Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 16

كاری ڕۆحی پیرۆز

(من ئه‌مه‌م پێی ووتن، تا نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌. له‌كه‌نیشته‌كان ده‌رده‌كرێن، به‌ڵكو كاتێ‌ دێت ئه‌وه‌ی ده‌تان‎كوژێ‌ وابیرده‌كاته‌وه‌ خزمه‌تی خودای كردووه‌. ئه‌وان ئه‌مه‌تان پێ‌ده‌كه‌ن چونكه‌ نه‌باوك ده‌ناسن نه‌من. جا ئه‌مه‌م پێ‌ووتن تا كاتی ڕوودانی هات، بیرتان بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌م له‌‏پێشا پێ‌ ووتوون. له‌سه‌ره‌تادا ئه‌مه‌م پێ‌ نه‌ووتن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان بووم.

(ئێستا من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ستان نه‌ی پرسی: بۆ كوێ‌ ده‌چی؟ چونكه‌ ئه‌مه‌م پێ‌ووتن‏، دڵگرانی دایگر‏تن. به‌ڵام من ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: باشتر وایه‌ بۆتان كه‌ بڕۆم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر من نـه‌ڕۆم، یــارمــه‌تیــده‌رتـان بۆ نایه‌ت. به‌ڵام گه‌ر بڕۆم بۆتانی ده‌نێرم. كاتێ‌ ئه‌و دێ‌، جیهان سه‌رزه‌نشت ده‌كات له‌سه‌ر گوناه‌و ڕاست‏ودروستیو حوكمدان، له‌سه‌ر گوناه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ‌ناهێنن.‏ له‌سه‌ر ڕاست‏ودروستی له‌به‌رئه‌وه‌ی من ده‌چمه‌ لای باوك‏و ئیتر نامبینن. له‌سه‌ر حوكمدانیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ حوكمی به‌سه‌ر دراوه‌.

(هێشتا شتی زۆرم هه‌یه‌ پێتانی بڵێم، ئێستا ناتوانن به‌رگه‌ی بگرن. به‌ڵام كاتێ‌ ڕۆحی ڕاستی بۆ لاتان دێ‌، به‌ره‌و هه‌موو ڕاستیه‌كتان ده‌بات، چونكه‌ له‌‏خۆیه‌وه‌ هیچ ناڵێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گوێی لێ‌ده‌بێ‌ پێتانی ڕاده‌گه‌ێنێ‌، ئه‌وه‌ی له‌ دواییدا ڕووده‌دات پێتانی ده‌ڵێ‌. ئه‌و شكۆدارم ده‌كات چونكه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆتانی باس‎ده‌كات له‌منه‌وه‌ ده‌رچووه‌. هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هی باوكه‌، هه‌روه‌ها هی منه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ بوو پێم‎ووتن ئه‌وه‌ی بۆتانی باس ده‌كات له‌منه‌وه‌ ده‌رچووه‌. پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م نام‎بینن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌م‎بینن، چونكه‌ ده‌گه‌رێمه‌وه‌ لای باوك.)

خۆشی دوای ناخۆشی

هه‌ندێ‌ له‌‏قوتابیه‌كان پرسیاریان كرد: (مه‌به‌ستی چییه‌ له‌م قسه‌یه‌: پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م نامبینن، دوای ئه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مبینن، هه‌روه‌ها: چونكه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای باوك؟) دیسان ووتیان: (ئه‌م كه‌مه‌ چییه‌ باسی ده‌كات؟ تێناگه‌ین له‌وه‌ی ده‌یڵێ‌!) عیسا زانی كه‌وا حه‌زده‌كه‌ن پرسیاری لـێ‌بكه‌ن، ئینجا پێی ووتن: (پرسیار له‌ واتای قسه‌كه‌م ده‌كه‌ن: پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م نام‎بینن، دوای ئه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌م‎بینن.

(ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئێوه‌ ده‌گرین‏و شیوه‌ن ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیهان دڵشاد ده‌بێ‌، ئێوه‌ دڵته‌نگ ده‌بن، به‌ڵام دڵته‌نگیه‌كه‌تان ده‌بێ‌ به‌ خۆشی. ژن دڵته‌نگ ده‌بێ‌ كاتێ‌ كه‌ منداڵ‏بوونی نزیك بووه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ‌ منداڵه‌كه‌ی بوو، ئیتر بیر له‌‏ماندووبوونی ناكاته‌وه‌، له‌خۆشی ئه‌وه‌ی مرۆڤێك له‌دایك‎بوو بۆ ئه‌م جیهانه‌. ئێوه‌ش ئاوها، ئێستا دڵته‌نگ ده‌بن، به‌ڵام كاتێ‌ دێمه‌وه‌ بۆلاتان، دڵتان خۆش ده‌بێ‌، ئیتر كه‌س ئه‌و خۆشیه‌تان لـێ‌ناسێنێته‌وه‌. له‌و ڕۆژه‌دا پرسیاری هیچم لـێ‌ناكه‌ن. ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: هه‌ر شتێك به‌ناوی منه‌وه‌ له‌باوك داوا بكه‌ن ده‌تانداتێ‌. هه‌تا ئێستا به‌ناوی منه‌وه‌ هیچتان داوا نه‌كردووه‌. داوابكه‌ن وه‌ریده‌گرن، تا خۆشیه‌كه‌تان به‌ ته‌واوی بێت.

من به‌سه‌ر جیهاندا زاڵبووم

(ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ له‌‏قسه‌كانمدا نموونه‌م بۆ هێنانه‌وه‌، به‌ڵام كاتێ‌ دێ‌، باسی باوكتان بۆ بكه‌م به‌‏ئاشكرا و بێ‌ نموونه‌. له‌و ڕۆژه‌دا به‌ناوی منه‌وه‌ داوا له‌باوك ده‌كه‌ن. ئیتر پێتان ناڵێم من داواتان بۆ ده‌كه‌م لای باوك. چونكه‌ باوك خۆی خۆشی ده‌وێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ منتان خۆشویست، هه‌روه‌ها باوه‌ڕتان به‌وه‌ هێنا كه‌ من له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم. له‌باوكه‌وه‌ ده‌رچووم‏و هاتووم بۆ جیهان، ئێستا جیهان به‌جێ‌ده‌هێڵم‏و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای باوك.(

لێره‌ قوتابیه‌كانی پێیان‎ووت: (‏ئێستا به‌‏ئاشكرا گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت بێ‌ نموونه‌. ئێستا ده‌زانین تۆ هه‌موو شتێك ده‌زانی، پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌س پرسیارت لـێ‌بكات. له‌به‌رئه‌وه‌ باوه‌ڕده‌هێنین تۆ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووی.) عیسا له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ئایا ئێستا باوه‌ڕده‌هێنن؟ كاتێ‌ دێ‌‏، ئه‌وه‌تا هاتووه‌‏، تیایدا له‌‏یه‌كتری جیاده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌ بۆ ماڵی خۆی، ئینجا به‌ته‌نها به‌جێم‎ده‌هێڵن. به‌ڵام من به‌ته‌نها نیم، چونكه‌ باوك له‌گه‌ڵمدایه‌. ئه‌مانه‌م هه‌موو پێ‌ووتن تاكو له‌مندا ئاشتیتان هه‌‏بێ‌. ئێوه‌ له‌جیهاندا ته‌نگانه‌ ده‌چێژن. به‌ڵام ووره‌تان به‌رزبێ‌، من به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ‎بووم‏!)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.