Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

گەلاتیا 2

ڕازی‏بوون به‌ خزمه‌تی پۆڵس

دوای چوارده‌ ساڵ جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنابا ڕۆیشتم بۆ قودس، تیتۆسیشم له‌گه‌ڵ خۆم برد. چوونم بۆ ئه‌وێ‌ به‌ڕاگه‌یاندن بوو، ئه‌و مزگێنییه‌ی ده‌یده‌م به‌میلله‌تان له‌پێشا ته‌نها خستمه‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ پیاوان له‌وێ‌، تا هه‌وڵدانی ڕابوردوو و ئێستام به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات. به‌ڵام ته‌نانه‌ت تیتۆسی هاورێی گه‌شتیشم كه‌ یۆنانی بوو، ناچارنه‌كرا خۆی خه‌ته‌نه‌ بكات. جا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ی كرد، به‌هۆی هه‌ندێ‌ برایانی درۆزن كه‌ به‌نهێنی هاتبوونه‌ ناومان، ‏تاكو سه‌ربه‌ستی عیسای مه‌سیحمان لـێ‌‏بسێننه‌وه‌و بمان‎گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆیلایه‌تی. به‌ڵام‏ ته‌نانه‌ت بۆ چاوتروكانێك ملكه‌چیان نه‌بووین‏و خۆمان نه‌دا به‌ده‌ستیان، هه‌تا پارێزگاری ڕاستی مزگێنیتان بۆ بكه‌ین‏.

ئه‌وانه‌ی به‌گه‌وره‌ پیاوان داده‌نران [لـێپرسراوان]، به‌لای من هیچ گرنگ نه‌بوون، چونكه‌ خودا ته‌ماشای ڕوواڵه‌تی مرۆڤ ناكات. من ده‌ڵێم، ئه‌وانه‌ هیچ شتێكی تازه‌یان نه‌بوو بۆ من. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌، بۆیان ئاشكرا بوو، خودا كاری بڵاوكردنه‌وه‌ی مزگێنی به‌ من داوه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین، هه‌روه‌ك چۆن هه‌مان كاری به‌‏په‌ترۆس داوه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی كاری كردووه‌ له‌خزمه‌تی په‌ترۆس بۆ جووله‌كه‌كان، كاری له‌خزمه‌تی منیش كردووه‌ بۆ ناجووله‌كه‌كان. دوای ئه‌وه‌ی یاقوب‏و په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ دانرا‏بوون زانییان خودا ئه‌م به‌ره‌كه‌ته‌ی به‌ من داوه‌. ئه‌وسا ئه‌وان ده‌ستی برایانه‌یان خسته‌ ناو ده‌ستی من‏و به‌رنابا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتین ئه‌وان بۆ لای جووله‌كه‌كان بچن، ئێمه‌ش بۆ لای ناجووله‌كه‌كان. ته‌نها ‏داوای ئه‌وه‌یان لـێ‌كردین، هه‌ژاران له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ هه‌میشه‌ بایه‌خم پێداوه‌.

سه‌رزه‌نشت‏كردنی په‌ترۆس‏

كاتێ‌ په‌ترۆس بۆ شاری ئه‌نتاكیا هات، ڕوو به‌ڕوو به‌ربه‌ره‌كانیم كرد، چونكه‌ شایانی گله‌یی لـێ‌كردن بوو. پێش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ كه‌س له‌لای یاقوبه‌وه‌ بێن، په‌ترۆس به‌بێ‌‎ترس نانی ده‌خوارد له‌گه‌ڵ ناجووله‌كه‌‏كان، به‌ڵام كاتێ‌ ئه‌وان هاتن، خۆی كێشایه‌ دواوه‌ له‌ترسی خه‌ته‌نه‌كراوان. له‌وێدا باوه‌ڕداره‌ جووله‌كه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ په‌ترۆس ده‌ستیان كرد به‌ دووڕوویی، ته‌نانه‌ت به‌رناباشیان والـێ‌كرد بچێته‌ ڕیزیان به‌هۆی دووڕووییان.

‏ كاتێ‌ ئه‌مانه‌م بینی له‌‏ڕێگای ڕاستی مزگێنی ناڕۆن، له‌به‌ر چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێدا بوون به‌ په‌ترۆسم ووت: (گه‌ر تۆ كه‌ جووله‌كه‌ی، وه‌ك ناجووله‌كه‌ ده‌ژی نه‌ك وه‌ك جووله‌كه‌. ئیتر چۆن ئه‌و ناجووله‌كانه‌ ناچار ده‌كه‌یت وه‌ك جووله‌كه‌ بژین؟)

هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ به‌ جووله‌كه‌یی له‌دایك بووین‏و له‌میلله‌تانی گوناهبار نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ده‌زانین مرۆڤ بێتاوان نابێ‌ به‌كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت، به‌ڵكو به‌باوه‌ڕ به‌عیسای مه‌سیح، جا ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا به‌عیسای مه‌سیح تاكو بێتاوان بین به‌ باوه‌ڕمان به‌ مه‌سیح، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت، چونكه‌ كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت هیچ كه‌سێ‌ بێتاوان ناكات.

به‌ڵام گه‌ر ئێمه‌ له‌هه‌وڵدانمان بۆ بێتاوان بوون له‌مه‌سیح، خۆمان دۆزیه‌وه‌ گوناهبارین، ئیتر ئایا مه‌سیح خزمه‌تكاری گوناهه‌؟ بێ‌گومان نه‌خێر! به‌ڵام گه‌ر شتێك بنیادبنێمه‌وه‌ كه‌ له‌پێشا تێكمدابێ‌، ئه‌وا ده‌یسه‌لمێنم سه‌رپێچی شه‌ریعه‌تم كردووه‌. چونكه‌ به‌هۆی شه‌ریعه‌ت مردم بۆ شه‌ریعه‌ت، هه‌تا بۆ خودا بژیم. من له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌خاچدراوم، ئیتر من نیم ئه‌وه‌ی ده‌ژی، به‌ڵكو مه‌سیحه‌ له‌من ده‌ژی، هه‌روه‌ها ئه‌و ژیانه‌ی ئێستا به‌له‌ش ده‌ژیم ئه‌وه‌ به‌باوه‌ڕه‌ به‌ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی منی خۆشویست‏و خۆی كرد به‌‏قوربانی بۆ من. من به‌ره‌كه‌تی خودا پووچ ناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ گه‌ر بێتاوانی به‌ شه‌ریعه‌ت بووایه‌، ئیتر مردنی مه‌سیح بێ‌سوود ده‌بوو.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.