Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 13

هه‌ڵبژاردنی به‌ڕناباو شاول‏

له‌كۆمه‌ڵی باوه‌ڕدارانی ئه‌نتاكیا هه‌ندێ‌ كه‌س به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوان‏و هه‌ندێكیش فێركه‌ربوون، له‌وانه‌: به‌رنابا، شه‌معونی ناسراو به‌‏ڕه‌ش، لوكیوسی قه‌یره‌وانی، مه‌ناین كه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێرۆدس به‌خێوكرابوو فه‌رمانڕه‌وای چواریه‌كی ناوچه‌كه‌ بوو، هه‌روه‌ها شاولیان له‌گه‌ڵ بوو. ڕۆژێكیان، كاتێ‌ به‌ ڕۆژوو بوون‏و خوداوه‌ندیان ده‌په‌رست، ڕۆحی پیرۆز پێیووتن: (به‌رناباو شاولـم بۆ ته‌رخان‎كه‌ن بۆ ئه‌و ئیشه‌ی كه‌ بانگم كردون بۆی.) دوای ئـه‌وه‌ی به‌رۆژوو بـوون‏و نوێژیان‎كرد ده‌ستیان خسته‌ سه‌ریان‏و ڕه‌وانه‌یان كردن.

شاول‏و به‌رنابا له‌‏قوبرس

كاتێ‌ ڕۆحی پیرۆز به‌رناباو شاولـی نارد، به‌ره‌و دورگه‌ی سولوكیه‌ ڕۆیشتن، له‌وێشه‌وه‌ به‌ڕێگای ده‌ریا به‌ره‌و قوبرس كه‌وتنه‌ڕێ‌. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ شاری سه‌لامیس دابه‌زین، ده‌ستیان‎كرد به‌بڵاوكــردنه‌وه‌ی ووشه‌ی خودا له‌كه‌نیشتی جووله‌كه‌كان، یۆحه‌نناشیان له‌گه‌ڵ بوو بۆ یارمه‌تی. به‌هه‌موو دورگه‌كه‌ گه‌ڕان هه‌تا گه‌یشتنه‌ شاری پافوس. له‌وێ‌ تووشی جادوگه‌رێكی جووله‌كه‌ بوون به‌درۆ خۆی‏كرد بوو به‌ پێغه‌مبه‌ر، ناوی باریشوع بوو، له‌گه‌ڵ سه‌رجیوس پۆڵسی فه‌رمانڕه‌وای قوبرس بوو. فه‌رمانڕه‌وایه‌كه‌ زیره‌ك بوو، به‌رناباو شاولی بانگ كرد، داوای لـێ‌كردن باسی ووشه‌ی خودای بۆ بكه‌ن. به‌ڵام ئیلیمی جادوگه‌ر، ئه‌مه‌ ناوه‌ یۆنانییه‌كه‌ی بوو، به‌ربه‌ره‌كانی كردن‏و هه‌وڵیدا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك‎بێ‌ ڕێگای باوه‌ڕ له‌ فه‌رمانڕه‌وا بگرێ‌.

ئینجا شاول، كه‌ ناوی پۆڵسیش بوو، له‌شی پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆز، سه‌یری جادوگه‌ره‌كه‌ی كردو ووتی: (‏ئه‌ی ڕۆڵه‌ی شه‌یتان، ئه‌ی ئه‌وه‌ی پڕی لـه‌‏چــه‌وتــیو خراپه‌، ئه‌ی دوژمـنی هه‌موو چاكه‌یه‌ك! بۆ وازناهێنی له‌‏چه‌وت‎كردنی ڕێگا‏ی ڕاسته‌قینه‌ی خوداوه‌ند؟ ئێستا ده‌ستی خوداوه‌ندت دێته‌ سه‌ر، كوێر ده‌بیت‏و بۆ ماوه‌یه‌ك ڕۆژ نابینی.) ده‌ستبه‌جێ‌ ته‌مێكی تاریك كه‌وته‌ سه‌رچاوی، ده‌ستیكرد به‌گه‌ڕان به‌دوای یه‌كێك تا ده‌ستیبگرێ‌. كاتێ‌ فه‌رمانڕه‌وا ئه‌وه‌ی بینی ڕوویدا باوه‌ڕی هێنا، چونكه‌ سه‌رسام بوو له‌فێركردنی خوداوه‌ند.

‏له‌‏ئه‌نتاكیای بیسیدیه‌

پۆڵس‏و هاوڕێكانی به‌ناو ده‌ریادا له‌ پافوسه‌وه‌ چوون بۆ پرجه‌ له‌ په‌مفیلیه‌. له‌وێ‌ یۆحه‌ننا له‌پۆڵس‏و به‌رنابا جیابووه‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ قودس. به‌ڵام ئه‌وان له‌پرجه‌وه‌ بۆ ئه‌نتاكیای سه‌ر به‌ ناوچه‌ی پیسیدیه‌ ڕۆیشتن. ڕۆژی شه‌ممه‌ چوونه‌ كه‌نیشت‏و دانیشتن. پاش خوێندنه‌وه‌ له‌‏شه‌ریعه‌ت‏و په‌رتووكی پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه‌ به‌شوێنیان ناردن‏و پێیان ووتن: (ئه‌ی برایان، گه‌ر شتێكتان هه‌یه‌ دانیشتوانی پێ‏هانبده‌ن بیڵێن.) پۆڵس هه‌ستاو به‌ده‌ست ئیشاره‌تی كردو ووتی: (ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌خودا ده‌ترسن، گوێ‌ بگرن: خودای ئه‌م گه‌له‌، گه‌لـی ئیسرائیل، باوباپیرانمانی هه‌ڵبژارد، كردنی به‌گه‌لێكی مه‌زن له‌‏میسر، ئینجا له‌وێ‌ ده‌ریهێنان به‌هێزو توانای بازووی. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی چل ساڵ له‌‏بیابان به‌خێویكردن، ئه‌وسا حه‌وت گه‌لـی له‌‏ووڵاتی كه‌نعان له‌ناوبرد، ئه‌وانی كرد به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌یان. ‏ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوارسه‌دو په‌نجا ساڵی خایاند، پاش ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان هه‌تا سه‌رده‌می سامۆئیل پێغه‌مبه‌ر. ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل داوای پادشایان كرد، خوداش شاولـی كوڕی قه‌یسی بۆ دانان، له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ‏. ئینجا خودا لایبرد، داودی بۆیان دانا وه‌ك پادشا، ئه‌وه‌ی شایه‌تی بۆ ده‌داو ده‌ڵێ‌: [[‏من داودی كوڕی یه‌سام دۆزیه‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ی له‌گه‌ڵ دڵم ده‌گونجێ‌، به‌خواستی من ده‌كات.]] خودا بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌نه‌وه‌ی داود ڕزگاركه‌رێكی نارد كه‌ عیسایه‌ بۆ هێنانه‌دی به‌ڵێنه‌كه‌ی. پێش هاتنی عیسا‏، یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لـی ئیسرائیل ڕاگه‌یاند. یه‌حیا به‌كاری خۆی هه‌ستابوو كاتێ‌ ووتی: بیرده‌كه‌نه‌وه‌ من كێم؟ من ئه‌و نیم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی دوای من دێت، من شایانی ئه‌وه‌نیم قه‌یتانی پێڵاوه‌كانی بكه‌مه‌وه‌.

‏ (ئه‌ی برایان، ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیبراهیم، هه‌روه‌ها ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێره‌ ئاماده‌ن‏و ترسی خوداتان له‌دڵدایه‌، بۆ ئێمه‌ مزگێنی ئه‌م ڕزگاریه‌ نێرراوه‌. چونكه‌ دانیشتوانی قودس‏‎و سه‌رۆكه‌كانیان مه‌سیحیان نه‌ناسی، هه‌روه‌ها تێ‌نه‌گه‌یشتن له‌‏ووته‌ی پێغه‌مبه‌ران ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ بۆیان ده‌خوێنرایه‌وه‌‏، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ حوكم‎دانیان به‌سه‌ری ئه‌وه‌یان هێنایه‌دی كه‌ له‌م ووتانه‌ی پێغه‌مبه‌ران دایه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان هیچ تاوانێكیان به‌سه‌ری نه‌گرت تا‏شایانی مردن بێ‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوایان له‌‏پیلاتۆس ‎كرد بیكوژێ‌. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری نووسرا بوو هێنایانه‌دی، له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ هێنایانه‌ خواره‌وه‌و له‌‏گۆڕ ناشتیان. به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ڵیسانده‌وه‌، ئینجا بۆ ڕۆژانێكی زۆر خۆی نیشانی ئه‌وانه‌دا كه‌ له‌‏ناوچه‌ی جه‌لیله‌وه‌ تا قودس له‌گه‌ڵی بوون. ئێستا ئه‌وان شایه‌تی ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن له‌به‌رده‌م گه‌ل.

‏ (ئه‌وه‌تا ئێمه‌ش وا مزگێنیتان ده‌ده‌ینێ‌ به‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی دابوو به‌ باوباپیرانمان، ئێستا بۆ ئێمه‌ی ڕۆڵه‌ی ئه‌وان هێنایه‌دی، به‌هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا له‌نێو مردووان هه‌روه‌ك له‌‏زه‌بووری دووه‌م نووسراوه‌: [[تۆ كوڕمی، من ئه‌مڕۆ باوكتم.]] ڕاستی ئه‌وه‌ی خودا عیسای له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌، هه‌رگیز گه‌نده‌ڵی نابینێ‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن خوداوه‌ ووتراوه‌: [[‏ئه‌و به‌ڵێنه‌ پیرۆزو ڕاسته‌قینه‌یه‌تان ده‌ده‌مێ‌ كه‌ به‌ داودم دابوو.]] هه‌روه‌ها داود له‌به‌شێكیتری زه‌بوور ده‌ڵێ‌: [[‏تۆ نایه‌ڵی تاقه‌ پیرۆزه‌كه‌ت گه‌نده‌ڵی ببینێت‏.]] چونكه‌ داود دوای ئه‌وه‌ی خزمه‌تی نه‌وه‌كه‌ی خۆی‏كرد به‌ڕێنمایی خودا مرد، ئینجا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی نێژراو گه‌نده‌ڵیشی بینی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ڵیسانده‌وه‌ گه‌نده‌ڵی نه‌بینی. ئه‌ی برایان ئه‌وه‌ش بزانن، به‌هۆی عیساوه‌یه‌ گوناه‌ به‌خشینتان پێ‌ڕاگه‌ێندرا، هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ‌بهێنی بێ‌تاوان ده‌بێ‌ له‌وه‌ی شه‌ریعه‌تی موسا نه‌یتوانێ‌ بێ‌تاوانی بكات. جا ئاگاتان له‌‏خۆتان بێ‌ با ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ران نووسراوه‌ به‌سه‌رتان نه‌یه‌ت: [[سه‌یر بكه‌ن ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان، سه‌رسام بن‏و بمرن. چونكه‌ من له‌‏ڕۆژانی ئێوه‌دا كارێك ده‌كه‌م گه‌ر یه‌كێك بۆتانی بگێڕایه‌وه‌ باوه‌ڕتان پێی نه‌ده‌كرد.]])

كاتێ‌ ئه‌وان ڕۆیشتن، خه‌ڵكه‌كه‌ داوایان له‌ پۆڵس‏و به‌رناباكرد ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو بێنه‌وه‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌یان بۆ بكه‌ن. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، زۆر له‌جووله‌كه‌كان‏و ئه‌وانه‌ی بوو بوون به‌‏جووله‌كه‌و ترسی خودایان له‌‏دڵ بوو دوایان‎كه‌وتن، ئه‌وانیش قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردن‏و هانیاندان تا له‌به‌ره‌كه‌تی خودا به‌رده‌وام بن. له‌‏شه‌ممه‌ی داهاتوو نزیكه‌ی هه‌موو دانیشتوانی شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ تا گوێیان له‌‏ووشه‌ی خودا بێ‌. كاتێ‌ جووله‌كه‌كان خه‌ڵكه‌كه‌یان بینی به‌غیلی دایگرتن، ده‌ستیان‎كرد به‌ به‌ربه‌ره‌كانی قسه‌كانی پۆڵس به‌ جنێو و كفره‌وه‌. پۆڵس‏و به‌رنابا به‌چاونه‌ترسیه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردن‏و ووتیان: (پێویست بوو له‌‏پێشا بۆ ئێوه‌ ووشه‌ی خودامان ڕابگه‌یاندایه‌، به‌ڵام ئێوه‌ نه‌تانویست‏، واتان ده‌رخست ئێوه‌ شایانی ژیانی هه‌تاهه‌تایی نین. جا ئه‌وه‌تا ئێمه‌ به‌ره‌و لای ئه‌وانه‌ لاده‌ده‌ین كه‌ جووله‌كه‌نین! چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ خوداوه‌ند ڕایسپاردین‏و ووتی: (من تۆم كردۆته‌ ڕووناكی میلله‌تان، هه‌تا ڕزگاری بگه‌یه‌نی به‌وپه‌ڕی زه‌وی.) كاتێ‌ ئه‌وانه‌ی ‏جووله‌كه‌ نه‌بوون گوێیان له‌مه‌بوو، زۆر دڵشادبوون، ستایشی ووشه‌ی خوداوه‌ندیان‎كرد. له‌و كاته‌‏دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی خودا ئاماده‌ی كردبوون بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی باوه‌ڕیان هێنا. جا به‌م شێوه‌یه‌ ووشه‌ی خوداوه‌ند له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌دا بڵاوبووه‌وه‌. به‌ڵام جووله‌كه‌كان ژنه‌ به‌ڕێزه‌ خواناسه‌كان‏و گه‌وره‌ پیاوانی شاریان هاندا، بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی پۆڵس‏و به‌رنابا، تاكو ده‌ریان‎كردن له‌شاره‌كه‌یان، جا ئه‌وانیش تۆزی پێیان ته‌كاندو به‌ره‌و شاری ئیقونیه‌ ڕۆیشتن. به‌ڵام قوتابیه‌كان، له‌شیان پڕبوو له‌ڕۆحی پیرۆزو له‌‏خۆشی.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.