Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 5

عیسا قوتابیه‌كانی بانگ‏ده‌كات

له‌كاتێكدا عیسا ڕاوه‌ستابوو له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌نیسارت، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵ بووبوون له‌ده‌وری تاكو گوێ‌ له‌‏ووشه‌ی خودا بگرن. دوو به‌له‌می بینی لای ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، ماسیگره‌كان به‌جێیان هێشتبوو، تۆڕه‌كانیان ده‌شوشت. چووه‌ ناو یه‌كێكیان، كه‌ هی شه‌معون‏بوو، داوای لـێ‌كرد هه‌ندێ‌ له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌ دووری بخاته‌وه‌ ئینجا دانیشت‏و له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌وه‌ ده‌ستی‏كرد به‌ فێركردنی خه‌ڵكه‌كه‌.

كاتێ‌ ووته‌كانی ته‌واوكرد به‌‏شه‌معونی ووت: (دووری‏كه‌ره‌وه‌ بۆ قووڵایی، جا تۆڕه‌كانتان فڕێ‌ بده‌ن بۆ ڕاوكردن.) شه‌معون وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م هه‌رچه‌نده‌ به‌‏درێژایی شه‌و هه‌وڵمان‎دا كه‌چی هیچمان ڕاونه‌كرد. به‌ڵام له‌به‌ر قسه‌ی تۆ ئه‌وا تۆڕێك فڕێ‌ ده‌ده‌م) كاتێ‌ ئه‌مه‌یان كرد ماسییه‌كی زۆریان گرت، به‌‏شێوه‌یه‌ك تۆڕه‌كه‌یان خه‌ریك‎بوو بدڕێ‌. جا بانگی هاوڕێكانیان كرد كه‌ له‌‏به‌له‌مه‌‏كه‌ی تردا بوون، تاكو بێن‏و یارمه‌تییان بده‌ن، ئه‌وانیش هاتن‏و هه‌ردوو به‌له‌مه‌كه‌یان پڕ‏كرد تا وای لـێ‌ هات خه‌ریك بوو نوقوم ببن. كاتێ‌ شه‌معون كه‌ به‌‏په‌ترۆس ناوده‌برێ‌ ئه‌مه‌ی بینی چۆكیدادا له‌به‌ر پێی عیسادا‏و ووتی: (گه‌وره‌م لێم دووركه‌وه‌، چونكه‌ من مرۆڤێكی گوناهبارم.) په‌ترۆس‏و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون سه‌ریان سوڕما‏بوو له‌‏زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی گرتبوویان، هه‌روه‌ها یاقوب‏و یۆحه‌ننای كوڕی زه‌بدی كه‌ شه‌ریكی په‌ترۆس بوون.

‏عیسا به‌په‌ترۆسی ووت: (مه‌ترسه‌ ئیتر تۆ له‌‏ئێستاوه‌ ڕاوی مرۆڤ ده‌كه‌یت.) دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌ وازیان له‌‏هه‌موو شتێك هێناو دوای عیسا كه‌وتن.

‏نه‌خۆشی گولی پاك‏ده‌بێته‌وه‌

كاتێ‌ عیسا له‌یه‌كێك له‌‏شاره‌كان بوو، له‌وێ‌ مرۆڤێكی لـێ‌‏بوو هه‌موو له‌شی برینی گولـی دایپۆشی‏بوو، هه‌ر كه‌ عیسای بینی، له‌به‌رده‌می خۆی به‌ده‌مداداو لێی پاڕایه‌وه‌و ووتی: (گه‌وره‌م، گه‌ر بته‌وێت توانای ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ پاكم بكه‌یته‌وه‌.) عیسا ده‌ستی درێژ‏كردو ده‌ستی لێ‌دا، ووتی: (ده‌مه‌وێ‌، پاك به‌ره‌وه‌.) ئیتر ده‌ست‏به‌جێ‌ كابرا پاك بووه‌وه‌. عیسا ڕایسپاردو پێی ووت: (ئه‌مه‌ به‌كه‌س نه‌ڵێی، به‌ڵكو بڕۆ خۆت نیشانی كاهینه‌كان بده‌ له‌باتی پاك‏بوونه‌وه‌كه‌شت، ئه‌و قوربانییه‌ی موسا فه‌رمانیداوه‌ پێشكه‌شی بكه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ شایه‌تییه‌ك لایان.) جا به‌مه‌ ده‌نگوباسی عیسا زیاتر بڵاوبووه‌وه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ خه‌ڵكێكی زۆر هاتنه‌ لای بۆ گوێ‌‏گرتن‏و چاك بوونه‌وه‌ له‌‏نه‌خۆشیه‌كانیان. به‌ڵام ئه‌و دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ شوێنه‌ چۆڵه‌كان هه‌تا نوێژ بكات.

‏ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ ‏به‌خشین

ڕۆژێ‌ له‌ڕۆژان عیسا خه‌ریكی فێركردن بوو، له‌‏نێوان دانیشتوان هه‌ندێ‌ له‌‏فه‌ریسیه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت هه‌بوون. خه‌ڵكی له‌‏هه‌موو دێیـه‌كــانــی جـه‌لــیل‏و یه‌هودیاو قودسه‌وه‌ هاتبوون. توانای خوداوه‌ند ده‌ركه‌وت بۆ چاك كردنه‌وه‌یان. هه‌ندێكیان مرۆڤێكی ئیفلیجیان هێنا به‌‏جێگه‌كه‌یه‌وه‌‏و ویستیان بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌ بۆ به‌رده‌می. كاتێ‌ ڕێیان نه‌بوو به‌هۆی زۆری خه‌ڵكه‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان‏و شۆڕیان كرده‌وه‌ به‌‏جێگه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌كه‌، بۆ به‌رده‌می عیسا. ‏عیسا كه‌ باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، ووتی: (كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشرا.( مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و فه‌ریسیه‌كان له‌دڵی خۆیان ووتیان: (ئه‌مه‌ كێیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كفر ده‌كات؟ كێ‌ ده‌توانێ‌ گوناه‌ ببه‌خشێ‌ ته‌نها خودا نه‌بێ‌؟)

به‌ڵام عیسا زانی بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ڵامی دانه‌وه‌، ووتی: (بۆ وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌‏دڵتان؟ كامیان ئاسانتره‌، بڵێم: (گوناهه‌كانت به‌خشرا، یان بڵێم هه‌سته‌ بڕۆ؟ به‌ڵام ئه‌مه‌م ووت، تاكو بزانن ڕۆڵه‌ی مــرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌‏.) ئینجا به‌ئیفلیجه‌كه‌ی ووت: (هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌و بڕۆوه‌ بۆ ماڵ.) ئه‌ویش ده‌ست‏به‌جێ‌ هه‌ڵساو جێگه‌كه‌ی هه‌ڵگرت‏و كه‌وته‌‏ڕێ‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌و ستایشی خودای ده‌‏كرد. خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌موو سه‌رسام‎بوون‏و ستایشی خودایان كرد، ترس دایگرتن‏و ووتیان: (ئه‌مڕۆ ‏كاری سه‌رسوڕهێنه‌رمان بینی.(

عیسا بۆ گوناهباران هاتووه‌

دوای ئه‌مه‌ عیسا له‌وێ‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، باجگرێكی دی ناوی لاوی بوو، له‌شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی ووت: (دوام‎كه‌وه‌.) لاویش هه‌ستاو هه‌موو شتێكی به‌جێ‌‏هێشت‏و دوایكه‌وت.

‏ لاوی میواندارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كرد له‌‏ماڵی خۆی، زۆر له‌‏باجگران‏و خه‌ڵكی تر له‌گه‌ڵیان دانیشتبوون له‌سه‌ر خوان. مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و فه‌ریسیه‌كان ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی لای قوتابیه‌كانی عیسا‏و ووتیان: (بۆچی له‌گه‌ڵ باجگران‏و گوناهباران ده‌خۆن‏و ده‌خۆنه‌وه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (مرۆڤی له‌ش ساغ پێویستی به‌‏پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش‏. نه‌هاتووم بۆ بانگ‏كردنی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌چاك ده‌زانن، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن.(

له‌‏باره‌ی ڕۆژوو

ئینجا پێیان ووت: (قوتابیه‌كانی یه‌حیا زۆر ڕۆژوو ده‌گرن‏و نوێژ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها قوتابی فه‌ریسیه‌كان، به‌ڵام قوتابیه‌كانی تۆ ده‌خۆن‏و ده‌خۆنه‌وه‌.) عیساش پێی ووتن: (ئایا ده‌توانن له‌‏شاییدا وا له‌كه‌سوكاری زاوا بكه‌ن به‌ڕۆژوو بن، له‌‏كاتێكدا زاوا له‌ناویان بێت؟ به‌ڵام ڕۆژانێك دێ‌ كه‌ زاوا له‌‏نێوانیان به‌رزكرابێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن.) نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌، ووتی: (كه‌س پارچه‌ له‌‏جلی تازه‌ ناكاته‌وه‌ تاوه‌كو جلێكی كۆنی پێ‌ پینه‌كات، چونكه‌ جله‌ تازه‌كه‌ ده‌دڕێ‌ و پارچه‌كه‌ش كه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌‏جله‌ تازه‌كه‌ ناگونجێ‌ له‌گه‌ڵ كۆنه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها كه‌س مه‌ی تازه‌ ناخاته‌ ناو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، چونكه‌ مه‌یه‌ تازه‌كه‌ مه‌شكه‌كه‌ ده‌دڕێنێ‌، مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێ‌و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناو ده‌چێ‌. كه‌واته‌ پێویسته‌ مه‌ی تازه‌ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی تازه‌وه‌. كه‌سیش نییه‌ مه‌ی كۆن بخواته‌وه‌‏و ئاره‌زووی تازه‌ بكات، چونكه‌ ده‌ڵێ‌: (كۆنه‌كه‌ خۆشتره‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.