Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

عیبرانییەکان 3

عیسا مه‌زنتره‌ له‌‏موسا

كه‌واته‌ ئه‌ی برا پیرۆزه‌كان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شداری بانگه‌وازی ئاسمانی ده‌كه‌ن، سه‌یری عیسا بكه‌ن كه‌ نێرراوه‌و كاهینی به‌رزی دان‏پیانانمانه‌، ئه‌و سه‌رڕاست‏و پاك ‎بوو به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست‏نیشانی كردبوو، هه‌روه‌ك چۆن موسا سه‌رڕاست‎و پاك‎بوو سه‌باره‌ت به‌ماڵی خودا. به‌ڵام عیسا بۆی دانرا شایانی شكۆیه‌كی مه‌زنتر بێت له‌‏موسا، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێك خانوویه‌ك دروست ده‌كات ڕێزی زیاتره‌ له‌‏خانووه‌كه‌ خۆی. شتێكی ئاساییه‌، هه‌موو خانوویه‌ك ده‌بێ‌ یه‌كێك هه‌بێ‌ دروستی كردبێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی دروست‎كردووه‌ خودایه‌. موسا سه‌رڕاست‏و پاك بوو له‌هه‌موو ماڵی خودا، وه‌ك خزمه‌تكارێك، ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی خودا له‌دواییدا ڕایده‌گه‌ێنێ‌. به‌ڵام مه‌سیح، سه‌رڕاست‎و پاك بوو وه‌ك ڕۆڵه‌ له‌‏ماڵی خودا، ئه‌و ماڵه‌ش ئێمه‌ی باوه‌ڕدارین، گه‌ر ده‌ست بگرین به‌و متمانه‌و هیوایه‌ی شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین.

ئاگاداركردنه‌وه‌ دژی بێ‌باوه‌ران

له‌به‌رئه‌وه‌، هه‌روه‌ك ڕۆحی پیرۆز ده‌ڵێ‌: [[ئه‌مڕۆ، گه‌ر گوێتان له‌‏ده‌نگی خودا بوو، دڵتان ڕه‌ق نه‌بێ‌ وه‌ك یاخیبوونه‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌بیابان ڕوویدا، كاتێ‌ باوباپیرانتان منیان تاقیكرده‌وه‌و بۆ ماوه‌ی چل ساڵ كرداره‌كانی منیان بینی. له‌به‌رئه‌وه‌ ڕقم هه‌ڵسا له‌م نه‌وه‌یه‌و ووتم: چونكه‌ دڵیان هه‌میشه‌ به‌ره‌و گومڕایی ده‌ڕوات‏و ڕێگای من هه‌رگیز ناناسن. وه‌ك سوێندم خوارد له‌توڕه‌بوونم، ئه‌وانه‌ هه‌رگیز ناچنه‌ شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی من.]] كه‌واته‌ ئه‌ی برایان، باش ئاگاداری خۆتان بن، تا دڵی كه‌ستان بێ‌ باوه‌ڕو به‌د نه‌بێ‌، ئه‌مه‌ش ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ خودای زیندوو هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌. جا له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ڕۆژێك ‏ووره‌ی یه‌كتری به‌رزبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی كاته‌كه‌ پێی ده‌وترێ‌ [[ئه‌مڕۆ]]، تا كه‌ستان دڵڕه‌ق نه‌بێ‌ به‌تاریكی گوناه‌. چونكه‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌ مه‌سیح ده‌بین، گه‌ر تا كۆتایی ده‌ست بگرین به‌و باوه‌ڕه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مانه‌. ‏كتێبی پیرۆز ده‌ڵێ‌: [[ئه‌مڕۆ، گه‌ر گوێتان له‌‏ده‌نگی خودا بوو، دڵتان ڕه‌ق نه‌بێ‌ وه‌ك یاخیبوونه‌كه‌.]] جا كێن ئه‌وانه‌ی یاخی‏بوون دوای ئه‌وه‌ی گوێیان له‌‏ده‌نگی خودا بوو؟ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی موسا؟. هه‌روه‌ها خودا بۆ ماوه‌ی چل ساڵ له‌‏كێ‌ ڕقی هه‌ڵساو تووڕه‌ بوو؟ ئایا به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بوو كه‌ گوناهیان كردو له‌‏بیابان لاشه‌كانیان كه‌وت؟ هه‌روه‌ها خودا سوێندی له‌‏كێ‌ خوارد كه‌ نابێ‌ بچنه‌ شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی ئه‌و، ئایا سوێندی له‌وانه‌ نه‌خوارد كه‌ لێی یاخیبوون؟ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینین بێ‌باوه‌ڕی ڕێگای چوونی شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی لـێ‌گرتن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.