Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 8

چه‌وسانه‌وه‌ی باوه‌ڕداران

شاول ڕازی بوو به‌ كوشتنی ئیستفانۆس.

‏هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران تووشی چه‌وسا‏نه‌وه‌یه‌كی زۆر هات له‌‏قودس. هه‌موو باوه‌ڕداران له‌‏ناوچه‌كانی یه‌هودیه‌و سامیره‌ بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ڵام نێرراوان هه‌ر له‌‏قودس مانه‌وه‌. ئیتر هه‌ندێ‌ پیاوی له‌‏خودا‎ترس ئیستفانۆسیان ناشت‏و زۆر له‌سه‌ری گریان. به‌ڵام شاول هه‌وڵی له‌ناوبردنی باوه‌ڕدارانی ده‌دا، له‌م ماڵه‌وه‌ ده‌چوو بۆ ئه‌و ماڵ ژن‏و پیاوی ڕاده‌كێشاو ده‌یخستنه‌ به‌ندیخانه‌.

مزگێنیدان له‌‏سامیره‌

ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی بڵاوببوونه‌وه‌ له‌‏شوێنێكه‌وه‌ ده‌چوون بۆ شوێنێكیكه‌و مزگێنی ووشه‌ی خودایان به‌خه‌ڵكی ده‌دا. جا فیلیپۆس بۆ شارێك ڕۆیشت له‌ناوچه‌ی سامیره‌، سه‌باره‌ت به‌مه‌سیح بۆ دانیشتوانی قسه‌ی‏كرد. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ گوێیان لێی گرت‏و نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ریان لێی بینی، هه‌موو زۆر بایه‌خیان دا به‌وه‌ی ووتی، چونكه‌ ڕۆحی پیس له‌زۆر كه‌س كه‌تیایان نیشته‌جێ‌بوون، ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌‏ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد، هه‌روه‌ها شه‌ل‏و گۆجی زۆری چاك‎كرده‌وه‌، ئه‌وسا خۆشی هه‌موو شاره‌كه‌ی گرته‌وه‌.

‏ پێش ئه‌مه‌ له‌و شاره‌دا جادوگه‌رێك هه‌بوو ناوی شه‌معون بوو، جادوی ده‌كردو دانیشتووی سامیره‌ سه‌ریان سوڕمابوو لێی، ده‌یووت من پیاوێكی مه‌زنم‏. گه‌وره‌و بچووك گوێیان لـێ‌ده‌گرت‏و ده‌یان‎ووت: (ئه‌م پیاوه‌ گه‌وره‌ییو توانای خودای تیادایه‌.) ئه‌وان گوێیان بۆ ده‌گرت، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ بوو جادوگه‌رێتی له‌ناویان‏دا ده‌كرد.

كاتێ‌ باوه‌ڕیان هێنا به‌ووشه‌كانی فیلیپۆس ئه‌وه‌ی مزگێنی پادشاهێتی ئاسمان‏و ناوی عیسای مه‌سیحی پێ‌دان، ئیتر ژن‏و پیاو له‌ئاوهه‌ڵكێشران. ئه‌وسا شه‌معونیش باوه‌ڕی هێناو له‌ئاوهه‌ڵكێشرا، خوی به‌ فیلیپۆس گرتبوو، سه‌ریسوڕما بوو كاتێ‌ نیشانه‌و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری ده‌بینی له‌سه‌رده‌ستی ده‌كرا. كاتێ‌ نێرراوان له‌‏قودس بیستیان كه‌وا دانیشتوانی سامیره‌ باوه‌ڕیان به‌ ووشه‌ی خودا هێناوه‌، ئه‌وسا په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننایان بۆ لایان نارد. هه‌ر دووكیان نوێژیان بۆ كردن تاكو ڕۆحی پیرۆز وه‌رگرن، چونكه‌ هێشتا ڕۆحی پیرۆز نه‌ڕژابوو بـه‌سـه‌ر كـه‌سـیان، بـه‌ڵكو ته‌نها به‌ناوی عیسای خوداوه‌ند له‌ئاو هه‌ڵكێشرابوون. جا په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا ده‌ستیان خسته‌ سه‌ر سه‌ریان، ئه‌وسا ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرت. كاتێ‌ شه‌معون بینی ڕۆحی پیرۆز چووه‌ ناو ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی كه‌ دوو نێرراوه‌كه‌ ده‌ستیان خسته‌ سه‌ر سه‌ریان، هه‌ندێ‌ پاره‌ی خسته‌ به‌رده‌م په‌ترۆس و یۆحه‌نناو پێیووتن: (ئه‌و توانایه‌ به‌‏منیش بده‌ن، هه‌تا ده‌ست بخه‌مه‌ سه‌ر هه‌ر كه‌سێك ڕۆحی پیرۆز وه‌رگرێ‌.) په‌ترۆس پێیووت: (با زیوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خۆت له‌ناوبچێ‌! چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بووی تۆ ده‌توانی به‌هره‌ی خودا به‌ پاره‌ بكڕی! تۆ له‌م شته‌دا ماف‏و به‌شت‏نییه‌، چونكه‌ دڵت ڕاست نییه‌ به‌رامبه‌ر خودا. تۆبه‌ بكه‌ له‌به‌ر ئه‌م خراپه‌یه‌، نوێژ بكه‌ بۆ خوداوه‌ند تا له‌‏مه‌به‌ستی دڵت خۆش‎بێ‌، چونكه‌ ده‌تبینم تێكه‌ڵ به‌تاڵاو بوویت‏و كه‌وتوویته‌ داوی گوناه‌‏.) جا شه‌معون ووتی: (هه‌ر دووكتان له‌پێناوی من نوێژ بكه‌ن بۆ خوداوه‌ند، هه‌تا هیچ شتێك له‌وه‌ی باسی ده‌كه‌ن به‌سه‌رمدا نه‌یه‌ت. دوای ئه‌وه‌ی په‌ترۆس‎و یۆحه‌ننا شایه‌تی ووشه‌ی خوداوه‌ندیان‏داو له‌وێ‌ ئاشكرایان‎كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قودس‏و ووشه‌ی خودایان بۆ زۆر لاد‎ێكانی ناوچه‌ی سامیره‌ ڕاگه‌یاند.

فیلیپۆس‏و ‏وه‌زیری حه‌به‌شه‌

فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ فیلیپۆس دواو پێیووت: (هه‌سته‌ بڕۆ به‌ره‌و خواروو، به‌ڕێگای نێوان قودس‎و غه‌ززه‌دا. ئه‌ویش هه‌ستاو ڕۆیشت، له‌وكاته‌دا تووشی پیاوێكی گرنگی خه‌ساوی حه‌به‌شی‏بوو كه‌ وه‌زیری كاروباری دارایی بوو لای كه‌نداكه‌ی شاژنی حه‌به‌شه‌، هاتبووه‌ قودس بۆ په‌رستن، كاتێ‌ به‌‏سواری گالیسكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ حه‌به‌شه‌‏، خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ بوو له‌په‌رتووكی ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر، رۆحی پیرۆز به‌ فیلیبۆسی ووت: (بڕۆ دوای ئه‌و گالیسكه‌یه‌ كه‌وه‌.) ئیتر فیلیپۆس به‌ په‌له‌ دوایكه‌وت، گوێی له‌‏كابرا بوو په‌رتووكی ئه‌شعیای ده‌خوێنده‌وه‌و لێیپرسی: (ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێی‏ده‌گه‌ی؟) ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (چۆن ئه‌مه‌ بتوانم گه‌ر یه‌كێك بۆم ڕوون‎‏نه‌كاته‌وه‌؟) ئینجا فیلیبۆسی بانگ‎كرد بچێته‌ سه‌ر گالیسكه‌كه‌یو له‌گه‌ڵی دابنیشێ‌. كابرا له‌و په‌رتووكه‌ی ده‌یخوێنده‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ده‌ڵێ‌: [[وه‌ك به‌رخێك كه‌وا ده‌برێ‌ بۆ سه‌ربڕین، هه‌روه‌ها وه‌ك به‌رخێكی بێ‌ده‌نگ له‌به‌رده‌ست ئه‌وه‌ی خوری لێ‏ده‌بڕیته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌می نه‌كرده‌وه‌. له‌‏كاتێ‌ كه‌ ملكه‌چ‏بوو به‌‏ناڕه‌وایی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كرد. جا كاتێ‌ ژیانی له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ما، ئیتر كێ‌ باسی نه‌وه‌كانی ده‌كات؟]]

‏ لێره‌ كابرا به‌ فیلیپۆسی ووت: (پێم‎بڵێ‌: ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌ له‌م ووته‌یه‌دا؟ له‌خۆی یاخود له‌ یه‌كێكیكه‌؟) ئیتر فیلیپۆس كه‌وته‌ قسه‌كردن‏و ده‌ستیكرد به‌ مزگێنیدانی عیسا به‌ ده‌ست پێ‌كردن له‌‏و په‌رتووكه‌وه‌. كاتێ‌ به‌ڕێگاوه‌ بوون، گه‌یشتنه‌ شوێنێك ئاوی لـێ‌بوو، كابرا به‌ فیلیپۆسی ووت: (ئه‌وه‌ ئاوه‌، چی ڕێم لـێ‌ده‌گرێ‌ له‌ئاوهه‌ڵبكێشرێم؟) [فیلیپۆس له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌مه‌ ده‌بێ‌ گه‌ر به‌ هه‌موو دڵته‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنی.) جا كابرا ووتی: (‏باوه‌ڕ ده‌كه‌م عیسای مه‌سیح ڕۆڵه‌ی خودایه‌.(] ‏فه‌رمانیدا گالیسكه‌كه‌ ڕاوه‌ستێ‌، ئه‌وسا هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر ئاوه‌كه‌و فیلیپۆس كابرای خه‌ساوی له‌ئاوهه‌ڵكێشا. كاتێ‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ ڕۆحی خوداوه‌ند فیلیپۆسی ڕفاند، ئیتر كابرا فیلیپۆسی نه‌بینییه‌وه‌. ئه‌ویش به‌خۆشیه‌وه‌ به‌ڕێگای خۆی ڕۆیشت‏. دوای ئه‌وه‌ فیلیپۆس له‌ ئه‌شدود بینرا، ئینجا ڕۆیشت بۆ مزگێنیدان له‌ هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی ئه‌وێ‌ تا گه‌یشته‌ شاری قه‌یسه‌ریه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.