Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 21

پێشبینیه‌كان ده‌رباره‌ی ئازاری پۆڵس

كاتێ‌ كه‌ له‌‏یه‌كتری جیابووینه‌وه‌، به‌ڕێكی به‌ڕێگای ده‌ریادا به‌ره‌و كوس ڕۆیشتین. بۆ ڕۆژی داهاتوو گه‌یشتینه‌ دورگه‌ی ڕودس له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و دورگه‌ی پاترا ڕۆیشتین، له‌وێ‌ كه‌شتیه‌كمان بینی بۆ فنیقیه‌ ده‌چوو، سواری بووین‏و ڕۆیشتین. كاتێ‌ دورگه‌ی قوبروسمان بینی به‌ ده‌سته‌ چه‌پ به‌جێمان هێشت، جا به‌رده‌وام بووین له‌گه‌شته‌كه‌مان به‌ره‌و سوریا، ئه‌وسا گه‌یشتینه‌ مینای سورو لێی دابه‌زین، چونكه‌ كه‌شتیه‌كه‌ له‌وێ‌ باره‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كرد. كاتێ‌ له‌وێ‌ قوتابیه‌كانمان دۆزیه‌وه‌، حه‌وت ڕۆژ لایان ماینه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ ئامۆژگاری پۆڵسیان‏كرد نه‌ڕوات بۆ قودس. كاتێ‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌مان لایان ته‌واو بوو ڕۆیشتین تا گه‌شته‌كه‌مان ته‌واو بكه‌ین، تا‏ده‌ره‌وه‌ی شار خۆیان‏و ژن‏و منداڵیان له‌گه‌ڵمان هاتن. له‌سه‌ر قه‌راغی ده‌ریا چۆكمانداداو نوێژمان كرد، جا یه‌كترمان به‌‏خودا سپارد، سواری كه‌شتیه‌كه‌ بووین، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان.

ئه‌وسا له‌ڕێگای ده‌ریاوه‌ به‌رده‌وام بووین له‌ گه‌شته‌كه‌مان، له‌‏شاری سوره‌وه‌ ڕۆیشتین بۆ شاری پتولمایس، له‌وێ‌ هه‌واڵی برایانمان پرسیو سڵاومان لێ‏كردن‏و ڕۆژێك له‌گه‌ڵیان ماینه‌وه‌. بۆ ڕۆژی داهاتوو چووین بۆ شاری قه‌یسه‌ریه‌ به‌‏میوانی له‌ماڵی فیلپۆسی مزگێنی‏ده‌ر ماینه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك بوو له‌و حه‌وت پیاوه‌ی خزمه‌تیان ده‌كرد له‌ كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران، ئه‌ویش چوار كچی هه‌بوو به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوان. ‏كاتێ‌ ئێمه‌ له‌وێ‌ بووین له‌ناوچه‌ی یه‌هودیه‌ یه‌كێك هه‌بوو ناوی ئاغابوس بوو به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوا، هات بۆ لامان. پشتێنه‌كه‌ی پۆڵسی هه‌ڵگرت، ده‌ست‏و قاچی پێ‌به‌سته‌وه‌و ووتی: (ڕۆحی پیرۆز ده‌ڵێ‌ خاوه‌نی ئه‌م پشتێنه‌، جووله‌كه‌كان ‏به‌م شێوه‌یه‌ له‌قودس ده‌یبه‌ستنه‌وه‌، ده‌یده‌نه‌ ده‌ستی بێگانه‌كان.) كاتێ‌ ئه‌مه‌مان بیست، ئێمه‌و ئه‌وانه‌ی دانیشتووی ئه‌وێ‌ بوون، داوامان له‌‏پۆڵس كرد نه‌چێ‌ بۆ قودس، به‌ڵام ئه‌و پێیووتین: (ئه‌وه‌ چیتانه‌ ده‌گرین‏و دڵم ده‌شكێنن؟ من ئاماده‌م نه‌ك ته‌نها له‌ قودس به‌ند بكرێم، به‌ڵكو له‌‏به‌ر ناوی عیسای خوداوه‌ند بشمرم.) ئیتر نه‌مانتوانی ڕازی بكه‌ین، بێ‌ده‌نگ بووین‏و ووتمان: (با به‌‏خواستی خوداوه‌ند بێ‌.) دوای ماوه‌یه‌ك خۆمان ئاماده‌كرد بۆ گه‌شت، به‌ره‌و قودس ڕۆیشتین، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ له‌‏قوتابیانی شاری قه‌یسه‌ریه‌، ئێمه‌یان برده‌ ماڵی مه‌ناسونی قوبروسی كه‌ قوتابیه‌كی كۆن بوو، تا له‌وێ‌ بمێنینه‌وه‌.

له‌‏قودس

كاتێ‌ گه‌یشتینه‌ قودس، برایان به‌ خۆشیه‌وه‌ پێشوازیان لێ‌كردین. ڕۆژێ‌ دوای گه‌یشتنمان پۆڵس له‌گه‌ڵمان هات بۆ لای یاقوب هه‌موو پیرانیش له‌وێ‌ بوون. پۆڵس سڵاوی لێ‌كردن، ئه‌وسا یه‌ك له‌دوای یه‌ك هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دانێ‌ كه‌ خودا كردوویه‌تی له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین به‌هۆی كاری ئه‌و. كاتێ‌ ئه‌م هه‌واڵانه‌یان بیست، ستایشی خودایان كردو پێیان‏ووت: (ئه‌ی برا ده‌بینی چۆن هه‌زاران جووله‌كه‌ باوه‌ڕیان هێنا، هه‌موویان دڵگه‌رمن بۆ شه‌ریعه‌تی موسا. وایان بیستووه‌ كه‌ تۆ ئه‌و جووله‌كانه‌ی له‌نێوان بێگانه‌دا ده‌ژین بانگیان ده‌كه‌یت بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی موسا، هه‌روه‌ها ڕایان‏ده‌سپێری منداڵه‌‏كانیان خه‌ته‌نه‌ نه‌كه‌ن‏و په‌یڕه‌وی خووڕه‌وشتی باوباپیریان نه‌كه‌ن، كه‌واته‌ ده‌بێ‌ چی بكرێ‌، چونكه‌ بێ‌گومان هه‌واڵی هاتنت ده‌بیستن؟ جا ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێت ده‌ڵێین: چوار پیاومان لایه‌ نه‌زریان له‌سه‌ره‌، بیانبه‌ بۆ په‌رستگاو خۆت پاك بكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، نرخی سه‌رتاشینه‌كه‌یان بۆ بده‌، ئه‌وسا هه‌موو ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تۆ بیستوویانه‌ ڕاست نییه‌، تۆش وه‌ك ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌ریعه‌ت ده‌ڕۆیت. به‌ڵام بۆ ئه‌و ‎باوه‌ڕدارانه‌ی ناجووله‌كه‌ن، نامه‌یه‌كمان ناردووه‌ تیایدا ڕامانسپاردون ئه‌و قوربانیانه‌ی بۆ بته‌كان ده‌كرێ‌ نه‌یخۆن، هه‌روه‌ها خوێن نه‌خۆنه‌وه‌و گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی خنكێنراون نه‌ی‎خۆن‎و داوێن پیسی نه‌كه‌ن.(

ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆژێ‌ دوای ئه‌وه‌ پۆڵس چوار پیاوه‌كه‌ی برد، پاش ئه‌وه‌ی خۆی پاك‎كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، چوو بۆ په‌رستگا هه‌تا ئه‌و به‌رواره‌ تۆمار بكات كه‌ هه‌فته‌ی پاكبوونه‌وه‌ كۆتایی پێ‌ دێت، هه‌روه‌ها له‌جیاتی هه‌ر یه‌كێكیان ئه‌و قوربانیه‌ی پێویسته‌ پێشكه‌شی بكات.

گرتنی پۆڵس

كاتێ‌ خه‌ریك بوو حه‌وت ڕۆژی پاك‎بوونه‌وه‌ ته‌واوبێ‌، هه‌ندێ‌ جووله‌كه‌ی ناوچه‌ی ئاسیا پۆڵسیان بینی له‌په‌رستگا، خه‌ڵكه‌كه‌یان هانداو گرتیان، ئینجا هاواریان‎كرد: (فریاكه‌ون ئه‌ی پیاوانی ئیسرائیل! ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵك فێری شتێك ده‌كات دژی گه‌ل‎و شه‌ریعه‌ته‌كه‌مان‏و ئه‌م شوێنه‌ش، ته‌نانه‌ت یۆنانی هێناوه‌ بۆ په‌رستگاو ئه‌م شوێنه‌ پیرۆزه‌ی گڵاو كردووه‌!) ئه‌مه‌یان ووت چونكه‌ تۆرۆفیموسی خه‌ڵكی شاری ئه‌فه‌سۆسیان له‌گه‌ڵ پۆڵس بینی بوو، جا وایانزانی له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی بۆ په‌رستگا.

ئه‌وسا هه‌موو خه‌ڵكی شار ووروژان، خه‌ڵكه‌كه‌ په‌لاماری پۆڵسیانداو ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رستگا، یه‌كسه‌ر ده‌رگاكه‌یان داخست، كاتێ‌ ئه‌وان هه‌وڵی كوشتنیان ده‌دا، سه‌ركرده‌یه‌كی ڕۆمانی بیستی كه‌وا قودس هه‌مووی ووروژاوه‌. ده‌ست‎به‌جێ‌ كۆمه‌ڵێ‌ سه‌ربازو سه‌رپه‌لێكی بردو خێرا بۆ لایان ڕۆیشت. كاتێ‌ جووله‌كه‌كان سه‌رۆك‎و سه‌ربازه‌كانیان بینی وازیان هێنا له‌لێدانی پۆڵس. ئیتر سه‌رۆكه‌كه‌ لێی نزیك‎بووه‌وه‌و گرتی، فه‌رمانی‎دا به‌ سه‌ربازه‌كانی به‌ دوو زنجیر بیبه‌ستنه‌وه‌، ده‌یویست بزانێ ئه‌مه‌ كێیه‌‎و چی كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان شتێكیان ده‌ووت‎و هه‌ندێكی‎كه‌یان شتێكی‎كه‌. جا كه‌ نه‌یتوانی ڕاستی شته‌كه‌ ده‌ربخات به‌هۆی ووروژانی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌، فه‌رمانی‎دا پۆڵس ببرێ‌ بۆ سه‌ربازگه‌. كاتێ‌ سه‌ربازه‌كان گه‌یاندیانه‌ سه‌ر پێ‌پلیكانه‌كان ناچاربوون هه‌ڵیگرن تا ڕزگاری بكه‌ن له‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كۆبووبونه‌وه‌ دوای‎كه‌وتن‎و هاواریان ده‌كرد: (با له‌ سێداره‌ بدرێ‌!)

پێش ئه‌وه‌ی پۆڵس بچێته‌ سه‌ربازگه‌كه‌، به‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی ووت: (ئایا ده‌توانم شتێكت پێ‌‎بڵێم؟) سه‌رۆكه‌كه‌ لێی پرسی: (یۆنانی ده‌زانی؟) كه‌واته‌ تۆ ئه‌و پیاوه‌ میسریه‌ نیت ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئاژاوه‌ی نایه‌وه‌، به‌چوار هه‌زار پیاوكوژه‌وه‌ چوو بۆ بیابان! ئه‌وسا پۆڵس ووتی: (من جووله‌كه‌ی ته‌رسوسم كه‌ شارێكی به‌ناوبانگه‌ له‌ ناوچه‌ی كیلیكیه‌. داوات لێ‌‎ده‌كه‌م ڕێگام بده‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بكه‌م.) ئیتر سه‌رۆكه‌كه‌ ڕێگایدا، پۆڵس له‌سه‌ر پێ‌‎پلیكانه‌كان ڕاوه‌ستا، به‌ده‌ست ئیشاره‌تی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد، كاتێ‌ بێ‌‎ده‌نگی باڵی كێشا به‌و ناوه‌، ده‌ستی‎كرد به‌قسه‌كردن بۆیان به‌زمانی عیبری‎و ووتی:

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.