Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 15

گه‌ڕان ‏به‌‏دوای ‏وون‏بووان

هه‌موو باجگران‏و گوناهباران ده‌هاتن بۆ گوێ‌گرتن له‌‏ووته‌كانی عیسا. فه‌ریسیه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت به‌مه‌ تووڕه‌ ده‌بوون‏و ده‌یان ووت: (ئه‌م كابرایه‌ پێشوازی له‌گوناهباران ده‌كات‏و له‌گه‌ڵیان نان ده‌خوات.) عیسا‏ش نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌و ووتی: ( كێ‌ له‌ئێوه‌ گه‌ر سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت‏و دانه‌یه‌كی لـێ‌ وون بێت، نه‌وه‌دو‏ نۆیه‌كه‌ی تر له‌‏ده‌شت به‌جێ‌ ناهێڵێت‏و ناگه‌ڕێ‌ به‌شوێن مه‌ڕه‌ وون بووه‌كه‌دا، تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ ئینجا كه‌ دۆزیه‌وه‌، به‌خۆشیه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر‏شانی‏و ده‌یهێنێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، هاوڕێكانیو دراوسێكانی بانگ ده‌كات‏و پێیان ده‌ڵێت: دڵشاد بن له‌گه‌ڵم چونكه‌ ئه‌و مه‌ڕه‌ی وون بوو‏بوو، دۆزیمه‌وه‌. من پێتان ده‌ڵێم هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش، له‌ئاسمان ده‌بێ‌ به‌‏شادی گه‌ر یه‌كێك له‌‏گوناهباران تۆبه‌ بكات، زیاتر له‌‏نه‌وه‌دو نۆ كه‌سی ڕاست‏ودروست كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌.

كاتێ‌ پاره‌ت وون ده‌بێ‌

(یان چ ئافره‌تێ‌ گه‌ر ده‌ په‌نجایی هه‌بێ‌، یه‌كێكیانی لـێ‌ بكه‌وێت، هه‌ڵناسێ‌، چرا هه‌ڵ‎بكاو ده‌ست بكات به‌‏گه‌سك دانی ماڵه‌كه‌ به‌ ووردی، تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ كاتێ‌ كه‌ دۆزیه‌وه‌، بۆ هاوڕێ‌و دراوسێكانی ده‌گێڕێته‌وه‌و پێیان ده‌ڵێ‌: دڵشاد‏بن له‌گه‌ڵم چونكه‌ پاره‌ وون بووه‌كه‌م دۆزیه‌وه‌. من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌، به‌‏تۆبه‌كردنی گوناهبارێك، ده‌بێته‌ شادی له‌‏نێوان فریشته‌كانی خودا.)

نموونه‌ی ‏كوڕی وون‏بوو

ئینجا ووتی: (كابرایه‌ك دوو كوڕی هه‌بوو. بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی ووت باوكه‌ چیم به‌رده‌كه‌وێ‌ له‌به‌شی خۆم بمده‌رێ‌، كابراش چی سامانی هه‌بوو كردی به‌دوو به‌شه‌وه‌و به‌شێكی دانا بۆ كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ی. دوای چه‌ند ڕۆژێك، كوڕی بچووك چی هه‌بوو هه‌مووی كۆكرده‌وه‌، ئینجا كه‌وته‌ ڕێ‌ بۆ ووڵاتێكی دوور، له‌وێ‌ چی هه‌بوو هه‌مووی له‌‏ڕابواردن خه‌رج‏كرد. كاتێ‌ كوڕه‌ هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ما، گرانی كه‌وته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، ئینجا هه‌ستی به‌وه‌‏كرد كه‌ پێویستی به‌‏شتێك هه‌یه‌ پێی بژی. دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ لای كابرایه‌ك لـه‌‏دانیشـتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، كابرا ناردی بۆ كێڵگه‌كه‌ی تاكو به‌رازه‌كانی بۆ بله‌وه‌ڕێنێ‌. برسێتی وای له‌‏كوڕه‌كرد حه‌زبكات له‌خڕنووكی به‌رازه‌كان بخوات، به‌ڵام ئه‌وه‌شی به‌ته‌واوی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. ئینجا بیری‏كرده‌وه‌و ووتی: ئاخۆ چه‌ند نان بمێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی لای باوكم ئیش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا منیش لێره‌دا خه‌ریكه‌ ده‌مرم له‌‏برسا. با بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: بابه‌ من به‌رامبه‌ر به‌ئاسمان‏و به‌رامبه‌ر به‌‏تۆ هه‌ڵه‌م كرد. ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌‏كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ به‌‏یه‌كێك له‌ئیشكه‌ره‌كانت. ئه‌وسا كوڕه‌ هه‌ڵساو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای باوكی كاتێ‌ باوكی له‌‏دووره‌وه‌ بینی، دڵی پێ‌‏سووتا، ڕایكرد بۆ لایو ده‌ستیكرده‌ ملی، به‌‏گه‌رمیه‌وه‌ ماچی‏كرد. ئینجا كوڕه‌ پێی ووت: بابه‌ من به‌رامبه‌ر به‌‏ئاسمان‏و به‌رامبه‌ر به‌‏تۆ هه‌ڵه‌م‏كرد، ئیتر من شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌‏كوڕی تۆ بانگ بكرێم‏. به‌ڵام باوكه‌كه‌، بانگی ئیشكه‌ره‌كانی‏كردو ووتی: بڕۆن خێرا باشترین جل‏و به‌رگ بهێنن‏و له‌به‌ریكه‌ن، ئه‌نگوستیله‌ی بكه‌نه‌ په‌نجه‌و پیڵاو بكه‌نه‌ پێی. ئینجا بڕۆن گوێره‌كه‌ دابه‌سته‌كه‌ش سه‌ربڕن، تا بیخۆین‏و دڵخۆش بین. ئه‌م كوڕه‌م مرد‏بوو، زیندووبووه‌ته‌وه‌، وون بوو‏بوو، دۆزراوه‌ته‌وه‌، بادڵخۆش بین. ‏ كوڕی گه‌وره‌ی كابرا، دوای ئـه‌وه‌ی لـه‌‏كێڵگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌و نزیك ماڵ بووه‌وه‌، گوێی له‌ ده‌نگی مۆسیقاو هه‌ڵپه‌ركێ‌ بوو. یه‌كێك له‌‏ئیشكه‌ره‌كانی بانگ‏كرد‏و لێیپرسی، ئه‌وه‌ چیه‌، چی ڕوویداوه‌؟ ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ دابه‌ستووه‌كه‌ی سه‌ربڕیوه‌ بۆی، چونكه‌ به‌‏زیندوویه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. برای گه‌وره‌ تووڕه‌‏بوو، نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌و لێی پاڕایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌و ووتی: ئه‌وه‌تا من ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئیشت بۆ ده‌كه‌م، به‌رهه‌ڵستی هیچ فه‌رمانێكم نه‌كردوویت، ته‌نانه‌ت بزنێكیشت نه‌دامێ‌ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم دڵم پێی خۆش بێت. به‌ڵام بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی به‌ ڕابواردن له‌گه‌ڵ داوێن‏پیسان گوزه‌رانی تۆی خوارد، گوێره‌كه‌ی دابه‌ستراوی بۆ سه‌رده‌بڕی. ئینجا باوكه‌كه‌ پێی ووت: كوڕم، تۆ گشت كات له‌گه‌ڵم دای، ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ هی تۆیه‌، به‌ڵام پێویسته‌ دڵشاد بین‏و كه‌یف‏خۆش بین، چونكه‌ براكه‌ت مرد‏بوو زیندووبووه‌وه‌، وون‏بوو بوو دۆزراوه‌ته‌وه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.