Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

عیبرانییەکان 2

پشتگوێ‌ نه‌خستنی ڕزگاری

تا گومڕا نه‌بین ده‌بێ‌ زیاتر ئاگاداری ئه‌و قسانه‌ بین كه‌ بیستوومانه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین هه‌موو ووشه‌یه‌ك كه‌ فریشته‌كان بۆیان هێناوین، به‌ته‌واوی ڕاسته‌، به‌‏شێوه‌یه‌ك هه‌ر كه‌سێ‌ ده‌ستدرێژیو به‌رپێچی كردووه‌، سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆی وه‌رگرتووه‌. جا چۆن ده‌توانین هه‌ڵبێین گه‌ر ئه‌م ڕزگاربوونه‌ مه‌زنه‌ پشت گوێ‌ بخه‌ین؟ ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند یه‌كه‌مجار بڵاویكرده‌وه‌، دوایی سه‌لمێنرا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی خۆیان گوێیان لێ‌ببوو‏. خوداش له‌گه‌ڵیان شایه‌تی‏دا، به‌‏نیشانه‌و شتی سه‌یرو كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری جۆراوجۆر، هه‌روه‌ها به‌‏به‌هره‌كانی ڕۆحی پیرۆز كه‌ به‌خواستی خۆی دابه‌شی ده‌كات.

مه‌سیح وه‌ك براكانیه‌تی

ئه‌و جیهانه‌ی له‌ داهاتوو دێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئێستا باسی ده‌كه‌ین، خودا له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی فریشته‌كانی دانه‌ناوه‌. وه‌ك هه‌ندێك له‌كتێبی پیرۆزدا ده‌ڵێن‏: [[مرۆڤ چییه‌ تا ناوی بهێنیت؟ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ چیه‌ تا ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خی پێ‌بده‌ی؟ ڕاسته‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ئه‌وت به‌نزمتر دانا له‌‏فریشته‌كان، به‌ڵام دوایی تاجی شكۆو ڕێزت خسته‌ سه‌ری، هه‌روه‌ها هه‌موو شتێكت خستۆته‌ به‌رپێی.]] جا چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی ملكه‌چی ‏كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ خودا هیچ شتێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ ملكه‌چی ئه‌وی نه‌كات. به‌ڵام ئێستا هه‌موو شتێك نابینین له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و. به‌ڵكو عیسا ئه‌وه‌ی خودا بۆ ماوه‌یه‌ك له‌‏فریشته‌كان به‌كه‌متری دانا، ده‌بینن ئێستا تاجی شكۆو ڕێزی خراوه‌ته‌ سه‌ر، چونكه‌ ئازاری مردنی چێژت، ئه‌مه‌ش به‌ره‌كه‌تی خودا بوو بۆ ئێمه‌، عیسا ده‌بووایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئازاری مردن بچێژێ‌ له‌پێناوی هه‌موو مرۆڤ.

له‌هێنانی ڕۆڵه‌ی زۆر بۆ شكۆمه‌ندی، شیاوی خودا بوو، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ هه‌موو شتێك بوونی هه‌یه‌، پێشڕه‌وی ڕزگاریان به‌ ئازار ته‌واو بكات. چونكه‌ ئه‌وه‌ی پیرۆز ده‌كات‏و هه‌موو ئه‌وانه‌ی پیرۆزكراون یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه‌. بۆیه‌ عیسا پێی شوره‌یی نییه‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێیه‌تی به‌برا ناویان ببات. كه‌ ده‌ڵێ‌: [[ئه‌ی خودا ناوت ئاشكرا ده‌كه‌م لای برایانم، ستایشت ده‌كه‌م له‌‏نێو كۆمه‌ڵیان.]] هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: [[ته‌نها پشت به‌ خودا ده‌به‌ستم]]. دیسان ده‌ڵێ‌: [[ئا ئه‌وه‌تا من لێره‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕۆڵانه‌ی خودا پێی به‌خشیوم.]] چونكه‌ ڕۆڵه‌كان له‌گۆشت‏و خوێن هاوبه‌شن، له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌سیح خۆی بوو به‌‏مرۆڤ، تا به‌شداری سروشتی مرۆڤایه‌تیمان بكات، تا به‌مردنی خۆی له‌ناوی ببات ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مردنی هه‌یه‌، واته‌ شه‌یتان. به‌مه‌ش ئه‌وانه‌ ڕزگار بكات كه‌ به‌درێژایی ژیانیان ترسیان له‌مردنه‌و ملیان‏كه‌چ كردبوو بۆ كۆیلایه‌تی. شتێكی ئاشكرایه‌ عیسا نه‌هاتووه‌ بۆ فریشته‌كان، به‌ڵكو بۆ نه‌وه‌ی ئیبراهیم. جا ده‌بووایه‌ وه‌ك براكانی بووایه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌ك، تا ببێ‌ به‌سه‌رۆك كاهینێكی میهره‌بان‏و سه‌رڕاست له‌خزمه‌تكردنی خودا، هه‌روه‌ها ببێ‌ به‌كه‌فاره‌ت له‌پێناوی گوناهه‌كانی خه‌ڵك، چونكه‌ عیسا خۆی ئازاری چێشتووه‌و تاقیكراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یارمه‌تی ئه‌وانه‌ بدات كه‌ له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ تاقیده‌كرێنه‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.