Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 17

نوێژی عیسا بۆ باوه‌ڕداران

كاتێ‌ ئه‌م قسانه‌یكرد، ڕوانیه‌ ئاسمان‏و ووتی: (ئه‌ی باوك، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌! ڕۆڵه‌كه‌ت شكۆدار بكه‌ی، تاكو ڕۆڵه‌كه‌شت تۆ شكۆدار بكات، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌سه‌ڵاتت داوه‌تێ‌ به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤدا، هه‌تا ئه‌و ژیانی هه‌تاهه‌تایی بدات به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆ به‌وت داوه‌. ژیانی هه‌تاهه‌تایش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌، هه‌روه‌ها عیسای مه‌سیح كه‌ ناردووته‌. من له‌سه‌ر زه‌وی شكۆدارم كردی به‌ته‌واوكردنی ئه‌و كاره‌ی دابووت پێم‏. ئه‌ی باوك ئێستا شكۆدارم‎كه‌ له‌لای خۆت، به‌و شكۆمه‌ندییه‌ی لای تۆ هه‌م‏بوو پێش دروستكردنی جیهان.

‏ (ناوی تۆم ده‌رخست بۆ ئه‌وانه‌ی له‌‏جیهاندا به‌منت‎دان، ئه‌وانه‌ هی تۆ بوون، تۆ به‌منت‏دان. ئه‌وانیش گوێڕایه‌ڵی ووته‌كانت بوون، ئێستا ده‌زانن هه‌رچیه‌كت به‌‏من داوه‌ له‌‏تۆوه‌یه‌، چونكه‌ من ئه‌و ووشانه‌م دانێ‌ كه‌ تۆ پێت دابووم، ئه‌وانیش وه‌ریان‎گرت، هه‌روه‌ها به‌ڕاستی زانییان من له‌‏تۆوه‌ هاتووم‏و باوه‌ڕیان هێنا كه‌ تۆ منت ناردووه‌. له‌پێناوی ئه‌وانه‌دا نوێژت بۆ ده‌كه‌م. ئێستا له‌پێناوی جیهاندا نوێژ ناكه‌م، به‌ڵكو له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی به‌منت‏داون، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هی تۆن. هه‌رچیه‌ك هی منه‌، هی تۆیه‌، هه‌رچیه‌كیش هی تۆیه‌، هی منه‌، من له‌‏ئه‌واندا شكۆدار بووم. ئه‌مان له‌‏جیهان ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام من تیایدا نامێنمه‌وه‌، چونكه‌ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای تۆ. ئه‌ی باوكی پاك‎وپیرۆز ئه‌وانه‌ی داوته‌ به‌‏من به‌هێزی ناوی خۆت بیان‎پارێزه‌، هه‌تا ببن به‌ یه‌ك وه‌ك ئێمه‌ یه‌كین. كاتێ‌ له‌گه‌ڵیاندا بووم ده‌م‎پاراستن به‌ناوی تۆوه‌. ئه‌وانه‌ی به‌منت‏دابوون ئاگاداریم كردن، كه‌سیان له‌ناونه‌چوون جگه‌ له‌ ڕۆڵه‌ی له‌ناوچوو نه‌بێ‌، تاكو ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ بێته‌دی. به‌ڵام ئێستا من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای تۆ، من باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م‏، جارێ‌ هێشتا له‌ جیهاندام، تا دڵشادی من تیایاندا به‌ته‌واوی بێت. من ووشه‌ی تۆم به‌واندا، به‌ڵام جیهان ڕقی لێیان بووه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان سه‌ر به‌ جیهان نه‌بوون، هه‌روه‌ك چۆن من سه‌ر به‌ جیهان نیم. من داوای ئه‌وه‌ ناكه‌م تۆ ئه‌وان له‌‏جیهان بسێنیته‌وه‌، به‌ڵكو له‌شه‌یتان بیان‎پارێزه‌. ئه‌وان سه‌ر به‌ جیهان نین هه‌روه‌ك چۆن من سه‌ر به‌ جیهان نیم. له‌‏ڕاستیدا پیرۆزیان‎بكه‌، چونكه‌ ووشه‌ی تۆ ڕاستییه‌. هه‌روه‌ك چۆن منت نارد بۆ جیهان، منیش ده‌یاننێرم بۆ جیهان. جا له‌‏پێناوی ئه‌واندا من خۆم پیرۆز ده‌كه‌م، هه‌تا ئه‌وانیش له‌ڕاستی پیرۆزبن.

ته‌نها له‌پێناوی ئه‌مان نوێژ ناكه‌م، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕم پێ‌ده‌كه‌ن به‌هۆی قسه‌ی ئه‌مانه‌وه‌، تا هه‌موو یه‌ك بن، هه‌روه‌ك تۆ چۆن له‌‏مندای ئه‌ی باوك منیش له‌تۆدام، تا ئه‌وانیش له‌‏ئێمه‌دا بن، تاكو جیهان باوه‌ڕبهێنێ‌ كه‌ تۆ منت ناردووه‌. من ئه‌و شكۆمه‌ندیه‌م داونه‌تێ‌ تۆ داوته‌ به‌من، تا ببن به‌یه‌ك هه‌روه‌ك چۆن ئێمه‌ یه‌كین. من له‌‏ئه‌واندام‏و تۆ له‌‏مندای، تا ته‌واوبن‏و ببن به‌ یه‌ك، هه‌تا جیهان بزانێ‌ تۆ منت ناردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانت خۆشویستووه‌ وه‌ك چۆن منت خۆشویست.

(ئه‌ی باوك، ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ داوته‌ به‌ من ‏له‌هه‌ر شوێنێكدا‏بم له‌گه‌ڵم‏بن، تا ئه‌و ‏شكۆمه‌ندیه‌م ببینن كه‌ داوته‌ به‌‏من، چونكه‌ تۆ منت خۆشویستووه‌ پێش دروست‎بوونی جیهان. ئه‌ی باوكی ڕاست‏ودروست، جیهان ناتناسێ‌، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم، ئه‌وانیش ده‌زانن كه‌ تۆ منت ناردووه‌، من ناوی تۆم به‌وان ناساند، هه‌روه‌ها پێیان ده‌ناسێنم، تاكو ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌یان تیادابێ‌ كه‌ تۆ منت پێ‌ خۆشویست، هه‌تا من خۆم له‌واندا بم.(

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.