Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 12

كوشتنی یاقوب

له‌وكاته‌دا هێرۆدسی پادشا ده‌ستیكرد به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێ‌ له‌ كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران، یاقوبی برای یۆحه‌ننای به‌شمشێر كوشت. هه‌ركه‌ بینی ئه‌مه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی جووله‌كه‌كانه‌، ئه‌وسا بڕیاریدا په‌ترۆسیش بگرێ‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا بوو. كاتێ‌ هێرۆدس ئه‌وی گرت، خستیه‌ به‌ندیخانه‌وه‌ له‌ژێر چاودێری چوار كۆمه‌ڵ پاسه‌وان داینا، هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ش له‌چوار سه‌رباز پێك‎هاتبوو، چونكه‌ ده‌یویست بیداته‌ ده‌ستی جووله‌كه‌كان دوای جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌به‌ندیخانه‌دا هێشتیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران به‌ به‌رده‌وامی بۆ ئه‌و له‌خودا ده‌پاڕانه‌وه‌و نوێژیان بۆ ده‌كرد.

ڕزگاربوونی په‌ترۆس‏

له‌و شه‌وه‌دا هێرۆدس نیازی وابوو په‌ترۆس بداته‌ ده‌ستی جووله‌كه‌كان، په‌ترۆس له‌‏نێوان دوو سه‌رباز خه‌وتبوو، به‌ دوو كۆت‏و زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌ربازیش پاسه‌وانی به‌رده‌می ده‌رگای به‌ندیخانه‌كه‌ی ده‌كرد. له‌پڕ فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند په‌یدابوو، ژووری به‌ندیخانه‌كه‌ به‌ته‌واوی ڕووناك بووه‌وه‌، فریشته‌كه‌ به‌توندی په‌ترۆسی جوڵاندو خه‌به‌ری كرده‌وه‌‏و پێیووت: (خێرا هه‌سته‌!) ئیتر هه‌ردوو كۆت‏و زنجیره‌كه‌ له‌ ده‌ستی كه‌وته‌ خواره‌وه‌. فریشته‌كه‌ پێیووت: (پشتوێنه‌كه‌ت ببه‌سته‌، پێڵاوه‌كانت له‌پێ‌ بكه‌!) ئه‌ویش كردی. ئینجا فریشته‌كه‌ پێیووت: (قاپووته‌كه‌ت له‌به‌ركه‌‏و دوام‎كه‌وه‌.) په‌ترۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌و شوێنی فریشته‌كه‌ كه‌وت وایده‌زانی خه‌و ده‌بینێ‌، چونكه‌ نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی فریشته‌كه‌ ڕووده‌دا شتێكی ڕاستیه‌. یه‌كه‌م بنكه‌ی پاسه‌وانیان بڕیو ئینجا دووه‌م. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ده‌رگای ئاسنینی به‌ندیخانه‌كه‌ كه‌ ڕووه‌و شار بوو له‌خۆیه‌وه‌ بۆیان‎كرایه‌وه‌، هه‌ردووكیان چوونه‌‏ده‌ره‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ شه‌قامێكیان بڕی، ئیتر یه‌كسه‌ر فریشته‌كه‌ به‌جێیهێشت. جا ئه‌وكاته‌ په‌ترۆس هۆشی به‌خۆی هاته‌وه‌و ووتی: (به‌ڕاستی ئێستا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌وا خوداوه‌ند فریشته‌كه‌ی نارد، ڕزگاری كردم له‌ده‌ستی هێرۆدس‏و هه‌موو ئه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد.)

تۆزێ‌ بیریكرده‌وه‌، ئیتر ڕۆیشت به‌ره‌و ماڵی مریه‌می دایكی یۆحه‌ننا كه‌ نازناوی مه‌رقۆس بوو، له‌وێ‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كۆبووبوونه‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد. كاتێ‌ گه‌یشت له‌ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یدا، كاره‌كه‌رێك كه‌ ناوی ڕودا بوو هاته‌لای ده‌رگاكه‌ تا بزانێ‌ كێیه‌. هه‌ر كه‌ ده‌نگی په‌ترۆسی ناسیه‌وه‌ له‌ خۆشیا ده‌رگاكه‌ی نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو خێرا چووه‌ ژووره‌وه‌و مزگێنیدا به‌وانه‌ی له‌وێ‌ بوون كه‌وا په‌ترۆس له‌به‌ر ده‌رگایه‌. ئه‌وانیش پێیان‎ووت: (تۆ وڕێنه‌ ده‌كه‌یت.) به‌ڵام ئه‌و سووربوو له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی، ئه‌وسا پێیان‎ووت: (ئه‌وه‌ فریشته‌كه‌یه‌تی!) به‌ڵام په‌ترۆس به‌رده‌وام بوو له‌ ده‌رگا لـێدانه‌كه‌ هه‌تا لێیان كرده‌وه‌. كاتێ‌ بینییان زۆر سه‌رسام‎بوون. ‏به‌ده‌ست ئیشاره‌تی بۆ كردن تا بێ‌ده‌نگ بن، ئینجا بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن خوداوه‌ند له‌‏به‌ندیخانه‌ ده‌ریهێنا، پێیووتن: (ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌یاقوب‏و برایانی دیكه‌ بده‌ن.) ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌و ڕۆیشت بۆ شوێنێكی دیكه‌.

كــاتێ‌ ڕۆژبووه‌وه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گــه‌وره‌ دروست بوو له‌نێـو سه‌ربازه‌كان، ده‌ستیان‎كــرد به‌ پرسیاركردن، په‌ترۆس چی به‌سه‌رهاتووه‌. كاتێ‌ هێرۆدس داوای‏كردو نه‌یدۆزیه‌وه‌، ده‌ستیكرد به‌‏لـێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كان‏و فه‌رمانیدا لــه‌‏سێداره‌ بدرێن. ئینجا هێرۆدس له‌ناوچــه‌ی یه‌هـودیه‌وه‌ بۆ ناوچه‌‏ی قه‌یسه‌ریه‌ ڕۆیشت‏و لــه‌وێ‌ مایه‌وه‌.

مردنی هێرۆدس

چونكه‌ هێرۆدس ڕقی له‌ دانیشتوانی سورو سه‌یدا هه‌ڵگرتبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وانیش له‌نێو خۆیان ڕێ‌كه‌وتن‏و چه‌ند نوێنه‌رێكیان نارده‌ لای بلاستوسی ڕاوێژكه‌ری پادشا تا به‌زه‌یی پیایان بێته‌وه‌و داوای ئاشت‎بوونه‌وه‌یان بۆ بكات، چونكه‌ ناوچه‌كه‌یان له‌و به‌شه‌ی سه‌ر به‌ هێرۆدس بوو خواردنی بۆ ده‌هات. هێرۆدس له‌‏ڕۆژی دیاریكراو، جلی پاشایه‌تی له‌به‌ركرد، له‌سه‌ر ته‌ختی شاهانه‌ دانیشت‏و قسه‌ی بۆ كردن. جا خه‌ڵكه‌كه‌ هاواریان‏كرد: (ئه‌مه‌ ده‌نگی خودایه‌ نه‌ك ده‌نگی مرۆڤ!) یه‌كسه‌ر فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند له‌ پادشایدا، چونكه‌ شكۆ و مه‌زنی نه‌دا به‌ خودا، ئیتر كرم خواردیو مرد. به‌ڵام ووشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كردو زیاتر بڵاوده‌بووه‌وه‌.‏

دوای ئه‌وه‌ی به‌رناباو شاول ئه‌و كاره‌ی پێیان درابوو له‌‏قودس جێ‌به‌جێیان‎كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نتاكیا یۆحه‌نناش كه‌ نازناوی مه‌رقۆس بوو له‌گه‌ڵیان بوو.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.