Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کۆلۆسی 4

ئه‌ی گه‌وره‌كان، به‌دادپه‌روه‌ریو یه‌كسانی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانتان، بزانن ئێوه‌ش گه‌وره‌یه‌كتان هه‌یه‌ له‌ ئاسمان.

هاندان بۆ نوێژكردن

به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر نوێژكردن، ئاگاداربن له‌كاتی نوێژ سوپاس بكه‌ن، ‏له‌هه‌مان ‎كات بۆ ئێمه‌ش نوێژ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خودا ده‌رگای قسه‌كردنمان بۆ بكاته‌وه‌و نهێنی مه‌سیح ڕابگه‌ێنین، ئه‌وه‌ی من له‌پێناویدا به‌ندكراوم. تا ئاشكرای بكه‌م لای خه‌ڵكی به‌و شێوه‌یه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌رم بدوێم. به‌ژیرانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕدار نین، هه‌موو هه‌لێك بقۆزنه‌وه‌. با‏هه‌میشه‌ قسه‌تان به‌ره‌كه‌تدار بێت، به‌خوێ‌ سوێر كرابێ‌، ئه‌وسا ده‌زانن چۆن وه‌ڵامی خه‌ڵكی ده‌ده‌نه‌وه‌.

سڵاوی كۆتایی

تیخیكۆس هه‌موو هه‌واڵێكی منتان ده‌داتێ‌، برای خۆشه‌ویست‏و خزمه‌تكاری سه‌رڕاست‏و كۆیله‌ی هاوڕێم له‌‏خوداوه‌ند. به‌تایبه‌تی ئه‌وم نارد‏ه‌ لاتان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ تا هه‌واڵی ئێمه‌تان پێ‌ بگه‌ینێت‏و ووره‌تان به‌رز بكاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئۆنسیمۆس برای خۆشه‌ویست‏و سه‌رڕاست، خه‌ڵكی لای خۆتانه‌، هه‌ردووكیان هه‌واڵی هه‌موو شتێكتان ده‌ده‌نێ‌ كه‌ لێره‌ ڕوویداوه‌. ‏ ئه‌رسته‌رخۆس هاورێی به‌ندیخانه‌م سڵاوتان لـێ‌ده‌كات، له‌گه‌ڵ مه‌رقۆسی ئامۆزای به‌رنابا، ئه‌وه‌ی ڕامسپاردن به‌گه‌رمی پێشوازی لـێ‌بكه‌ن كاتێ‌ هات بۆ لاتان، هه‌روه‌ها یه‌سوع كه‌ به‌یستۆس ناوده‌برێ‌. ته‌نها ئه‌مانه‌ جووله‌كه‌ن لـه‌نێوان ئه‌و یارمه‌تیده‌ره‌ ئیشكه‌رانه‌م بۆ پادشاهێتی خودا، ئه‌وان بوونه‌ هۆی دڵخۆشییه‌كی زۆر بۆم. ئه‌په‌فراسی به‌نده‌ی عیسای مه‌سیح، خه‌ڵكی لای خۆتانه‌ سڵاوتان لـێ‌ده‌كات، هه‌موو كاتێ‌ لای خودا لـه‌پێناوتان تێده‌كۆشێ‌ له‌نوێژ تا‏باوه‌ڕتان چه‌سپاو بێت‏و پێگه‌یشتوو بن‏و هه‌موو كاتێ‌ پڕ بن له‌هه‌موو خواستی خودا. من شایه‌تی بۆ ده‌ده‌م ئه‌و زۆر ماندوو ده‌بێت له‌و كارانه‌ی ده‌یكات له‌پێناوی ئێوه‌و ئه‌وانه‌ی له‌‏لاودكیه‌و هیراپۆلیسن. هه‌روه‌ها لۆقای پزیشكی خۆشه‌ویست‏و دیماس سڵاوتان لـێ‌ ده‌كه‌ن. سڵاو له‌خوشك‏و برایان بكه‌ن له‌‏لاودكیه‌و له‌‏خوشكه‌ نه‌مفاس‏و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌ی كۆده‌بنه‌وه‌ له‌‏ماڵه‌كه‌ی.

‏ ‏دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ خوێنرایه‌وه‌، بینێرن بۆ كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕدارانی لاودكیه‌ تا ئه‌وانیش بیخوێننه‌وه‌، ئینجا ئێوه‌ش ئه‌و نامه‌یه‌ی لایانه‌ لێیان وه‌رگرن‏و بیخوێننه‌وه‌.

به‌ ئه‌رخیپۆس بڵێن: (ئه‌و خزمه‌ته‌ی خوداوه‌ند داویه‌تی پێی با به‌‏ته‌واوی بیهێنیته‌دی.)

من پۆڵسم، سڵاوی منتان لـێ‌بێت، به‌‏خه‌تی خۆم بۆتان ده‌نووسم. یادی كۆت‏و زنجیره‌كانم بكه‌ن. با به‌ره‌كه‌تی خوداتان له‌گه‌ڵ بێت.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.