Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم سالۆنیکی 2

له‌باره‌ی هاتنه‌وه‌ی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان‏و بوونمان به‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و، شتێك هه‌یه‌ برایانی خۆشه‌ویست داواتان لـێ‌ ده‌كه‌ین، خێرا بیرتان مه‌گۆڕن‏و مه‌ترسن به‌هۆی ڕۆحێك یان بیستنی قسه‌یه‌ك یان په‌یامێك خرابێته‌ پاڵ ئێمه‌‏، وا ده‌ریخات گوایه‌ ڕۆژی خوداوه‌ند هاتووه‌. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگا مه‌ده‌ن به‌كه‌س هه‌ڵتانخه‌ڵه‌تێنێ‌، چـونكه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ بێت، ده‌بێ‌ له‌پێشا گومڕایی بڵاوبێته‌وه‌و ڕۆڵه‌ی یاخیبوون1 ده‌ربكه‌وێ‌ كه‌ چاره‌نووسی له‌ناوچوونه‌. ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی ده‌كات‏و خۆی به‌رزده‌كاته‌وه‌ به‌ســه‌ر ئه‌وه‌ی هـه‌مـوو خه‌ڵكی پێی ده‌ڵێن خودا یاخـود په‌رستن‏و گوێڕایه‌ڵی خودا. ته‌نانه‌ت له‌ په‌رستگای خودا داده‌نیشێت‏و هه‌وڵ ده‌دات بیسه‌لمێنێ‌ كه‌وا ئه‌و خودایه‌. لـه‌یادتان نییه‌ من ئه‌و شتانه‌م پێ‌ ووتن كــاتێ‌ لاتان بووم؟ ئێوه‌ ده‌زانن چی ناهێڵێ‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ یاخــیبووه‌ ئێستا ده‌ربكـه‌وێ‌، هه‌تا له‌و كاته‌ی بۆی دیاریكـراوه‌ ده‌ربكـه‌وێ‌. نهێنی ئه‌و یاخـی‏بوونه‌ ئێستا له‌كاردایه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ ئه‌و به‌ربه‌سته‌ لاچێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی یاخیبوون به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێ‌، ئیتر خــوداوه‌نــد بــه‌‏هـه‌نــاســه‌یه‌كی ده‌مـی خــۆی لــه‌نــاوی ده‌بـــات‏و به‌ ده‌ركه‌وتنی شكۆی هاتنه‌وه‌ی كۆتایی پێ‌ ده‌هێنێت. ده‌ركه‌وتنی ئه‌و یاخیبووه‌ به‌هۆی چالاكی شه‌یتان ده‌بێت، هه‌موو هێزو نیشانه‌و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری درۆ و دروست‎كراوی له‌گه‌ڵ ده‌بێت، هه‌موو جۆره‌ فێڵێك به‌كار ده‌هێنێت تا له‌ناوچووان بخه‌ڵه‌تێنێت، چونكه‌ ئه‌وان خوشه‌ویستی ڕاستیان ڕه‌تكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕزگاری ئه‌وانی تیادایه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ خودا چه‌واشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ ده‌نێرێت، تا باوه‌ڕ به‌ درۆ بكه‌ن، به‌مه‌ش تاوانبار ده‌كرێن ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ به‌راستی ناكه‌ن‏، به‌ڵكو حه‌ز له‌خراپه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویستی خوداوه‌ند، هه‌موو كاتێ‌ ده‌بێ‌ سوپاسی خودا بكه‌ین له‌‏پێناوتان، چونكه‌ خودا له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، تا ڕزگارتان بكات به‌ پاك‎و پیرۆزكـردنی ڕۆح‎و باوه‌ڕكردنی ڕاستی. بۆ ئه‌مه‌ خودا بانگی كردوون به‌هۆی مــزگێنیمان، تاكو به‌شتان هه‌بێ‌ له‌شكۆمه‌ندی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان. كه‌واته‌ ئه‌ی برایان چه‌سپاوبن له‌‏باوه‌ڕ، له‌سه‌ر ئه‌و فێركردنانه‌ بڕۆن كه‌ له‌‏ئێمه‌ وه‌رتان‏گرتووه‌، گه‌ر پێمان ووتبن یان بۆمان نووسی بن.

باعیسای مه‌سیحی خــوداوه‌ندمان خۆی له‌گه‌ڵ خودای باوكمان، ئه‌وه‌ی خۆشیویستین‏و دڵنه‌وایی‏و هیوای هه‌تاهه‌تایی به‌ به‌ره‌كه‌ت پێ‌ به‌خشین، ووره‌تان به‌رز بكاته‌وه‌و به‌هێزتان بكات له‌‏هه‌موو قسه‌‏و كردارێكی چاك.

Source notes (1)
  1. Footnote ڕۆڵه‌ی یاخیبوون: سه‌رۆكی هێزه‌كانی خراپه‌یه‌ له‌ كۆتایی زه‌مانه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.