Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 6

تێركردنی‏ پێنج ‏هه‌زار ‏كه‌س‏

دوای ئه‌مه‌ عیسا په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل كه‌ ده‌ریاچه‌ی ته‌به‌رییه‌، ئینجا ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی دوای‏كه‌وتن‏، چونكه‌ نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری چاك‎بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیان لـێ‌بینی. ‏عیساو قوتابیه‌كانیشی چوونه‌ سه‌ر شاخێك‏و له‌وێ‌ دانیشتن. هه‌روه‌ها جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی جووله‌كه‌كانیش نزیك بوو. كاتێ‌ عیسا سه‌یری كردو بینی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ره‌و ڕووی دێن، به‌ فیلیپۆسی ووت: (له‌كوێ‌ نان بكڕین تا نانی ئه‌م هه‌مووه‌ بده‌ین؟‏) ئه‌مه‌ی ووت بۆئه‌وه‌ی تاقیكاته‌وه‌، چونكه‌ عیسا خۆی ده‌یزانی چی ده‌كات. فیلیپۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌ر ته‌نانه‌ت بایی دووسه‌د دیناریش‏* نان بكڕین، به‌شی ئه‌وه‌ ناكات هه‌ریه‌كه‌یان پارچه‌یه‌كی بچووكی به‌ركه‌وێ‌!) ئینجا ئه‌نده‌راوس، برای شه‌معون په‌ترۆس، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوتابیه‌كانی پێی ووت: (لێره‌ كوڕێك هه‌یه‌ پێنج نانی جۆو دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ چیه‌ بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌؟) عیسا ووتی: (دایان‎بنیشێنن!) پیاوه‌كان كه‌ ژماره‌یان پێنج هه‌زار كه‌سێك ده‌بوو له‌وێدا سه‌وزه‌ گیایه‌كی زۆری لـێ‌بوو له‌سه‌ری دانیشتن. عیسا نانه‌كانی هه‌ڵگرت‏و سوپاسی خودای كرد، ئینجا ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیان پێ‌بوو دابه‌شیكرد به‌سه‌ر دانیشتوان، هه‌مان شتیشی له‌ دوو ماسیه‌كه‌ كرد. كاتێ‌ تێربوون، به‌ قوتابیه‌كانی ووت: (ئه‌و له‌ته‌ نانانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆیكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ شتێك به‌فیڕۆ نه‌ڕوات!) ئه‌وانیش كۆیان‎كرده‌وه‌، ئینجا له‌پێنج نانه‌ جۆیه‌كه‌ دوانزه‌ سه‌به‌ته‌ له‌ته‌ نانی پاشماوه‌یان كۆكرده‌وه‌ له‌ نانخۆران. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌و نیشانه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌یان بینی كه‌ عیسا كردی ووتیان: (به‌ڕاستی، ئه‌مه‌ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه‌ بۆ جیهان هاتووه‌.) عیسا كه‌ زانی ئه‌وان خه‌ریكن بیڕفێنن‏و بیكه‌ن به‌ پادشا، به‌ته‌نها گه‌ڕایه‌وه‌ بۆسه‌ر شاخ.

عیسا به‌سه‌ر ئاودا ده‌ڕوات

كاتێ‌ ئێواره‌ داهات قوتابیه‌كانی هاتنه‌خواره‌وه‌ بۆ ده‌ریاچه‌كه‌، سواری به‌له‌مێك بوون‏و به‌ره‌‏و شاری كه‌فه‌رناحوم كه‌ كه‌وتبووه‌ به‌ری ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ كه‌وتنه‌ ڕێ‌. تاریكی داهات به‌ڵام عیسا هێشتا نه‌گه‌یشتبووه‌ لایان. ئینجا ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیكرد، ئاوی ده‌ریاچه‌‏كه‌ی شڵه‌قاند. دوای ئه‌وه‌ی قوتابیه‌كان نزیكه‌ی پێنج تا شه‌ش كیلۆمه‌تر سه‌وڵیان لـێ‌دا، عیسایان بینی نزیك‎ ده‌بێته‌وه‌ له‌‏به‌له‌مه‌كه‌یان‏و به‌سه‌ر ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌ڕوا. ترسیان لێ‌نیشت. پێی ووتن‏: (منم، مه‌ترسن!) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی داوایان لێ‌كرد سواری به‌له‌مه‌كه‌‏بێ‌، یه‌كسه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ گه‌یشته‌ شوێنی مه‌به‌ست.

بۆ به‌یانی، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌سه‌ر كه‌ناری ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ مابوونه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك به‌له‌میان بینی، به‌بیریشیان هاته‌وه‌ عیسا له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی سواری به‌له‌مه‌كه‌ نه‌ببوو، به‌ڵكو قوتابیه‌كانی به‌ته‌نها سوارببوون. ئیتر چه‌ند به‌له‌مێكیكه‌ له‌شاری ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتن، له‌نزیك ئه‌و شوێنه‌ له‌نگه‌ریان گرت كه‌ ئه‌و نانه‌یان تیادا خواردبوو پاش ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند سوپاسی خودای له‌سه‌ركردبوو‏. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ عیساو قوتابیه‌كانیان له‌وێ‌ نه‌بینی، سواری ئه‌و به‌له‌مانه‌ بوون‏و چوون بۆ كه‌فه‌رناحوم تا به‌‏شوێن عیسا بگه‌ڕێن‏.

من نانی ژیانم

‏ جا كاتێ‌ له‌به‌ری ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان ووت: (مامۆستا، كه‌ی گه‌یشتیته‌ ئێره‌؟) عیساش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئێوه‌ به‌دوامدا ده‌گه‌رێن له‌به‌رئه‌وه‌نا كه‌ نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌‏نانه‌كه‌تان خوارد‏و تێر‏بوون. له‌پێناوی خۆراكی له‌ناوچوو ئیش مه‌كه‌ن‏، به‌ڵكو له‌پێناو ئه‌و خۆراكه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تان‎داتێ‌، چونكه‌ ڕۆڵه‌ مۆری خودای باوكی پێوه‌یه‌.) لێره‌ پێیان ووت: (ده‌بێ‌ ئێمه‌ چی بكه‌ین، تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌مه‌یه‌ كاری خودا: باوه‌ڕبهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی‏.) ئه‌وسا پێیان ووت: (چ نیشانه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌یت تا بیبینین‏و باوه‌ڕت پێ‌بكه‌ین؟ ده‌توانی چیبكه‌یت؟ باوباپیرانمان مه‌نیان* خواردووه‌ له‌‏بیاباندا هه‌روه‌ك نووسراوه‌: [[‏ئه‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ‌ تا بیخۆن]]!)

عیسا پێیووتن: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: موسا نه‌بوو له‌‏ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ‌، به‌ڵكو باوكمه‌ نانی ڕاستیتان ده‌داتێ‌ له‌‏ئاسمانه‌وه‌. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌‏ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌و ژیان به‌جیهان ده‌به‌خشێ‌.) پێیان ووت: (گه‌وره‌، هه‌موو كاتێ‌ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ‌.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (من نانی ژیانم، ئه‌وه‌ی بێته‌ لام برسی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ‌بهێنێ‌ هه‌رگیز تینووی نابێ‌. به‌ڵام هه‌روه‌كو پێم‎ووتن ئێوه‌ منتان بینی كه‌چی باوه‌ڕناكه‌ن، جا هه‌ركه‌سێك باوكم پێم‎ده‌به‌خشێ‌ بۆ لای من دێت، هه‌ركه‌سێكیش بێته‌ لای من، هه‌رگیز ده‌ری ناكه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌. چونكه‌ من له‌‏ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، بۆ ئه‌وه‌ نا خواستی خۆم بهێنمه‌دی، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی خواستی ئه‌وه‌ بهێنمه‌دی كه‌ ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منی ناردووه‌: كه‌س نییه‌ له‌وانه‌ی داویه‌تیه‌ من له‌ناوبچێ‌، به‌ڵكو له‌ڕۆژی دواییدا زیندووی ده‌كه‌مه‌وه‌. چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێ‌ ڕۆڵه‌ ببینێ‌و باوه‌ڕی پیبهێنێ‌، ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێ‌، له‌ڕۆژی دواییشدا زیندووی ده‌كه‌مه‌وه‌.)‏

جووله‌كه‌كان ده‌ستیان‎كرد به‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌‏عیسا چونكه‌ ده‌یووت: (من ئه‌و نانه‌م له‌‏ئاسمانه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه‌.) ووتیان: (ئه‌مه‌ عیسای كوڕی یوسف نییه‌ كه‌ ئێمه‌ دایك‏و باوكی ده‌ناسین؟ ئێستا چۆن ده‌ڵێ‌ من له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتوومه‌ته‌ خواره‌وه‌؟)

عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (له‌ناو خۆتاندا بۆڵه‌‏بۆڵ مه‌كه‌ن! هیچ كه‌سێ‌ ناتوانێ‌ بێته‌ لای من گه‌ر باوك ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ ڕاینه‌كێشێ‌، منیش له‌ڕۆژی دواییدا زیندووی ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌‏په‌رتووكی پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: [[هه‌موو له‌خوداوه‌ فێرده‌بن]]، ئیتر هه‌ركه‌سێ‌ گوێ‌ له‌باوك بگرێ‌و لێوه‌ی فێرببێ‌ بۆ لای من دێت‏. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ یه‌كێك هه‌بێ‌ باوكی بینیبێ‌ ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ له‌خوداوه‌یه‌ ئه‌و باوكی بینیوه‌.

(ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بهێنێ‌ ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌یه‌. من نانی ژیانم. باوباپیرانتان ‏له‌‏بیاباندا مه‌نیان خوارد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش مردن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌و نانه‌ی له‌ئاسمان هاتۆته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێ‌ لێی بخوات نامرێ‌. من ئه‌و نانه‌ زیندووه‌م له‌‏ئاسمانه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوا تاهه‌تایه‌ ده‌ژی. ئه‌و نانه‌ش كه‌ من ده‌یده‌م ‏ئه‌وه‌ له‌شمه‌، ده‌یبه‌خشم له‌پێناوی ژیانی جیهاندا.( ئه‌م قسانه‌ بووه‌ هۆی ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی توندو ڕه‌ق له‌نێوان جووله‌كه‌كاندا، ئینجا پرسیاریان‎كرد: (چۆن ئه‌مه‌ ده‌توانێ‌ له‌شی خۆیمان بداتێ‌ تا بیخۆین؟) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌ له‌شی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌خۆن‏و له‌‏خوێنی نه‌خۆنه‌وه‌، ژیان له‌ ئێوه‌دا نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌شم بخوات‏و خوێنم بخواته‌وه‌، ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێ‌، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی دواییدا زیندووی ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ له‌شم خۆراكی ڕاسته‌قینه‌یه‌و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌. دیسان هه‌ر كه‌سێ‌ له‌ له‌شم بخوات و له‌‏خوێنم بخواته‌وه‌ له‌ مندا جێگیرده‌بێ‌و منیش له‌ئه‌ودا. چۆن باوكی زیندووم منی ناردووه‌و من زیندووم به‌و باوكه‌‏، هه‌مان‎شت به‌هۆی منه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ له‌شم ده‌خوات زیندووده‌بێ‌. جا ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ له‌ئاسمان هاته‌خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئه‌و مه‌نه‌ نییه‌ كه‌ باوباپیرانتان خواردیان‏و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژی.(

عیسا ئه‌مانه‌ی هه‌موو له‌كه‌نیشتدا ووت، كاتێ‌ له‌‏شاری كه‌فه‌رناحوم خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد.

قوتابیه‌كان گومان ده‌كه‌ن

زۆر له‌‏قوتابیه‌كانی كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو ووتیان: (ئه‌م قسانه‌ چه‌ند گرانه‌! كێ‌ ده‌توانێ‌ گوێی لـێ‌بگرێ‌؟) عیسا هه‌ستیكرد قوتابیه‌كانی به‌هۆی ئه‌مه‌‏وه‌ بۆڵه‌بۆڵ ده‌كه‌ن، ئه‌وسا لێیپرسین: (ئایا ئه‌مه‌ ده‌تان‎خاته‌ گومانه‌وه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ببینن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌رزبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی له‌پێشا لێیبوو؟ ڕۆح ژیان ده‌دات، به‌ڵام له‌ش به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت. ئه‌و ووشانه‌ی كه‌ پێم‎ووتن ئه‌وانه‌ ڕۆح‏و ژیانن. به‌ڵام هه‌ندێكتان باوه‌ڕناكه‌ن!) عیسا له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یزانی‏كێن ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ‌ناكه‌ن، هه‌روه‌ها كێیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یدا به‌ده‌سته‌وه‌. ئینجا ووتی: (له‌به‌رئه‌وه‌ پێم ووتن كه‌س ناتوانێ‌ بێ‌ بۆ لای من، گه‌ر باوك ئه‌مه‌ی پێ‌نه‌به‌خشێ‌.(

له‌وكاته‌دا زۆر له‌ قوتابیه‌كانی به‌جێیان‎ هێشت‏و ئیتر دوای نه‌كه‌وتن. ئه‌وسا عیسا به‌‏دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی ووت: (ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ‌ وه‌ك ئه‌وان بڕۆن؟) ‏شه‌معون په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (‏گه‌وره‌م، بۆ لای كێ‌ بڕۆین؟ ووشه‌كانی ژیانی هه‌تاهه‌تایی لای تۆیه‌. ئێمه‌ باوه‌ڕمان هێناوه‌و زانیومانه‌ تۆ پاك‏وپیرۆزی خودای!) ئینجا عیسا ووتی: (ئایا من ئێوه‌ی دوانزه‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه‌؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێ‌ له‌ناوتاندا شه‌یتانه‌!) لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌یه‌هوزای كوڕی شه‌معونی ئه‌سخه‌ریوتی بوو، ئه‌وه‌ی لــه‌دواییدا ناپاكـی له‌گه‌ڵ كرد، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێ‌ بوو له‌‏دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.