Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یاقوب 4

ملكه‌چی خودا بن

هۆی ئه‌م دوژمنایه‌تی‏و ناكۆكییه‌ چییه‌ له‌ناوتان؟ ئایا به‌هۆی ئاره‌زووه‌ خراپه‌كانی ئه‌ندامانی له‌شتان نییه‌ كه‌ ده‌جه‌نگێت له‌گه‌ڵتان؟ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن‏و ده‌ستتان ناكه‌وێ‌ ئه‌وسا‏ ده‌كوژن. چاوتان له‌ماڵی خه‌ڵكه‌و ناگه‌نه‌ مه‌به‌ستی خۆتان، ئه‌وسا دوژمنایه‌تی‏و شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ‌ ده‌ستتان ناكه‌وێت، چونكه‌ له‌‏خودا داوا ناكه‌ن. گه‌ر داواشتان‎كرد وه‌ریناگرن، چونكه‌ به‌‏مه‌به‌ستی خراپ داوای ده‌كه‌ن، تا ئاره‌زووه‌كانی خۆتانی پێ‌ تێر بكه‌ن.

ئه‌ی داوێن‏پیسان، ئایا نازانن خۆشه‌ویستی جیهان دوژمنایه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ خودا؟ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ ببێت به‌‏خۆشه‌ویستی جیهان، ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ دوژمنی خودا. ئایا ئه‌وه‌ی كتێبی پیرۆز ووتویه‌تی ڕاست نییه‌ كه‌ ده‌ڵێت خودا دڵگه‌رمه‌ بۆ ئه‌و ڕۆحه‌ی تیاماندایه‌؟ به‌ڵام خودا به‌ره‌كه‌تی زۆرتر ده‌دات بۆیه‌ كتێب ده‌ڵێت: [[خودا به‌رهه‌ڵستی لووتبه‌رزه‌كان ده‌كات‏و به‌ره‌كه‌تی به‌سه‌ر ڕۆح‎سووكان ده‌بارێنێ‌.]]

‏ جا ملكه‌چی خودا بن‏و به‌رهه‌ڵستی شه‌یتان بكه‌ن تا لێتان هه‌ڵ‏بێت. نزیك‎بنه‌وه‌ له‌‏خودا ئه‌ویش لێتان نزیك ده‌بێته‌وه‌. ده‌ستتان پاك بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی گوناهباران، دڵتان خاوێن بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی ڕاڕایه‌كان. خه‌فه‌ت بخۆن‏و بگرین‏و شیوه‌ن بكه‌ن، تا پێكه‌نینتان ببێت به‌گریان‏و خۆشیتان ببێت به‌‏ناخۆشی. له‌به‌رده‌م خوداوه‌ند خۆتان به‌نزم ڕاگرن ئه‌وسا خودا به‌رزتان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌ی برایان با كه‌ستان به‌‏خراپه‌ باسی ئه‌وی دیكه‌تان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌‏خراپه‌ باسی براكه‌ی بكات یاخود حوكمی به‌سه‌ر بدات ئه‌وا به‌خراپه‌ باسی شه‌ریعه‌ت ده‌كات‏و حوكمی به‌سه‌ر ‎ده‌دات. گه‌ر تۆ حوكم به‌سه‌ر شه‌ریعه‌ت بده‌یت، ئه‌وا تۆ كاری پێ‌ ناكه‌یت به‌ڵكو خۆت ده‌كه‌یت به‌دادوه‌ر به‌سه‌ریه‌وه‌. له‌كاتێك یه‌ك شه‌ریعه‌تدانه‌رو یه‌ك دادوه‌ر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت حوكمی ڕزگاربوون‏و له‌ناوچوون بدات. به‌ڵام تۆ كێی تا حوكم به‌سه‌ر نزیكه‌كه‌ت بده‌یت؟

پشت‎به‌ستن به‌خودا

ئێستا گوێ‏بگرن، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن: (ئه‌مڕۆ یان به‌یانی ده‌ڕۆین بۆ فڵان شار له‌وێ‌ ساڵێك ده‌مێنینه‌وه‌، كاسبی ده‌كه‌ین‏و پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌ین.) ‏ئێوه‌ كه‌ نازانن به‌یانی چی ڕووده‌دات، كه‌واته‌ ژیانتان‏ چییه‌؟ هه‌ڵمێكه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت دوایی نامێنێت. له‌جیاتی ئه‌وه‌ پێویسته‌ بڵێن: (گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ر بوو و ژیاین، ئه‌م كاره‌و ئه‌وی دیكه‌ ده‌كه‌ین.) ئه‌گینا ئێوه‌ به‌ لووت‎به‌رزییه‌وه‌ شانازی ده‌كه‌ن، ئه‌م جۆره‌ شانازیه‌ش خراپه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك بزانێت چاكه‌ بكات‏و له‌گه‌ڵ ‎ئه‌وه‌شدا نه‌یكات ئه‌وه‌ گوناه‌ ده‌كات.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.