Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 7

سه‌رپێچی‏كردنی ڕاسپارده‌ی خودا

هه‌ندێ‌ فه‌ریسی‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت كه‌ له‌قودسه‌وه‌ هاتبوون چوونه‌ لای عیسا. بینییان هه‌ندێ‌ له‌قوتابیه‌كانی بێ‎ده‌ست شوشتن نان ده‌خۆن واته‌ به‌ده‌ستی پیس. چونكه‌ فه‌ریسیه‌كان‎و جووله‌كه‌ هه‌موو نانیان نه‌ده‌خوارد بێ‎ئه‌وه‌ی به‌باشی ده‌ستیان نه‌شۆن، ئه‌مه‌ش وه‌ك خۆبه‌ستنه‌وه‌یه‌ك‎بوو به‌خووڕه‌وشتی پیرانیان. هه‌روه‌ها گه‌ر له‌بازاڕ بهاتنایه‌وه‌ نانیان نه‌ده‌خوارد تاخۆیان نه‌شۆردایه‌، خووڕه‌وشتی كه‌شیان هه‌بوو وه‌ریان گرتبوو، له‌سـه‌ری ده‌ڕۆیشتن، وه‌ك شـوشتنی كاسه‌و مه‌سینه‌و قاپ‎و قاچاغی مس. لێره‌ فه‌ریسیه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت لێیان پرسی: (باشه‌ بۆچی قوتابیه‌كانت له‌سه‌ر خووڕه‌وشتی پیران ناڕۆن‎و به‌ده‌ستی نه‌شۆراوه‌وه‌ نان ده‌خۆن؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌ ووتی: (ئه‌ی دووڕووه‌كان ئه‌شعیا باشی پێشبینی‎كردووه‌ ده‌رباره‌تان كاتێ‌ ووتویه‌تی: [[ڕێزی ئه‌م گه‌له‌ بۆ من هه‌ر بـه‌ده‌مـه‌، به‌ڵام دڵیان له‌منه‌وه‌ دووره‌. به‌ خۆڕایی ده‌مپه‌رستن، ئه‌وان شتێ‌ فێری خه‌ڵكی ده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكیه‌.]] ئێوه‌ ڕاسپارده‌كانی خوداتان پشت‎گوێ‌ خستووه‌و خۆتان به‌ستۆته‌وه‌ به‌خووڕه‌وشتی مرۆڤه‌وه‌.) دیسان پێی‎ووتن: (له‌ڕاستیدا ئێوه‌ باش ده‌زانن چۆن ڕاسپارده‌كانی خودا ڕه‌ت‏بكه‌نه‌وه‌ تا پارێزگاری له‌خووڕه‌وشتی مرۆڤ بكه‌ن. چونكه‌ موسا ووتویه‌تی: [[ڕێزی دایك‎و باوكت بگره‌، ئه‌وه‌ی دایك‎و باوكی ڕیسوا بكات، بامردن سزای بێت.]] به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: (گه‌ر یه‌كێ‌ به‌دایك‎و باوكی بڵێت ئه‌وه‌ی له‌منه‌وه‌ ده‌ستتان ده‌كه‌وێ‌ ده‌یكه‌مه‌ قوربانی. ئیتر ئێوه‌ داوای لێ‌ناكه‌ن خزمه‌تی دایك‎و باوكی بكات. ئابه‌م شێوه‌یه‌، به‌و داب‏و نه‌ریتانه‌ی وه‌رتان گرتووه‌، ووشه‌ی خودا له‌كار ده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها زۆر شتی كه‌ش له‌م بابه‌ته‌ كه‌ ده‌یكه‌ن.)

ئه‌وه‌ی مرۆڤ گڵاو ده‌كات

ئینجا جارێكی‎كه‌ هه‌موویانی بانگ‎كردو پێی‎ووتن: (هه‌موو گوێم بۆ ڕاگرن‎و تێ‎بگه‌ن. شت نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی‎و گڵاوی‎ بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێ، ئه‌وه‌یه‌ گڵاوی‎ ده‌كات. [ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با گوێ‌ بگرێ.] كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو ڕۆیشتن عیسا هاته‌ ماڵه‌وه‌، قوتابیه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و نموونه‌یه‌ پرسیاریان لێ‌كرد. پێی‎ووتن: (ئایا ئێوه‌ش تێ‎ناگه‌ن؟ نازانن ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ ناویه‌وه‌ ناتوانێ‌ گڵاوی بكات؟ چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو دێته‌ ناو سكیه‌وه‌ ئه‌وسا له‌له‌شی دێته‌ ده‌ره‌وه‌.) به‌مه‌ش ڕایگه‌یاند هه‌موو خواردنێك پاكه‌. ئینجا ووتی: (ئه‌وه‌ی له‌مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێ، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ له‌ناوه‌وه‌و دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ دێته‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ك: به‌ڕه‌ڵڵایی، دزی، كوشتن، داوێن پیسی، چاوچنۆكی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌دڕه‌وشتی، چاوپیسی، كفر، لووت‎به‌رزی‎و گێلی، ئه‌م شتانه‌ هه‌موو له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‎و مرۆڤ گڵاو ‎ده‌كات.)

باوه‌ڕی ژنێكی كه‌نعانی

دوای ئه‌مه‌ عیسا ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌جێ‎هێشت‎و چوو بۆ هه‌رێمی سورو سه‌یدا. چووه‌ ماڵێك نه‌یویست ئاشكرابێت، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌شاره‌وه‌یی بمێنێته‌وه‌. ئینجا ژنێك كچه‌كه‌ی ڕۆحی پیسی تیابوو، كاتێ‌ زانی ئه‌و له‌وێیه‌ هات‎و كه‌وته‌ به‌رپێی. ژنه‌كه‌ش یۆنانی بوو، خه‌ڵكی فینیقیه‌ی سوریا بوو، لێی‎پاڕایه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆحه‌ پیسه‌ له‌كچه‌كه‌ی ده‌ربكات.

به‌ڵام عیسا پێی‎ووت: (جارێ‌ بامنداڵه‌كان تێربن، چونكه‌ دروست نییه‌ نان له‌مان بسه‌نرێت‎و فرێ‎بدرێ‌ بۆ سه‌گ.) ژنه‌كه‌ش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ڕاسته‌ گه‌وره‌م! به‌ڵام سه‌گیش له‌ژێر مێزدا له‌به‌رماوه‌ی منداڵه‌كان ده‌خوات.)

ئینجا عیسا پێی‎ووت: (ئا له‌به‌ر ئه‌م قسه‌یه‌، بڕۆ وا ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌كچه‌كه‌ت ده‌رچوو.)

كاتێ‌ ژنه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، كچه‌كه‌ی بینی له‌سه‌ر جێگاكه‌یو ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی لێ‌ ده‌رچوو بوو.

چاكبوونه‌وه‌یكه‌ڕو لاڵێك

دوای ئه‌مه‌ عیسا ناوچه‌ی سوری به‌جێ‎هێشت‎و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل، به‌شاری سه‌یداو سنووری ده‌ شاره‌كه‌ تێ‎په‌ڕی. یه‌كێكی كه‌ڕو لاڵیان بۆ هێنا، لێی‎پارانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانێ. عیسا هێنایه‌ ئه‌م‎ لاوه‌ تۆزێ‌ دوور له‌خه‌ڵكه‌كه‌، سه‌ری په‌نجه‌ی خسته‌ ناو گوێی كابراوه‌، تفی‎كردو زمانیگرت. ڕووی‎ خۆی كرده‌ ئاسمان‎و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو به‌كابراكه‌ی ووت: (ئیفه‌سا!) واته‌ بكرێوه‌. ده‌ست‎به‌جێ‌ گوێ‌‎و گرێی زمانی كرانه‌وه‌، به‌ڕێك‎و ڕه‌وانی ده‌ستی‎كرد به‌قسه‌ كردن، ئینجا ڕای‎سپاردن به‌كه‌س نه‌ڵێن به‌ڵام چه‌ند ڕای‎ده‌سپاردن ئه‌وان زیاتر هه‌واڵیان بڵاوده‌كرده‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ زۆر سه‌رسام بوون به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یان ووت: (هه‌موو كرده‌وه‌كانی به‌باشی ئه‌نجامدا! ته‌نانه‌ت وا ده‌كات كه‌ڕ ببیسێت‎و لاڵ قسه‌ بكات.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.