Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 1

ده‌ركه‌وتنی حه‌زره‌تی یه‌حیا

ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای مزگێنی عیسای مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودایه‌: به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌په‌رتووكی ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌: [[ئا ئه‌وه‌تا من نێرراوی خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات. ده‌نگێك له‌ده‌شت‎وده‌ر بانگه‌واز ده‌كات، ڕێگا بۆ خوداوه‌ند ئاماده‌بكه‌ن، ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن.]] ئه‌وه‌بوو یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێش له‌ده‌شت ده‌ركه‌وت، له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردنی ڕاگه‌یاند بۆ گوناه‌ به‌خشین. دانیشتوانی ووڵاتی یه‌هودیاو قودس، هه‌موو هاتنه‌ لای یه‌حیا، تا له‌ڕووباری ئوردون له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ئاوهه‌ڵكێشرێن‎و دان به‌گوناهه‌كانیان بنێن. جل‎و به‌رگی یه‌حیا بریتی‎بوو له‌مووی ووشتر، ناوقه‌دی به‌پارچه‌ چه‌رمێك به‌سترا بوو، خواردنیشی بریتی بوو له‌هه‌نگوینی كێوی‎و كولله‌. ئه‌مه‌ش ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌و بوو: (له‌دوای من یه‌كێك دێت زۆر له‌من به‌تواناتره‌، یه‌كێكه‌ ته‌نانه‌ت شایانی ئـه‌وه‌نیم قه‌یتانی پێڵاوه‌كانیشی بكه‌مه‌وه‌. من له‌ئاو هه‌ڵتان ده‌كێشم، به‌ڵام ئه‌و له‌ڕۆحی پیرۆز هه‌ڵتان ده‌كێشێت.)

له‌ئاوهه‌ڵكێشانی عیسا

له‌و ڕۆژانه‌دا، له‌شاری ناسیره‌ی ناوچه‌ی جه‌لیل عیسا هات، له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ڕووباری ئوردن له‌ئاوهه‌ڵكێشرا. كاتێ‌ له‌ئاوه‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌، بینی ئاسمان كرایه‌وه‌، ڕۆحی پیرۆز له‌شێوه‌ی كۆترێك له‌سه‌ری نیشته‌وه‌و ده‌نگێك له‌ئاسمانه‌وه‌ ووتی: (تۆی ڕۆڵـــه‌ی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم.)

دوای ئه‌مه‌ عیسا له‌لایه‌ن ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ برایه‌ ده‌شت‎وده‌ر. چل ڕۆژ له‌وێدا له‌ناو مارو مێروودا مایه‌وه‌، شه‌یتان هه‌ر له‌گه‌ڵی خه‌ریك بوو تاكو تاقی بكاته‌وه‌، فریشته‌ی ئاسمانیش له‌و كاته‌دا خزمه‌تیان ده‌كرد.

عیسا قوتابیه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێ‌

دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا گیرا، عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی جه‌لیل، مزگێنی خودای ڕاده‌گه‌یاندو ده‌یووت: (كاته‌كه‌ هاتووه‌و پادشاهێتی خودا نزیـك‎بـووه‌ته‌وه‌، تـۆبـه‌بكـه‌ن‎و باوه‌ڕبهێنن به‌م مزگێنییه‌.)

له‌كاتێكدا عیسا له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریای جه‌لیل ده‌ڕۆیشت شه‌معون‎و ئه‌ندراوسی برای بینی، خه‌ریكی ئه‌وه‌بوون تۆڕی ماسی فڕێ‌ بده‌نه‌ ده‌ریاچه‌كه‌وه‌، هه‌ردووكیان ماسیگر بوون. عیسا پێی ووتن: (وه‌رن دوام‎ بكه‌ون، ده‌تانكه‌م به‌ڕاوكه‌ری مرۆڤ.) ئه‌وانیش ده‌ستبه‌جێ‌ تۆڕه‌كانیان به‌جێ‌هێشت‎و دوایكه‌وتن. ئینجا هه‌ندێك له‌وێ‌ دووركه‌وته‌وه‌، یاقوبی كوڕی زه‌بدیو یۆحــه‌ننای برای بینی، لـه‌به‌له‌مێكدا خـه‌ریكی چاك‎كردنی تۆڕه‌كانیان بوون. یه‌كسه‌ر بانگی كردن تا دوای كه‌ون، ئه‌وانیش زه‌بدی باوكیان له‌گه‌ڵ ئیشكه‌ره‌كانیتر له‌به‌له‌مه‌كه‌دا به‌جێ‎هێشت‏و دوایكه‌وتن.

ده‌ركردنی ڕۆحی پیس

ئینجا هه‌موو ڕۆیشتن بۆ شاری كه‌فه‌رناحوم. له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا عیسا چووه‌ كه‌نیشت‏و ده‌ستیكرد به‌فێركردن. ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ بوون هه‌موو سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ك ده‌سـه‌ڵاتـدارێك فــێری ده‌كــردن، نه‌ك وه‌كو مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت. له‌كه‌نیشته‌كه‌ پیاوێكی لێ‎بوو ڕۆحی پیسی تیابوو، هاواری كردو ووتی: (ئه‌ی عیسای ناسیری چیت ده‌وێ‌ لێمان؟ هاتووی بمانكوژیت؟ من ده‌زانم تۆ كێیت. تۆ پیرۆزی خودای!) عیسا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ‌كردو ووتی: (بێ‎ده‌نگ‏به‌و له‌و كابرایه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ئینجا ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ كابراكه‌ی كوتا به‌زه‌ویداو هاوارێكی به‌رزی‎كردو لێی هاته‌ده‌ره‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو سه‌ریان سوڕماو كه‌وتنه‌ پرسیار له‌یه‌كتری: ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئه‌م فێركردنه‌ تازه‌یه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ڕۆحه‌ پیسه‌كانیش ملكه‌چن بۆی كاتێ‌ فه‌رمانیان به‌سه‌ر ده‌دات). ده‌ستبه‌جێ‌ ناوبانگی عیسا، له‌هه‌موو ناوچه‌ی جه‌لیل‏و ده‌وروپشتی بڵاوبووه‌وه‌.

چاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر

كاتێ‌ كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێ‌هێشت، چوون بۆ ماڵی شه‌معون، ئه‌ندراوس‎و یاقوب‎و یۆحه‌نناشیان له‌گه‌ڵدا بوو. خه‌سووی شه‌معون له‌ناو جێ‌ كه‌وتبوو له‌رزوتای هه‌بوو، خێرا ئه‌مه‌یان به‌عیسا ووت. عیساش لێی‎نزیك بووه‌وه‌، ده‌ستی گرت‎و هه‌ڵیسانده‌وه‌ سه‌رپێ. ده‌ستبه‌جێ‌ له‌رزوتاكه‌ی نه‌ماو هه‌ستا بۆ خزمه‌تكردنیان. كاتێ‌ ئێواره‌ داهات‏و ڕۆژئاوا بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ چی نه‌خۆشیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕۆحی پیسیان تێدابوو، هه‌موویان هێنایه‌ لای. خه‌ڵكی شاره‌كه‌ هه‌موو به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان لێ‎گرتبوو، خه‌ڵكێكی زۆری چاك‎كرده‌وه‌ له‌جۆره‌ها نه‌خۆشی، هه‌روه‌ها ڕۆحی پیسی له‌زۆریان ده‌ركرد، بێ‎ئه‌وه‌ی بهێڵێ‌ قسه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ده‌یانزانی كێیه‌.

مزگێنیدان له‌ناوچه‌ی جه‌لیل

بۆ ڕۆژی دوایی، به‌ره‌به‌یان پێش ده‌ركه‌وتنی ئاسۆ هه‌ستاو چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی‎و ده‌ستی‎كرد به‌نوێژكردن. شــه‌مـعـون‏و هـاوڕێكـانی به‌شوێن عیسادا گـه‌ڕان، كـه‌ دۆزییـانـه‌وه‌ پێیان ووت: (هه‌مـوو خه‌ڵـكـه‌كـه‌ داوات ده‌كه‌ن.) ئه‌ویش پێی ووتن: (وه‌رن بـابـڕۆین بۆ ئــه‌م دێیانــه‌ی ده‌وروپشـت، تا لـه‌وێش ووشـه‌ی خـودا ڕابگه‌ێنم، چونكه‌ لـه‌به‌ر ئه‌مــه‌ هــاتـووم.) ئینجا ڕۆیشــت تاوه‌كو له‌كه‌نیشته‌كانی ناوچه‌ی جه‌لیل ووشه‌ی خودا ڕابگه‌ێنێ‌و ڕۆحی پیس لــه‌خـه‌ڵـكی ده‌ربكــات.

پاكبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی گولـی

یه‌كێك نه‌خۆشی گولی هه‌بوو، هات‎و لێی پاڕایه‌وه‌، كه‌وته‌ سه‌رچۆك له‌به‌رده‌میه‌و ووتی: (گه‌ر بته‌وێ‌ پاكم ده‌كه‌یته‌وه‌) عیسا به‌زه‌یی پیاهاته‌وه‌، ده‌ستی لێیداو ووتی: (ده‌مه‌وێ، پاك‎به‌ره‌وه‌.) هه‌ر كه‌ ئه‌مه‌ی ووت، كابرا برینه‌كانی نه‌ماو پاك بووه‌وه‌. عیسا ده‌ستبه‌جێ‌ ڕه‌وانه‌یكـردو به‌توندی ئاگاداریكرده‌وه‌و ووتی: (ئاگاداربه‌، ئه‌مه‌ به‌كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت نیشانی كاهین بده‌، ئه‌و قوربانییه‌ پێشكـه‌ش بكـه‌ كه‌ موسا فه‌رمانی پێ‎داوه‌، بۆ پاكبوونه‌وه‌كه‌ت، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.) به‌ڵام كـابرا، ڕۆیشت‎و ئه‌م هه‌واڵه‌ی له‌هه‌موو لایه‌ك بڵاوكرده‌وه‌، ئیتر عیسا له‌وناوه‌ نه‌یتوانی به‌ئاشكرا بچێته‌ شاره‌كان، له‌شوێنی چۆڵه‌وانی ده‌مایه‌وه‌و خه‌ڵكی له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.