Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 12

چه‌وركردنی عیسا بۆ مردن

شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون عیسا هات بۆ دێی به‌یت‏عه‌نیا، ئه‌وه‌ی عیسا له‌عازری تیا زیندووكرده‌وه‌ له‌نێو مردوواندا. له‌عازر داوه‌تی نانخواردنی ئێواره‌ی سازكرد بۆ عیسا، مه‌رسای خوشكی ده‌ستیكرد به‌‏خزمه‌تكردن، له‌عازر خۆی یه‌كێ‌ بوو له‌وانه‌ی له‌سه‌ر خوان له‌گه‌ڵ عیسادا دانیشتبوو. مریه‌میش سێیه‌كی لیترێك بۆنی ناردینی گرانبه‌های بێ‌غه‌شی هێناو هه‌ردوو قاچی عیسای پێ‌ چه‌وركرد، ئینجا به‌‏قژی هه‌ردوو قاچی سڕیه‌وه‌، ئیتر ماڵه‌كه‌ هه‌مووی پڕبوو له‌بۆنی خۆش. یه‌كێ‌ له‌‏قوتابیه‌كانی كه‌ یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، ئه‌وه‌ی له‌‏دواییدا ناپاكی له‌گه‌ڵدا ده‌كات ووتی: (‏ بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌‏سێ‌ سه‌د دینار‏* نه‌فرۆشراو دابه‌ش‏نه‌كرا به‌سه‌ر هه‌ژاراندا؟) ئه‌ویش ئه‌مه‌ی نه‌ووت چونكه‌ به‌زه‌یی به‌‏هه‌ژاراندا ده‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو ‏له‌به‌رئه‌وه‌ی دز بوو، ئه‌و دانرا بوو به‌سه‌ر پاره‌ی سندوق به‌ڵام هه‌رچیه‌كی تیا دابنرایه‌ ده‌یدزی. عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (وازی لـێ‌بهێنه‌! ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی هه‌ڵگرتبوو بۆ ڕۆژی ناشتنم، چونكه‌ هه‌ژاران هه‌موو كاتێ‌ لاتانن، به‌ڵام من هه‌موو كاتێ‌ لاتان نیم.) كاتێ‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌‏جووله‌كه‌كان زانییان عیسا له‌وێیه‌، هاتن ته‌نها بۆ ئه‌وه‌نا كه‌ عیسا ببینن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش له‌عازر ببینن كه‌ له‌‏نێو مردوواندا زیندووی كردبووه‌وه‌. ئه‌وسا سه‌رۆك كاهینه‌كان بڕیاریان‎دا له‌عازریش بكوژن، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جووله‌كه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌هاتن‏و باوه‌ڕیان به‌عیسا ده‌‏هێنا‏.

چوونه‌ ناو قودس وه‌ك پادشا

ڕۆژێ‌ دوایی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی كه‌ هاتبوون بۆ جه‌ژن، بیستیان عیسا هاتووه‌ بۆ قودس. لقه‌ دار خورمایان برد له‌گه‌ڵ خۆیان‏و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشوازیكردنیو هاواریان‏كرد: (هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت! ئه‌و پادشای ئیسرائیله‌!) عیسا جاشكێكی بینی‏، سواری بوو، وه‌ك له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی شاری داود، پادشاكه‌ت دێته‌ لات به‌ سواری جاش ماكه‌رێك.]] قوتابیه‌كانی عیسا یه‌كه‌مجار ئه‌مانه‌ تێنه‌گه‌یشتن. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی عیسا شكۆداركرا، بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا ئه‌مه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌، ئه‌وانیش ئه‌مه‌یان‏كرد بوو بۆ ئه‌و.

ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون كاتێ‌ له‌عازری بانگكرد له‌‏گۆڕداو زیندووی كرده‌وه‌ له‌نێو مردووان، شایه‌تی ئه‌مه‌یان بۆ ده‌دا. جا له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشوازی، چونكه‌ بیستبوویان كه‌ ئه‌و نیشانه‌‏ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ی كردووه‌. ‏فه‌ریسیه‌كان به‌‏یه‌كتریان ووت: (‏ده‌بینن بێ‌‏سووده‌؟ ئا ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان شوێنی كه‌وتووه‌!)

مردن ده‌رگایه‌ بۆ ژیان

هه‌ندێ‌ یۆنانی له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌بوون كه‌ له‌جه‌ژندا هاتبوون بۆ خوداپه‌رستی، ئه‌وسا چوونه‌ لای فیلیپۆس كه‌ خه‌ڵكی شاری سه‌یدای ناوچه‌ی جه‌لیل بوو، پێیان ووت: (گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێ‌ عیسا ببینین.) فیلیپۆس ڕۆیشت‏و ئه‌مه‌ی به‌ ئه‌نده‌راوس ووت، ئینجا به‌یه‌كه‌وه‌ ڕۆیشتن هه‌واڵیان‎دا به‌ عیسا.

جا عیسا پێی ووتن: (ئه‌وه‌تا كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نزیك بووه‌ته‌وه‌. ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم هه‌روه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ ناو زه‌وی‏و نه‌مرێ‌‏، به‌ڵام كه‌ مرد ئه‌وكاته‌ ده‌نكی زۆری لـێ‌به‌به‌ردێ‌. ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی خۆش بوێ‌، ده‌یدۆڕێنێ‌. ئه‌وه‌ش كه‌ ڕقی له‌‏ژیانی خۆی ده‌بێته‌وه‌ له‌م جیهانه‌دا، ده‌یهێڵێته‌وه‌ بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ خزمه‌تم بكات با شوێنم بكه‌وێ‌. جا من له‌هه‌ر شوێنێكدابم، خزمه‌تكاریشم له‌وێیه‌. هه‌روه‌ها هه‌ر‏كه‌سێ‌ خزمه‌تم بكات باوكم ڕێزی لـێ‌ده‌گرێ‌.

عیسا باسی مردنی خۆی ده‌كات

(‏ئێستا دڵم ته‌نگه‌، چی بڵێم؟ ئه‌ی باوك‏، ڕزگارم ‎بكه‌ له‌و‏كاته‌ سه‌خته‌ی چاوه‌ڕێم ده‌كات؟ نه‌خێر! له‌پێناوی ڕوودانی ئه‌م كاته‌ هاتووم. جا ئه‌ی باوك، ناوی خۆت شكۆداركه‌!) له‌وكاته‌دا ده‌نگێ‌ له‌‏ئاسمانه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (شكۆدارم كردووه‌و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌.) هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی له‌وێ‌ ئاماده‌بوون كاتێ‌ گوێیان له‌‏ده‌نگه‌كه‌ بوو ووتیان: (ئه‌مه‌ ده‌نگی هه‌وره‌!) به‌ڵام هه‌ندێكی كه‌یان ووتیان: (فریشته‌ بوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.) عیسا له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌م ده‌نگه‌ له‌‏پێناوی من نه‌بوو، به‌ڵكو له‌‏پێناوی ئێوه‌ بوو. ئێستا كاتی حوكم‎دانه‌ به‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌! ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌! كاتێ‌ من له‌سه‌ر زه‌وی به‌رزده‌كرێمه‌وه‌، هه‌مووان بانگ‎ده‌كه‌م بۆ لای خۆم.) عیسا ئه‌مه‌ی ووت تا ده‌ست‏نیشانیكات به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌مرێ‌. ‏خه‌ڵكه‌كه‌ پێیان‎ووت: (ئێمه‌ له‌‏شه‌ریعه‌تدا بیستوومانه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ به‌‏زیندوویه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن تۆ ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ‌ به‌رزبكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟) عیسا پێی ووتن: (ڕووناكی كاتێكی كورت له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌. جـا به‌رده‌وام‎بن له‌ڕۆیشتن تا دونیا ڕووناكه‌‏و تاریكیتان به‌سـه‌ردا نه‌هـاتووه‌، چـونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌‏تاریكـیدا ده‌ڕوات نازانێ‌ بۆ كــوێ‌ ده‌ڕوات. باوه‌ڕبهێنن به‌‏ڕووناكـی هه‌تا ڕووناكـیتان لـه‌گـه‌ڵدایه‌، ئه‌وكــاته‌ ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكی.) دوای ئه‌وه‌ی عیسـا ئه‌مــه‌ی ووت، ڕۆیشت‏و خۆی لێیان شــارده‌وه‌‏. ‏لــه‌گـه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر نیشانه‌ی سه‌رسورهێنه‌ری له‌به‌رده‌میان‏كرد، باوه‌ڕیان پێ‌نه‌هێنا، تا ووته‌ی ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر بێته‌دی: [[ئه‌ی خـوداوه‌ند كـێ‌ باوه‌ڕی هێنا به‌ ووته‌كانمان؟ ده‌ستی خوداوه‌ند بۆ كێ‌ ده‌ركه‌وت؟]] ئه‌وان نه‌یانتوانی باوه‌ڕبهێنن، چونكه‌ ئه‌شعیا دیسان ووتبووی: [[چاویانی كوێرو دڵیانی ڕه‌ق‏كردووه‌، تاكو به‌چاویان نه‌بینن‏و به‌دڵیان هه‌ست نه‌كه‌ن، ئه‌وسا بگه‌رێنه‌وه‌و چاكیان بكه‌مه‌وه‌.]] ئه‌شعیا ئه‌مـه‌ی ووت بوو، چـونكه‌ شـكۆی ئه‌وی بینی بوو و باسیكـرد بوو. لـه‌گـه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆر لــه‌‏سه‌رۆكه‌كان باوه‌ڕیان به‌ عیسا كـرد، بێ‌ئــه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌كـه‌یان ده‌ربخه‌ن، له‌‏ترسی ئه‌وه‌ی فه‌رمانی ده‌ركـردنیان له‌كه‌نیشتدا به‌سه‌ر بدرێ‌، چونكـه‌ ئه‌وان زیاتر حـه‌زیان لـه‌شـكۆی خـه‌ڵكـی بوو نه‌ك شـكۆی خـودا.

ڕووناكی باوه‌ڕ

ئینجا عیسا به‌ده‌نگێكی به‌رز ووتی: (ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ‌بهێنێ‌، ‏باوه‌ڕ به‌‏من ناهێنێ‌ به‌ڵكو به‌وه‌ی كه‌ ناردوومی، ئه‌وه‌ش منی بینیوه‌، ئه‌وه‌ی بینیوه‌ كه‌ ناردوومی. من وه‌ك ڕووناكی هاتومه‌ته‌ جیهان، تائه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ‌بهێنێ‌ له‌ تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌. گه‌ر یه‌كێ‌ گوێی له‌‏ووته‌كانم بوو و كاری پێ‌نه‌كرد، من حوكم ناده‌م به‌سه‌ری، چونكه‌ من نه‌هاتووم تا حوكم به‌سه‌ر جیهاندا بده‌م‏، به‌ڵكو هاتووم بۆ ڕزگاری جیهان. ئه‌وه‌ی دانم‎پیانه‌نێ‌‏و به‌‏ووته‌كانم ڕازی نه‌بێ‌، هه‌یه‌ كه‌وا حوكم‎بدا به‌سه‌ری، ئه‌و ووشه‌یه‌ی كه‌ ووتم ئه‌و حوكم ده‌دات به‌سه‌ری له‌‏ڕۆژی دواییدا، چونكه‌ من هیچ شتێكم له‌‏خۆمه‌وه‌ نه‌وتووه‌، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌ی ناردوومی چی ڕاسپاردووم ئه‌وه‌ ده‌ڵێم. هه‌روه‌ها من ده‌زانم ڕاسپارده‌ی ئه‌و ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌، جا هه‌ر ووته‌یه‌ك من ده‌یڵێم، به‌و شــێوه‌یه‌ ده‌یڵێم كه‌ باوكم پێی ووتووم.(

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.