Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم تیمۆساوس 1

له‌پۆڵسه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خواستی خودا نێرراوی عیسای مه‌سیحه‌ له‌‏پێناوی به‌ڵێنی ژیان كه‌ له‌عیسای مه‌سیح دایه‌، بۆ كوڕی خۆشه‌ویستم تیمۆساوس، با به‌ره‌كه‌ت‏و به‌زه‌یی‏و ئاشتی خودای باوك‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان له‌گه‌ڵت بێ.

‏هاندان بۆ ئازار چه‌شتن

سوپاسی خودا ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی به‌‏ویژدانێكی پاك ده‌یپه‌رستم هه‌روه‌ك باپیرانم په‌رستوویانه‌، كاتێ‌ به‌ شه‌و و ڕۆژ له‌‏نوێژه‌كانم یادت ‎ده‌كه‌م‏، كاتێ‌ یادی فرمێسكه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه‌ زیاتر ئاره‌زووی بینینت ده‌كه‌م تا دڵخۆش‎بم. هه‌روه‌ها یادی باوه‌ڕی ڕاستت ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار له‌‏دڵی لوئیسی دایه‌گه‌وره‌ت‏و ئه‌فنیكی دایكت بوو، من دڵنیام له‌‏دڵی تۆشدایه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ی خودا كه‌ تیاتدایه‌ به‌بیرت ده‌هێنمه‌وه‌ هه‌ڵیگیرسێنی، ئه‌وه‌ی وه‌رتگرت كاتێ‌ ده‌ستم خسته‌ سه‌رت. چونكه‌ خودا ڕۆحی ترسی به‌ئێمه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵكو ڕۆحی هێزو خوشه‌ویستیو خۆڕاگری.

بۆیه‌ شه‌رمت به‌وه‌ نه‌بێ‌ شایه‌تی بۆ خوداوه‌ندمان بده‌یت، هه‌روه‌ها شه‌رمت به‌من نه‌بێ‌ كه‌ ئێستا له‌پێناوی ئه‌ودا به‌ندكراوم، به‌ڵكو به‌شداری ئازار بكه‌ بۆ مزگێنی، له‌وه‌ش پشت به‌هێزی خودا ببه‌سته‌. ئه‌وه‌ی ڕزگاری كردین‏و بانگی كردین به‌بانگه‌وازێكی پیرۆز، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كردارمان نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خواست‏و به‌ره‌كه‌تی خودایه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ داویه‌تی پێمان، ئێستا ئاشكرا بوو به‌ده‌ركه‌وتنی عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌رمان، ئه‌وه‌ی مردنی له‌ناوبردو ڕووناكی خسته‌ سه‌ر ژیان‏و نه‌مری به‌هۆی مزگێنیه‌وه‌، ئه‌و مزگێنییه‌ی من بۆی بووم به‌ ووتارده‌رو نێرراو و مامۆستا. له‌پێناوی ئه‌وه‌ ئێستا ئه‌م ئازارانه‌ ده‌چێژم، به‌ڵام شه‌رمی پێوه‌ ناكه‌م، چونكه‌ ده‌زانم باوه‌ڕم به‌كێ‌ هه‌یه‌، دڵنیام خودا ده‌توانێ‌ پارێزگاری ئه‌و شته‌م بۆ بكات كه‌وا بۆی داناوم تا ئه‌و ڕۆژه‌.‏

ئه‌وه‌ی لات دانراوه‌ بیپارێزه‌

ده‌ست به‌و ووشه‌ ڕاستانه‌ بگره‌ كه‌ له‌منه‌وه‌ بیستووته‌، به‌و باوه‌ڕو خۆشه‌ویستیه‌ی له‌عیسای مه‌سیح دایه‌. ئه‌و شته‌ چاكه‌ی لای تۆ دانراوه‌، پارێزگاری بكه‌ به‌ڕۆحی پیرۆز كه‌ له‌ئێمه‌ دایه‌.

تۆ ده‌زانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌‏ناوچه‌ی ئاسیان وازیان لـێ‌ هێنام، له‌وانه‌ فیجلۆس‏و هرمۆجینیس.

‏ خودا به‌زه‌یی به‌‏خێزانی ئونیسیفورس بێته‌وه‌‏، چــونكه‌ زۆر‏جار ووره‌ی به‌رزكردومه‌‏وه‌و یارمه‌تی‏داوم، شه‌رمی نه‌كردووه‌ به‌ كۆت‏و زنجیرم. به‌ڵكو كاتێ‌ هات بۆ ڕۆما زۆر به‌دوامدا گه‌ڕا تا منی دۆزیه‌وه‌. داواكارم له‌‏ڕۆژی لـێپرسینه‌وه‌ خوداوه‌ند به‌زه‌یی پیابێته‌وه‌، تۆ باش ده‌زانیت كاتێ‌ له‌ئه‌فه‌سۆس بووم ئه‌و چه‌ند خزمه‌تی كردم.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.