Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 10

عیسا ‏حه‌فتا ‏كه‌سی‏تر ده‌نێرێ‌

پـاش ئه‌مه‌ خوداوه‌ند حه‌فتا كه‌سی‏كه‌ی ده‌ست‏نیشان‎كرد، دوو دوو ناردنی، تاكو پێش ئه‌و بڕۆن بۆ هه‌موو شارو جێگایه‌ك كه‌ خه‌ریك بوو بۆی ده‌ڕۆیشت. جا پێی ووتن: (دروێنه‌ زۆره‌ به‌ڵام كرێكار كه‌مه‌، داوا له‌گه‌وره‌ی دروێنه‌ بكه‌ن تا كرێكار بۆ دروێنه‌كه‌‏ی بنێرێ‌. بڕۆن ئه‌وا من ده‌تان‏نێرم وه‌ك به‌رخ بۆ ناو گورگ. نه‌كیسه‌ی پاره‌ له‌گه‌ڵ خۆتان به‌رن نه‌تووره‌كه‌ نه‌پێڵاو، له‌ڕێگا سڵاو له‌كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار سڵاو بكه‌ن‏و بڵێن: با ئاشتی له‌م ماڵه‌ بێت، گه‌ر له‌ماڵه‌كه‌دا ئاشتی‏خوازی تیابێت، ئه‌وا شایانی ئه‌و ئاشتیه‌ن. گه‌ر نه‌شبێت ئه‌وا سڵاوه‌كه‌ بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن‏و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كرێكار شایانی ئه‌وه‌یه‌ كرێی خۆی وه‌رگرێ‌. ئه‌وه‌نده‌ ماڵه‌و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێك، كه‌ دانیشتوانی پێشوازی لـێ‌‏كردن، ئه‌وه‌ی ده‌تانده‌نێ‌ بیخۆن. ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌و پێیان بڵێن پادشاهێتی خودا نزیك بووه‌ته‌وه‌، له‌‏هه‌ر شارێكیش خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌یانویستن بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانیو بڵێن: ( وا ئێمه‌ ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌‏پێمانه‌وه‌یه‌ ده‌یته‌كێنینه‌وه‌ به‌‏سه‌رتان، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانن: پادشاهێتی خودا نزیك بووه‌ته‌وه‌.)، من پێتان ده‌ڵێم: (‏شاری سه‌دوم‏* له‌ڕۆژی دواییدا ناخۆشیو ئازاری كه‌متره‌ له‌و شارانه‌ی كه‌ ئێوه‌ی لێ‌ ده‌رده‌كرێن.

( خاك به‌سه‌رت ئه‌ی كوره‌زین! خـاك بــه‌سـه‌رت ئه‌ی به‌یت‏سه‌یدا! گه‌ر له‌ سورو سه‌یدا ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ بكرایه‌ كه‌ له‌‏لای ئـێـوه‌ كرا، خـه‌ڵـكه‌كه‌ی هـه‌ر له‌‏زووه‌وه‌ تـۆبه‌یان ده‌كردو خۆیان لـه‌خــۆڵـه‌مـێش وه‌رده‌داو جـلی مـاتــه‌مـداریان له‌به‌رده‌كرد. به‌ڵام له‌‏ڕۆژی لـێپرسـیـنه‌وه‌دا چـاره‌نـووسـی ســورو سـه‌یدا له‌‏ئـێـوه‌ باشتر ده‌بێ‌. تـۆش ئه‌ی كـه‌فـه‌رناحوم، ده‌تـه‌وێ‌ بـڵند بـیـتـه‌وه‌ تا ئـاسـمان؟ نه‌خـیـَر، تـۆ ده‌كـه‌ویـتـه‌ قـووڵایی دۆزه‌خـه‌وه‌.

( ئــه‌وه‌ی گــوێتـان بۆ ڕاده‌گـرێ‌، گـوێ‌ بـۆ مـن ڕاده‌گـرێ‌، ئه‌وه‌ی ڕه‌تـتـان‏ده‌كـاته‌وه‌ ئه‌وا من ڕه‌ت‏ده‌كـاته‌وه‌، ئـه‌وه‌ش من ڕه‌ت‏ده‌كـاته‌وه‌، ئــه‌وه‌ ڕه‌ت‏ده‌كـاته‌وه‌ كه‌ مـنی نـاردووه‌.)

گه‌ڕانه‌وه‌ی نێرراوان

دوای ئه‌مه‌ هه‌ر حه‌فتا كه‌سه‌كه‌ی ناردبوونی به‌‏شادیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌و ووتیان: (گه‌وره‌م، ته‌نانه‌ت ڕۆحه‌ پیسه‌كانیش به‌ناوی تۆوه‌ ملكه‌چمانن.) ئه‌ویش پێی ووتن: (شه‌یتانم دی وه‌ك بروسكه‌ له‌ئاسمانه‌وه‌ هه‌ڵدێرا بۆ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌تا من ده‌سه‌ڵاتم داونه‌تێ‌ پێ‌بنێن به‌مارو دووپشك‏و هێزی دوژمن، هیچ شتێكیش ئازارتان نه‌دات. به‌ڵام دڵخۆش مه‌بن به‌وه‌ی ڕۆحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆش بن به‌وه‌ی ناوتان له‌ ئاسماندا نووسراوه‌.)

ده‌رخستنی ‏نهێنی بۆ هه‌ژاران

له‌وكاته‌دا عیسا ‏به‌‏ڕۆحی پیرۆز زۆر شادومان‏بوو، ووتی: (سوپاست‎ده‌كه‌م ئه‌ی باوك، خوداوه‌ندی ئاسمان‏و زه‌وی‏، چونكه‌ ئه‌م كارانه‌ت له‌‏داناو زانایان شاردۆته‌وه‌ بۆ منداڵانت ئاشكراكردووه‌. به‌ڵێ‌ ئه‌ی باوك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌لاته‌وه‌ وا‏باشتره‌!

‏ (هه‌موو شتێك له‌لایه‌ن باوكمه‌وه‌ دراوه‌ پێم، كه‌س نازانێ‌ ڕۆڵه‌ كێیه‌ باوك نه‌بێ‌، كه‌سیش نییه‌ بزانێ‌ باوك كێیه‌ ته‌نها ڕۆڵه‌و ئه‌وه‌ نه‌بێ‌، كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ‌ بۆی ئاشكرا بكات.) ئینجا ئاوڕی له‌قوتابیه‌كانی دایه‌وه‌و به‌ته‌نها به‌وانی ووت: (خۆزگه‌‏ده‌خوازرێ‌ به‌ چاوتان، به‌وه‌ی ‏ئێستا ده‌یبینن. من پێتان ده‌ڵێم، زۆر له‌‏پێغه‌مبه‌ران‎و پادشایان، ئاواته‌خوازی بینینی ئه‌وه‌ بوون كه‌ ئێوه‌ ئێستا ده‌یبینن، به‌ڵام نه‌یان بینی، هه‌روه‌ها ببیستن ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ئێستا ده‌یبیستن، به‌ڵام نه‌یان‏بیست.)

سامریه‌ دڵ پڕ له‌به‌زه‌ییه‌كه‌

یه‌كێ‌ له‌زانایانی شه‌ریعه‌ت لێی هاته‌‏پێشه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تاقیبكاته‌وه‌، ووتی: (مامۆستا چی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ست بهێنم؟) ئه‌ویش پێی ووت: (چی نووسراوه‌ له‌ته‌ورات، چۆن ده‌یخوێنیته‌وه‌؟)

‏ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ({خوداوه‌ند خودات خۆش‏بوێ‌ به‌‏هه‌موو دڵ‏و هه‌موو گیان‏و هه‌موو تواناو هه‌موو بیرته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت خۆشت بوێ‌.}) عیسا پێی ووت: (وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته‌. گه‌ر هاتوو كارت پێ‌‏كرد ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ست ده‌هێنی.) ‏ بـه‌ڵام پیــاوه‌كـه‌ ویستی خۆی به‌ كابرایه‌كی ڕاست‏ودروست ده‌رخات، دیسان له‌‏عیسای پرسی: (باشه‌ كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێم نزیكه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ووتی: (مرۆڤێك له‌قودسه‌وه‌ بۆ ئه‌ریحا ده‌چوو، كه‌وته‌ ده‌ست چه‌ند دزێكه‌وه‌، پاره‌و جله‌كانیان لـێ‌سه‌ندو ئازاریان داو بریندار‏یان كرد، ئینجا به‌ نیوه‌ مردوویی به‌جێیان‏هێشت‏و ڕۆیشتن. وا ڕێكه‌وت كاهینێك له‌‏هه‌مان ڕێگه‌وه‌ بڕوات، كاتێ‌ ئه‌وی بینی، چووه‌ ئه‌وبه‌ری ڕێگاكه‌ دوور له‌‏برینداره‌كه‌و به‌جێی‏هێشت‏. هه‌روه‌ها كابرایه‌كی لاویش، له‌وێوه‌ تێپه‌ڕی، كاتێ‌ گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌، سه‌یری كرد، ئه‌ویش چووه‌ ئه‌وبه‌ری ڕێگاكه‌و به‌جێیهێشت. به‌ڵام كابرایه‌كی سامری كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ڕۆیی، هاته‌سه‌ری، كاتێ‌ بینی به‌زه‌یی پیاهاته‌وه‌، چووه‌ پێشه‌وه‌ لێی، دوای ئه‌وه‌ی ڕۆن‏و شه‌رابی به‌سه‌ر برینه‌كانیكردو تیماری‏كرد، سواری ووڵاخه‌كه‌ی خۆیكردو گه‌یاندیه‌ میوانخانه‌یه‌ك‏و ‏له‌وێ‌ چاودێری‏كرد. ڕۆژی دووه‌م كاتێ‌ میوانخانه‌كه‌ی به‌جێ‌ ده‌هێشت، دوو دیناری ده‌ركردو دای به‌‏خاوه‌ن میوانخانه‌كه‌و پێی ووت: (چاودێری بكه‌ چه‌ندی تریشی پێویست بوو، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌یده‌م.) كامیان له‌م سیانه‌ به‌نزیك ده‌زانی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست دزه‌كان؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی به‌‏به‌زه‌ییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ كردو یارمه‌تیدا.) ئینجا عیسا پێی ووت: (تۆش بڕۆ هه‌مان شت بكه‌.)

كاتێ‌ به‌‏ڕێگاوه‌ بوون چوونه‌ دێیه‌ك، ژنێك ناوی مه‌رسا بوو‏، پێشوازی لـێ‌‏كرد‏و بردییه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی. خوشكی ئه‌م ژنه‌ ناوی مریه‌م بوو، له‌به‌رپێی دانیشت بۆ ئه‌وه‌ی گوێ‌ له‌‏ووته‌كانی بگرێت‏، به‌ڵام مه‌رسا سه‌رقاڵی‏شت ئاماده‌‏كردن بوو، هات‏و ووتی: (گه‌وره‌م سه‌یر ناكه‌یت خوشكم ‏به‌جێی‏هێشتووم كاره‌كان به‌ته‌نها بكه‌م؟ پێی بڵێ‌ با بێت یارمه‌تیم بدات.) به‌ڵام عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: (مه‌رسا، مه‌رسا، تۆ سه‌رقاڵ‏و شێواوی ده‌رباره‌ی زۆر شت. به‌ڵام ته‌نها یه‌ك شت پێویسته‌، مریه‌م شته‌ باشه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌وه‌ی لێی ناسه‌نرێته‌وه‌.(

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.