Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 8

نموونه‌ی جوتیار

دوای ئه‌مه‌ ده‌ستی‏كرد به‌ گه‌ڕان به‌‏هه‌موو شار‏و دێهاته‌كان، بۆ ئامۆژگاری‏كردن‏و مزگێنی‏دان له‌باره‌ی پادشاهێتی خوداوه‌. دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌شی له‌گه‌ڵدا‏بوو. هه‌روه‌ها چه‌ند ئافره‌تێكی له‌گه‌ڵ بوو كه‌ له‌نه‌خۆشیو ڕۆحه‌ پیسه‌كان ڕزگاریان بووبوو، ئه‌وانه‌ش ئه‌مانه‌ بوون، مریه‌م كه‌‏ناوده‌برا به‌‏مه‌جده‌لـی، حه‌وت ڕۆحی شـه‌یتانی لــێ‌ ده‌ركرد‏بوو، یۆنا ژنی خوزی جێگری هێرۆدس، له‌گه‌ڵ سـۆسـه‌ن‏و زۆری تریش كه‌ به‌‏ماڵ‏و سامانیان یارمه‌تیان‏ده‌دا.

كاتێ‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌‏ده‌وروپشتی عیسا كۆبوونه‌وه‌، له‌وانه‌ی له‌‏ناوچه‌كانه‌وه‌ هاتبوون بۆ لای به‌‏نموونه‌ قسه‌ی بۆ كردن‏و ووتی: (جوتیار هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ تۆوكردن، له‌‏كاتی چاندندا هه‌ندێ‌ له‌تۆوه‌كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر ڕێگا باریكه‌كانی ناوكێڵگه‌كه‌، پێ‌شێل بوون‏و باڵنده‌ی ئاسمان خواردنی. هه‌ندێكیشیان كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی به‌رده‌ڵان، كاتێ‌ سه‌ریان ده‌ركرد، ووشك بوون چونكه‌ ئاویان نه‌بوو. هه‌ندێكی كه‌شیان كه‌وتنه‌ ناو دڕكه‌وه‌ دڕكه‌كان له‌گه‌ڵیان نه‌شونمایان كردو خنكاندیانن. هه‌ندێ‌ له‌‏تۆوه‌كه‌ش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی چاك، كاتێ‌ ڕووا، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان به‌رووبوومیان دا.) ئه‌مانه‌ی ووت‏و هاواری‏كرد: (ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ گوێگرتن، باگوێ‌ بگرێت.(

ڕوونكردنه‌وه‌ی ‏نموونه‌ی جوتیاره‌كه‌

قوتابیه‌كانی لێیان پرسی: (مامۆستا مه‌به‌ست له‌م نموونه‌یه‌ چییه‌؟) ئه‌ویش ووتی: (ئێوه‌ پێتان دراوه‌ نهێنی پادشاهێتی خودا بزانن، به‌ڵام ئه‌وانی تر، به‌‏نموونه‌ بۆیان ده‌دوێم، چونكه‌ ئه‌وان سه‌یرده‌كه‌ن به‌ڵام نابینن، گوێ‌ ده‌گرن به‌ڵام تێ‌‏ناگه‌ن. ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی نموونه‌كه‌یه‌: تۆوه‌كه‌ ووشه‌ی خودایه‌. ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا باریكه‌كان، ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێ‌ له‌ ووشه‌ی خودا ده‌گرن، ئینجا شه‌یتان دێت‏و ووشه‌كه‌ له‌دڵیان ده‌رده‌هێنێت، نه‌وه‌ك باوه‌ڕبهێنن‏و ڕزگاریان بێت. ئه‌وه‌ش كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌ بـه‌رده‌ڵانه‌كه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ ووشه‌ی خودا به‌‏خۆشییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ ڕه‌گیان نییه‌، باوه‌ڕده‌هێنن تا ماوه‌یه‌ك، كاتێ‌ ده‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌، هه‌ڵ‏ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌وتنه‌ جێ‌ دڕكاویه‌كه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێیان له‌‏ووشه‌ی خودا ده‌بێت‏و ده‌ڕۆن، ئینجا ده‌رده‌سه‌ری ژیان‏و هه‌وڵی به‌رزبوونه‌وه‌‏و خۆشی ژیان ده‌یان خنكێنێ‌و هیچ به‌رووبوومێكی چاك ده‌رناكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر زه‌ویه‌ چاكه‌كه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ ووشه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ دڵی چاك‏و باشیانه‌وه‌و له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، كۆشش ده‌كه‌ن تابه‌رووبووم ده‌ده‌ن.)

چرا وه‌ك نموونه‌یه‌ك

(خه‌ڵكی چرا هه‌ڵناكاو به‌‏ته‌شت دایپۆشێ‌، یان بیخاته‌ ژێر نوێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك دای‏ده‌نێ‌، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن. چونكه‌ هیچ شاراوه‌یه‌ك نییه‌ ئاشكرا نه‌بێ‌، هه‌روه‌ها هیچ نهێنییه‌ك نییه‌ نه‌زانرێ‌و نه‌ووترێ‌. كه‌واته‌ بزانن چۆن گوێ‌ ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ‏هه‌یه‌تی زیاتری پێ‌ ده‌درێ‌، ئه‌وه‌ش كه‌ نیه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش كه‌ به‌هی خۆی ده‌زانێ‌ لێی‏ده‌سه‌نرێته‌وه‌.(

ئینجا دایك‏و براكانی عیسا هاتن بۆ لای، به‌ڵام له‌به‌ر زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ لای. پێیان ووت: (دایكت‏و براكانت له‌‏ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ‌ بتبینن.) وه‌ڵامی دانه‌وه‌، ووتی: (دایك و برام ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێ‌ له‌‏ووشه‌ی خودا ده‌گرن‏و كاری پێ‌ده‌كه‌ن.(

عیسا ڕه‌شه‌با هێمن ده‌كات

ڕوژێ‌ له‌ڕۆژان عیساو قوتابیه‌كانی سواری به‌له‌مێك بوون، پێی ووتن: (با بپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌.) ئه‌وانیش ده‌ستیان كرد به‌‏جوڵان بۆ ئه‌وبه‌ر. له‌‏كاتێكدا به‌ناو ئاوه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشتن، عیسا نووست. له‌پرَ ڕه‌شه‌بایه‌كِ هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌، به‌له‌مه‌كه‌ پڕ‏بوو له‌ئاو، كه‌وتنه‌ بارێكی ترسناكه‌وه‌. چوونه‌ لای عیساو خه‌به‌ریان كرده‌وه‌و ووتیان: (گه‌وره‌م، گه‌وره‌م، وا ئێمه‌ تیا ده‌چین!) ئه‌ویش هه‌ستاو سه‌رزه‌نشتی شه‌پۆڵه‌كانی كرد، ده‌ست‏به‌جێ‌ هه‌موو شتێ‌ ئارام بووه‌وه‌و بێ‌ده‌نگ بوو. ئینجا پێی ووتن: (كوا باوه‌ڕتان؟) ئه‌وانیش زۆر سه‌رسام بوون‏و ترسان، یه‌ك به‌‏یه‌كیان ووت: (ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت به‌ڕه‌شه‌باو شه‌پۆڵه‌كان فه‌رمان ده‌داو گوێڕایه‌ڵن بۆی؟(

ده‌ركردنی ڕۆحی پیس

ئینجا گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی جه‌راسین، كه‌ كه‌وتۆته‌ به‌رامبه‌ر جه‌لیل. كاتێ‌ عیسا دابه‌زیه‌ سه‌ر ووشكانی، پیاوێكی ئه‌و شاره‌ی بینی، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ڕۆحی پیسی تێدا بوو، جلی له‌به‌ر نه‌ده‌كردو له‌خانوو نه‌ده‌ژیا، ژیانی له‌‏ناو گۆڕستان به‌سه‌رده‌برد. كاتێ‌ عیسای بینی، هاواری كردو له‌به‌رده‌می كه‌وت، به‌ده‌نگی به‌رز ووتی: (چیت له‌‏من ده‌وێ‌ ئه‌ی عیسای ڕۆڵه‌ی خودای گه‌وره‌؟ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئازارم مه‌ده‌.) چونكه‌ عیسا فه‌رمانی به‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ دابوو، تاكو له‌‏پیاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر‏بوو ده‌ستی به‌سه‌رداگرتبوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌‏زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌‏و ڕاده‌گیرا، به‌ڵام زنجیری ده‌پچڕیو له‌لایه‌ن ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌وه‌ ده‌برایه‌ چۆڵه‌وانی. عیسا لێی پرسی: (ناوت چییه‌؟) ووتی (لیجیۆن.) چونكه‌ له‌شكرێكی شه‌یتانی تێ‌چوو بوو، ئینجا ڕۆحه‌ پیسه‌كان له‌ عیسا پاڕانه‌وه‌ كه‌ ده‌ریان نه‌كاو نه‌یان نێرێت بۆ بیری بێ‌بن. له‌وناوه‌دا ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ ده‌له‌وه‌ڕان له‌قه‌راغی شاخێكدا، ڕۆحه‌ پیسه‌كان لێی‏پاڕانه‌وه‌ كه‌‏ڕێیان بدات بچنه‌ ناو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ئه‌ویش ڕێیدان. ڕۆحه‌ پیسه‌كان له‌ پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و چوونه‌ ناو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ئینجا ڕانه‌ به‌رازه‌كه‌ كه‌وتنه‌ ڕاكه‌ ڕاكه‌و له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ هه‌ڵدێران بۆ ناو ده‌ریاچه‌كه‌و خنكان. كاتێ‌ شوانه‌كان ئه‌م ڕووداوه‌یان بینی، ڕایان كرد بۆ شارو بۆ كێڵگه‌كان تا ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی ڕووی داوه‌ بیبینن، هاتن بۆ لای عیسا، ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆحه‌ پیسه‌كانی تیابوو بینییان له‌به‌ر پێی عیسادا دانیشتووه‌ به‌ پۆشته‌ییو به‌هێمنییه‌وه‌ گوێیگرتووه‌، دوای ئه‌مه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ترسیان لـێ‌‏نیشت.

ئه‌وانه‌ی ڕووداوه‌كه‌یان بینیبوو، بۆ خه‌ڵكه‌كــه‌یان گێڕایه‌وه‌، چی ڕوویداوه‌‏و چۆن ئه‌و كابرایه‌ چاك بووه‌ته‌وه‌. ئینجا دانیشتوانی هه‌رێمی جه‌راسین به‌‏گشتی، داوایان له‌ عیسا كرد، وازیان لـێ‌بهێنێت‏و بڕوات‏، چـونكه‌ ترسـێكی زۆریان لـێ‌‏نیشتبوو، ئه‌ویش سواری به‌له‌مێك بوو تاكو بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ری ئه‌وبه‌ر. پیاوه‌كه‌ی ڕۆحه‌ پیسه‌كانی لـێ‌ده‌ركرا بوو، له‌‏عیسا پاڕایه‌وه‌ ڕێیبدات له‌گه‌ڵی بڕوات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وانه‌ی‏كردو ووتی: (بگه‌ڕێوه‌ بۆ ماڵه‌وه‌‏و ئه‌وه‌ی خودا ‏بۆی كردی، بیگێره‌وه‌و باسیبكه‌.) ئه‌ویش به‌هه‌موو شاره‌كه‌دا گه‌ڕاو ئه‌وه‌ی عیسا بۆی‏كرد‏بوو، ده‌یگێڕایه‌وه‌.

دوو كاری سه‌رسووڕهێنه‌ر

كاتێ‌ عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ری ئه‌وبه‌ر، هه‌موو پێشوازییان لێ‌‏كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موویان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. پیاوێك ناوی یایرۆس بوو، سه‌رۆكی كه‌نیشت‏بوو، هات‏و له‌به‌رپێی عیسادا كه‌وت‏و لێی پاڕایه‌وه‌ تا له‌گه‌ڵی بڕوات بۆ ماڵه‌كه‌ی، چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌‏ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵ بوو له‌‏سه‌ره‌مه‌رگدا‏بوو. كاتێ‌ عیسا ده‌ڕۆیشت بۆ ئه‌وێ‌ هه‌موو كۆمه‌ڵیان لـێ‌دابوو. له‌وێدا ژنێك هه‌بوو، ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵ بوو خوێن لێ‏چوونی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی ‏هه‌یبوو دابووی به‌‏پزیشك، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌س چاك نه‌بووبووه‌وه‌. چووه‌ پێشه‌وه‌ له‌‏عیساو له‌‏دواوه‌ ده‌ستی دا له‌چمكی كراسه‌كه‌ی، ده‌ست‏به‌جێ‌ خوێن لێ‏چوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا. عیسا ووتی: (كێ‌ بوو ده‌ستی لـێ‌دام؟) كاتێ‌ هه‌موو نكۆڵیان كرد، په‌ترۆس ووتی: (‏گه‌وره‌م هه‌موو له‌ده‌وروپشتتن‏و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، كه‌چی تۆ ده‌پرسی كێ‌ ده‌ستی لـێ‌دام؟) عیسا ووتی: (یه‌كێ‌ به‌‏مه‌به‌سته‌وه‌ ده‌ستی لێ‌دام، چونكه‌ هه‌ستم به‌ هێزێك كرد لێم چووه‌ ده‌ره‌وه‌.) كاتێ‌ ژنه‌كه‌ زانی كاره‌كه‌ی ناشاردرێته‌وه‌، به‌‏له‌رزه‌وه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، چۆكی داداو له‌به‌رچاوی هه‌مووان پێی ووت، بۆچی‏و له‌به‌رچی ده‌ستی لێوه‌ داوه‌و چۆن ده‌ست‏به‌جێ‌ چاك بووه‌ته‌وه‌، ئینجا عیسا به‌ژنه‌كه‌ی ووت: (خوشكه‌ باوه‌ڕت بوو چاكی‏كردیته‌وه‌، بڕۆ به‌‏دڵنیایی.) كاتێ‌ عیسا قسه‌ی ده‌كرد یه‌كێ‌ له‌‏ماڵی سه‌رۆكی كه‌نیشته‌وه‌ هات، به‌ سه‌رۆكی كه‌نیشته‌كه‌ی ووت: (كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ئه‌رك مه‌خه‌ره‌ به‌ر مامۆستا.) ‏عیسا كه‌ ئه‌مه‌ی بیست، قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردو ووتی: (مه‌ترسه‌ ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێ‌، كچه‌كه‌ت چاك ده‌بێته‌وه‌.) كاتێ‌ عیسا گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌ نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بێته‌ ژووره‌وه‌ ته‌نها په‌ترۆس‏و یۆحه‌نناو یاقوب‏و بـاوك‏و دایـكی كچه‌كه‌ نه‌بێت. خـه‌ڵكـه‌كه‌ ده‌گریان‏و شین‏و شه‌پۆڕیان بۆ ده‌كرد، ئه‌ویش ووتی: (مه‌گرین ئه‌و نه‌مـردووه‌‏، بـه‌ڵكو نـووسـتـوه‌.) خه‌ڵكه‌كه‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانـزانی ‏مردووه‌. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگیكردو ووتی (ئه‌ی كیژۆڵه‌، هه‌سته‌!) ئیتر ڕۆحی هاته‌وه‌ به‌ر‏و ده‌ست‏به‌جێ‌ هه‌ستا، ئه‌وسـا فه‌رمانیدا نانی بۆ بـیـَنن. باوك‏و دایـكه‌كه‌ زۆر سـه‌ریان‏سـوڕما، به‌ڵام عیسا ڕای‏سپاردن، ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ جارێ‌ به‌‏كه‌سـی نـه‌ڵیـَن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.