Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
یاقوب 1
له‌یاقوبی به‌نده‌ی خودا‌و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌نده‌وه، بۆ دوانزه هۆزه‌كه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل كه پهرشو بڵاوبوونه‌ته‌وه، سڵاوتان لـێ‌بێت.
تاقیكردنه‌وه له‌ده‌ره‌وه
ئه‌ی برایان به‌خۆشی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌و ناخۆشی، چونكه ئێوه ده‌زانن تاقیكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕتان ئارامگرتنتان تیا دروست ده‌كات. با ئارامگرتن بهتـهواوی كاری خۆی تیاتان بكات، تا لـه‌هـه‌مـوو ڕوویه‌ك ته‌واو و پێگه‌یشتووبن، له‌هیچ شتێك كه‌موكوڕیتان نه‌بێت. گه‌ر یه‌كێك له‌ناوتان كه‌موكوڕی له‌دانایی هه‌بوو، با داوا له‌خودا بكات، چونكه خودا بهدهستو دڵفراوانی به‌هه‌موو كه‌سێكی دهداتو گله‌ییش ناكات. به‌ڵام با به‌باوه‌ڕ داوای بكات‌و هیچ گومانی تیادا نه‌بێت، چونكه ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ك شه‌پۆلـی ده‌ریا وایه با دهیهێنێتو ده‌یبات. ئه‌و جۆره مرۆڤه نابێ بیر له‌وه بكاته‌وه شتێك له‌خوداوه‌ند به‌ده‌ستده‌هێنێ، چونكه ئه‌و مرۆڤه ڕاڕایه، له‌هه‌موو ڕێگاكانی دوو دڵه.
بابـرای پایـه‌نزم شـانازی به به‌رزیه‌كـه‌ی بكــات، هـه‌روه‌ها ده‌وڵـه‌مــه‌ند به‌نزمیه‌كه‌ی، چونكه ده‌وڵـه‌مـه‌ند وه‌ك گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چـێ. كـاتێ ڕۆژ به‌تیشكی گه‌رمی هه‌ڵهات، ئه‌و گژوگیایه ووشك دهكاتو گـوڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌رێ، دیمه‌نی جوانی نامـێنێت، ئاوا مـرۆڤی ده‌وڵه‌مه‌ند لـه‌ناوده‌چـێت كـاتێ خـۆی ماندوو ده‌كات بهكارهكانیهوه.
تاقیكردنه‌وه له‌ژووره‌وه
خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وه‌ی به‌رگه ده‌گرێ له‌كاتی تاقیكردنه‌وه، چونكه كاتێ له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌رده‌چێ تاجی ژیان وه‌رده‌گرێ، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی داوه بیدات به‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت. با كه‌س نه‌ڵێت كاتێ ده‌كه‌وێته تاقیكردنه‌وه، (من له‌لایه‌ن خوداوه تاقی ده‌كرێمه‌وه.) چونكه خودا به خراپه تاقیناكرێته‌وه ئه‌ویش كه‌س به خراپه تاقیناكاته‌وه، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك تاقیده‌كرێته‌وه گه‌ر ئاره‌زووه خراپه‌كانی خۆی هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندو ڕایكێشا. ئینجا گه‌ر ئاره‌زوو سكیپڕ بوو، ئه‌وا گوناهی لـێ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گوناهیش گه‌شه‌ی كرد ئه‌وا مردنی لـێ دێته‌كایه‌وه.
برایانی خۆشه‌ویستم هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن، هه‌موو پێدراوێكی چاك‌و به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌سه‌ره‌وه دێت، لای باوكی ڕووناكی دێته‌خواره‌وه، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێ‌و سێبه‌رو خولانه‌وه‌ی نییه. ئێمه به‌خواستی ووشه‌ی ڕاستی له‌دایك بووین، تاببینه نۆبه‌ره‌ی دروستكراوانی.
گوێ بگرن‌و كاری پێ‌بكه‌ن
ئه‌مه بزانن ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویست: با هه‌ر یه‌كێكتان له‌گوێگرتن خێرا بێت، په‌له نه‌كات له‌قسه‌كردن، هێواش بێت لهتووڕهبوون. چونكه تووڕه‌یی مرۆڤ كار بۆ ڕاستودروستی خودا ناكات. كه‌واته واز له‌هه‌موو پیسی‌و زۆری به‌دكاری بهێنن، ئه‌و ووشه‌یه‌ی خودا تیاتان چاندوویه‌تی به‌ڕۆح سووكیه‌وه وه‌ریبگرن، ئه‌وه‌ی ده‌توانێ گیانتان ڕزگار بكات. ته‌نها گوێگری ووشه‌كان مه‌بن، به‌ڵكو كاری پێ بكه‌ن، ئه‌گینا خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. چونكه ئه‌وه‌ی گوێ له‌ووشه‌ی خودا بگرێ‌و كاری پێ نه‌كات، وه‌ك یه‌كێك وایه سه‌یری ڕوخساری خۆی بكات له‌ئاوێنه، ئینجا دوای ئه‌وه‌ی سه‌یری خۆی دهكاتو ده‌ڕوات، یه‌كسه‌ر له‌بیری ده‌چێت چۆن بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ووردی سه‌یری شه‌ریعه‌تی ته‌واو بكات، شه‌ریعه‌تی سه‌ربه‌ستی، له‌سه‌ری به‌رده‌وام بێت‌و ئه‌وه‌ی بیستوویه‌تی بیری نه‌چێت به‌ڵكو كاری پێ‌بكات، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه خۆزگه‌ی پێدهخوازرێت.
ئه‌وه‌ی خۆی به‌دیندار دابنێ‌و زمانی خۆشی نه‌پارێزێت، ئه‌وه خۆی ههڵدهخهڵهتێنێتو دینداریه‌كه‌ی بێ‌سووده. دینداری پاك‌و بێ‌گه‌رد لای خودای باوكمان ئه‌مه‌یه: مرۆڤ ههتیوانو بێوه‌ژنان به‌سه‌ر بكاته‌وه له‌كاتی ته‌نگانه‌یان، هه‌روه‌ها خۆی به‌پاكی بپارێزێت سه‌باره‌ت به‌جیهان.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.