Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

عیبرانییەکان 10

چونكه‌ شه‌ریعه‌ت ته‌نها سێبه‌ری شته‌ باشه‌كانی داهاتووه‌، نه‌ك وێنه‌ی ته‌واوی ڕاستیه‌كان، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانێ‌ به‌و قوربانیانه‌ی به‌ به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كرێ‌ ساڵ له‌دوای ساڵ، ئه‌وانه‌ دروست‏و ته‌واو بكات كه‌ له‌خودا نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ په‌رستن. ئه‌گینا پێویستی نه‌ده‌كرد به‌رده‌وام‏بن له‌‏پێشكه‌ش‎كردنی قوربانی، چونكه‌ ویژدانی خوا‏په‌رستان، كه‌ی به‌ته‌واوی جارێك پاك‎بووه‌وه‌، ئیتر جارێكیتر پێویستی به‌پاك‎بوونه‌وه‌ نییه‌‏و هه‌ست به‌گوناهی ڕابووردووی ناكات. له‌ڕاستیدا، ئه‌و قوربانیانه‌ ساڵ به‌‏ساڵ گوناهی به‌‏بیر مرۆڤ ده‌خسته‌وه‌، ‏ئه‌گینا به‌هیچ جۆرێك خوێنی مه‌ڕو گوێره‌كه‌ گوناهی ئێمه‌ لانابات. له‌به‌رئه‌وه‌ كاتێ‌ مه‌سیح هاته‌ ئه‌م جیهانه‌ ووتی: [[تۆ قوربانیو خێرت نه‌ویست، به‌ڵكو له‌شێكت داوه‌ پێم‏. به‌قوربانی سووتاو و قوربانی گوناه‌ دڵخۆش نه‌بووی. جا ئه‌و‏كاته‌ پێم ووتی: (‏ئه‌وه‌تا هاتووم تابه‌‏خواستی تۆ كار بكه‌م، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كتێبی پیرۆز له‌سه‌رم نووسراوه‌.]](

‏ ئه‌و یه‌كه‌مجار ووتی: [[تۆ قوربانیو خێرو قوربانی سووتاو و قوربانی گوناهت نه‌ویست‏و پێی دڵخۆش نه‌بووی]]، هه‌رچه‌نده‌ هه‌مووی به‌پێی شه‌ریعه‌ت ده‌كرد، ئینجا مه‌سیح ووتی: [[ئه‌وه‌تا هاتووم تا به‌خواستی تۆ كار بكه‌م‏.]] كه‌واته‌ به‌مه‌ یاسای یه‌كه‌می لابرد، تا یاسای دووه‌م دابنێ‌‏. به‌پێی ئه‌م خواسته‌ی خودا، ئێمه‌ پیرۆز بووین كاتێ‌ عیسای مه‌سیح یه‌كجار له‌شی خۆی كرد به‌‏قوربانی له‌پێناوی هه‌مووان.

له‌كۆندا سه‌رۆك كاهینه‌كان هه‌موو ڕۆژێك سه‌رله‌نوێ‌ ده‌بووایه‌ قوربانگایان ئاماده‌ بكردایه‌، له‌به‌ر پێشكه‌ش‎كردنی قوربانی بۆ خودا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جۆره‌ قوربانیانه‌ نه‌یانده‌توانی گوناهی هیچ مرۆڤێك لاببه‌ن. به‌ڵام ئه‌و كاهینه‌ به‌رزه‌ [مه‌سیح] یه‌كجار قوربانیه‌كی پێشكه‌ش‎كرد له‌جیاتی هه‌موو گوناهێك، ئه‌وسا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی خودا دانیشت. ئه‌و له‌وێ‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كات، هه‌تا خودا هه‌موو دوژمنه‌كانی ده‌‎خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و به‌‏یه‌ك قوربانی، ئه‌وانه‌ی پیرۆزكراون، دروست‏و ته‌واوی كردن. ڕۆحی پیرۆزیش خۆی شایه‌تیمان بۆ ده‌دات، دوای ئه‌وه‌ی خودا ده‌ڵێ‌: [[ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌یبه‌ستم، دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ خوداوه‌ند ده‌ڵێ‌: یاساكانم ده‌خه‌مه‌ ناو دڵیان، هه‌روه‌ها له‌ناو مێشكیان ده‌ینووسم.]] ئینجا به‌رده‌وام ده‌بێ‌و ده‌ڵێ‌: [[جارێكیتر هه‌رگیز یادی گوناهه‌كان‎و هه‌ڵه‌كانیان ناكه‌مه‌وه‌.]] هه‌روه‌ها كاتێ‌ ئه‌م گوناهانه‌ به‌خشران، ئیتر پێویست ناكات قوربانی بۆ گوناه‌ بكرێ‌.

ئه‌نجامی قوربانی مه‌سیح

به‌م شێوه‌یه‌ برایانی خۆشه‌ویست، ئێستا به‌ته‌واوی باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌یه‌، به‌هۆی خوێنی عیسای مه‌سیح، ده‌توانین بڕۆینه‌ شوێنی هه‌ره‌ پیرۆز. به‌و ڕێگا زیندوو و تازه‌یه‌ی به‌دڕاندنی په‌رده‌ی په‌رستگا كرایه‌وه‌، واته‌ به‌له‌شی خۆی. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی كاهینی به‌رزمان هه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتی ماڵی خودا ده‌كات، كه‌واته‌، پێویسته‌ نزیك بكه‌وینه‌وه‌ له‌‏خودا به‌‏دڵێكی پاك‏و پڕ له‌متمانه‌ی باوه‌ڕ، دوای ئه‌وه‌ی دڵمان پاك‏كرایه‌وه‌ له‌یژدانێكی خراپ به‌پرژاندنی خوێن به‌سه‌ری، هه‌روه‌ها له‌شمان به‌ئاوی پاك خاوێن كراوه‌ته‌وه‌. با ده‌ست‏بگرین به‌و هیوایه‌ی شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ین، بێ‌ئه‌وه‌ی له‌هاتنه‌دی دوو‏دڵ بین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێ‌داوین ڕاستگۆیه‌، هه‌روه‌ها با ئاگاداری یه‌كتری بین‏و یه‌كتری هان‎بده‌ین بۆ خۆشه‌ویستی‏و كرداری چاك. واز له‌‏كۆبوونه‌وه‌كانتان مه‌هێنن، هه‌روه‌ك هه‌ندێكتان له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو یه‌كتری هان‎بده‌ن بۆ ئاماده‌بوون، له‌مه‌ش زیاتر چونكه‌ ده‌بینن ڕۆژی خوداوه‌ند نزیك‎بووه‌ته‌وه‌.

گه‌ر ئێمه‌ به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست گوناه‌ بكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی ڕاستیمان ناسی‏، ئه‌وسا هیچ قوربانیه‌ك نییه‌ بۆ لێ‌خۆشبوونی گوناهمان. هیچ شتێكی دیكه‌مان بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ڕۆژی لـێپرسینه‌وه‌ی ترسناك‏و تووڕه‌یی ئه‌و ئاگره‌ بكه‌ین كه‌ دوژمنانی پێ‌ ده‌سوتێنرێ‌. ده‌زانن گه‌ر یه‌كێك دوو یان سێ‌ شایه‌تی به‌سه‌ره‌وه‌ بێ‌ كه‌وا به‌رپێچی شه‌ریعه‌تی موسای كردووه‌، بێ‌ به‌زه‌ییانه‌ سزای مردنی به‌سه‌ر ده‌درێ. كه‌واته‌ به‌ڕای ئێوه‌، ده‌بێ‌ چه‌ند زیاتر بێ‌ سزای ئه‌وه‌ی به‌ سووكی سه‌یری ڕۆڵه‌ی خودا ده‌كات‏و له‌هه‌مان كات خوێنی په‌یمان به‌ پیس داده‌نێ‌ كه‌ پیرۆزی كردووه‌، هه‌روه‌ها گاڵته‌ به‌ به‌ره‌كه‌تی خودا ده‌كات؟ چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش ده‌ناسین كه‌ ووتویه‌تی: [[تۆڵه‌ سه‌ندن هی منه‌، منم پاداشت ده‌ده‌مه‌وه‌.]] هه‌روه‌ها نووسراوه‌: [[خوداوه‌ند حوكم به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ی ده‌دات.]] زۆر ترسناكانه‌ كه‌وتنه‌ به‌رده‌ستی خودای زیندوو.

‏ به‌ڵام ڕۆژانی ڕابردووتان له‌یاد بێ‌، كاتێ‌ ژیانتان ڕووناك كرایه‌وه‌و چه‌ند دانتان به‌خۆتان گرت‏و تووشی ئازار هاتن به‌تێكۆشانێكی سه‌خت‏و درێژ. له‌لایه‌ك ئێوه‌ تووشی جنێو و چه‌وسانه‌وه‌ هاتوون، له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌شداری ئه‌وانه‌تان كرد كه‌ به‌‏هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرا. هه‌روه‌ها به‌شداری به‌ندكراوانتان كرد له‌ئازاره‌كانیان، كاتێ‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ‏و سامانتان گرت، به‌خۆشیه‌وه‌ دانتان به‌خۆتان گرت، چونكه‌ ده‌زانن ‏له‌ئاسمان سامانێكی باشترو نه‌فه‌وتاوتان هه‌یه‌. كه‌واته‌ بێ‌ متمانه‌ مه‌بن، چونكه‌ پاداشتی مه‌زنه‌. ئێوه‌ پێویستتان به‌دان به‌خۆگرتن هه‌یه‌، تا كاربكه‌ن به‌خواستی خوداو به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌ده‌ست‏بهێنن. [[چونكه‌ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كرێ‌ بێت‏، دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دێت‏و دواناكه‌وێ‌. خودا ده‌ڵێ‌: ئه‌وه‌ی به‌‏باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌بێ‌، ده‌ژی، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی من نابێ‌.]] جا ئێمه‌ سه‌ربه‌و هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ نین كه‌ له‌ناوده‌چن، به‌ڵكو سه‌ربه‌وانه‌ین كه‌ باوه‌ڕیان هه‌یه‌و ڕزگار ده‌بن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.