Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
دووەم تیمۆساوس 2
به‌شداری ئازار بكه
تۆ ئه‌ی كوڕی خۆم، به‌هێزبه به‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی له‌عیسای مه‌سیحدایه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌منه‌وه بیستووته له‌به‌رده‌م چه‌نده‌ها شایه‌ت، بیده به‌و كه‌سانه‌ی پشتیان پێ‌ده‌به‌سترێ‌و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه خه‌ڵكیتر فێر بكه‌ن. به‌شداری ئازار بكه وه‌ك سه‌ربازێكی چاك بۆ عیسای مه‌سیح. سه‌ربازێك بیه‌وێ سه‌رۆكه‌كه‌ی ڕازی بكات، خۆی خه‌ریك ناكات به‌كاروباری ژیانی ڕۆژانه. یاریزان هه‌رگیز پاداشتی سه‌ركه‌وتن وه‌رناگرێ گه‌ر پێشبڕكێ به‌گوێره‌ی یاسای یاریه‌كه نه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و جوتیاره‌ی ماندوو ده‌بێت ده‌بێ یه‌كه‌م كه‌س بێت به‌شی خۆی وه‌رگرێ له به‌روبوومدا. بیركه‌وه له‌وه‌ی ده‌یڵێم، خوداوه‌ند یارمه‌تیت ده‌دات له‌هه‌موو شتێك تێبگه‌یت.
یادی عیسای مه‌سیح بكه، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه، له‌نه‌وه‌ی داود بوو به‌گوێره‌ی مزگێنی من، ئه‌وه‌ی له‌پێناویدا ئازار دهچێژمو كۆتكراوم وه‌ك تاوانبارێك، به‌ڵام ووشه‌ی خودا به‌زنجیر نابه‌سترێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرم، له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خودا هه‌ڵیبژاردن، تا ئه‌وانیش ڕزگاری‌و شكۆمه‌ندی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ستبهێنن كه به‌هۆی عیسای مه‌سیحه.
ئه‌مه به‌دڵنیایی ڕاسته:
(گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیح بمرین،
له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ژین،
گه‌ر له‌پێناویدا دانبگرین،
له‌گه‌ڵی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ین،
گه‌ر ئێمه نكۆڵی لێ‌بكه‌ین،
ئه‌ویش نكۆڵیمان لێ‌ده‌كات،
گه‌ر ئێمه دڵسۆز نه‌بین،
ئه‌و به‌دڵسۆزی ده‌مێنێته‌وه،
چونكه ناتوانێ نكۆڵی له‌خۆی بكات.)
ئیشكه‌ری ووشه‌ی ڕاست
ئه‌م شتانه‌یان بیربخه‌وه‌و لهشهڕهقسه ئاگاداریان بكه‌وه له‌به‌رده‌م خودا، چونكه ئه‌مه هیچ سوودێكی نییه جگه له‌سه‌ر لـێ‌تێكدانی ئه‌وانه نه‌بێت كه گوێی بۆ ده‌گرن. هه‌وڵبده ڕه‌زامه‌ندی خودا به‌ده‌ستبهێنیت، ببیت بهئیشكهرێك كه‌وا شتێك ناكات جێی شه‌رم بێت‌و ووشه‌ی ڕاستی به‌راستی ڕوون بكه‌یته‌وه. خۆت دووربخه‌وه له‌قسه‌ی هیچو پووچی هه‌ندێ كه‌س، ئه‌وه‌ی زیاتر خه‌ڵكی له‌خودا دوورده‌خاته‌وه، ئه‌وانه ووشه‌كانیان ده‌وروبه‌ره‌ی ده‌خوات وه‌ك نه‌خۆشیه‌كی كوشنده، مه‌به‌ستم لههیمینایۆسو فیلیتۆسه، ئه‌وانه له‌ڕێگای ڕاست دهرچوونو ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه ڕوویداوه، به‌م شێوه‌یه باوه‌ڕی هه‌ندێ كه‌سیان تێكداوه. به‌ڵام ئه‌و بناغه به‌هێزه‌ی خودا دایناوه به‌پته‌وی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م مۆره‌ی له‌سه‌ره: [[خوداوه‌ند ئه‌وانه‌ی هی خۆیه‌تی ده‌یانناسێت.]] و (ئه‌وه‌ی ناوی خوداوه‌ند بهێنێت، ده‌بێ له گوناه دووربكه‌وێته‌وه.)
له‌ماڵێكی گه‌وره‌دا هه‌ر جامی زێڕو زیوی تێدا نییه، به‌ڵكو جامی ته‌خته‌و له‌قوڕ دروست كراویش، هه‌ندێكیان بۆ ڕێزلێنانن ئه‌وانی تر بۆ كاروباری ئاسایین. جا ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی پاككرده‌وه له‌هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی، ئه‌وا ده‌بێت به‌جامێك بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز‌و سوودبه‌خشه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، ئاماده‌یه بۆ هه‌موو كارێكی چاك.
له‌ئاره‌زووه‌كانی گه‌نجێتی دووربكه‌وه، به‌دوای ڕاستودروستیو باوه‌ڕو خۆشهویستیو ئاشتی بگه‌ڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌دڵێكی پاك خوداوه‌ند بانگده‌كه‌ن. له‌گفتوگۆی هیچو پووچ دووربكه‌ونه‌وه، تۆ ده‌زانی ئه‌وه ده‌بێته هۆی شه‌ڕو ناكۆكی. به‌نده‌ی خوداوه‌ند نابێ شه‌ڕفرۆش بێت، به‌ڵكو ده‌بێ بهبهزهییو زمان شیرین بێت له‌گه‌ڵ هه‌مووان، توانای فێركردنی هه‌بێ، له‌كاتی ته‌نگانه دان به‌خۆیبگرێ. ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانی ده‌كه‌ن بهنهرمو نیانی ڕاستیان بكاته‌وه، له‌وانه‌یه خودا به‌ره‌و تۆبه‌كردن‌و ناسینی ڕاستیان ببات، تا هۆشیانبێتهوه بهخۆیانو له‌داوی شه‌یتان ڕابكه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ندیكردوون تا خواستی ئه‌و جێ‌به‌جێ بكه‌ن.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.