Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 6

هه‌ڵبژاردنی ‏حه‌وت خزمه‌تكار

كاتێ‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ژماره‌ی قوتابیه‌كان زیادی ده‌كرد، گیروگرفت كه‌وته‌ نێوان عیبرانیه‌كان‏و جووله‌كه‌ یۆنانیه‌كان، چونكه‌ جێ‌به‌جێ‌كردنی پێویستی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ‌ خرابوو. بۆیه‌ دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌ هه‌موو قوتابیانیان بانگ‎كردو پێیان‎ووتن: (نابێ‌ ئێمه‌ واز له‌ووشه‌ی خودا بهێنین‎و به‌ئازووقه‌ دابه‌شكردن خه‌ریك بین. ئه‌ی برایان له‌نێو خۆتان حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت‏و پڕبن له‌‏ڕۆحی پیرۆزو له‌‏دانایی، هه‌تا هه‌ستن به‌جێ‌به‌جێ‌كردنی ئه‌م ئه‌ركه‌. به‌ڵام ئێمه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر نوێژكردن‏و خزمه‌ت‎كردنی ووشه‌ی خودا.) خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، یه‌كه‌مجار ئیستفانۆسیان هه‌ڵبژارد، ئه‌ویش پیاوێكی پڕ له‌باوه‌ڕو ڕۆحی پیرۆز بوو، ئینجا فیلیپۆس‏و پوروخۆرس‏و نیكانۆرو تیمۆن‏و په‌رمیناس‏و نیقولاوسی ئه‌نتاكی كه‌ ناجووله‌كه‌بوو ببوو به‌جووله‌كه‌. ئه‌وانه‌ له‌پێش نێرراوان دانران‏و ئه‌وانیش ده‌ستیان خسته‌ سه‌ر سه‌ریان‏و نوێژیان بۆ كردن. ئیتر ووشه‌ی خودا زیاتر بڵاوبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی قوتابیان له‌ قودس زیاد بوو، كۆمه‌ڵێكی گه‌وره‌‏ش له‌ كاهینه‌كان گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ بوون.

گرتنی ئیستفانۆس

ئیستفانۆسیش پڕ له‌ به‌ره‌كه‌ت‏و هێزی خودا، كاری سه‌رسوڕهێنه‌رو نیشانه‌ی گه‌وره‌ی له‌نێو گه‌ل ده‌كرد. جا هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی سه‌ر به‌‏كه‌نیشتی كۆیـله‌ ئــازاد كـراوه‌كان بوون، له‌گه‌ڵ جووله‌كه‌ قه‌یره‌وانییه‌كان‏و ئه‌سكه‌نده‌ریه‌كان شه‌ڕه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئیستفانۆس‏كرد، هه‌روه‌ها چه‌ند كه‌سێكی ناوچه‌ی كیلیكیاو ئاسیاشیان له‌گه‌ڵدابوو. به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌و داناییه‌و ئه‌و ڕۆحه‌ بكه‌ن كه‌ تیایدا ده‌دوا. هیچیان بۆ نه‌كرا چه‌ند كه‌سێكیان هاندا تا بڵێن: (گوێمان له‌ئیستفانۆس بوو كفری سه‌باره‌ت به‌ موساو خودا ده‌كرد.) ئینجا گه‌ل‏و پیران‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌تیان جۆشدا، ئه‌وسا گرتیان‏و هێنایانه‌ لای ئه‌نجوومه‌ن، شایه‌تی درۆیان به‌سه‌ره‌وه‌ دروست‎كرد‏و ده‌یان ووت: (ئه‌م كابرایه‌ دژی ئه‌م شوێنه‌ پیرۆزه‌و شه‌ریعه‌ت هه‌میشه‌ قسه‌ ده‌كات‏و وازناهێنێ‌. چونكه‌ گوێمان لێیبوو ده‌یووت عیسای ناسیری ئه‌م په‌رستگایه‌ ده‌روخێنێ‌‏و ئه‌و خووڕه‌وشتانه‌ی له‌موسا وه‌رمانگرتووه‌ ده‌یگۆڕێ‌.) كاتێ‌ سه‌یریان‎كرد هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌‏كۆڕه‌كه‌ ئاماده‌‏بوون سه‌رنجیاندا، بینییان ده‌موچاوی وه‌ك ده‌موچاوی فریشته‌ وایه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.