Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 10

په‌ترۆس‏و كرنیلیوس

له‌ شاری قه‌یسه‌ریه‌ سه‌رپه‌لێك هه‌بوو ناوی كرنیلیوس بوو، له‌لیوای ئیتالی‎بوو. ئه‌م پیاوه‌ خۆیو ماڵ‏و منداڵی خواپه‌رست بـوون‏و ترسـی خودایان له‌دڵ بوو، زۆر چاكه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌كرد، هـه‌مـوو كاتێك نوێژی بۆ خودا ده‌كرد. ڕۆژێكیان نزیكه‌ی سه‌عات سێی دوای نیوه‌ڕۆ، كرنیلیوس له‌ خــه‌ودا بـه‌ ڕوونی بینی له‌لایه‌ن خوداوه‌ فریشته‌یه‌ك بۆ لای هات‏و ووتـی: (كرنیلیوس!) ئه‌ویش به‌ترسه‌وه‌ سه‌یری فریشته‌كه‌ی كردو پرسی: (چی گه‌وره‌م؟) فریشته‌كه‌ له‌وه‌ڵامدا ووتی: (نوێژه‌كانت‏و چاكه‌كانت گه‌یشتنه‌ باره‌گای خوداو لای لـێ‌كـردیته‌وه‌. ئێستا چه‌ند پیاوێك بنێره‌ بۆ یافا به‌دوای شه‌معون ناوێك نازناوی په‌ترۆسه‌. له‌‏ماڵی شه‌معونی پێسته‌خوشكه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ســه‌ر قه‌راغی ده‌ریـایه‌.) كاتـــێ‌ ئه‌و فریشته‌یه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرنیلیوس كرد ڕۆیشت، دووان له‌‏خزمه‌تكاره‌كانی بانگ‎كرد له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خوداپه‌رست له‌وانه‌ی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵی بوون، هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌و ناردنی بۆ شاری یافا.

بۆ به‌یانی، كاتێ‌ سێ‌ پیاوه‌كه‌ له‌ شاری یافا نزیك بوونه‌وه‌، په‌ترۆس ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ چووه‌ سه‌ربان تا نوێژبكات. هه‌ستی به‌ برسێتییه‌كی زۆر كرد، ئاره‌زووی نان‎خواردنی ده‌كرد. جا كاتێ‌ كه‌ خواردنیان بۆ ئاماده‌ ده‌كرد، له‌ هۆشی خۆی چوو، ئاسمانی به‌كراوه‌یی بینی، شتێكی بۆ هاته‌‏خواره‌وه‌ له‌‏شێوه‌ی پارچه‌ قوماشێكی گه‌وره‌، هه‌ر چوار لای به‌سترا بوو، بۆی شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، ‏هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوار پێ‌و خشۆكی سه‌رزه‌ویو باڵنده‌ی ئاسمانی تێدا بوو. ئینجا ده‌نگێ‌ بانگیكرد: (په‌ترۆس، هه‌سته‌ سه‌ربڕه‌و بخۆ!) به‌ڵام په‌ترۆس وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (نه‌خێر ئه‌ی خوداوه‌ند، له‌‏ژیانم هه‌رگیز شتی پیس یاخود حه‌رامم نه‌خواردووه‌.) دووباره‌ ده‌نگه‌كه‌ پێیووت: (ئه‌وه‌ی خودا پاكی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌پیس دایمه‌نێ‌.) ئه‌مه‌ش سێ‌ جار دووباره‌ بووه‌وه‌، ئینجا پارچه‌ قوماشه‌كه‌ به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان.

له‌و كاته‌ی په‌ترۆس سه‌ری سوڕما‏بوو، پرسیاری له‌خۆی ده‌كرد له‌باره‌ی ئه‌و شته‌ی بینیبووی، ئه‌و پیاوانه‌ی كرنیلیوس ناردبوونی له‌به‌رده‌گا وه‌ستان‏و به‌دوای ماڵی شه‌معونی پێسته‌‏خوشكه‌ر ده‌گه‌ڕان، پرسییان ئایا ئه‌و شه‌معونه‌ی نازناوی په‌ترۆسه‌ لێره‌یه‌. له‌و كاته‌ی په‌ترۆس جارێ‌ هه‌ر بیری له‌واتای خه‌وه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، ڕۆحی پیرۆز پێیووت: (له‌به‌ر ده‌رگا سێ‌ پیاو لێت ده‌پرسن. هه‌سته‌ بڕۆ لایان‏و له‌گه‌ڵیان بڕۆ بێ‌ دوو‏دڵی، من ئه‌وانم ناردووه‌.) ئه‌ویش ڕۆیشت بۆ لایان‏و ووتی: (منم ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ‌. بۆچی هاتوون؟) ئه‌وانیش له‌وه‌ڵامدا ووتیان: (كرنیلیوسی سه‌رپه‌ل پیاوێكی چاكی له‌‏خواترسه‌، هه‌موو جووله‌كه‌ش شایه‌تی ئه‌مه‌ن، خودا پێیڕاگه‌یاندووه‌ به‌هۆی فریشته‌ پیرۆزه‌كانیه‌وه‌ كه‌وا بانگت‎بكات بۆ ماڵی خۆی تا گوێ‌ له‌ قسه‌كانت بگرێ‌.) په‌ترۆس داوای لـێ‌كردن شه‌و به‌ میوانی له‌وێ‌ بمێننه‌وه‌. بۆ به‌یانی هه‌ستا له‌گه‌ڵیان ڕۆیشت، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ برایانی باوه‌ڕداریش له‌‏یافاوه‌ له‌گه‌ڵیان ڕۆیشتن.

‏ بۆ ڕۆژی دووه‌م گه‌یشتنه‌ شاری قه‌یسه‌ریه‌. كرنیلیوس چاوه‌ڕێی هاتنی ده‌كردن، خزم‏و كه‌سوكارو هاوڕێیانی نزیكی بانگ كردبوو. كاتێ‌ په‌ترۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، كرنیلیوس پێشوازی لـێكردو له‌به‌رپێی كه‌وت‏و كڕنووشی بۆ برد، په‌ترۆس هه‌ڵیساندو پێیووت: (هه‌سته‌! من چیم مرۆڤێكم وه‌ك تۆ!) كاتێ‌ په‌ترۆس له‌گه‌ڵی دواو چووه‌ ژووره‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆری بینی، پێیووتن: (ئێوه‌ ده‌زانن دروست نییه‌ بۆ جووله‌كه‌ سه‌ودا له‌گه‌ڵ بێگانه‌ بكات یاخود سه‌ردانی‏بكات له‌‏ماڵ، به‌ڵام خودا نیشانی دام به‌كه‌س نه‌ڵێم گڵاو یاخود پیس. جا من هاتم بێ‌ بیانوو هێنانه‌وه‌، له‌سه‌ر بانگكردنه‌كه‌ی خۆتان. هۆی بانگكردنه‌كه‌تان چییه‌؟) كرنیلیوس له‌وه‌ڵامدا ووتی: (چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له‌وكاته‌ی له‌ماڵی خۆم نوێژی كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆم ده‌كرد، له‌پڕ پیاوێك په‌یدا بوو جلی بریسكه‌داری له‌به‌ر بوو، پێی ووتم: (كرنیلیوس خودا گوێی له‌ نوێژه‌ كانت بوو، ئاگای له‌ كرده‌وه‌ چاكه‌كانته‌. ئێستا چه‌ند پیاوێك بنێره‌ بۆ یافا، بنێره‌ به‌شوێن شه‌معون ناوێك نازناوی په‌ترۆسه‌. له‌ماڵی شه‌معونی پێسته‌‏خۆشكه‌ره‌ ماڵه‌كه‌یان له‌سه‌ر قه‌راغی ده‌ریایه‌، [‏كه‌ هات گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ده‌كات.] من یه‌كسه‌ر ناردم به‌شوێنت، تۆ‏ش شتێكی چاكت‎كرد كه‌ هاتی. ئێستا ئێمه‌ هه‌موو ئاماده‌ین له‌به‌رده‌م خودا، تا گوێ‌ بگرین له‌هه‌موو ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند فرمانی پێداوی.(

ووتاری په‌ترۆس

په‌ترۆس ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن‏و ووتی: (به‌ ته‌واوی بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ خودا لایه‌نگیری خۆی بۆ كه‌س ده‌رناخات، له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كێ‌ ترسی خودای له‌دڵدا بێت‏و چاكه‌ بكات په‌سه‌نده‌ لای ئه‌و. ئێوه‌ ده‌زانن خودا ووشه‌ی خۆی نارد بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل، مزگێنی ئاشتی دانێ‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندی هه‌مووانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێوه‌ ده‌زانن چی له‌‏ووڵاتی یه‌هودیه‌دا ڕوویدا، دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی جه‌لیل ڕاگه‌یاند. چۆن خودا عیسای ناسیری به‌ ڕۆحی پیرۆزو به‌هێز ده‌ست‎نیشان‎كرد، له‌شوێنێكه‌وه‌ ده‌چوو بۆ شوێنێكیكه‌و كاری چاكه‌ی ده‌كرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ی شه‌یتان ده‌ستیگرتبوو به‌ سه‌ریان چاكی كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودای له‌گه‌ڵ بوو. ئێمه‌ شایه‌تی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ناوچه‌ی یه‌هودیه‌و قودسدا كردی، ئه‌وان به‌ڕاستی كوشتیان‏و له‌سه‌ر دار هه‌ڵیانواسی. به‌ڵام خودا له‌نێو مردوواندا له‌‏ڕۆژی سێهه‌م زیندوویكرده‌وه‌، وای لـێكرد ده‌ركه‌وێ‌، نه‌ك بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئێمه‌ كه‌ له‌پێشا هه‌ڵیبژاردووین وه‌ك شایه‌ت، ئێمه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی خواردمان‏و خواردمانه‌وه‌ پاش زیندووبوونه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا. ئینجا فه‌رمانی پێ‌داین ئه‌وه‌ به‌ گه‌ل ڕابگه‌ێنین، هه‌روه‌ها شایه‌تی ئه‌وه‌ بده‌ین كه‌ خودا ئه‌وی داناوه‌ به‌دادوه‌ر به‌سه‌ر زیندووان‏و مردوواندا. هه‌موو پێغه‌مبه‌ران شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن، هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ‌ بهێنێ‌، به‌ناوی ئه‌و گوناهه‌كانی ده‌به‌خشرێ‌.(

وه‌رگرتنی ڕۆحی پیرۆز‏

كاتێ‌ په‌ترۆس له‌م قسانه‌دا بوو، ڕۆحی پیرۆز ڕژا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان گرتبوو. ئه‌و جووله‌كه‌ خاوه‌ن باوه‌ڕانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌ترۆس هاتبوون سه‌ریان سوڕما، چونكه‌ به‌هره‌ی ڕۆحی پیرۆز به‌سه‌ر ناجووله‌كه‌‏كانیش ڕژا‏، گوێیان لـێ‌بوو به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان ده‌دوان‏و ستایشی خودایان ده‌كرد. پاشان په‌ترۆس ووتی: (ئه‌و خه‌ڵكه‌ش وه‌ك ئێمه‌ ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرتووه‌، جا كێ‌ ده‌توانی ڕێگایان لێ‌بگرێ‌ تا له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشرێن؟) فه‌رمانیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ناوی عیسای مه‌سیح له‌ئاوهه‌ڵكێشرێن. ئه‌وسا ئه‌وان داوایان له‌‏په‌ترۆس‎كرد چه‌ند ڕۆژێك لایان بمێنێته‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.