه‌له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌، نه‌له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون، ته‌نها بۆ كاهینه‌كان* نه‌بێ. ئایا نه‌تان خوێندۆته‌وه‌ له‌ته‌وراتدا كه‌ كاهینه‌كان له‌ڕۆژی شه‌مموان له‌په‌رستگا یاسای شه‌ممه‌ ده‌شكێنن كه‌چی به‌تاوانباریش دانانرێن؟ به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم، یه‌كێك لێره‌یه‌ مه‌زنتره‌ له‌په‌رستگا. ئه‌گه‌ر مانای ووته‌كان تێبگه‌یشتنایه‌: {من داوای به‌زه‌یی ده‌كه‌م نه‌ك قوربانی}، ئه‌وا حوكمتان نه‌ده‌دا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی بێتاوانن. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌.)

چا‏كردنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌‏شه‌ممه‌

ئینجا عیسا له‌وێ‌ ڕۆیشت‎و چووه‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، له‌وێ‌ پیاوێكی لـێ‌بوو ده‌ستێكی ووشك ببوو، فه‌ریسیه‌كان ده‌یانوویست عیسا تاوانبار بكه‌ن، بۆیه‌ لێیان پرسی: (ئایا چاكردنه‌وه‌ی نـه‌خۆش له‌ڕۆژانی شه‌ممه‌ دروسته‌؟) عیسا وه‌ڵامـی دانه‌وه‌و ووتی: (كێ‌ له‌ئێوه‌ گه‌ر مـه‌ڕێكی هه‌بێت‎و مه‌ڕه‌كه‌ی له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ ناو چاڵێكه‌وه‌، ناچێ‌ ده‌ری بهێنێت؟ باشه‌! مرۆڤ زۆر له‌مه‌ڕ به‌نرختر نییه‌؟ كه‌واته‌ له‌ڕۆژانی شه‌ممه‌دا كاری باش دروسته‌.) ئینجا به‌پیاوه‌كه‌ی ووت: (ده‌ستت درێژكه‌.) ئه‌ویش ده‌ستی درێژ كردو ده‌ستی چاك بووه‌وه‌و وه‌ك ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی لێهات.

خزمه‌تكاری هه‌ڵبژێردراو

به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌و ته‌گبیریان كرد چۆن له‌ناویبه‌ن. عیساش به‌مه‌ی زانیو له‌وێ‌ ڕۆیشت، خه‌ڵكێكی زۆر دوای‎كه‌وتن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌خۆش بوون چاكیكردنه‌وه‌. به‌ڵام ئاگاداریكردن لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن، تا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی ئه‌شعیا پێغه‌مبه‌ر ووتراوه‌ بێته‌دی كه‌ ده‌ڵێ: {ئا ئه‌وه‌تا ئه‌و خزمه‌تكاره‌ی هه‌ڵم‏بژاردووه‌، ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی تیا داده‌نێم، تا به‌هه‌موو میلله‌تان دادپه‌روه‌ریم ڕابگه‌یه‌نێ. شه‌ڕ ناكات‏و هاوار ناكات، كه‌س ده‌نگی نابیستێ‌ له‌شه‌قامه‌كان. قامیشێكی كوتراوه‌و ناشكێ، پڵیته‌یه‌كی گڕداره‌و ناكوژێته‌وه‌، هه‌تا دادپه‌روه‌ری به‌سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌ێنێ. هیوای میلله‌تان له‌سه‌ر ناوی ئه‌و ده‌بێ.}

عیساو سه‌رۆكی ڕوحه‌ پیسه‌كان

ئینجا پیاوێكی لاڵ‏و كوێریان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تیابوو، ئه‌ویش چاكی كرده‌وه‌ به‌جۆرێ‌ ده‌یتوانی ببینێت‏و گفتوگۆ بكات. خه‌ڵكه‌كه‌ هـه‌موو سه‌رسام بوون‎و ووتیان: (ئایا ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی داود نییه‌؟) به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست ووتیان: (ئه‌و ڕۆحی پیس ده‌رناكات مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولـی سه‌رۆكی ڕۆحه‌ پیسه‌كان نه‌بێت.) عیسا به‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی زانی، ووتی: (هه‌ر پادشایه‌تیه‌ك دووبه‌ره‌كی تیابێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارو ماڵێك دووبه‌ره‌كی تیابێت، خۆی ڕاناگرێ. ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دوو به‌شن‎و دووبه‌ره‌كییان تیایه‌، كه‌واته‌ چۆن پادشایه‌تیه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێ؟ ئه‌گه‌ر من به‌به‌عله‌زبول ڕۆحی پیس ده‌رده‌كه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌كێ‌ ده‌ریان‏ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان حوكم ده‌ده‌ن به‌سه‌رتان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پادشاهێتی خودا ده‌چه‌سپێ‌ به‌سه‌رتان. ئه‌گینا چۆن یه‌كێ‌ ده‌توانێ‌ بچێته‌ ماڵی كابرایه‌كی به‌هێزو شته‌كانی تاڵان بكات، گه‌ر یه‌كه‌م جار نه‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵما كۆناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌و كفركردنێكی مرۆڤ ده‌به‌خشرێ‌ ته‌نها كفركـردن به‌رامبه‌ر به‌ڕۆحـی پیرۆز نـه‌بێ‌ نابه‌خشرێ، ئه‌وه‌ی ووشـــه‌یه‌ك دژی ڕۆڵه‌ی مـرۆڤ بڵێت ده‌به‌خـشرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ووشـه‌یه‌ك دژی ڕۆحـی پیرۆز بڵێت نابه‌خـشرێ، نه‌لـه‌م زه‌مـانه‌داو نه‌ له‌ زه‌مانی ئاینده‌.

دار به‌به‌رووبوومی ده‌ناسرێ‌

(وابكه‌ن دار باش بێت، به‌رووبوومی باش ده‌دات. یاخود وابكه‌ن دار خراپ بێت، به‌رووبوومی خراپ ده‌دات، چونكه‌ دار به‌به‌رووبومی ده‌ناسرێ‌. ئه‌ی بێچوه‌ ماران، چۆن ده‌توانن به‌چاكی بدوێن، كه‌ خۆتان خراپ بن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ كه‌ له‌دڵ هه‌ڵده‌قوڵێ‌. مرۆڤی چاك، له‌گه‌نجینه‌ی چاكی ناو دڵی شتی چاك ده‌رده‌هێنێ، مرۆڤی به‌دیش، له‌گه‌نجینه‌ی به‌د، شتی به‌د ده‌رده‌هێنێ. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر ووشه‌یه‌كی پووچ كه‌ خه‌ڵكی پێی ده‌دوێ‌ له‌ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا، لێپرسینه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ به‌ووشه‌كانی خۆت بێ‌تاوان ده‌بی، هه‌روه‌ها به‌ووشه‌كانی خۆت تاوانبار ده‌كرێی.)

نیشانه‌ی یونس پێغه‌مبه‌ر

ئینجا هه‌ندێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فـه‌ریسیه‌كان ووتیان: (ئه‌ی مامۆستا، ده‌مانه‌وێ‌ نیشانه‌یه‌كت لێ‌ ببینین.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (نه‌وه‌یه‌كی به‌دكارو به‌دڕه‌وشت داوای نیشانه‌ ده‌كه‌ن، نیشانه‌ نادرێ، ته‌نها نیشانه‌ی یونس* پێغه‌مبه‌ر نه‌بێ. چۆن یونس سـێ‌ ڕوژو سێ‌ شه‌و له‌ناو سكی نه‌هه‌نگدا بوو، ئاواش ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سێ‌ ڕۆژو سێ‌ شه‌و له‌ناو دڵی زه‌ویدا ده‌مێنێته‌وه‌. دانیشتوانی نه‌ینه‌وا له‌ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌، ڕاده‌وه‌ستن به‌رامبه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه‌و تاوانباریان ده‌كه‌ن، چونكه‌ تۆبه‌یان كرد كاتێ‌ یونس ووشه‌ی خودای پێ‌ڕاگه‌یاندن. ئه‌وه‌تا له‌یونس مه‌زنتر لێره‌یه‌. شاژنی باشوور1 له‌ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێ‏و تاوانباری ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وپه‌ڕی زه‌مینه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌داناییه‌كانی سلێمان. ئه‌وه‌تا له‌سلێمان مه‌زنتر لێره‌یه‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆحی پیس بۆ له‌ش

(كه‌ ڕۆحی پیس له‌مرۆڤێك چووه‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌رگه‌ردانی په‌یداكردنی جێی حه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت له‌بیابانی ووشكی بێ‌ئاو، به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. ئینجـا ده‌ڵێ: با بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و ماڵه‌ی به‌جێم هێشت، كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێ‌ چـۆڵه‌، گسك دراوه‌و جوان كراوه‌. ئه‌وسـا ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ خۆی حه‌وت ڕۆحی خراپتر ده‌هێنێ‌و هه‌موویان ده‌چنه‌ ناو ئه‌و مرۆڤه‌وه‌. ئیتر داهاتووی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌جاران خراپتر ده‌بێت. ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوهای به‌سه‌ر دێت.) له‌وكاته‌دا كه‌ عیسا قسه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كرد، دایك‎و خوشك‎و براكانی له‌ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستا بوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵـی بدوێن. یه‌كێك له‌ئاماده‌بووان پێی ووت: (ئه‌وه‌ دایكت‎وخوشك‎و براكانته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ‌ له‌گه‌ڵت بدوێن.) وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ووتی: (دایكم كێیه‌و خوشك‎و براكانم كێن؟) ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابیه‌كانی ڕاكێشاو ووتی: (ئه‌مانه‌ن دایك‏و براكانم، ئه‌وه‌ی كاربكات به‌خواستی ئه‌و باوكه‌م كه‌ له‌ئاسمانه‌، ئه‌وا ئه‌و براو خوشك‏و دایكمه‌.)

Source notes (1)
  1. Footnote شاژنی باشوور: مه‌به‌ست شاژنه‌ به‌لقیسه‌ كه‌ فه‌رمانڕه‌وای یه‌مه‌ن بوو له‌سه‌رده‌می حه‌زره‌تی سلێمان.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.