Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 11

مردنی له‌عازر

مرۆڤێك ناوی له‌عازر بوو نه‌خۆش بوو، خه‌ڵكی به‌یت‏عه‌نیا بوو‏، ئه‌و لادێیه‌ی له‌گه‌ڵ مریه‌م‏و مه‌رسای خوشكی تیایدا ده‌ژیان. ئه‌م مریه‌مه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ خوداوه‌ندی به‌‏بۆن چه‌وركردو به‌قژی پێیه‌كانی سڕیه‌وه‌، له‌عازری نه‌خۆشیش برای ئه‌م بوو. هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ ناردیان به‌دوای عیسادا تا پێی بڵێن: (گه‌وره‌م، ئه‌وه‌ی خۆشت‎ده‌وێ‌ نه‌خۆشه‌.) كاتێ‌ عیسا ئه‌مه‌ی بیست ووتی: (ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌‏مردن كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی شكۆداری خودا‏، ئه‌وسا به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا شكۆدار ده‌بێ‌.)

‏ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عیسا مه‌رساو خوشكه‌كه‌ی و له‌عازری خۆش ده‌ویست، له‌و شوێنه‌ی كه‌لێی بوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌نه‌خۆشیه‌كه‌ی له‌عازریشی زانیبوو. دوای ئه‌وه‌ عیسا به‌ قوتابیه‌كانی ووت: (با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی یه‌هودیه‌!) قوتابیه‌كان پێیان‎ووت: (مامۆستا، ئایا ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی یه‌هودیه‌، باشه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر جووله‌كه‌كان نه‌یانویست به‌ردبارانت بكه‌ن؟) عیسا له‌ وه‌ڵامدا ووتی: (ئایا ڕۆژ دوانزه‌ سه‌عات نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌‏رۆژ بڕوات ساتمه‌ ناكات، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێ‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌‏شه‌و بڕوات ساتمه‌ ده‌كات، چونكه‌ ڕووناكی تیادانییه‌.) ئینجا عیسا ووتی: (له‌عازری خۆشه‌ویستمان خه‌وتووه‌، به‌ڵام من ده‌ڕۆم خه‌به‌ری ده‌كه‌مه‌وه‌.) ‏قوتابیه‌كان ووتیان:‏ (گه‌وره‌م، گه‌ر ئه‌و نووستوه‌، ئه‌وسا به‌‏ساغی خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌.)‏ قوتابیه‌كانی وایانزانی مه‌به‌ستی له‌‏نووستنی ئاساییه‌، به‌ڵام عیسا مه‌به‌ستی له‌مردنی له‌عازر بوو. ئه‌و كاته‌ عیسا به‌ئاشكرا پێ‌ووتن: (له‌عازر مردووه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئێوه‌ من دڵشادم كه‌ له‌وێ‌ نه‌بووم، تا باوه‌ڕ بهێنن. با‏برۆین بۆ لای!) ئینجا تۆما كه‌ به‌ دووانه‌ ناسرابوو لای قوتابیه‌كانیكه‌ ووتی: (با ئێمه‌ش بڕۆین له‌گه‌ڵی تا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین!)‏

من زیندو‏وبوونه‌وه‌و ژیانم

كاتێ‌ عیسا گه‌یشت، له‌عازر چوار ڕۆژ بوو نێژرابوو. به‌یت‏عه‌نیاش ته‌نها نزیكه‌ی دوو میل له‌ قودسه‌وه‌ دوور‏بوو. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌‏جووله‌كه‌ هاتبوونه‌ لای مه‌رساو مریه‌م تا سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لـێ‌بكه‌ن. كاتێ‌ مه‌رسا زانی عیسا هاتووه‌، هاته‌ده‌ره‌وه‌ بۆ چاوپێكه‌وتنی، مریه‌میش له‌‏ماڵه‌وه‌ دانیشتبوو. ئینجا مه‌رسا به‌‏عیسای ووت: (گه‌وره‌م، گه‌ر لێره‌ بوویتایه‌، براكه‌م نه‌ده‌مرد. به‌ڵام ده‌زانم ته‌نانه‌ت ئێستاش هه‌رچی له‌خودا داوا بكه‌یت ده‌تداتێ‌.) عیسا له‌وه‌ڵامدا ووتی: (براكه‌ت زیندووده‌بێته‌وه‌.) مه‌رسا ووتی: (‏ده‌زانم هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ له‌هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان له‌ڕۆژی دواییدا!) ‏عیسا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (من زیندووبوونه‌وه‌و ژیانم. هه‌ر كه‌سێ‌ باوه‌ڕم پێ‌بهێنێ‌، ئه‌گه‌ر مردیش زیندووده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێ‌ زیندوو بێ‌ و باوه‌ڕم پێ‌بهێنێ‌ هه‌رگیز نامرێ‌. ئایا باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (به‌ڵێ‌ گه‌وره‌م. من باوه‌ڕ ده‌كه‌م تۆ مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودای هاتووی بۆ جیهان!)‏

گریانی عیسا‏

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی ووت، چوو مریه‌می خوشكی بانگ‎بكات، به‌دزیه‌وه‌ پێی ووت: (مامۆستا لێره‌یه‌، بانگت‎ده‌كا!) مریه‌م كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستاو هاته‌ لای. عیسا جارێ‌ نه‌گه‌یشتبووه‌ دێیه‌كه‌، به‌ڵكو هێشتا له‌وشوێنه‌ بوو كه‌ تیایا چاوی به‌‏مه‌رسا كه‌وتبوو. جووله‌كه‌كانیش، ئه‌وانه‌ی له‌‏ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون‏و بۆ دڵنه‌وایی هاتبوون، كه‌ بینییان ئاوا هه‌ستایه‌ سه‌رپێ‌‏و خێرا چووه‌ ده‌ره‌وه‌، شوێنی كه‌وتن، چونكه‌ وایانزانی ده‌ڕوات تا له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بگری. كاتێ‌ مریه‌م عیسای بینیو گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وی لـێ‌بوو، كه‌وت به‌سه‌ر پێیداو ووتی: (گه‌وره‌م، گه‌ر لێره‌ بوویتایه‌، براكه‌م نه‌ده‌مرد!) عیسا كه‌ مریه‌م‏و ئه‌و جووله‌كانه‌ی بینی له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گرین، دڵی پڕ بوو له‌په‌ژاره‌یه‌كی زۆر، ئینجا پرسی: (له‌كوێ‌ ناشتوتانه‌؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، وه‌ره‌ سه‌یركه‌!) عیسا گریا. لـه‌م‎كاته‌دا جووله‌كه‌كان به‌‏یه‌كتریان ووت: (سه‌یركه‌ چه‌ندی خۆش‎ده‌ویست!) هــه‌ندێكیان پرسـیاریان‎ كرد: (ئایا نه‌یده‌توانی ئه‌مه‌ی كه‌ چاوی كوێرانی چاك كرده‌وه‌، نه‌یهێشتایه‌ له‌عازر بمرێ‌؟(

زیندووبوونه‌وه‌ی له‌عازر

جارێكیكه‌ عیسا دڵی پڕبوو له‌ په‌ژاره‌. ئینجا له‌گۆڕه‌كه‌ نزیك كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌شكه‌وتێك بوو ده‌رگاكه‌ی به‌ردێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بوو. عیسا ووتی: (‏به‌رده‌كه‌ لابه‌ن!) مه‌رسا ووتی: (گه‌وره‌م ئه‌مه‌ ڕۆژی چواره‌مینێتی، بۆنی كردووه‌.) جا عیسا پێی ووت: (پێم نه‌ووتی گه‌ر باوه‌ڕت هه‌بێ‌ شكۆمه‌ندی خودا ده‌بینی؟) ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابردو عیسا سه‌یری ئاسمانی كردو ووتی: (ئه‌ی باوك، سوپاست ده‌كه‌م چونكه‌ گوێت لێ‌گرتم، من زانیومه‌ كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ‌ده‌گری. به‌ڵام من ئه‌مه‌م ووت له‌به‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ ده‌وروپشتم ڕاوه‌ستاون تا باوه‌ڕ بهێنن تۆ منت ناردووه‌.) كاتێ‌ ئه‌مه‌ی ووت به‌ده‌نگێكی به‌رز بانگی كرد: (له‌عازر وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌، به‌كفن ده‌ست‏و قاچی به‌سترابوو، سه‌ریشی به‌قوماشێك پێچرابوو. لێره‌ عیسا به‌وانه‌ی ده‌وروپشتی ووت: (بیكه‌نه‌وه‌ با بڕوات. (

پلانێك ‏بۆ كوشتنی عیسا

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌‏جووله‌كه‌كان له‌وانه‌ی كه‌ هاتبوون بۆ دڵنه‌وایی مریه‌م، كاتێ‌ ئه‌مه‌یان بینی باوه‌ڕیان هێنا به‌‏عیسا. به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌وان چوونه‌ لای فه‌ریسیه‌كان تا هه‌واڵی ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ عیسا كردوویه‌تی. ئینجا سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و فه‌ریسیه‌كان ئه‌نجومه‌نی باڵایان كۆكرده‌وه‌و ووتیان: (چی بكه‌ین؟ ئه‌م كابرایه‌ نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری زۆر ده‌كات. گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ وازی لـێ‌بهێنین هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ باوه‌ڕی پێ‌ده‌هێنن، ئیتر ڕۆمانیه‌كان دێن‏و په‌رستگاكه‌مان له‌ناو ده‌به‌ن‏و میلله‌ته‌كه‌مان ڕاپێچ ده‌كه‌ن!) یه‌كێ‌ له‌وان كه‌‏ناوی قه‌یافا بوو ئه‌و ساڵه‌ سه‌رۆك كاهین بوو ووتی: (ئێوه‌ هیچ نازانن! ئێوه‌ تێ‌ناگه‌ن باشتروایه‌ پیاوێك بمرێ‌ و ببێ‌ به‌‏قوربانی گه‌ل، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێ‌.) قه‌یافا له‌خۆیه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام چونكه‌ له‌و ساڵه‌دا كاهینی به‌رز بوو، پێشبینیكردبوو‏* كه‌ عیسا له‌‏پێناوی گه‌لدا ده‌مرێ‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناوی گه‌ل نا، به‌ڵكو هه‌روه‌ها له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كانی خودا كه‌ په‌رشوبڵاوبوونه‌ته‌وه‌ تا بیانكات به‌یه‌ك. له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئیتر جووله‌كه‌كان بڕیاریان‎دا عیسا بكوژن. ئیتر ئه‌ویش به‌‏ئاشكرا به‌ناویاندا نه‌ده‌رۆیشت، به‌ڵكو چوو بۆ شارێك ناوی ئه‌فرایم بوو، كه‌وتۆته‌ شوێنێكی نزیك بیابان، له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی مایه‌وه‌. له‌و كاته‌دا جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی جووله‌كه‌ نزیك بووبوه‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆر له‌لادێكانه‌وه‌ هاتبوون بۆ قودس تاكو هه‌ستن به‌‏مه‌راسیمی خۆپاك‎كردنه‌وه‌ی پێش جه‌ژن. ئه‌وان به‌دوای عیسادا ده‌گه‌ڕان، كاتێ‌ له‌‏په‌رستگادا كۆبوونه‌وه‌ پرسییان: (ڕاتان چیه‌؟ ئایا نایه‌ت بۆ جه‌ژن؟) سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و فه‌ریسیه‌كان فه‌رمانیان ده‌ركردبوو كه‌وا هه‌ركه‌سێك عیسا ببینێ‌ ده‌بێ‌ خه‌به‌ری لـێ‌بدات تا بیگرن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.