Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئەفەسۆس 6

دایك‏و باوك‏و منداڵ

ئه‌ی منداڵان گوێڕایه‌ڵی دایك‏و باو‏كتان بن له‌خوداوه‌ند، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕاسته‌. [[ڕێزی دایك‏و باوكتان بگرن]]، [‏ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌ به‌ به‌ڵێنه‌وه‌یه‌]، [[تاوه‌كو چاكه‌ بێته‌ ڕێگات‏و ته‌مه‌نت درێژ بێت له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌.]]

ئێوه‌ش ئه‌ی باوكان، ڕقی منداڵه‌كانتان هه‌ڵ‎مه‌ستێنن، به‌ڵكو به‌خێویان بكه‌ن به‌پێی ڕاسپارده‌و ته‌مێكردنی خوداوه‌ند.

كۆیله‌و گه‌وره‌كانیان

ئه‌ی كۆیله‌كان، گوێڕایه‌ڵی گه‌وره‌كانتان بن له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ به‌‏ترس‏و له‌رزو دڵسۆزییه‌وه‌، هه‌روه‌ك بۆ مه‌سیح بێت. خزمه‌ت مه‌كه‌ن له‌به‌رچاو تا خه‌ڵكی لێتان ڕازی بێ‌، به‌ڵكو به‌‏هه‌موو دڵتانه‌وه‌ وه‌ك كۆیله‌یه‌كی مه‌سیح ‏به‌خواستی خودا كار بكه‌ن. باخزمه‌ت‎كردنتان به‌‏دڵسۆزی بێ‌ وه‌ك بۆ خوداوه‌ندی بكه‌ن نه‌ك بۆ خه‌ڵكی. بزانن خودا‏وه‌ند پاداشتی هه‌موو كه‌سێك ده‌داته‌وه‌، كۆیله‌ بێت یاخود ئازاد به‌پێی كرداری چاكی.

‏ ئێوه‌ش ئه‌ی گه‌وره‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانتان، له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن دووربكه‌ون، بزانن گه‌وره‌ی ئه‌وان‏و ئێوه‌ له‌‏ئاسمانه‌، ئه‌و‏یش لایه‌نگیری كه‌س ناكات.

چه‌كی ته‌واوی خودا

له‌ كۆتاییدا به‌هێزبن له‌ خوداوه‌ندو له‌ هێزه‌ مه‌زنه‌كه‌ی. خۆتان چه‌كدار بكه‌ن به‌چه‌كی ته‌واوی خودا، تا بتوانن به‌رامبه‌ر پلانه‌كانی شه‌یتان خۆتان ڕاگرن. چونكه‌ زۆرانبازی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆشت‎و خوێن نییه‌، به‌ڵكو دژی سه‌رۆكه‌كان‏و ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆحه‌ به‌دكاره‌كانه‌، هه‌روه‌ها دژی فه‌رمانڕه‌وایانی تاریكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانه‌، دژی سه‌ربازه‌ ڕۆحیه‌كانی شه‌یتانه‌ له‌ئاسمان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆتان چه‌كدار بكه‌ن به‌ چه‌كی ته‌واوی خودا‏، هه‌تا له‌ڕۆژی به‌دكار، بتوانن دژی بوه‌ستن‏، هه‌روه‌ها دوای ته‌واو بوونی هه‌موو شتێك، بچه‌سپێن. بۆیه‌ چه‌سپاوبن. با ڕاستی پشتێن بێت به‌ناو قه‌دتان، سپه‌ری1 ڕاست‏ودروستی به‌ سنگتانه‌وه‌ بێت، هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونتان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی مزگێنی ئاشتی پێڵاو بێت له‌پێتان، له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌، قه‌ڵغانی باوه‌ڕ هه‌ڵگرن، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌موو تیره‌ گڕداره‌كانی شه‌یتان ده‌كوژێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها كڵاوی ئاسنینی ڕزگاری له‌سه‌رتان بكه‌ن، شمشێری ڕۆح هه‌ڵگرن كه‌ ووشه‌ی خودایه‌. هه‌موو كاتێك له‌نوێژكردن بن به‌ڕۆح، بۆ هه‌موو نوێژكردن‏و پاڕانه‌وه‌یه‌ك شه‌واره‌ بگرن‎و هه‌ر به‌رده‌وام‏بن له‌سه‌ر پاڕانه‌وه‌كه‌تان له‌خودا له‌پێناوی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان.

‏ هه‌روه‌ها بۆ منیش تاخودا ووشه‌ی گونجاوم بداتێ‌ كاتی ده‌مم ده‌كه‌مه‌وه‌‏، تابتوانم بێ‌‏ترس نهێنی مزگێنی ڕابگه‌ێنم، ئه‌وه‌ی له‌پێناوی‏دا باڵێۆزم له‌ناو كۆت‏و زنجیر، هه‌تا به‌چاونه‌ترسی ئاشكرای بكه‌م، به‌و شێوه‌یه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌رم بدوێم.

سڵاوی كۆتایی

‏ جا تا ئێوه‌ش بزانن هه‌واڵم چییه‌و خه‌ریكی چیم، تیخیكۆس، برای خۆشه‌ویستم‏و خزمه‌تكاری سه‌رڕاست له‌ خوداوه‌ند، هه‌موو شتێكتان پێ‌ ڕاده‌گه‌ینێ‌. به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌نێرم بۆ لاتان تا هه‌واڵی ئێمه‌تان بداتێ‌و ووره‌تان به‌رزبكاته‌وه‌.

با ئاشتی بۆ برایان بێت له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی به‌‏باوه‌ڕ له‌‏خودای باوك‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند. به‌ره‌كه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت، كه‌ عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندیان خۆش‎ده‌وێت به‌خۆشه‌ویستیه‌كی نه‌فه‌وتاو.

Source notes (1)
  1. Footnote سپه‌ر: به‌ عه‌ره‌بی (درع)، پۆشاكێكه‌ له‌میتاڵ دروست ده‌كرێ‌، جه‌نگاوه‌ران بۆ خۆپاراستن له‌كاتی شه‌ڕدا له‌به‌ریده‌كه‌ن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.