Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
گەلاتیا 4
كۆیله نا، به‌ڵكو ڕۆڵه‌ی خودا
با پێتان بڵێم: گه‌ر میراتگر منداڵ بێت، له‌نێوان ئه‌و میراتگره‌و كۆیله‌یه‌ك هیچ جیاوازی نییه، هه‌رچه‌نده میراته‌كه هه‌مووی هی ئه‌وه، چونكه ده‌بێ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رپه‌رشتیكارو بریكار بمێنێته‌وه، تاكو ئه‌و ماوه‌یه ته‌واو ده‌بێ كه باوكی دایناوه. ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه، كاتێ منداڵ بووین كۆیله‌ی ده‌ستی هێزه‌كانی جیهان بووین، به‌ڵام كاتێ ته‌واو بوونی زه‌مانه هات، خودا ڕۆڵه‌ی خۆی [مه‌سیح] نارد بۆ لامان، له ژنێك له‌دایك بوو، له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌ت له‌دایك بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌تن به‌خوێن بیان كڕێته‌وه، تاكو خودا ئێمه وه‌كو ڕۆڵه‌ی خۆی قبوڵ بكات. چونكه ئێوه ڕۆڵه‌ن، خودا ڕۆحی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی خسته ناو دڵمانه‌وه، هاوار ده‌كه‌ین: (بابه! باوك!) كه‌واته ئیتر ئێوه كۆیله نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌ن، هه‌روه‌ها چونكه ئێوه ڕۆڵه‌ن خودا ئێوه‌ی كرد به میراتگر.
ئامۆژگاری پۆڵس بۆ غه‌ڵاتیه‌كان
ئه‌و كاته‌ی ئێوه خوداتان نه‌ده‌ناسی، كۆیله‌ی ئه‌وانه بوون كه به‌سروشت خودا نین، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خوداتان ناسی، یاخود باشتره بڵێن دوای ئه‌وه‌ی خودا ئێوه‌ی ناسی، چۆن ده‌بێ جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه لای لاوازی‌و هه‌ژاری ئه‌م جیهانه، بتانه‌وێ ببنه‌وه كۆیله‌ی ئه‌وانه سه‌ر له‌نوێ؟ ئێوه بایه‌خ ده‌ده‌ن به ڕۆژو مانگ‌و ساڵ‌و وه‌رزی تایبه‌تی! له‌وه ده‌ترسم به‌خۆڕایی ماندوو بووبم له‌پێناوتان.
ئه‌ی برایان داواتان لـێ‌ده‌كه‌م، خۆتان وه‌ك من لێبكه‌ن، چۆن من خۆم وه‌كو ئێوه لێكردووه. ئێوه هیچ هه‌ڵه‌تان نه‌كردووه سه‌باره‌ت به من، هه‌رچه‌نده ده‌تانزانی من نه‌خۆش بووم كاتێ یه‌كه‌مجار مزگێنیم پێ‌دان، نه‌خۆشیه‌كه‌م شتێكی ئاسان نه‌بوو بۆتان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لێم بێزار نهبوونو خۆتان دوور نه‌خسته‌وه لێمو هیچ خراپه‌یه‌كتان له‌گه‌ڵ نه‌كردم، به‌ڵكو پێشوازیتان لـێ‌كردم وه‌ك فریشته‌ی خودا، وه‌ك عیسای مه‌سیح. ئه‌و خۆشیه‌تان چی لـێ‌هات؟ من شایه‌تیتان بۆ ده‌ده‌م گه‌ر بتانتوانییایه، چاوی خۆتان ده‌رده‌هێناو ده‌تاندا پێم. ئایا ئێستا بووم به دوژمنتان چونكه ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم؟
هه‌ندێك خۆیان به‌دڵگه‌رم ده‌رده‌خه‌ن بۆ ئێوه، به‌ڵام نه‌ك به نیازی باش، به‌ڵكو تا له‌ئێمه‌تان دووربخه‌نه‌وه‌و دڵگه‌رم بن بۆ ئه‌وان. ده‌رخستنی بایه‌خ پێ‌دان شتێكی جوانه، گه‌ر هه‌موو كاتێ به‌مه‌به‌ستێكی پاك بێت، نه‌ك ته‌نها ئه‌و كاته‌ی من له‌گه‌ڵتاندام. منداڵه‌كانم، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌بێ له‌پێناوتان جارێكی دیكه ئازار بچێژم، هه‌تا وێنه‌ی مه‌سیح له‌ژیانتان ده‌ركه‌وێ، چه‌ند حه‌زم ده‌كرد ئێستا لهناوتانابم، تا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه له‌گه‌ڵتان بدوێم، چونكه سه‌رم سوڕماوه لێتان.
نموونه‌ی هاجه‌رو سارا
پێم بڵێن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌ت بن، ئایا ئه‌وه‌ی له‌شه‌ریعه‌ت باسكراوه نه‌تانبیستووه؟ چونكه له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه، ئیبراهیم دوو كوڕی هه‌بووه، یه‌كێكیان لههاجهری كۆیله بوو، ئه‌وی دیكه‌یان له‌سارای ژنی كه ئازاد بوو. ئیبراهیم كوڕێكی له‌كۆیله‌كه بوو به پێی خواستی له‌ش، به‌ڵام له‌سارای ژنی كوڕێكی بوو به‌هۆی به‌ڵێن.
ئه‌م ڕاستیه مانایه‌كی ڕه‌مزی هه‌یه. ئه‌و دوو ژنه نموونه‌ی دوو په‌یمانن: یه‌كه‌م په‌یمان له شاخی سینایه، منداڵی لێ‌ده‌بێت بۆ كۆیلایه‌تی ئه‌وه‌ش هاجه‌ره، هاجه‌ر به شاخی سینا ده‌وترێ، له‌عه‌ره‌بستان ڕه‌مزێكه بۆ قودسی ئێستا، ئه‌و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی كۆیله‌ن. به‌ڵام قودسی ئاسمانی كه دایكی هه‌موومانه ئازاده، چونكه له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه:
[[دڵشادبه ئه‌ی نه‌زۆك،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی منداڵت نییه،
به‌ده‌نگی به‌رز ستایشی خودا بكه،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی ژانی منداڵبوون نازانی،
چونكه تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ته‌نهای،
ژماره‌ی منداڵه‌كانت زیاتره له‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵیه‌تی.]]
به‌ڵام ئێوه ئه‌ی برایان، ڕۆڵه‌ی به‌ڵێنن وه‌ك ئیسحاق. جا چۆن له‌سه‌رده‌می ڕابووردوو ئه‌وانه‌ی به‌پێی له‌ش له‌دایك بوون، ئه‌وانه‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه كه به‌پێی ڕۆح له‌دایك بوون، ئێستاش هه‌مانشت ڕوو ده‌دات. كتێبی پیرۆز له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ چی؟ ده‌ڵێ: [[كۆیله‌كه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی بكه‌ده‌ره‌وه، تا كوڕی كۆیله‌كه میراتگر نه‌بێ له‌گه‌ڵ كوڕی ئازاده‌كه.]] كه‌واته ئه‌ی برایان ئێمه ڕۆڵه‌ی كۆیله‌كه نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌ی ئازاده‌كه‌ین.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.