Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 14

دڵته‌نگ مه‌بن

(دڵته‌نگ مه‌بن. ئێوه‌ باوه‌ڕتان به‌‏خودا هه‌یه‌، كه‌واته‌ باوه‌ڕیش به‌من بكه‌ن. ماڵی باوكم ژووری زۆری لێیه‌، گه‌ر وا‏نه‌بووایه‌ ئه‌وسا پێم‎ ده‌ووتن، من ده‌ڕۆم بۆ ئه‌وێ‌ تا شوێنتان بۆ ئاماده‌بكه‌م. دوای ئه‌وه‌ی ڕۆیشتم‏و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان‏و له‌گه‌ڵ خۆم ده‌تانبه‌م، تاكو ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ بن كه‌ منی لێده‌بم. ئێوه‌ ڕێگای ئه‌و شوێنه‌ پێ‌ده‌زانن كه‌ من بۆی ده‌چم.)

من ڕێگاو ڕاستیو ژیانم

ئینجا تۆما ووتی: (گه‌وره‌م، نازانین تۆ بۆكوێ‌ ده‌ڕۆی، ئیتر چۆن ڕێگه‌كه‌ بزانین؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من ڕێگاو ڕاستی‏و ژیانم. كه‌س نایه‌ت بۆ لای باوك به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێ‌. گه‌ر ئێوه‌ من بناسن، ئه‌وا باوكیشم ده‌ناسن، له‌ئێستا به‌دواوه‌ ده‌یناسن‏و بینیوتانه‌.) لێره‌ فیلیپۆس پێی ووت: (گه‌وره‌م، باوكمان نیشان‎ بده‌ ئیتر به‌سمانه‌!)

‏ عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ماوه‌یه‌كی دوورو درێژه‌ من له‌گه‌ڵتانم هێشتا هه‌ر نه‌تناسیوم ئه‌ی فیلیپۆس؟ ئه‌وه‌ی منی بینیوه‌ باوكی بینیوه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی باوكمان نیشان‎بده‌؟ ئایا باوه‌ڕ ناهێنی من له‌باوكدام، باوكیش له‌‏مندایه‌؟ ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌یڵێم له‌خۆمه‌وه‌ نایڵێم، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌ی له‌مندا نیشته‌جێ‌ بووه‌، ئه‌و كاره‌كانی خۆی ده‌كات. باوه‌ڕم پێ‌بكه‌ن من له‌باوكدام‏و باوكیش له‌‏مندایه‌، ئه‌گه‌ر نا باوه‌ڕم پێ‌بكه‌ن به‌هۆی كاره‌كان خۆیانه‌وه‌. ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌من بكات ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، به‌ڵكو له‌وانه‌ش مه‌زنتر ده‌كات، چونكه‌ من بۆ لای باوك ده‌ڕۆم‏. هه‌رچیه‌ك به‌ناوی منه‌وه‌ داوابكه‌ن بۆتانی ده‌كه‌م، هه‌تا باوك له‌ڕۆڵه‌دا شكۆداربێ‌. گه‌ر شتێكتان به‌ناوی من داواكرد، من بۆتانی ده‌كه‌م.)

به‌ڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز

(گه‌ر ئێوه‌ منتان خۆش بوێ‌ به‌ڕاسپارده‌كانم كارده‌كه‌ن‏. ئه‌وسا له‌‏باوكم داواده‌كه‌م یارمه‌تیده‌رێكی* دیكه‌تان بداتێ‌و تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ڕۆحی ڕاستییه‌، كه‌وا جیهان ناتوانێ‌ وه‌ریگرێ‌ چونكه‌ نایبینێت‏و نایناسێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یناسن چونكه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ناوتان ده‌بێت. به‌‏هه‌تیوی به‌جێتان ناهێڵیم، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان. پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م جیهان نام‎بینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌م‎بینن. جا‏چونكه‌ من زیندووم، ئێوه‌ش هه‌روه‌ها زیندووده‌بنه‌وه‌. له‌و ڕۆژه‌‏دا ده‌زانن باوك له‌‏مندایه‌، ئێوه‌ش له‌مندان، منیش له‌ ئێوه‌دام. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی لایه‌و كاریپێ‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ منی خۆش‎ده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆش‏بوێ‌، باوكم خۆشی‎ده‌وێ‌، منیش خۆشم‏ده‌وێ‌و خۆمی پێ‌نیشان ده‌ده‌م.)

ئینجا یه‌هوزا‏یه‌كیتر كه‌ یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی نه‌بوو، پرسیاری لـێ‌كرد‏: (گه‌وره‌م، بۆچی ده‌ته‌وێ‌ خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌رخه‌یت به‌ڵام بۆ جیهان نا؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی منی خۆش بووێت كار به‌‏ووته‌كانم ده‌كات، باوكیشم خۆشی ده‌وێت، ئێمه‌ بۆ لای ئه‌و دێین‏و لای ئه‌و نیشته‌جێ‌ ده‌بین. ئه‌وه‌ش منی خۆش ناوێ‌ كارناكات به‌ ووته‌كانم. ئه‌م ووشانه‌ی گوێتان لـێ‌ده‌بێ‌ هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. من ئه‌م شتانه‌م پێ‌‎ووتن له‌كاتێكدا هێشتا لاتانم. به‌ڵام ڕۆحی پیرۆز، ئه‌و یارمه‌تیده‌ره‌ی باوك به‌ناوی من ده‌ینێرێ‌، هه‌موو شتێكتان فێر ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێم‎ ووتوون بیرتان ده‌خاته‌وه‌.

ئاشتی عیسا

(ئاشتیتان بۆ به‌جێ‌ده‌هێڵم. ئاشتی خۆمتان ده‌ده‌مێ‌. به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نا كه‌ جیهان ده‌تان‎داتێ‌. دڵته‌نگ مه‌بن، هه‌روه‌ها مه‌ترسن. گوێتان لـێ‌بوو من پێم‎ووتن: من لاتان ده‌ڕۆم‏و دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان. گه‌ر ئێوه‌ منتان خۆش بوێ‌، دڵشاد ده‌بن چونكه‌ من ده‌ڕۆم بۆلای باوك، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوك له‌‏من مه‌زنتره‌. ئه‌وه‌تا ئێستا هه‌واڵی ئه‌وه‌م پێ‌دان پێش ڕوودانی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێ‌ ڕوویدا باوه‌ڕبهێنن. ئیتر له‌مه‌ولا زۆر قسه‌تان له‌گه‌ڵ ناكه‌م، چونكه‌ گه‌وره‌ی ئه‌م جیهانه‌ وا دێت‏و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر من نییه‌. به‌ڵام ده‌بێ‌ جیهان بزانێ‌ من باوكم خۆش ده‌وێ‌، هه‌روه‌ها باوك چۆن ڕای‏سپاردم وا ڕه‌فتار ده‌كه‌م. هه‌ستن! با لێره‌ بڕۆین!)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.