Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 7

چا‏كردنه‌وه‌ی خزمه‌تكاری سه‌رپه‌لێك

دوای ئه‌وه‌ی عیسا هه‌موو ووته‌كانی دا به‌گوێی خه‌ڵكه‌كه‌داو ته‌واوی كرد، چووه‌ شاری كه‌فه‌رناحوم. كابرایه‌كی سه‌رپه‌ل خزمه‌تكارێكی نه‌خۆشی هه‌بوو له‌سه‌ره‌ مه‌رگدا بوو، لای خۆشه‌ویست بوو. كاتێ‌ به‌‏هه‌واڵی عیسای زانی، چه‌ند پیرێكی جووله‌كه‌ی نارده‌ لای بپاڕێنه‌وه‌ لێی تا‏بێت‏و خزمه‌تكاره‌كه‌ی چاك بكاته‌وه‌. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ لای عیسا به‌گه‌رمی داوایان لـێ‌‏كردو ووتیان: (ئه‌و پیاوه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ داواكارییه‌كه‌ی جێ‌‏به‌‏جێ‌ بكه‌یت، ئه‌و گه‌لی ئێمه‌ی خۆش ده‌وێت‏و كه‌نیشتیشی بۆ دروست‎كردووین.) عیسا له‌گه‌ڵیان چوو. هێشتا نه‌گه‌یشتبووه‌ نزیك ماڵه‌كه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ هه‌ندێ‌ هاوڕێی خۆی نارد كه‌ پێی بڵێن: (گه‌وره‌م ئه‌رك مه‌كێشه‌، من شایانی ئه‌وه‌‏نیم، تۆ خۆت بێیته‌ ماڵه‌كه‌م، هه‌روه‌ها شایانی ئه‌وه‌ نیم ڕوو‏به‌‏ڕووت بمه‌وه‌. هه‌ر له‌وێوه‌ ووشه‌یه‌ك بڵێ‌، ئیشكه‌ره‌كه‌م چاك‏ده‌بێته‌وه‌. منیش مرۆڤێكم له‌ژێر فه‌رمانی له‌‏خۆم گه‌وره‌تر، هه‌روه‌ها سه‌ربازیشم هه‌یه‌ له‌ژێر فه‌رمانمدان، به‌یه‌كێ‌ ده‌ڵێم، بڕۆ‏، ده‌ڕوا، به‌وی تر ده‌ڵێم، وه‌ره‌، دێت، به‌‏ئیشكه‌ره‌كه‌م ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ بكه‌، ده‌یكات.) كاتێ‌ عیسا گوێی له‌مه‌‏بوو، سه‌رسام بوو، ئینجا ڕووی‏كرده‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون، ووتی: (پێتان ده‌ڵێم، له‌‏هه‌موو ئیسرائیلدا باوه‌ڕێكی مه‌زنی وه‌ك ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌)‏ كاتێ‌ ئه‌وانه‌ی نیررابوون گه‌ڕانه‌وه‌، بینیان نه‌خۆشه‌كه‌ چاك بووه‌ته‌وه‌.

زیندووكرد‏نه‌وه‌ی مردوو

بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا ڕۆیشت بۆ شارێك ناوی نایین بوو زۆربه‌ی قوتابیه‌كانیو خه‌ڵكێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ‌ له‌ده‌روازه‌ی شار نزیك بووه‌وه‌، ته‌رمێكی بینی به‌سه‌ر شانه‌وه‌، ئه‌ویش كوڕی تاقانه‌ی بێوه‌ژنێك بوو، خه‌ڵكێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ‌ خوداوه‌ند ژنه‌كه‌ی بینی، به‌زه‌یی پیاهاته‌وه‌، پێی ووت: (مه‌گری.) ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌‏و ده‌ستی له‌دارمه‌یته‌كه‌دا، هه‌ڵگرانی ته‌رمه‌كه‌ ڕاوه‌ستان. ووتی: (ئه‌ی كوڕی گه‌نج، به‌‏تۆ ده‌ڵێم، هه‌سته‌.) مردووه‌كه‌ ڕاست بووه‌وه‌و ده‌ستی كرد به‌‏قسه‌كردن، ئیتر عیسا دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی. خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو ترسیان لــێ‌‏نیشـت، ئینجا ستایشی خودایان‏كرد‏و ووتیان: (له‌‏ناوماندا پێغه‌مبه‌رێكی مه‌زن ده‌ركه‌وتووه‌، خودا گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌!) ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌‏هه‌موو ناوچه‌ی یه‌هودیاو ده‌وروپشتی بڵاوبووه‌وه‌.

عیسا‏و حه‌زره‌تی یه‌حیا

قوتابیه‌كانی یه‌حیا هه‌موو ئه‌م هه‌واڵانه‌یان بۆ یه‌حیا برد. ‏یه‌حیاش دووان له‌ قوتابیه‌كانی بانگ‏كرد‏و ناردنی بۆ لای خوداوه‌ند، تا لێی بپرسن: (ئایا تۆی ئه‌وه‌ی كه‌ دێت، یاخود چاوه‌ڕێی یه‌كێكیتر بكه‌ین؟) كاتێ‌ دوو قوتابیه‌كه‌ هاتنه‌ لای عیسا، ووتیان: (یه‌حیای له‌‏ئاوهه‌ڵكێش ئێمه‌ی ناردۆته‌ لات، ده‌پرسێ‌، تۆی ئه‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕێی هاتنی ده‌كرێ‌، یاخود چاوه‌ڕێی یه‌كێكی‏تر بكه‌ین؟)

‏ له‌وكاته‌دا عیسا زۆر نه‌خۆشی چاك كردبووه‌وه‌، ڕۆحی پیسی ده‌ركرد‏بوو، ڕووناكی خستبووه‌ چاوی زۆر له‌‏كوێره‌كان. ئینجا عیسا وه‌ڵامی دوو نێرراوه‌كه‌ی دایه‌وه‌‏و ووتی: (بڕۆن هه‌واڵ بده‌ن به‌‏یه‌حیا، ئه‌وه‌ی گوێتان لێی‏بووه‌و بینیوتانه‌، كوێر ده‌بینن، شه‌ل‏و گۆج ده‌ڕۆن‏و گوله‌كان پاك‏ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن، مردووان زیندووده‌بنه‌وه‌و هه‌ژاران مژده‌یان پێ‌‏ده‌درێ‌. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی گومانم لێ‌ناكه‌ن.)

كه‌ نێرراوانی یه‌حیا ڕۆیشتن، عیسا ده‌ستی‏كرد به‌‏قسه‌كردن ده‌‏باره‌ی یه‌حیا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌، ووتی: (چوونه‌ ده‌شت‏وده‌ر بۆ بینینی چی؟ قامیشێك با ده‌یجوڵێنێته‌وه‌؟ ئه‌ی چوون چی ببینن؟ مرۆڤێك به‌به‌رگی نایابه‌وه‌‏؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگی نایاب ده‌پۆشن‏و ده‌وڵه‌مه‌ندن وان له‌‏كۆشكی پادشاكانن كه‌واته‌ چوون بۆ بینینی چی پێغه‌مبه‌رێك؟ به‌ڵێ‌ پێتان ده‌ڵێم مه‌زنتر له‌پێغه‌مبه‌رێك. یه‌حیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {من نێرراوی خۆم له‌‏پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات.}) من پێتان ده‌ڵێم له‌‏نێوان ئه‌وانه‌ی له‌‏ئافره‌ت له‌دایك بوون له‌‏یه‌حیا مه‌زنتری تیا نییه‌، به‌ڵام بچووكترین كه‌سی پادشاهێتی ئاسمان مه‌زنتره‌ له‌و.) ‏هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان‎نا به‌دادپه‌روه‌ری خودا، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشرا بوون. به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت، به‌لووت‏به‌رزیه‌وه‌ ڕازی‏نه‌بوون به‌خواستی خودا بۆیان، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیادا له‌‏ئاو‏هه‌ڵنه‌كێشرابوون.

(ئایا ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌چی به‌راورد بكه‌م؟ ئایا له‌‏چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وان له‌و منداڵانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌‏مه‌یدانی گشتی دانیشتوون، یه‌كتری بانگ ده‌كه‌ن‏و ده‌ڵێن: (زوڕنامان بۆ لێدان كه‌چی هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شینمان بۆكردن كه‌چی نه‌گریان.) یه‌حیا هات نه‌نان ده‌خواو نه‌مه‌ی ده‌خواته‌وه‌، ووتتان: (ئه‌مه‌ ڕۆحی پیسی تیایه‌.) ئینجا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات ده‌خواو ده‌خواته‌وه‌ وه‌ك هه‌موو مرۆڤێك، ووتتان: (ئه‌مه‌ كابرایه‌كی زۆرخۆرو سه‌رخۆشه‌ هاوڕێی باجگران‏و گوناهبارانه‌.) به‌ڵام ڕاستی دانایی به‌ به‌رووبوومی ده‌رده‌كه‌وێ‌.)

لێ‌خۆش‏بوون‏و خۆشه‌ویستی

یه‌كێ‌ له‌‏فه‌ریسیه‌كان داوای له‌عیسا كرد له‌‏ماڵه‌كه‌ی نان بخوات. ئه‌ویش چووه‌ ماڵی فه‌ریسیه‌كه‌و له‌سه‌ر خوان دانیشت. له‌شاره‌كه‌دا ئافره‌تێكی گوناهبار هه‌بوو، هه‌ر‏ئه‌وه‌نده‌ زانی عیسا له‌ماڵی فه‌ریسیه‌كه‌ دانیشتووه‌، هات به‌‏قاپێ‌ ڕۆنی بۆن خۆشه‌وه‌، له‌به‌رپێیدا به‌گریانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاو پێیه‌كانی به‌‏فرمێسك ته‌ڕ‏كردو به‌‏قژی بۆی سڕیه‌وه‌، پێی ماچ‏كردو به‌‏ڕۆنه‌كه‌ چه‌وری‏كرد.

‏ كاتێ‌ فه‌ریسیه‌كه‌ ئه‌مه‌ی بینی، به‌‏خۆی ووت: (گه‌ر ئه‌م كابرایه‌ به‌ڕاستی پێغه‌مبه‌ر بێت، ئه‌وا ده‌زانێ‌ ئه‌م ئافره‌ته‌ی ده‌ستی لێ‏ده‌دات كێیه‌و چییه‌، چونكه‌ گوناهباره‌.)

‏ عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌و پێی ووت: (‏شه‌معون، ده‌مه‌وێ‌ شتێكت پێ‌‏بڵێم.) شه‌معون ووتی: (بڵێ‌ مامۆستا.) ئه‌ویش ووتی: (یه‌كێ‌ له‌وانه‌ی پاره‌ ده‌ده‌ن به‌خه‌ڵكی، پاره‌ی لای دوو كه‌س هه‌بوو، لای یه‌كێكیان پێنچ سه‌د دینار، لای ئه‌وی كه‌شیان په‌نجا. به‌ڵام هیچیان نه‌بوو له‌باتی بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌‏هه‌ردووكیان خۆش بوو. كامیان زیاتر كابرایان خۆش ده‌وێت؟) شه‌معون وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ی پاره‌ زۆره‌كه‌ی لابوو.) پێی ووت: (بۆ چوونه‌كه‌ت ڕاسته‌.) ئینجا ڕووی كرده‌ ئافره‌ته‌كه‌و به‌شه‌معونی ووت: (ئه‌م ئافره‌ته‌ ده‌بینیت، من هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت، كه‌چی ئاوت نه‌دامێ‌ پێمی پێ‌‏بشۆم، به‌ڵام ئه‌م به‌‏فرمێسك پێی بۆ شوشتم‏و به‌قژی سه‌ری بۆی سڕیم. تۆ ماچت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتووم له‌‏ماچ‏كردنی پێم ڕانه‌وه‌ستاوه‌. تۆ سه‌رت به‌‏ڕۆن چه‌ور نه‌كردم‏، به‌ڵام ئه‌م به‌و ڕۆنه‌ گرانبه‌ها بۆن خۆشه‌ پێی چه‌ور‏كردم. بۆیه‌ پێت ده‌ڵێم: (گوناهی زۆری به‌خشرا، چونكه‌ زۆر خۆشه‌ویستی ده‌ربڕی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی كه‌مه‌، كه‌م ده‌به‌خشرێ‌.) ئینجا به‌‏ئافره‌ته‌كه‌ی ووت: (گوناهه‌كانت هه‌مووی به‌خشران.) به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ دانیشتبوون له‌‏دڵی خۆیان ووتیان: (ئـه‌مـه‌ كـێیه‌ تـه‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشـێ‌؟) له‌و كـاتـه‌دا عیسا به‌ ئافره‌ته‌كه‌ی ووت: (بـاوه‌ڕت ڕزگاری كردی، بـڕۆ بـه‌‏دڵنـیـایی.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.