Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 5

چا‎كردنه‌وه‌ له‌رۆژی شه‌ممه‌

دوای ئه‌وه‌ له‌كاتی جه‌ژنێكی جووله‌كه‌ عیسا چوو بۆ قودس‏، له‌نزیك ده‌روازه‌ی مه‌ڕ حه‌وزێك هه‌بوو به‌عیبری پێیان ده‌ووت به‌یتی حه‌سدا، له‌ده‌ورو پشتی پێنج هۆڵی لـێ‌بوو. له‌وێدا ژماره‌یه‌كی زۆر نه‌خۆش كه‌وتبوون له‌‏كوێرو شه‌ل‏و گۆج‏، [چاوه‌ڕێیان ده‌كرد ئاوی حه‌وزه‌كه‌ بشڵه‌قێ‌، چونكه‌ فریشته‌یه‌ك جار جاره‌ ده‌هات بۆ حه‌وزه‌كه‌و ئاوه‌كه‌ی ده‌شڵه‌قاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بچووبایه‌ ناو حه‌وزه‌كه‌، چاك ده‌بووه‌وه‌ جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بووایه‌.] كابرایه‌ك له‌وێ‌ بوو ماوه‌ی سیوهه‌شت ساڵ بوو نه‌خۆش بوو. كاتێ‌ عیسا كابرای بینی له‌وێدا پاڵ‎كه‌وتووه‌، زانی ماوه‌یه‌كی دوورو درێژی به‌م جۆره‌ به‌سه‌ربردووه‌، لێیپرسی: (ده‌ته‌وێ‌ چاك‎ببیته‌وه‌؟) كابرای نه‌خۆش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، كه‌سم نییه‌ یارمه‌تیم‏بدات‏و بمخاته‌ ناو حه‌وزه‌كه‌ كاتێ‌ ئاوه‌كه‌ ده‌شڵه‌قێ‌. كاتێ‌ هه‌وڵده‌ده‌م بچمه‌ ناویه‌وه‌ یه‌كێكیتر پێشم ده‌كه‌وێ‌و ده‌چێته‌ ناو ئاوه‌كه‌.) ئه‌وسا عیسا پێی ووت: (هه‌سته‌! نوینه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌‏و بڕۆ!) ده‌ست‏به‌جێ‌ كابرا چاك بووه‌وه‌و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت‏و ڕۆیشت. ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌‏بوو.

بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌ به‌‏كابرای چاك‎بوویان ووت: (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌یه‌. ناشێ‌ نوینه‌كه‌ت هه‌ڵگری!) كابراش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی چاكی كردمه‌وه‌ پێیووتم: (نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌و بڕۆ!)) ئه‌وانیش لێیان پرسی: (كێ‌ پێی ووتی: نوینه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌و بڕۆ؟) به‌ڵام كابرای كه‌ چاك‎بووه‌وه‌ نه‌یده‌زانی ئه‌و كێیه‌، چونكه‌ عیسا بێ‌ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ‌بكرێ‌ خۆی كێشایه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی لـێ‌بوو. دوایئه‌وه‌ عیسا كابرای له‌په‌رستگادا بینی پێی ووت: (ئا ئه‌وه‌‏تا چاك‎بوویته‌وه‌. جارێكیكه‌ مه‌گه‌رێره‌وه‌ بۆ گوناه‌ تاوه‌كو شتی خراپترت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت!) ئینجا كابرا ڕۆیشت‏و به‌جووله‌كه‌كانی ووت كه‌ عیسا چاكی كردۆته‌وه‌. ئیتر جووله‌كه‌كان ده‌ستیان‏كرد به‌‏چه‌وساندنه‌وه‌ی عیسا، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی له‌‏ڕۆژی شه‌ممه‌دا ده‌كرد.

‏باوك‏و ڕۆڵه‌

به‌ڵام عیسا پێی ووتن: (تاوه‌كو ئێستاش باوكم هه‌ر كارده‌كات، منیش هه‌روه‌ها كارده‌كه‌م!) جا له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵدانی جووله‌كه‌كان په‌ره‌یسه‌ند بۆ كوشتنی، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ نا كه‌ به‌رپێچی ڕۆژی شه‌ممه‌ی كرد بوو، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ووتی خودا باوكیه‌تی، به‌مه‌ش خۆی یه‌كسان ده‌كرد له‌گه‌ڵ خودا. عیسا پێی ووتن: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ڕۆڵه‌ ناتوانێ‌ به‌ته‌نها له‌خۆیه‌وه‌ هیچ بكات، به‌ڵكو ده‌بینێ‌ باوكی چی ده‌كات ئه‌ویش ئه‌وه‌ ده‌كات. هه‌موو شتێ‌ كه‌ باوك ده‌یكات، ڕۆڵه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. چونكه‌ باوك ڕۆڵه‌ی خۆی خۆش‎ده‌وێ‌، هه‌رچیه‌ك ده‌كات نیشانیده‌دات، هه‌روه‌ها له‌م كاره‌ش گه‌وره‌تری نیشان‎ده‌دات، ئه‌وسا سه‌رسام ده‌بن. هه‌روه‌ك چۆن باوك مردووان هه‌ڵده‌سێنێته‌وه‌و زیندوویان ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵه‌ش هه‌ركه‌سێكی بوێ‌ زیندووی ده‌كاته‌وه‌. باوك حوكم به‌سه‌ر كه‌س نادات، به‌ڵكو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانی داوه‌ به‌ ڕۆڵه‌، جا با هه‌موو ڕێزی ڕۆڵه‌ بگرن هه‌روه‌ك چۆن ڕێزی باوك ده‌گرن. هه‌ر كه‌سێكیش ڕێزی ڕۆڵه‌ نه‌گرێ‌ ڕێزی ئه‌و باوكه‌ ناگرێ‌ كه‌ ناردوویه‌تی.

له‌‏مردنه‌وه‌ به‌ره‌و ژیان

ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ‌ له‌ووشه‌كه‌م بگرێ‌‏و باوه‌ڕبهێنێ‌ به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێ‌، له‌ڕۆژی دواییدا حوكم نادرێ‌ به‌سه‌ری، چونكه‌ ئه‌و له‌ مردنه‌وه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ژیان‏. ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌و كاته‌ دێ‌‏و ئه‌وه‌تا ئێستا هاتووه‌، كه‌وا مردووان گوێیان له‌ ده‌نگی ڕۆڵه‌ی خودا ده‌بێ‌، ئینجا ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی‏ده‌بێ‌ زیندووده‌بنه‌وه‌. چونكه‌ هه‌روه‌ك باوك سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌، به‌م جۆره‌ش به‌‏ڕۆڵه‌ی داوه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیان بێ‌، ده‌سه‌ڵاتی حوكم به‌سه‌ردانی داوه‌تێ‌ چونكه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. سه‌رتان له‌مه‌ سوڕنه‌مێنێ‌: كاتێك دێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕدان گوێیان له‌ده‌نگی ده‌بێ‌و ‏دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، جا ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ به‌ره‌و هه‌ستانه‌وه‌ی ژیان ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كرداری خراپیان كردووه‌ به‌ره‌و هه‌ستانه‌وه‌ی حوكم به‌سه‌ردان.

‏ من ناتوانم له‌‏خۆمه‌وه‌ هیچ بكه‌م، به‌ڵكو حوكم‏ده‌ده‌م به‌پێی ئه‌وه‌ی گوێم لـێ‌ده‌بێ‌، حوكم به‌سه‌ر‏دانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ناده‌م خواستی خۆم بهێنمه‌دی، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی كه‌ ناردوومی.

‏شایه‌تی‏ باوك بۆ ڕۆڵه‌ی خۆی

ئه‌گه‌ر خۆم شایه‌تی بۆخۆم بده‌م شایه‌تیه‌كه‌م ڕاست نییه‌، به‌ڵام یه‌كێكیكه‌ شایه‌تیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و شایه‌تیه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕاسته‌. ئێوه‌ نێرراوتان نارده‌ لای یه‌حیا ئه‌ویش شایه‌تی بۆ ڕاستیدا. من ئه‌مه‌ ده‌ڵێم له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ من پشت به‌شایه‌تی مرۆڤ ده‌به‌ستم، به‌ڵكو له‌‏پێناو ڕزگار‏بوونتانه‌. یه‌حیا چرایه‌كی ڕووناكی هه‌ڵكراو بوو، حه‌زتان ده‌كرد ماوه‌یه‌ك چێژ له‌‏ڕووناكیه‌كه‌ی وه‌رگرن. به‌ڵام من شایه‌تیه‌كی مه‌زنترم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یه‌حیا، ئه‌ویش شایه‌تی ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ باوكم داوای لـێ‌كردووم ته‌واوی بكه‌م. جا ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م به‌‏ئاشكرا شایه‌تی بۆ من ده‌دا كه‌ باوك منی ناردووه‌، ئه‌و باوكه‌ی منی ناردووه‌ خۆشی شایه‌تی بۆ من ده‌دا.

‏ئه‌وه‌ی ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌، هه‌روه‌ها ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیووه‌. ئه‌وه‌ی ووشه‌كه‌ی له‌‏دڵتاندا نیشته‌جێ‌ نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وه‌تا ئێوه‌ باوه‌ڕناكه‌ن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی. ئێوه‌ كتێب ده‌پشكنن چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان به‌ره‌و ژیانی هه‌تاهه‌تاییتان ده‌بات. ئه‌و په‌رتووكانه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئێوه‌ ناتانه‌وێ‌ بێن بۆ لای من تاكو ژیانتان هه‌بێ‌. من شكۆمه‌ندی له‌خه‌ڵك وه‌رناگرم. به‌ڵام من ده‌تان‎ناسم، هه‌روه‌ها ده‌زانم خۆشه‌ویستی خودا له‌ ناوه‌رۆكتاندا نییه‌. جا ئه‌وه‌تا من به‌ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم پێم ڕازی نین، به‌ڵام پێشوازی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌ دێت. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ شكۆمه‌ندی له‌‏یه‌كتری وه‌ربگرن‏و ئه‌و شكۆمه‌ندیه‌ی له‌تاكه‌ خوداوه‌یه‌ داوانه‌كه‌ن، ئیتر چۆن ده‌توانن باوه‌ڕبهێنن؟ له‌و باوه‌ڕه‌دا مه‌بن من شكاتتان لـێ‌بكه‌م لای باوك، له‌وێ‌ یه‌كێكیكه‌ هه‌یه‌ شكاتتان لـێ‌بكات، ئه‌ویش موسایه‌ كه‌ هیواتان پێیه‌تی‏. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌‏موسا بكردایه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان به‌‏منیش ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌و له‌باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی. كه‌واته‌ گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕنه‌كه‌ن به‌وه‌ی موسا نووسیویه‌تی، ئیتر چۆن باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانی من ده‌كه‌ن؟(

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.