Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 28

له‌ دورگه‌ی ماڵتا

دوای ئه‌وه‌ی ڕزگارمان بوو زانیمان ئه‌و شوێنه‌ی گه‌یشتوینه‌تێ‌ دورگه‌ی ماڵتایه‌. دانیشـتوانـی دورگــه‌كـه‌ به‌ڕووخۆشییه‌كی گه‌وره‌ی بێ‌‎هاوتا پێشوازیان له‌نامۆكان كرد. به‌خێرهاتنیان كردین، ئاگریان بۆ كردینه‌وه‌، چونكه‌ باران ده‌باری‎و ئاوهه‌وا ساردبوو.

ئینجا پۆڵس هه‌ندێ‌ ته‌خته‌ی كۆكرده‌وه‌، كاتێ‌ خستیه‌ ئاگره‌كه‌ مارێك به‌هۆی گه‌رمی ئاگره‌كه‌وه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌، ئاگره‌كه‌ پاڵی‎نابوو، خۆی له‌ده‌ستی ئاڵاند. خه‌ڵكی ماڵتا ماره‌كه‌یان بینی خۆی هه‌ڵواسی بوو به‌ ده‌ستیه‌وه‌، به‌یه‌كتریان ووت: (بێ‌گومان ئه‌م كابرایه‌ پیاوكوژه‌، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری ناهێڵێ‌ بژی دوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ریا ڕزگاری بوو.) پۆڵس ماره‌كه‌ی ڕاوه‌شانده‌ ناو ئاگره‌كه‌ بێ‌‎ئه‌وه‌ی تووشی ئازار بێ‌. ئه‌وانیش چاوه‌ڕێیان‎كرد له‌شی بئاوسێ‌ یا له‌پڕ به‌ مردوویی بكه‌وێ‌. به‌ڵام چاوه‌ڕێ‌ كردنه‌كه‌یان درێژه‌ی خایاند، بێ‌‎ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی پێ‌ بگات، ئه‌وسا بیروڕایان گۆڕی به‌رامبه‌ری‎و ووتیان: (ئه‌مه‌ خودایه‌كه‌!)

له‌ نزیك ئه‌و شوێنه‌ كێڵگه‌یه‌كی لێ‌‎بوو هی پۆبلیوسی گه‌وره‌ی دورگه‌كه‌ بوو، ئه‌و بانگی‎كردین‎و سێ‌ ڕۆژ میوانداری كردین. وا ڕێكه‌وت باوكی پۆبلیوس نه‌خۆش بوو له‌ جێگه‌دا كه‌وتبوو زۆر سكی ده‌چوو تای لێ‌‎هاتبوو. پۆڵس دیده‌نی كردو نوێژی كرد، ده‌ستی خسته‌ سه‌ر سه‌ری‎و چاكی كرده‌وه‌. كاتێ‌ ئه‌مه‌ ڕوویدا، نه‌خۆشه‌كانیتری دورگه‌كه‌ هاتنه‌ لای‎و چاك‎بوونه‌وه‌، دیاری زۆریان پێ‌داین، هه‌روه‌ها له‌كاتی ڕۆیشتنمان ئه‌وه‌ی بۆ گه‌شته‌كه‌مان پێویستمان پێی‎بوو پێمانیان‏دا.

له‌ماڵتاوه‌ بۆ ڕۆما

دوای سێ‌ مانگ له‌ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ سواری كه‌شتییه‌ك بووین، وه‌رزی زستانی له‌ ماڵتا به‌سه‌ربرد بوو، وێنه‌ی دووانه‌ی له‌سه‌ربوو. كاتێ‌ گه‌یشتینه‌ شاری سیراكوسا سێ‌ ڕۆژمان تیادا به‌سه‌ربرد، ئینجا به‌ نزیك قه‌راغی ده‌ریا ڕۆیشتین تاكو گه‌یشتینه‌ شاری ڕیغیون. بۆ به‌یانی بای خواروو هه‌ڵیكرد، بۆ ڕۆژی دووه‌م گه‌یشتینه‌ شاری پوتیولی. له‌وێ‌ هه‌ندێ‌ له‌برایانمان بینی، داوایان لێ‌‎كردین حه‌وت ڕۆژ لایان بمێنینه‌وه‌، جا به‌م شـێوه‌یه‌ گه‌یشتینه‌ ڕۆما. كاتێ‌ له‌وێ‌ برایان بیستیان گه‌یشتوین، هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشوازیمان له‌گۆڕه‌پانی ئه‌پیوس‎و له‌ سێ‌ خانه‌كان. كه‌ پۆڵس ئه‌وانی بینی سوپاسی خودای كردو ووره‌ی به‌رزبووه‌وه‌.

پۆڵس له‌رۆما

كاتێ‌ گه‌یشتینه‌ ڕۆما، سه‌رپه‌له‌كه‌ ڕێگایدا پۆڵس له‌ماڵێكی تایبه‌ت بمێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربازه‌ی پاسه‌وانی ده‌كات. دوای سێ‌ ڕۆژ پۆڵس پێشه‌وایانی جووله‌كه‌ی بانگ‎كرد، پێی‎ووتن: (ئه‌ی برایان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی خراپ ‎بێ‌ دژی گه‌ل‎و خووڕه‌وشتی باوباپیران نه‌م‎كردووه‌، كه‌چی به‌ندكراوم له‌قودس‎و دراومه‌ته‌ ده‌ستی ڕۆمانیه‌كان، ئه‌وانیش سه‌یری مه‌سه‌له‌كه‌یان كردم‎و ویستیان ئازادم بكه‌ن، چونكه‌ هیچ تاوانێكم له‌سه‌ر نییه‌ شایانی له‌سێداره‌دانم بێ‌. به‌ڵام جووله‌كه‌كان ناڕازی بوون، ئه‌وسا ناچار بووم داواكاریه‌كه‌م ببه‌مه‌ لای قه‌یسه‌ر. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێ‌ شكات له‌نه‌ته‌وه‌ی خۆم بكه‌م به‌شتێك. جا له‌به‌رئه‌وه‌ داوام‎كرد بتانبینم‎و قسه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌م، چونكه‌ من له‌پێناوی هیوای ئیسرائیل ئاوا به‌ندكراوم.)

ئه‌وانیش ووتیان: (ده‌رباره‌ی تۆ هیچ نامه‌یه‌كمان له‌وڵاتی یه‌هودیه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ها نێرراو له‌لایه‌ن برایانمانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ به‌شتێك ده‌رباره‌ی تۆ هه‌واڵمان بداتێ‌، یاخود شكاتت لێ‌‎بكات. به‌ڵام پێمان خۆشه‌ گوێ‌ له‌ڕات ‎بگرین، چونكه‌ ده‌زانین خه‌ڵك له‌هه‌موو شوێنێك به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌م بیروڕایه‌ ده‌كه‌ن.) كاتێ‌ ئه‌وان ڕۆژێكیان بۆ دیاری‏كرد، له‌و ڕۆژه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر بۆ لای پۆڵس هاتن. ئه‌ویش له‌به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ قسه‌ی بۆ ده‌كردن‎و سه‌باره‌ت به‌پادشاهێتی خودا شایه‌تی ده‌داو هه‌وڵی ڕازیكردنی‏دان به‌و كاروبارانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌عیسا به‌هۆی ته‌وراتی موساو په‌رتووكی پێغه‌مبه‌ران. جا هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ باوه‌ڕیان به‌ قسه‌كانی هێنا، هه‌ندێكیشیان باوه‌ڕیان نه‌هێنا. ئه‌وسا دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ ناویانه‌وه‌، ئینجا ڕۆیشتن دوای ئه‌وه‌ی پۆڵس پێی‎ووتن: (ڕۆحی پیرۆز ڕاستی كردووه‌، به‌زمانی ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر به‌باوباپیرانتانی ووتوه‌: [[بڕۆ لای ئه‌م گه‌له‌و پێی ‎بڵێ‌: گوێگرتن گوێ‌ ‎ده‌گرن، به‌ڵام تێناگه‌ن: سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن! چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌و گوێیان قورس بووه‌، چاویان نوقاندووه‌ هه‌تا به‌چاویان نه‌بینن، به‌گوێیان نه‌بیستن به‌دڵیان تێ‌نه‌گه‌ن‏و بۆ لام بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وسا منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌.]]

با زانراو بێت لاتان، خودا ڕزگاری خۆی نارد بۆ ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین، ئه‌وانیش گوێی بۆ ده‌گرن.)

[كاتێ‌ پۆڵس ئه‌مه‌ی ووت، جووله‌كه‌كان ئه‌وێیان به‌جێ‌هێشت‎و بووه‌ ده‌مه‌قاڵێ‌ له‌نێوانیان.]

پۆڵس دوو ساڵی ته‌واو له‌و ماڵه‌ی به‌كرێی گرتبوو مایه‌وه‌، پێشوازی له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌هاتن بۆ دیده‌نی، هه‌روه‌ها پادشاهێتی خودای ڕاده‌گه‌یاند، به‌چاونه‌ترسی‏و سه‌ربه‌ستییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ خوداوه‌ند عیسای مه‌سیح فێری ده‌كردن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.