Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم سالۆنیکی 3

داوای نوێژكردن

له‌كۆتاییدا ئه‌ی برایان، نوێژمان بۆ بكه‌ن، لێره‌ش ووشه‌ی خوداوه‌ند ڕێچكه‌ی خۆی وه‌رگرێ‌و شكۆدار بێت وه‌ك لای ئێوه‌. هه‌روه‌ها بمانپارێزێت له‌‏مرۆڤی به‌دو خراپ، چونكه‌ باوه‌ڕهێنان به‌شی هه‌موو كه‌س نییه‌. به‌ڵام خودا‏وه‌ند پشتی پێ‌ ده‌به‌سترێ‌، به‌هێزتان ده‌كات‏و ده‌تانپارێزێ‌ له‌‏خراپه‌. به‌هۆی خوداوه‌ند باوه‌ڕمان پێتان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ڕامانسپاردوون كارتان پێ‌كــردووه‌و كـاری پێ‌ده‌كه‌ن. با خوداوه‌ند خـۆشـه‌ویستی خـوداو ئارام‏گـرتنی مه‌سیحتان‏ بخاته‌ دڵ.

ئاگاداری بۆ ته‌مبه‌ڵه‌كان

ئه‌ی برایان به‌ناوی ‏عیسای مه‌سیحی خــوداوه‌ندمــان فه‌رمانتان پێ‌ ده‌ده‌ین، دووربكـه‌ونه‌وه‌ له‌و خوشك‏و برایانه‌ی به‌‏ته‌مبه‌ڵی ده‌ژین، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فێركردنانه‌ی له‌ئێمه‌ وه‌ریان‏گـرتووه‌. ئێوه‌ باش ده‌زانن چۆن ده‌بێ‌ ئێمه‌ بكه‌ن به‌نموونه‌ بۆ خۆتان، چونكه‌ ئێمه‌ ته‌مبه‌ڵ نه‌بووین كاتێ‌ له‌ناوتان بووین، هیچ نانێكمان به‌خۆڕایی لای كه‌س نه‌خواردووه‌، به‌ڵكو شه‌و و ڕۆژ ڕه‌نجمان‏داوه‌و ماندووبووین تا نه‌بین به‌قورسایی به‌سه‌ر كه‌ستان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌‏ مافی ئه‌وه‌مان نییه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین به‌نموونه‌ بۆتان تا له‌سه‌ر ڕێگای ئێمه‌ بڕۆن. كاتێ‌ له‌ناوتان بووین ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان پێتان‏داوه‌: (ئه‌وه‌ی كار نه‌كات ناخوات.)

چونكه‌ بیستوومانه‌ هه‌ندێك له‌ناوتان به‌ته‌مبه‌ڵی ده‌ژین‏و هیچ كارێك ناكه‌ن، ده‌ست له‌كاروباری خه‌ڵكی وه‌رده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ به‌ناوی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند فه‌رمانیان پێ‌ ده‌ده‌ین‏و ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌بێ‌ده‌نگی كار بكه‌ن‏و نانی خۆیان په‌یدا بكه‌ن. جا ئه‌ی برایان ماندوو مه‌بن له‌كاری چاكه‌.

‏ گه‌ر یه‌كێك له‌ناوتان گوێڕایه‌ڵ نه‌بوو بۆ ئه‌و ووشانه‌ی له‌م نامه‌یه‌ دایه‌، ئاگاداری بن‏و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌به‌ستن تا شه‌رمه‌زار بێت. به‌ڵام وه‌ك دوژمن سه‌یری مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ڕێی نیشان‎بده‌ن‏و ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك برایه‌ك.

سڵاوی كۆتایی

ئێستا داوا له‌‏خوداوه‌ندی ئاشتی ده‌كه‌م له‌هه‌موو كات‏و بارودۆخێك ئاشتی خۆی ببه‌خشێ‌ پێتان‏. خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.

من پۆڵسم ئه‌م سڵاوانه‌ به‌خه‌تی خۆم ده‌نووسم، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی دیاره‌، له‌‏هه‌موو نامه‌یه‌كی من ده‌ریده‌خات نووسینی منه‌. به‌ره‌كه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.