Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 9

شێوه‌ گۆڕانی عیسا

ئینجا عیسا پێی ‎ووتن: (ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی لێره‌دا ڕاوه‌ستاون، تامی مردن ناچێژن تا پادشاهێتی خودا* نه‌بینن كاتێ‌ به‌تواناوه‌ دێت.

دوای ئه‌مه‌ به‌شه‌ش ڕۆژ، عیسا په‌ترۆس‎و یاقوب‎و یۆحه‌ننای له‌گه‌ڵ خۆی بردو به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز. كاتێ‌ له‌به‌رچاویان شێوه‌ی خۆی به‌ته‌واوی گۆڕی، جله‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك سپیبوو بریسكه‌ی ده‌دایه‌وه‌ زیاتر له‌هه‌موو ڕووناكی ئه‌م سه‌ر زه‌ویه‌. له‌و كاته‌دا موساو ئه‌لیاس ده‌ركه‌وتن بۆیان، له‌گه‌ڵ عیسادا ده‌دوان. ئینجا په‌ترۆس به‌عیسای ووت: (گه‌وره‌م، شتێكی خۆشه‌ لێره‌ بمێنینه‌وه‌ گه‌ر ده‌ته‌وێت سێ ‎چادر هه‌ڵده‌‎ده‌ین یه‌كێ‌ بۆ تۆ، یه‌كێ‌ بۆ موسا، یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.) په‌ترۆس نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێ، له‌و كاته‌دا هه‌ر سێ‌ قوتابیه‌كه‌ ترسیان لێ‎ نیشتبوو، ئینجا هه‌ورێك باڵی كێشا به‌سه‌ریان‏و ده‌نگێك له‌هه‌وره‌كه‌وه‌ بانگی كرد: (ئا ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی پێی دڵشام، گوێی بۆ ڕاگرن.) دوای ئه‌مه‌ قوتابیه‌كان خێرا سه‌یری ده‌وروپشتیان كرد، به‌ڵام له‌عیسا زیاتر كه‌سیان نه‌بینی. كاتێ‌ له‌شاخه‌كه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، عیسا ئاگاداریكردنه‌وه‌: (ئه‌مه‌ی بینیان جارێ‌ به‌كه‌سی ڕانه‌گه‌یه‌نن، تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ناو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.) ئه‌وانیش ڕاسپارده‌كه‌یان جێ‎به‌جێ‎كرد، به‌ڵام له‌ناوخۆیان پرسیاریان‎كرد: (باشه‌ مه‌به‌ست له‌هه‌ستانه‌وه‌ له‌نێو مردوواندا چییه‌؟) ڕووی پرسیاریان كرده‌ عیساو ووتیان : (باشه‌ بۆچی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ده‌ڵێن، ده‌بێ‌ یه‌كه‌مجار ئه‌لیاس بێته‌وه‌؟) عیسا وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌و ووتی: (ئه‌مه‌ ڕاسته‌، ئه‌لیاس دێت‎و هه‌موو شتێ‌ ده‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ بۆچی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت ئازار بكێشێت‎و به‌چاوی نزم سه‌یر بكرێ؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم ئه‌لیاس هات، چیان‎ویست پێیان‎كرد، به‌و شێوه‌یه‌ی له‌كتێبی پیرۆز ده‌رباره‌ی نووسراوه‌.)

ده‌ركردنی ڕۆحی پیس

كاتێ‌ عیساو قوتابیه‌كانی هاتنه‌وه‌ لای قوتابیه‌كانی‎كه‌، بینییان خه‌ڵكێكی زۆریان لێ‎كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ هه‌ندێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت خه‌ریكی گفتوگۆ كردنن له‌گه‌ڵیان. كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ عیسایان بینی هه‌موو سه‌رسام بوون، خێرا بۆ لای چوون تاسڵاوی لێ‎بكه‌ن. ئه‌وسا عیسا لێی‎پرسین: (ده‌رباره‌ی چی ده‌دوێن؟) یه‌كێ‌ له‌نێوان خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ هاواری‎كرد، ووتی: (مامۆستا كوڕه‌كه‌م هێناوه‌ته‌ لات ڕۆحی پیسی تێدایه‌، لاڵیكردووه‌. كاتێ‌ ده‌یگرێ، ده‌یدا به‌زه‌ویداو كه‌ف له‌ده‌می دێت‎و ددانه‌ چركێی پێ‎ده‌كه‌وێت. داوام له‌قوتابیه‌كانت كرد ڕۆحه‌كه‌ ده‌ركه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی. عیسا له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌ی نه‌وه‌ی بێ‎باوه‌ڕ! تاكه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تاكه‌ی بارتان هه‌ڵگرم؟ ئا بیهێنن بۆ لام.) ئه‌وانیش كوڕه‌كه‌یان هێنایه‌ لای عیسا. هه‌ر كه‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ عیسای بینی، منداڵه‌كه‌ فێی لێ‎هات‎و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، كه‌ف له‌ده‌می هات‎و ده‌ستی‎كرد به‌گه‌وزین‎و خۆ خولانه‌وه‌. عیسا له‌باوكی كوڕه‌كه‌ی پرسی: (له‌كه‌یه‌وه‌ وای لێ‎دێت؟) ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ووتی: (له‌منداڵییه‌وه‌. زۆر جار ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ خستویه‌تیه‌ ناو ئاو و ئاگره‌وه‌ تابیكوژێ. گه‌ر بتوانی شتێكمان بۆ بكه‌یت، به‌زه‌ییت پێمان بێته‌وه‌و یارمه‌تیمان‎بده‌.) عیسا پێی ووت: ((گه‌ر بتوانی)؟ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕبهێنێ‌ هه‌موو شتێكی بۆ ده‌بێت.) ده‌ستبه‌جێ‌ باوكی منداڵه‌كه‌ هاواری كرد: (باوه‌ڕم هه‌یه‌، یارمه‌تی بێ‌باوه‌ڕیم بده‌.) عیسا كه‌ بینی خه‌ڵكه‌كه‌ لێیان كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی ووت: (ئه‌ی ڕۆحی كه‌ڕو لاڵ، فه‌رمانت پێ‎ده‌ده‌م بڕۆ ده‌ره‌وه‌ له‌و كوڕه‌و جارێكی كه‌ نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای!) دوایی ڕۆحه‌كه‌ هاواری‎كردو كوڕه‌كه‌ی به‌توندی خست‏و هاته‌ ده‌ره‌وه‌. كوڕه‌ وه‌ك مردووی لێ‎هات، كه‌سانێكی زۆر ووتیان: (مرد.) به‌ڵام كاتێ‌ عیسا ده‌ستی‎دایه‌ ده‌ستی‎و هه‌ڵی‎ساند، ئه‌ویش هه‌ستایه‌ سه‌رپێ. كاتێ‌ عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵ، قوتابیه‌كان به‌ته‌نها لێیان پرسی: (بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ئه‌و ڕۆحه‌ ده‌ركه‌ین؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌م جۆره‌ ڕۆحه‌ ده‌رناكرێ‌ به‌نوێژ نه‌بێت.)

دووه‌م باسی مردنی عیسا

دوای ئه‌مه‌ له‌وێ‌ ڕۆیشتن‎و به‌ناوچـه‌ی جه‌لیل تێ‎په‌ڕین، عیساش نه‌ی‎ده‌ویست كـه‌س پێی بزانێ، چونكه‌ خه‌ریكـی فێركـردنی قوتابیه‌كانی بوو، پێی‎ووتن: (ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، ده‌درێ‌ به‌ده‌ستی خه‌ڵكیه‌وه‌، ده‌كوژرێ، دوای كوشتنی به‌سێ‌ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌). به‌ڵام ئـه‌وان ئـه‌م قســه‌یه‌ تێ‎نـه‌گـه‌یـشتن‎و ترسـان لێی‎بپرسن.

كێ‌ مه‌زنترینه‌؟

ئینجا عیسا چوو بۆ شاری كه‌فه‌رناحوم. كاتێ‌ گه‌یشته‌ ماڵه‌وه‌، له‌قوتابیه‌كانی پرسی: (ئه‌وه‌ له‌ڕێگا باسی چیتان ده‌كرد؟) قـوتابیه‌كان هیچ وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ڕێگه‌ مشت‎ومڕی ئه‌وه‌یان بوو، كامیان مه‌زنتره‌. ئینجا عیسا دانیشت، هه‌ر دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی بانگ‎كرده‌ لای خۆی‎و پێی‎ووتن: (گه‌ر یه‌كێ‌ ویستی یه‌كه‌مین بێت. باخۆی بخاته‌ دوای هه‌مووانه‌وه‌و ببێته‌ خزمه‌تكار بۆ هه‌مووتان.) هه‌ر له‌وێدا منداڵێكی بانگ‎كرد، گرتیه‌ باوه‌شیه‌وه‌و له‌ناوه‌ڕاستیان ڕای‎گرت‎و پێی‎ووتن: (ئه‌وه‌ی به‌ناوی منه‌وه‌ پێشوازی له‌یه‌كێ‌ له‌م مناڵانه‌ بكات، ئه‌وا پێشوازی له‌من ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌من ده‌كات، ئه‌وا پێشوازی له‌من ناكات، به‌ڵكو له‌وه‌ی ناردوومی.)

ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵمانه‌

ئینجا یۆحه‌ننا ووتی: (مامۆستا، یه‌كێكمان بینی به‌ناوی تۆوه‌ ڕۆحی پیسی له‌خه‌ڵكی ده‌رده‌كرد، ڕێمان لێ‎گرت، چونكه‌ دوامان ناكه‌وێت.) عیسا ووتی: (ڕێی لێ‎مه‌گرن. كه‌سێ‌ نییه‌ به‌ناوی منه‌وه‌ كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر بكات‎و بتوانێ‌ به‌خراپه‌ باسم‎ بكات. جا ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی منه‌وه‌ جامێ‌ ئاوی پێدان، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم ئه‌و كه‌سه‌ پاداشتی وون نابێت.

كۆسپ دروست‏كردن

( ئه‌وه‌ی ببێته‌ كۆسپ بۆ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ی باوه‌ڕیان به‌من هه‌یه‌، ئه‌وا باشتره‌ بۆ ئه‌و به‌ردی ده‌ستار به‌ملیه‌وه‌ هه‌ڵواسرێ‎و فڕێ‌ بدرێته‌ ناو قوڵایی ده‌ریاوه‌. هه‌روه‌ها گه‌ر ده‌ستت تووشی گوناهی كردی، بی‎بڕه‌وه‌، باشتره‌ بڕۆیته‌ ناو ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌یه‌ك ده‌سته‌وه‌ له‌وه‌ی به‌هه‌ردوو ده‌ستته‌وه‌ بڕۆیت بۆ دۆزه‌خ، بۆ ناو ئاگرێ‌ كوژانه‌وه‌ی بۆ نییه‌. [چونكه‌ له‌وێ‌ كرمه‌كانیان مردنیان بۆ نییه‌و ئاگریان ناكوژێته‌وه‌.] هه‌روه‌ها گه‌ر قاچت تووشی گـوناهـی كردی، بی‎بڕه‌وه‌، باشتره‌ به‌یه‌ك قاچـه‌وه‌ بڕۆیته‌ ناو ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌هه‌ردوو قاچه‌وه‌ بڕۆیته‌ ناو دۆزه‌خه‌وه‌. بۆ ناو ئاگرێ‌ كوژانه‌وه‌ی بۆ نییه‌. [له‌وێ‌ كرمه‌كانیان مردنیان بۆ نییه‌و ئاگریان ناكوژێته‌وه‌.] هه‌روه‌ها گه‌ر چاوت تووشی گوناهی كردی ده‌ریبهێنه‌، باشتره‌ بڕۆیته‌ ناو پادشاهێتی خوداوه‌ به‌بێ‌ چاو له‌وه‌ی به‌دوو چاوه‌وه‌ بڕۆیته‌ ناو دۆزه‌خه‌وه‌. له‌وێ‌ كرمه‌كانیان مردنیان بۆ نییه‌و ئاگریان ناكوژێته‌وه‌. چـونكـه‌ هه‌موو به‌ئاگـر سوێر ده‌كرێن. خـوێ‌ باشـه‌، به‌ڵام گـه‌ر خوێ‌ سوێریه‌كه‌ی نه‌ما، چی سوێریه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌؟ با له‌ده‌رونتان گشت‎كات خوێ‌ هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئاشتی خوازبن به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.