Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
لۆقا 14
چاكردنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌شه‌ممه
عیسا له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا، چووه ماڵی یه‌كێك له‌سه‌ركرده فه‌ریسیه‌كان بۆ نانخواردن، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون چاویان له‌عیسا نهدهتروكاندو به‌باشی سه‌رنجیان ده‌دا. چونكه به‌رامبه‌ری كابرایه‌ك كه نه‌خۆشی ئاوبه‌نی هه‌بوو دانیشت بوو. عیسا ڕوویكرده مامۆستایانی شهریعهتو فهریسیهكانو ئه‌وانه‌ی له‌وێدا بوون، لێیپرسین: (ئایا نه‌خۆش چاكردنه‌وه، له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا ده‌بێ یان نا؟) كاتێ ئه‌وان هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دایه‌وه. ئه‌ویش كابرای بانگكردو چاكی كرده‌وه‌و به‌ڕێیكرد. گه‌ڕایه‌وه پرسیاری لـێ‌كردن: (كێ له‌ئێوه كوڕه‌كه‌ی یان گاكه‌ی له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته بیره‌وه ناچێ یه‌كسه‌ر ده‌ری بهێنێ؟) لێره‌ش نه‌یانتوانی هیچ وه‌ڵامیكی بده‌نه‌وه.
خۆت به‌به‌رز مه‌گره
دوای ئه‌وه‌ی سه‌یریكرد، چۆن هه‌ندێ له‌دانیشتوان ڕیزی پێشه‌وه‌یان گرتووه، نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه، ووتی: (كاتێ یه‌كێك بانگتان ده‌كات بۆ سه‌ر شایی، باشتر وایه نه‌چیته ڕیزی پێشه‌وه، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌و شوێنه بۆ یه‌كێكی گرنگتر له‌تۆ دانرابێ. ئینجا ئه‌وه‌ی بانگی كردوون، دێت‌و پێت ده‌ڵێ: ئه‌و شوێنه چۆڵكه بۆ ئه‌م پیاوه، تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه، ئینجا له‌ڕیزی دواوه ده‌گه‌ڕێیت بۆ شوێنێك لێی دانیشی. كاتێ بانگ ده‌كرێیت، هه‌وڵبده له‌دواوه دانیشه، تا ئه‌وه‌ی بانگیكردوویت، بێت‌و پێت بڵێ: هاوڕێم، هه‌سته وه‌ره پێشه‌وه، له‌م كاته ڕێزت لای دانیشتووان زیاتر ده‌بێ. ئه‌وه‌ی خۆی به‌گه‌وره دانێ نزم ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش خۆی به‌بچووك داده‌نێ به‌رزده‌كرێته‌وه.) ئینجا به‌وه‌ی بانگیكردووه، ووتی: (كاتێ نانی نیوه‌ڕۆ یان ئێواره ده‌كه‌یت، هاوڕێ‌و براو خزم‌و دراوسێ پاره‌داره‌كانت بانگ مه‌كه، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش دوایی بانگت بكه‌نه‌وه‌و چاكه‌ت بده‌نه‌وه. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر نانخواردنێكت سازكرد، هه‌ژارو په‌ككه‌وته‌و شهلو كوێر بانگ بكه، خۆزگه‌ت پێ‌ده‌خوازرێ گه‌ر ئه‌مه‌ت كرد، چونكه ئه‌وان ناتوانن پاداشتت بده‌نه‌وه، چونكه له‌ڕۆژی زیندووبوونه‌وه‌ی ڕاستودروستاندا پاداشتت ده‌درێته‌وه.)
نموونه‌ی میواندارییه‌ك
یه‌كێك له‌دانیشتووان، كاتێ ئه‌مه‌ی بیست، ووتی: (خۆزگه‌م به‌وه‌ی لهپادشاهێتی خودا نان ده‌خوات.) ئینجا عیسا ووتی: (كابرایه‌ك داوه‌تێكی گهورهیكردو خه‌ڵكێكی زۆری بۆ بانگ‌كرد. كاتی نانخواردن ئیشكه‌رێكی نارد، بۆ ئه‌وه‌ی بهمیوانهكان بڵێ: فه‌رموون هه‌موو شتێك ئاماده‌یه. به‌ڵام هه‌موو یه‌ك له‌دوای یه‌ك داوای لـێبووردنیان كرد، یه‌كه‌میان ووتی ئه‌مڕۆ كێڵگه‌یه‌كم كڕیووه‌و ئێستا ده‌بێ بڕۆم بۆ ئه‌وێ، تكایه لێم ببوره. ئه‌وی كه‌یان ووتی: پێنج جووت گام كڕیوه ده‌مه‌وێ بچم بزانم چۆنن، تكایه لێم ببووره. یهكێكیكهشیان ووتی: ژنم هێناوه له‌به‌رئه‌وه ناتوانم بێم. ئینجا ئیشكه‌ره‌كه گه‌ڕایه‌وه‌و هه‌مووی بهگهورهكهی ڕاگه‌یاند. ئینجا گه‌وره‌ی ماڵه‌كه زۆر تووڕه‌بوو، بهئیشكهرهكهی ووت: بڕۆ ده‌ره‌وه، بۆ شه‌قامی ناو شار‌و كۆڵانه‌كان، چی هه‌ژارو په‌ككه‌وته‌و شهلو كوێر هه‌یه بانگیان بكه بۆ ئێره. پاش ماوه‌یه‌ك ئیشكه‌ره‌كه گه‌ڕایه‌وه‌و ووتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فهرمانتدا كرا، هێشتا هه‌ر شوێن ماوه. گه‌وره‌ی ماڵ ووتی: دیسان بڕۆ بۆ ڕێگاو مه‌یدانه‌كان به‌زۆر خه‌ڵك بهێنه ماڵه‌وه، تاكوماڵه‌كه‌م پڕبێ. پێتان ده‌ڵێم: له‌وانه‌ی بانگكرابوون هیچیان تامی نانی ماڵم ناكه‌ن.)
ئه‌وه‌ی له‌قوتابیان داواده‌كرێ
خه‌ڵكێكی زۆر له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆیشتن به‌ڕێدا، ئاوڕی لێ دانه‌وه‌و پێی ووتن: (گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێ له‌گه‌ڵم بێت، پێویسته منی زیاتر خۆش بوێ، ته‌نانه‌ت لهدایكو باوكی، ژن‌و منداڵی، خوشك‌و براشی، بگره له‌خۆشی زیاتر، ته‌نها به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ ببێته قوتابی من. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ناتوانێ خاچه‌كه‌ی ههڵگرێتو دوام بكه‌وێت، ناتوانێ ببێته قوتابیم. كێ هه‌یه گه‌ر بیه‌وێ تاوه‌رێك دروست بكات، دانانیشێ پاره‌كه‌ی بژمێرێ‌و بزانێ پاره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه كاره‌كه‌ی پێ ته‌واو بكات؟ نه‌وه‌ك ده‌ستبكات به‌دانانی بناغه‌و له‌دواییدا نه‌توانێ ته‌واوی بكات، ئه‌وسا خه‌ڵكی گاڵته‌ی پێده‌كه‌ن، ده‌ڵێن ئه‌وه چی بوو! ده‌ستی به دروستكردن كرد‌و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات؟ یان چ پادشایه‌ك، بیه‌وێ شه‌ڕ بكات له‌گه‌ڵ پادشایهكیكهدا، یه‌كه‌مجار دانانیشێت هه‌تا ڕاوێژی ئه‌وه بكات، چۆن به ده هه‌زار كه‌سه سه‌ربكه‌وێ به‌سه‌ر بیست هه‌زار كه‌س، كه خه‌ریكن به‌ره‌و ڕووی ده‌كشێن، ئه‌گینا خۆ هه‌تا له‌شكره‌كه دووره، خێرا خه‌ڵك ده‌نێرێ بۆ ڕێككه‌وتن. كه‌واته هه‌ر به‌م شێوه‌یه، گه‌ر یه‌كێك له‌ئێوه واز له‌هه‌موو شتێك نه‌هێنێ كه‌هه‌یه‌تی، ناتوانێ ببێته قوتابی من.)
نموونه‌ی خوێ
(خوێ شتێكی زۆر باشه، به‌ڵام كه سوێری نه‌ما، چی سوێریه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟ ئه‌وسا به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، نه بۆ زه‌وی نه بۆ به‌هێزكردنی زه‌وی، ئینجا ناچار فڕێ ده‌درێت. كێ گوێی هه‌یه با گوێ بگرێ.)
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.