Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 10

من شوانێكی دڵسۆزم

(ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌ده‌رگای پشتیری مێگه‌لێكه‌وه‌ ناچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵكو به‌ڕێگایه‌كیكه‌دا بۆی سه‌ربكه‌وێ‌‏، ئه‌وه‌ دزو جه‌رده‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌‏ده‌رگاوه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وه‌ شوانی مێگه‌له‌كه‌یه‌، ده‌رگاوانیش ده‌رگاكه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه‌، مێگه‌له‌كه‌ش گوێ‌ له‌ده‌نگی ده‌گرن، بانگی مێگه‌له‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی ده‌كات هه‌ر یه‌كه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌، ئه‌وسا ده‌یانباته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ‌ هه‌موویانی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌‏پێشیانه‌وه‌ ده‌ڕوات‏و ئه‌وانیش دوای ده‌كه‌ون، چونكه‌ ده‌نگی ده‌ناسن. ئه‌وان شوێنی یه‌كێكی نامۆ ناكه‌ون، به‌ڵكو لێی ڕاده‌كه‌ن‏، چونكه‌ ده‌نگی نامۆ ناناسن. عیسا ئه‌م نموونه‌یه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌‏مه‌به‌ستی قسه‌كه‌ی تێ‌نه‌گه‌یشتن.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ دیسان ووتی: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: من ده‌رگای مێگه‌له‌كه‌م. هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من هاتوون دزو جه‌رده‌ بوون، به‌ڵام مێگه‌ڵه‌كه‌ گوێیان لێ‌نه‌گرتن‏. من ئه‌و ده‌رگایه‌م، ئه‌وه‌ی لێم بێته‌ ژووره‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت، ئه‌وسا دێته‌ژووره‌وه‌و ده‌چێته‌ده‌ره‌وه‌و له‌وه‌ڕگا ده‌دۆزێته‌وه‌. دز نایه‌ت‏، ته‌نها بۆ دزین‏و سه‌ربڕین‏و له‌ناوبردن نه‌بێت. به‌ڵام من هاتووم هه‌تا ئه‌وان ژیانیان هه‌بێ‌، ژیانێكی تێروته‌سه‌ل. من شوانێكی دڵسۆزم، شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی ده‌كاته‌ قوربانی له‌پێناوی مێگه‌له‌كه‌ی. به‌كرێگیراو وه‌ك شوان‎ نییه‌، چونكه‌ مێگه‌له‌كه‌ هی خۆی نییه‌. كاتێ‌ ده‌بینێ‌ گورگ دێ‌، مێگه‌له‌كه‌ به‌جێ‌ده‌هێڵێ‌ هه‌تا خۆی ڕزگاركات، ئه‌وسا گورگه‌كه‌ مێگه‌له‌كه‌ ده‌ڕفێنێ‌‏و په‌رشو بڵاویان ده‌كاته‌وه‌. كابرا هه‌ڵدێ‌، چونكه‌ به‌كرێ‌ گیراوه‌ گوێ‌نادات به‌مێگه‌له‌كه‌! به‌ڵام من شوانێكی دڵسۆزم، مێگه‌له‌كه‌م ده‌ناسم، ئه‌وانیش من ده‌ناسن، هه‌روه‌ك چۆن باوك من ده‌ناسێ‌، منیش ئه‌و ده‌ناسم. جا من ژیانم ده‌كه‌م به‌قوربانی له‌پێناوی مێگه‌له‌كه‌مدا. هه‌روه‌ها مه‌ڕیترم هه‌یه‌ سه‌ر به‌م پشتیره‌ نین، ده‌بێ‌ ئه‌وانیش كۆبكه‌مه‌وه‌ لای خۆم، ئه‌وانیش گوێ‌ له‌‏ده‌نگم ده‌گرن، ‏ئه‌وسا یه‌ك مێگه‌ل‏و یه‌ك شوان ده‌بێ‌.

باوك منی خۆش‎ده‌وێ‌‏، چونكه‌ ژیانم ده‌كه‌م به‌قوربانی تا جارێكیكه‌ وه‌ری گرمه‌وه‌. كه‌س له‌‏منی ناسێنێ‌، به‌ڵكو من به‌‏ئاره‌زووی خۆم پێشكه‌شی ده‌كه‌م. من ده‌سه‌ڵاتی پێشكه‌شكردن‏و ده‌سه‌ڵاتی بردنه‌وه‌یم هه‌یه‌. ئه‌مه‌ ڕاسپارده‌یه‌كه‌ له‌باوكمه‌وه‌ وه‌رم‎گرتووه‌.) به‌هۆی ئه‌م قسانه‌ دووبه‌ره‌كی له‌نێو جووله‌كه‌كان په‌یدابوو. زۆربه‌یان ووتیان: (ڕۆحی پیسی تیادایه‌و وڕێنه‌ ده‌كات. ئیتر بۆچی گوێی لـێ‌بگرین؟) هه‌ندێكی كه‌یان ووتیان: (ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێك نییه‌ كه‌ ڕۆحی پیسی تیادابێ‌. ئایا ڕۆحی پیس ده‌توانێ‌ چاوی كوێران چاك‎بكاته‌وه‌؟(

‏من‏و باوك یه‌كین

له‌كاتی ئاهه‌نگ گێران به‌بۆنه‌ی تازه‌كردنه‌وه‌ی په‌رستگا له‌زستاندا، عیسا له‌په‌رستگا به‌ناو هۆڵی سلێماندا ده‌ڕۆیشت. ‏جووله‌كه‌كان لێیكۆبوونه‌وه‌و پێیان ووت: (تا كه‌ی به‌سه‌رسوڕماوی ده‌مان‎هێڵیته‌وه‌ ده‌رباره‌ی خۆت؟ گه‌ر تۆ به‌ڕاستی مه‌سیحیت، به‌ئاشكرا پێمان‎بڵێ‌.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (من پێم‎ووتن، به‌ڵام ئێوه‌ باوه‌ڕم پێ‌ناكه‌ن. جا هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی به‌ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، شایه‌تی بۆمن ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئێوه‌ باوه‌ڕناكه‌ن چونكه‌ مه‌ڕی من نین. مه‌ڕه‌كانم گوێ‌ له‌‏ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یان‎ناسم‏و ئه‌وانیش دوام ‎ده‌كه‌ون، ژیانی هه‌تاهه‌تاییان ده‌ده‌مێ‌‏و هه‌رگیز له‌ناوناچن، هیچ كه‌سیش له‌‏ده‌ستم نایانڕفێنێ‌. ئه‌و باوكه‌ی به‌منی داوه‌ له‌‏هه‌موو كه‌س گه‌وره‌تره‌، كه‌س ناتوانێ‌ هیچ شتێ‌ له‌ده‌ستی باوك بسه‌نێ‌. من‏و باوك یه‌كین!)

جارێكیكه‌ جووله‌كه‌كان به‌ردیان هه‌ڵگرت، تا به‌ردبارانی بكه‌ن. ‏عیسا پێی ووتن: (زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكمه‌وه‌ نیشان‎دان، ئیتر به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌رد‏بارانت ناكه‌ین به‌هۆی كرداری چاك، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌كانته‌وه‌: چونكه‌ خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا، هه‌رچه‌نده‌ تۆ مرۆڤی!) ‏عیسا پێی ووتن: (ئایا له‌شه‌ریعه‌ته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: [[من پێم ووتون ئێوه‌ خـوداوه‌نده‌كانن؟]] ئه‌گه‌ر شه‌ریعه‌تی موســا ئه‌وانه‌ی ووشه‌ی خودایان بۆ هـاتۆته‌خواره‌وه‌، ناویان بنێت خوداوه‌ندان (هه‌رچه‌نده‌ ناتوانرێ‌ كتێبیش به‌درۆ بخرێته‌وه‌) ئیتر چۆن ده‌ڵێن به‌وه‌ی كه‌ باوك پیرۆزی كردووه‌و ناردوویه‌تی بۆ هـه‌مــوو جیهان: تۆ كفر ده‌كــه‌یت، چــونكــه‌ ووتومه‌: من ڕۆڵه‌ی خودام؟ گـه‌ر بێتو من كرداره‌كانی باوكم نه‌كه‌م، باوه‌ڕم پێ‌مه‌كه‌ن. به‌ڵام گه‌ر ئه‌وه‌م كرد، ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕیش به‌من ناكــه‌ن، باوه‌ڕ به‌و كــردارانه‌ بكه‌ن، تابزانن‏و تێبگه‌ن باوك له‌مندایه‌و منیش له‌ئه‌ودام. (

جارێكیكه‌ ویستیان بیگرن، به‌ڵام خۆی ده‌ربازكرد له‌ده‌ستیان، ‏ئینجا عیسا چووه‌وه‌ ‏ئه‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون و له‌وێ‌ مایه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ یه‌حیا جاران خه‌ڵكی تیایدا له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا. ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك هاتنه‌ لای‏و ووتیان: (یه‌حیا نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری نه‌كرد، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م پیاوه‌ ووتبووی ڕاستبوو!) هه‌ر له‌وێ‌ ژماره‌یه‌كی زۆر باوه‌ڕیان پێ‌هێنا.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.